کرێکارانی ناوچه‌که له سه‌ریانه له خه‌باتی کورد بۆ مافی چاره‌نوس پشتیوانی بکه‌ن
به‌یاننامه‌ی پارتی ئازادیی کوردستان
به بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی کرێکار
کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی ئازادیی کوردستان له لایان هه‌موو خه‌باتگێڕانی ریزه‌کانییه‌وه، به بۆنه‌ی یه‌که‌می مانگی مای، رۆژی جیهانی کرێکار، گه‌رمترین پیرۆزبایی پێشکه‌شی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی مێشك و بازوی کوردستان به‌تایبه‌تی و کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی ناوچه‌که و جیهان به گشتی ده‌کا و ئاواتی گه‌یشتن به‌هه‌موو مافه ره‌وا چینایه‌تی و ئابوری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان بۆ ده‌خوازێ.
رۆژی جیهانی کرێکار ئه‌مجاره‌یش له هه‌لوو مه‌رجێکدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه که، سه‌ره‌ڕای په‌ره‌گرتنی ره‌وتی به جیهانیی بوون و گلۆبالیزه‌یشن، بارودۆخی جیاوازی نه‌ته‌وه‌کان و جیاوازیی ئاستی گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی وڵاتان و دانیشتوانیان؛ خه‌م و خه‌ونه‌کان، ئازار و ئاره‌زووه‌کان، ویست و داخوازه‌کان و ئه‌رک و به‌رنامه‌کانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی هه‌ر نه‌ته‌وه و وڵاتێکی، هه‌روا جیاواز و تایبه‌تمه‌ند هێشتووه‌ته‌وه:
له حاڵێکدا کرێکارانی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ریی سیاسیین، خه‌م و ئه‌رکی سه‌ره‌کییان دابیکرانی ژیان و گوزه‌رانی باشتر و باشکردنی هه‌ر چی زیاتری ژینگه‌ی کار و زه‌حمه‌تیانه، کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی نه‌ته‌وه بنده‌ست و بێده‌وڵه‌ته‌کان وه‌ک باقی هاونهتهوهییهکانیان له گه‌ڵ ره‌وتی ئاسمیلاسیۆن، شێواندنی مێژوو و کولتور و باری دێموگرافی وڵات، حاشا کردن له ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیان و ڕێگریی لێێان که له چوارچیوه‌ی ده‌وڵه‌تێکی خۆییدا بۆ ژیانێکی شیاو و سه‌رده‌میانه حه‌ول بده‌ن؛ رووبه‌روون. خۆ ئه‌گه‌ر کرێکاری نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێده‌وڵه‌تی وه‌کوو کوردیش بن، ئه‌وه هه‌موو مه‌ینه‌ت و نه‌هامه‌تییه‌کانی رۆژگاریان یه‌کجێ له سه‌ر باره.
له کاتێکدا کرێکارانی وڵاتانی پێشکه‌وتوو، قۆناخی دیمۆکراتییان بڕێوه و بارودۆخی ژیان و کاریان رۆژ به رۆژ روو له باشتر بوونه و بۆ هه‌رچی باشترکردنی ژیان و هه‌لومه‌رجی کاریان تێده‌کۆشن، کرێکاران له وڵاتانی دوواکه‌وتوو و بنده‌ست و به‌رفه‌رمانی سیسته‌مه تووتالیتاری و دیکتاتۆرییه‌کان نه‌ک تا گه‌یشتن به‌و قۆناخه مه‌ودایه‌کی دوور و درێژیان له‌به‌ره، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت له ئازادیی ده‌ربڕینی ویست و ئاره‌زووه‌کانیشیان بێبه‌شن و دهنگههڵبڕینێکیان به زیندان و ئه‌شکه‌نجه و ته‌نانه‌ت ئێعدام وه‌ڵام ده‌درێته‌وه.
کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی کورد وه‌ک هه‌موو دانیشتوانی کوردستان باری ئاکامه تاڵه‌کانی داگیرکراوی نیشتمانه‌که‌یان له سه‌ر شانه. دزین و به تاڵانبردنی سه‌روه‌ت و سامانی نه‌ته‌وه‌یی کورد له لایان داگیرکه‌رانه‌وه زیاتر له هه‌مووان له سه‌ر پیلی ئه‌وان قورسایی ده‌کا. سه‌روه‌ت و سامانێ که ئه‌گه‌ر بۆ خاوه‌نانی راسته‌قینه‌یان، کوردستانییه‌کان بگه‌ڕێته‌وه، ده‌توانێ ببێته بنه‌ما و بناخه‌ی ئابوورییه‌کی پێشکه‌وتووی نه‌ته‌وه‌یی و دابینکردنی دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌خته‌وه‌ریی هه‌موو کوردستانییان.
له‌م رووه‌وه ئه‌رکی رزگاریی له بنده‌ستی داگیرکه‌ران و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئازاد و دادپه‌روه‌ر، کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و باقی چین و توێژه‌کانی کوردستان له یه‌ک سه‌نگه‌ری هاوبه‌ش و له ژێر یه‌ک ئاڵادا، یهکگرتوووانه و دژ به یه‌ک دوژمن کۆده‌کاته‌وه که ئه‌ویش سه‌نگه‌ری کوردایه‌تی و مه‌ته‌رێزی نه‌ته‌وه و ئاڵای پیرۆزی کوردستان و ئامانجی سه‌روه‌ریی سیاسییه .
بۆیه، رۆژی جیهانی کرێکار له کوردستان ، رۆژی هه‌موو رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورده و بۆنه‌یه‌که بۆ ده‌ربڕینی ویست و داخوازه‌کانی کورد بۆ رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌ربڕینی بێزاری له حوکم و ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ریی؛ بۆنه‌یه‌که که تێیدا، کرێکاران، زه‌حمه‌تکێشان، کاسبکاران، ژنان، مامۆستایان، مووچه‌خۆران، لاوان و خویندکارانی کورد بۆ ره‌تکردنه‌وه‌ی داگیرکه‌ری و دیکتاتۆری، بۆ گه‌یشتن به ئازادیی و سه‌ربه‌ستی و وه‌ده‌ستهێنانی هه‌موو ماف و ئازادییه دیمۆکراتییه‌کانیان ده‌نگ و ئیراده‌یان یه‌کده‌خه‌ن.
رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌م رۆژه‌دا، لانی که‌می چاوه‌ڕوانییان له کرێکارانی وڵاتانی پێشکه‌وتوو و یه‌کێتییه‌کان و سه‌ندیکا کرێکارییه‌کان ئه‌وه‌یه که له خه‌بات بۆ وه‌ده‌سهێنانی مافی ئازادانه‌ی دیاریکردنی چاره‌نووسی سیاسی ، پشتگیری‌یان لێبکه‌ن و به‌ربینگی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یان بگرن که بایه‌خه ئینسانییه‌کانیان له‌گه‌ڵ قازانجه ئابوورییه‌کان گۆڕیوه‌ته‌وه و رێگایان نه‌داوه کوردیش وه‌ک نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی جیهان، ببێته خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی خۆی و هاوکاری ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کانی ئێران و عێراق و ترکیا و سووریایان کردوه بۆ سه‌رکوتکردنی خه‌بات و راپه‌ڕینه‌کانی کورد و چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کی کۆڵۆنی کراوی 40 ملوێنی و تێرۆر و هه‌ڵواسینی سه‌رکرده‌کانی.
کرێکارانی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی ناوچه‌که : فارس، عه‌ره‌ب و ترک و ئه‌و حیزبانه‌یان که لافی کرێکاریی بوون، لێده‌ده‌ن، له سه‌ریانه له‌م رۆژه‌دا وێڕای هێنانه گۆڕێی داخوازه ره‌واکانی خۆیان، سیاسه‌تی شۆڤینیستی و داگیرکه‌رانه‌ی ده‌وڵه‌ته‌کانیان ده‌رهه‌ق به کورد مه‌حکوم بکه‌ن و له خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی کورد بۆ ئازادیی و مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی سیاسی، پشتیوانیی بکه‌ن.
کرێکارانی کوردستان ته‌نیا به‌مجۆره ده‌توانن، له هه‌ست و هه‌ڵوێستی " هاوپشتی" و " هاوپێوه‌ندی" کرێکارانی جیهان و ناوچه‌که و ئه‌و وڵاتانه‌ی هه‌رکام پارچه‌یه‌ک له کوردستانیان پێوه لکێندراوه، دڵخۆش و دڵنیا بن و یه‌که‌می مانگی مای به رۆژی " هاوپشتی" و " هاوپێوه‌ندیی" کرێکاران دابنێن.
کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی
پارتی ئازادیی کوردستانPAK
12/ گوڵانی/ 2712
1/ مای/ 2012
ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پادک بەبۆنەی یەکەمی مانگی مەی ڕۆژی کرێکارانی دونیا
نەتەوەی وڵات داگیرکراوی کورد!
کۆمەڵانی زەحمەتکێشی خەڵکی کوردستان!
یەکەمی مانگی مەی ڕۆژی کرێکارانی دونیا لە سەرجەم کرێکاران و بە تایبەت کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان و نەتەوەی گەورەی کورد پیرۆز بیت. هەر بەم بۆنەوە ئاواتەخواین ڕەوتی خەباتی حەقخوازانەی نەتەوەی گەورەی کورد بە ئامانجە پیرۆزەکانی؛ کە خۆی لە سەربەخۆیی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی دا دەبینێتەوە بگات.
بێ گومان ئەو بارودۆخە نالەبار و قەیرانە ئابوریانەی کە ڕوو بە ڕێژیمی داگیرکەری تاران بوونەتەوە؛ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کاریگەری زیاتر لە سەر ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگای ئێرانی بە زۆر لکێندراو بەیەکەوەی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی داگیرکەری تاران دەنوێنن. گرانی و برسێتی، هەژاری و نەداری کۆمەڵگای خەڵک و هەڵاوسانی ئابوری ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو هەڵکشان دەچێت و سات بە سات کاریگەری نەرێنی زیاتری دەبێت لە سەر توێژی هەژاران و زەحمەتکێشانی کوردستان و ئێران، ئەمە لە کاتێک دایە کە ڕێژیمی داگیرکەری ئێران کەوتۆتە ژێر باری نالەباری قەیرانە سیاسی، ئابوری، دیپلۆماسی و کێشە نێوخۆییەکانەوە و توانای چارەسەر کردن و پێڕاگەیشتنی هیچکام لەم قەیرانانەی نییە کە تەنگیان بە ڕێژیم هەڵچنیوە لە لایەک، لە لایەکی دیکەشەوە ترس و دڵەڕاوکێی سەرانی ڕێژیم لە بەهاری گەلانی ئازادی خواز کە ڕوو بە ئێران هەڵی کردووە ئۆقرەی لە سەرانی ڕێژیم بردووە و بۆتە بەشێکی دیکە لە کێشەکانی دەسەڵاتدارانی تاران، بەڵام ڕێژیمی داگیرکەری ئێران سەرەڕای هەموو قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکیەکان، کەچی بۆ ساتێکیش لە گرتن و ڕاونان، ئەشکەنجە و ئازار و کوشتن و هەڵواسینی لاوانی ئازادیخوازی نەتەوە جیاوازەکانی"ئێرانی بە زۆر لکێندراو بە یەکەوە" بە گشتی و ژنان و پیاوانی کورد بە تایبەتی خۆی نەبواردووە.
ئاشکرایە کە؛ ڕێژیمی داگیرکەری تاران لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیە دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی خۆی بە سەر نەتەوە جیاوازەکانی ئێرانی بە زۆر لکێندراو بەیەکەوە و بە گوێرەی یاسا جەنگەڵیەکانی هەزاران کەس لە ژنان و لاوانی کوردی بێتاوانی لە سێدارە یان گولە باران و سەنگسار کردووە، ژنان و پیاوانی کورد بە هۆی چالاکی بوارەکانی مەدەنی، ژینگەیی تەنانەت کولتوری و فەرهەنگیشەوە تاوانبار دەکات و سزای قورسیان بەسەر دا دەسەپێنێت یان بۆ ناوچە دوورە دەستەکان دوریان دەخاتەوە.
پارتی ئازادی و دێمۆکراسی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی دووبارەی ئەم ڕۆژە نێو نەتەوەییە لە کرێکاران، زەحمەتکێشان، جوتیاران و سەرجەم دانیشتوانی کوردستان و دونیا، داواکارە لە هێز و لایەنە سیاسییەکان لە پێناو بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و بۆ هەرچی زیاتر خزمەت بە نەتەوەکەمان و بەرەوپێش بردنی دۆزی ڕەوای کورد و بە سەربەخۆیی گەیاندنی کوردستان، کێشەکانیان وەلانێن و دەستی هاوکاری و دۆستایەتی بۆ یەکتری درێژ بکەن، هەر لەم پێناوەش دا داوا لە کۆمەڵگای خەڵکی کوردستان و نەتەوەی گەورەی کورد و بە تایبەت لاوان و ڕۆشەنبیران دەکەین بۆ ئەوەی گوشاری زیاتر بخەنە سەر لایەنە سیاسییەکان لە پێناو هاوهەڵوێست کردن و یەکڕیز کردنی زیاتری هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ خزمەت بە نیشتمانە خۆشەویستەکەمان.
پیرۆز بێت یەکەمی مانگی مەی ڕۆژی کرێکارانی دونیا
ئازاد و ئاوەدان بێت کوردستان
ئەنجومەنی سەرۆکایەتی
PADK پارتی ئازادی و دێمۆکراسی کوردستان
١٠ی بانەمەڕی ٢٧١٢ کوردی
هاونیشتمانانی خۆڕاگر
کۆمەڵانی كرێكار و زەحمەتكێشی كوردستان و جیهان
لاوانی ناسیۆنالیست
بۆنەكانی مانگی مەی ئەمساڵ و رۆژی جیهانیی كرێكاران و رەنجدەرانی دنیا لە كاتێكدا بەڕێوە دەچێت كە كۆمەڵگای جیهانی بەرەو ئاراستەیەكی تایبەتی و هەستیار هەنگاو دەنێت.
بزووتنەوەی كرێكاران و رەنجدەرانی جیهانی بە هیچ شێوەیەك لە داواكانیان نەوەستاون و ئاگایی چینی زەحمەتكێشی كۆمەڵگاش وای كردووە، بە ئاسانی بتوانن دەستیان بە راگەیاندنە گشتییەكان بگات و داواكانیان لە رێگای میدیای جیهانییەوە رێكبخەنەوە.
بەڵام لە ئێران‌دا بەهۆی گوشاری ئابوورییەوە و بایکۆتە نێودەوڵەتییەكانی سەر رژیمی كۆماری ئیسلامی، نرخی بێكاری چووەتە سەرەوە و گەیشتووە بە ئاستی 30% و هەڵاوسانی ئابووری هەر لە 6 مانگی رابردووەوە بوەتە دوو بەرانبەری جارانی.
بەهای دراوی ئێرانی لە بازاڕەكاندا بە رادەی نیوەی 6 مانگی پێش‌و دابەزیوە و لەم بوارەدا تەنیا چینی هەژار و بە تایبەتی كرێكاران و رەنجدەرانی نەتەوەكانی بندەستی نیزامی كۆماری ئیسلامی زرەرمەند بوون.
لە كوردستانیشدا بە گشتی ئاستی بێكاری بە رادەیەك بێزاركەرە، كە زۆربەی هەرەزۆری خەڵكی هەژار بە مەبەستی دابینبوونی بژێوی ژیانیان روو لە شارە پێشكەوتوەكانی ئێران دەكەن كە زۆربەیان فارس نشینن و نەتەوەی باڵادەستیش بە كڕینی مڵك و ماڵی هاوڵاتییانی كورد بە پێی بەرنامەی 5 ساڵەی چوارەم و پێنجەم – ی خۆی كە لە پاش شەڕی ئێران و عێراق خەریكی پیلاندانن بۆی، دەیەوێ باری دیمۆگرافیای شارە كوردییەكانیش بگۆڕێ و لە شارەكانی وەك كرماشان و سنەدا چەندین ساڵە دەستی بەم پیلانگێڕییە كردووە.
هەمووی ئەم پیلانگێڕییانەش بە هۆی ئەوەوە كردوویانە كە چینی هەژار لە شوێن و شارەكانی ژیانی خۆیاندا تووشی سەرلێشێواوی و بێكاری بكەن و نرخی كڕینی شتومەكیان لەسەر گران بكەن و هێز و توانای كڕینیان بەو ئاستە بگەیەنن كە زۆر بە سانایی وڵات و خاكی خۆیان هەڕاج فرۆش بكەن. بەمشێوەیەش ویستوویانە هەم جووڵانەوەی زەحمەتكێشانی كورد، كە خوازیاری یەكسانی و دابەشكردنی عادڵانەی داهاتی كۆمەڵگا لەناو هەژاراندان و هەم جووڵانەوەی نەتەوەیی گەلی ئازاردیتووی كوردستان، كە ئەركەكەی لەسەر شانی هەژاران بووە، لە هێلكەدا بمرێنن.
"کومیتەی ناوەندی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان" وێڕای پیرۆزبایی گەرمی رۆژی كرێكارانی جیهان لە هەموو كرێكاران و زەحمەتكێشانی كورد بە تایبەتی و كرێكارانی پارچەكانی دیكەی كوردستان و پاشان زەحمەتكێشانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هیواخوازە هەموو پێكهاتەكانی كوردستان، پێكەوە و دەست لەناو دەستی یەكتر هەوڵ بدەن، تا خۆیان لە كۆیلایەتیی داگیركارانی كوردستان رزگار بكەن و دەوڵەتی دادپەروەر و یەكسانیخوازی كورد كە ئامانجی هەموو هێزێكی نەتەوەیی و نیشتمان خۆشەویستە، دروست بكەن كە بتوانێ داهاتی كۆمەڵگا بە شێوەیەكی زانستییانە بخاتە خزمەتی ئامانجەكانی گەلی هەژار و زەحمەتكێشی كوردستانەوە.
لەم رۆژە مێژووییەدا بە پێویستی دەزانین، داواكانی خۆمان بە مەبەستی رۆشنگەریکردن بۆ رای گشتی، فۆرموولە بكەین:
1- ئێمە بە نەتەوە لە چینی خوارووی ئیمپراتووریای ئێرانی و توركی و عەرەبیدا جێگەمان بووەتەوە و هەموومان بە چینی كۆیلە و زەحمەتكێش – بە گوێرەی دابەشكارییە چینایەتییەكانی دەسەڵاتی داگیركاران – ناوبراوین كە دەبێ لە پێناوی دابینكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی ئەواندا زەحمەت بكێشین و ئازار بدرێین و بە گوێرەی رەوتێكی مێژوویی پیلان بۆدارێژراو بتوێینەوە و نەمێنین. بۆیە دەبێ هۆشیار بین كە داوا نەتەوەییەكانمان بۆ داوا چینایەتییەكانمان پشتگوێ نەخەین.
2- داواكارین سیستەمی كۆیلەداریی جیهانی، لە هەزارەی تازەدا كۆتایی بە چالاكییەكانی خۆی بێنێ و هەموو گەلانی بە نەتەوە هەژار و كۆیلە، بە مافەكانیان شاد ببن. ئەو گەلانەی ئازارێكی مێژوویی و مەینەتییەكی سیستەماتیك وەك خۆرە سەری كردووەتە جەرگیان و تانوپۆكانی ژیانیانی تەنیوەتەوە.
3- داواكارین كە لەدەستی سیستەمی "كورد-بەكۆیلەزان"ی شۆڤینیزمی فارسی خۆمان رزگار بكەین و كەرامەتی لەدەستچووی كورد بگەڕێنینەوە بۆ گەل.
4- خوازیاری دابەشكردنەوەی داهاتی ئێران بەسەر گەلانی بندەست و چەوساوە و بە نەتەوە، كرێكارداین كە یەكێك لەوانە كوردە و ئاواتیەتی ببێتەوە بە خاوەنی خاك و ناسنامەی زەوتكراوی مێژوویی خۆی، كە لەسەر شان و پیلی گەلە كرێكارەكەی ئەم، بنیاتی ئیمپراتووریای نەحسی فارس نراوە.
هیوادارین كە دەوڵەتی شیاوی ئازار و مەینەتی هەژارانی كوردستان دروست ببێت كە ژیانێكی ئارام و پڕ لە دڵنیایی و خۆشگوزەرانییان بۆ دابین بكات.
هەر لەم بۆنەیەدا جێگای خۆیەتی ئاوڕێك لە ماندوێتی و خەباتی ئەو هەژارانە بدەینەوە كە هەزاران رۆڵەی كرێكار و رەنجدەری خۆیان پێشكەش بە خەباتی نەتەوەیی گەلی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان كردووە.
ئەمرۆژە مێژووییە لە هەموو مەینەت چەشتووانی كوردستان و هاوتەریبەکانیان لە نەتەوەكانی بندەست و كرێكارانی جیهانیش پیرۆز بێت.
بژی كورد
پایەدار بێت كوردستان
كومیتەی ناوەندیی
"یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان"
30 ی ئاپریلی 2012
پیرۆز بێ 112 هه‌مین ساڵی له دایکبوونی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د
رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد!
کوردستانییه‌کان!
11 گوڵانی ئه‌مساڵ 112 هه‌مین ساڵوه‌گه‌ری له دایکبوونی پێشه‌وای گه‌وره‌ی کورد، قازی محه‌مه‌ده.
قازی محه‌مه‌د 112 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له رۆژی 11ی گوڵانی 1279 هه‌تاویی (1900 زاینیی) له شاری مه‌هاباد له خێزانێکی نیشتمانپه‌روه‌ر و پایه‌به‌رزی کۆمه‌ڵایه‌تی له دایکبوو.
قازی محه‌مه‌د سه‌رده‌می لاویی به خوێندن و فێربوونی برده‌سه‌ر و به‌ڵگه نامه‌ی خوێندنی زانستی "معقول" و "منقول" (نحو، صرف، منطق، بلاغه، اصول، فقه و کلام) وه‌رگرت. هه‌روه‌ها بۆ بردنه‌سه‌رێی ئاستی زانستی و زانیاری خۆی، زمانه‌کانی ئینگلیسی، رووسی و فه‌ره‌نسی خوێند و بێجگه له زمانی دایکیی خۆی، زمانه‌کانی فارسی، ترکی و عه‌ره‌بی و ئێسپرانتۆی ده‌زانی. پێشه‌وا له ته‌نیشت هه‌بوونی پله‌ی زانستی دا، شاره‌زایه‌کی هه‌ڵکه‌وتووی بواره‌کانی ئایین، سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵگا بوو. که‌سایه‌تی و ره‌وشت و ئه‌خلاقی به‌رز و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی دیکه‌ی، پێگه و پله‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی وای پێدا بوو که ببووه جێی پرس و راوێژی خه‌ڵکی مهاباد و به‌بێ قسه‌ی ئه‌و هیچ پرسێکی گرینگی شاره‌که چاره‌سه‌ر نه‌ده‌کرا. ئه‌و رووناکبیری هه‌ڵکه‌وتووی سه‌رده‌می خۆی و پێشه‌وای راسته‌قینه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌ی بوو.
پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د، له ژیانی سیاسیی‌دا، گه‌وره‌ترین ده‌سکه‌وتی بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد تۆمار کرد. ئه‌و به دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان، ناسیونالیزمی کوردی له بزووتنه‌وه‌یه‌که‌وه گه‌یانده ئاستی ده‌وڵه‌تێکی مۆدێرنی نه‌ته‌وه‌یی. پێشه‌وا به‌و هه‌نگاوه مێژووییه که‌سایه‌تی و ناسنامه‌ی به به‌ر کوردا کرده‌وه و کۆماره‌که‌ی کرده سیمبولی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی کورد. له سایی بیر و عه‌قڵی پێشه‌وادا، له ماوه‌ی 11 مانگ ته‌مه‌نی کۆمار‌دا، ئه‌وه‌نده ده‌سکه‌وت و پێشکه‌وتنی سیاسیی، فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی بهدهسهات که بوونه پێناسه بۆ شارستانیه‌ت و کلتور و ده‌سه‌ڵاتی کوردی.
میراتی سیاسیی پێشه‌وا، ئه‌وه‌نده ده‌وڵه‌مه‌نده که ده‌کرێ ببێته دیسکۆرسی هاوبه‌شی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کوردستان. هه‌ر سوێندی سه‌رۆک کۆماریی و وه‌سیتنامه‌که‌ی مانیفێستی ئازادیی کوردستانن.
قازی محه‌مه‌د، وه‌ك له ژیاندا بۆ کورد، پێشه‌وا و داهێنه‌ر بوو، له مه‌رگیشدا هه‌ر به‌و ته‌رزه بوو. ئه‌و رێگای رۆیشتنی له به‌رده‌م ئاواڵه بوو، به‌ڵام مه‌رگی هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی به سڵامه‌ت ده‌رچن. مه‌رگی قازی محه‌مه‌د لێوا و لێو پڕ بوو له ژیان. جۆرێکی دیکه‌ی سوور بوون له سه‌ر په‌یمان و به‌ڵێنی نه‌ته‌وه‌یی بوو. قازی محه‌مه‌د سوقراتی زه‌مان بوو.
پارتی ئازادیی کوردستان باشترین وه‌فا و ئه‌مه‌گناسی بۆ پێشه‌وای شه‌هید له وه‌دیهێنانی ئامهنجهکانیدا ده‌بینێ. هه‌ر بۆیه به هاتنه مه‌یدانی، ئاڵاکه‌ی ئه‌وی هه‌ڵکرده‌وه و کردیه به‌شێك له ناسنامه‌ی سیاسیی و رێکخراوه‌یی خۆی و له یه‌که‌مین کۆنگرهشیهوه (10-12 ئۆکتۆبه‌ر 2006) دامه‌زرانه‌وه‌ی کۆماری کوردستانی کردووه‌ته دروشم و ئامانجی سه‌ره‌کیی خۆی.
سڵاو له پێشه‌وای شه‌هید له 112 هه‌مین ساڵی له دایکبوونیدا
بژی خه‌بات له پێناو دامه‌زراندنه‌وه‌ی کۆماری کوردستاندا
کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی
پارتی ئازادیی کوردستان
11 گوڵانی 2711
ساکار عەبدوڵڵازاده
رووداو- سلێمانی
ئەمڕۆ سێ شەممه، هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانی کرێکار، دوو حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵه – پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا یەکگرتنی خۆیان راگەیاند. رەزا کەعبی، جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بارەی ئەو یەکگرتنە به (رووداو)ی راگەیاند "دوای کۆمەڵێک دانیشتن و گفتوگۆی چڕ و پڕ لە نێوانمان بە مەبەستی یەکگرتن، ئەمڕۆ لەرێگەی بەیاننامەیەکی هاوبەش، بە فەرمی یەکگرتنی خۆمان راگەیاند و لە ئێستاوە لەژێر ناوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان درێژه بە خەباتی خۆمان دەدەین".
رەزا کەعبی راشیگەیاند "خاڵی هەرە گرنگ و ئەرێنی دانیشتنەکان ئەوە بوو که لە یەکەم رۆژەوە گفتوگۆکانمان به بابەتی فکری، تیئۆری و سیاسی دەست پێ‌کرد و به هەڵسەنگاندنی رۆڵی خۆمان له بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و کۆکردنەوەی چەپی کوردستان، نەخشەی کاری داهاتوومان داڕشت". جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سەبارەت به میکانیزمی یەکگرتنی ئەو دوو حیزبه رایگەیاند "هاوڕێیانی کۆمەڵه – پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان کار و چالاکی خۆیان لە ئۆرگانه جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەست پێدەکەن. لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا پلینیۆم دەبەستین و تا چەند مانگی دیکە، کۆنگرەیەکی گشتی بەڕێوە دەبەین تا لەرێگای کۆنگرەوە پەیڕەوەی ناوخۆی کۆمەڵه و بەرنامەی سیاسی حیزب دەست نیشان دەکرێت". بۆ روونکردنەوەی زیاتر، سبەی چوارشەمە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هۆڵی حیزبی شیوعی کوردستان لە سلێمانی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەڕێوە دەبات.
لە رێکەوتی 24/04/2012، هەر دوو حیزب لە یەکەمین بەیاننامەی هاوبەشدا رایانگەیاندبوو کە هەوڵەکانیان بۆ یەکگرتن گەیشتووەتە ئەجمان و لە ماوەیەکی نزیکدا یەکگرتنیان رادەگەیەنن. لە رووداوەکانی ساڵی 2007 بەدواوە، سێ لایەن به ناوەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران- رەوتی یەکگرتنەوە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دابڕان. دواتر کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران- رەوتی یەکگرتنەوە لەگەڵ پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان یەکیان گرت و کۆمەڵه- پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستانیان دامەزراند. ئێستاکەش هەر سێ لایەنی کۆمەڵە لەژێر ناوی "کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان" یەکیان گرت و بەیەکەوە درێژه بە خەباتی سیاسی خۆیان دەدەن.
رووداو- هەولێر
وتاربێژانی مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان لە وتاری هەینی داهاتوودا باس لە رەوشی عێراق و کوردستان و ناوچەکە دەکەن. لە راگەیاندراوێکدا کە وێنەیەکی گەیشتووەتە (رووداو) وەزارەتی ئەوقاف ئاگاداری سەرجەم وتاربێژانی مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان دەکات کە لە وتاری هەینی داهاتوودا "باس لە رەوشی عێراق و کوردستان و ناوچەکە بکەن لە ڕووی پێکەوەژیان و تەبایی و یەکڕیزی میللەتی کورد".
وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێ "ئەزموونەکەمان و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی بۆیە گرنگە میللەتی کورد لەم بارودۆخەی ئێستا هەیە زیاتر پەرە بە برایەتی و یەکڕیزی بدەن". لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوێکدا هاتووە "هەرێمی کوردستان بە سیستەمێکی دادپەروەرانە هەنگاو دەنێ هەموو جۆرە ستەم و تاکڕەوییەک رەت دەکاتەوە و ناکرێت وڵات بە ستایلی دیکتاتۆریەتدا بڕوات".
ساڵڕۆژی 24. 04 ی قه‌ڵادزێ له له‌نده‌ن به‌رز ڕاگیرا
کاتژمێر 15:00 – 18:00، یه‌ک شه‌ممه، ڕێکه‌وتی 29-04 – 2012
به به‌شداری که‌س و کاری شه‌هیدان، ده‌یان خه‌ڵکی ڕۆشنبیر و سیاسه‌ت مه‌داری کورد له له‌نده‌ن، ساڵڕۆژی جینۆساید کرانی یه‌که‌م زانکۆی کوردستان له 24- 04 – 1974 له قه‌ڵادزێ به‌رز نرخێندرا. به‌ڕێزان دکتۆر که‌مال میراوده‌لی، دکتۆر سلێمانی ڕه‌حیمی، کاک سه‌باح غالب و چه‌ندین مامۆستای زانکۆ، وێڕای به‌شداری کردنیان به پێش که‌ش کردنی شیعر بۆڕوحی شه‌هیدان و سه‌رگوزشته‌ی ڕووداوه تاڵه‌کان، کۆک بوون له‌سه‌ر به ئه‌کادیمی کردنی کاره‌کان، به‌ستنی کۆڕ‌و سیمینار له ناو زانکۆکان و په‌ڕلمانی به‌ریتانیا بۆ دۆزینه‌وه‌ی شێوازی یاسایی و مه‌ده‌نی بۆ به‌جیهانی کردنی کێسه‌کانیان.
به‌ڕێز خاتو به‌یان سامی عه‌دول ڕه‌حمان نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له له‌نده‌ن وێڕای خوێندنه‌وه‌ی ووته‌ی حکومه‌تی هه‌رێم، گوێ بیستی مه‌ینه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی ناوچه که بوو. بۆ زیاتر گرنگی دان به کێسه‌کان و چۆنیه‌تی به نێو ده‌وڵه‌ت کردنیان واده‌ی دانانی دیدارێکی ڕه‌سمی له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی پشتیوانی له کێسه‌کانی شه‌هیدان و قوربانیانی پشده‌ر له له‌نده‌ن دا. هه‌روه‌ها په‌یمانی دا که به دوا داچوون بکات بۆ داواکاریه‌کانی خه‌ڵکی ناوچه‌که.
به‌شدارانی مه‌ڕاسیمه‌که پشتگیری خۆیان ده‌ر بڕی له‌به‌رزکردنه‌وه‌ی ڕاپۆرتێک به‌ڕه‌سمی بۆ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ ئاوڕدانه‌وه له باری ئابووری و وه‌زعی مه‌عیشه‌تی خه‌ڵکی ناوچه جینۆساید کراوه‌کانی به‌گشتی و ناوچه‌ی پشده‌ر به‌تایبه‌تی. داوایان کرد به دوا داچوون بکرێت بۆ جێبه‌جێ کردنی بڕیای به نێو ده‌وڵه‌تی کردنی ڕێگای قه‌ڵادزێ – کێلێ – سه‌رده‌شت. چاک کردنی ڕێگاو بانه‌کانی نێوان قه‌ڵادزێ – ڕانیه و ته‌واکردنی ڕێگای قه‌ڵادزێ – سه‌فره – ماوه‌ت – سلێمانی. هه‌روه‌ها دروست کردنه‌وه‌ی قه‌ڵادزێی کۆن، کتێبخانه‌یه‌ک له نێو شار، پڕۆژه‌ی ئاوی خاسی، به زانکۆ کردنی کۆلیجه‌کانی قه‌ڵادزێ، پاڕکی ناو شار، کردنه‌وه‌ی چه‌ند پڕۆژه‌ی به‌رهه‌م هێنه‌ر و سوپه‌ر مارکێت به‌شێکی تری داواکاریه‌کانی به‌شداربوان بوو.
شایه‌نی باسه به‌شداری گه‌رم و گوڕی هه‌موولایه‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵات دار، به‌رهه‌ڵستکارو کامیڕه مانه‌کانی زۆربه‌ی که‌ناڵه ئاسمانیه‌کان مه‌ڕاسیمه‌که‌ی ڕازاوه‌تر کرد بوو.
به په‌خش کردنی چه‌ندین وێنه‌ی شه‌هیدان، لاواندنه‌وه‌ی شه‌هیدانی قه‌ڵادزێ و جینۆساید کراوانی ئه‌رمه‌نیه‌کان هۆڵه‌که‌ی هێنده‌ی دیش خرۆشاند بوو.
به ده‌ربڕینی سوپاس و پێ‌زانین بۆ هه‌موولایه‌ک، زۆر به سه‌رکه‌وتوانه کۆتایی به ڕاسیمهکه هێندرا.
له بری کۆمه‌ڵه‌ی پشتیوانی له کێسه‌کانی شه‌هیدان و قوربانیان پشده‌ر
خالید ئه‌حمه‌د ئاسنگه‌ر
رووداو- هەولێر
لایەنەكانی عێراق رۆژی 28/4/2012 لە كۆبوونەوەی هەولێر لەسەر ئەوە رێككەوتن كە "ماوەیەكی كورت" بدرێتە مالیكی بۆ جێبەجێكردنی تەواوی بەندەكانی رێككەوتنی هەولێر. بەپێی زانیاریەكان ئێران و ئەمریكاش پشتیوانی لەو هەنگاوە دەكەن. ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و یەكێك لە سەركردەكانی عێراقییە پاش تەواوبوونی كۆبوونەوەكە بە (رووداو)ی راگەیاند "بڕیارەكانی كۆبوونەوەی هەولێر دوا دەرفەتە.. كاتی بەردەم مالیكی بۆ جێبەجێكردنی ئەو داوایانە زۆر درێژ نییە و دەبێ پەلە بكات".
ئێرانیش رۆڵی میانگیری گێڕاوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا. عارف تەیفور، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند كە "پێش سەردانی موقتەدا سەدر بۆ هەرێمی كوردستان و سەردانی مالیكی بۆ ئێران، بەرپرسێكی باڵای ئێران سەردانی بەغدای كردووەو دواتریش سەردانی هەولێری كردووە و لەگەڵ سەركردایەتی كورد كۆبووەتەوە".
پیتەر گالبرێت، سیاسەتكار و باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا رایگەیاند كە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زۆرجار پشتگیری لەحاڵەتی دیفاكتۆ (امر واقع) دەكات، بۆیە هەر كاتێك سەربەخۆیی كوردستان راگەیێندرا "هیچ ئەلتەرناتیڤێكی دیكەی لەبەردەمدا نابێ جگە لەوەی كە سەربەخۆیی كوردستان قبوڵ بكات". گالبرێت، كە بۆ ماوەی پێنچ ساڵ باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە كرواتیا و وڵاتانی بەلقان لەساڵانی 1993تا 1998، لەسەرەتای ساڵی 2003ەوە وەك راوێژكار لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری كردووە، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) گوتی كە "بەڵێ" ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ جیابوونەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق. ئەو كۆنە دیپلۆماتكارە كە لەكاتی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا راوێژكاری لایەنی كوردی بووە، گوتی كە "ئاشكرایە مالیكی دەستوور پەیڕەوناكات و جێبەجێی ناكات" و "رێزی لە مافەكانی كوردستان نەگرتووە ".
پیتەر گالبرێت، پشتگیری لە بیرۆكەی جاڕدانی سەربەخۆیی كوردستان كرد كە ئێستا لەنێوەندە كوردی و تەنانەت جیهانییەكانیشدا بابەتێكی گەرمە و گوتی "كورد 90 ساڵە عێراق تاقیدەكاتەوە، لەوكاتەوە عێراق هەر بۆیان خراپبووە. من شتێكی گرنگ فێربووم لەو ساڵانەی لە ناوچەی بەلقان بووم، ئەویش ئەوەیە كە شتێكی خراپتر لەوەی وڵاتێك پارچە پارچە بكەی، ئەوەیە كە خەڵك ناچار بكەی بەدژی ویستی خۆیان لە وڵاتێكدا پێكەوە بژین". لەبارەی ئەوەش كە ئایا ولایەتە یەكگرتووەكان پشتیوانی لەو هەنگاوە دەكات، گوتی "زۆربەی كات ئەمریكا پشتگیری لەحاڵەتی دیفاكتۆیی دەكات و پێدەچێ كە پشتگیریی لە جیابوونەوە نەكات، تاوەكو ئەوكاتەی روودەدات. ئەمریكا هیچ هاوڕێیەكی باشتری لە كورد نییە، لەبەرئەوە هیچ ئەلتەرناتیڤێكی دیكەی لەبەردەمدا نابێ جگە لەوەی كە سەربەخۆیی كوردستان قبوڵ بكات".
هەر لەو چوارچێوەیەدا، د. ئالۆن بێن میر، پرۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانكۆی نیویۆرك كە پسپۆڕێكی بە رەگەز جوولەكەیە، بە (رووداو)ی راگەیاند ئەگەر كوردستان سەربەخۆیی رابگەیێنێ "بێگومان ئیسرائیل پشتگیری لە سەربەخۆیی كوردستان دەكات و رەنگە یەكێكبێ لە یەكەم ئەو وڵاتانەی بە فەرمی سەربەخۆیی كوردستان بناسێنێ، ئەمەش لەبەرئەوەی ئیسرائیل چیدی خەمی نیگەرانی توركیای نابێت، بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی ئەنقەرە لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیەتی".
سەرچاوە: رووداۆ
رووداو- واشنگتۆن
وەك تاكە خوێندكاری رۆژنامەگەری لە زانكۆی كۆلۆمبیا، نامۆ عەبدوڵڵا، رۆژنامەنووسی كورد و پەیامنێری (رووداو) لە ئەمریكا، رۆژی شەممە خەڵاتی كۆمەڵەی رۆژنامەنوسانی كۆشكی سپی لەلایەن سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباماوە پێدرا. لە ئێوارە خوانێكدا بەنێوبانگی ساڵانەی كۆشكی سپی‌دا كە زۆربەی ئەندامانی ستافی ئەمریكا، وەزیر و كۆنگرێسمان و سیناتۆرەكان ئامادەیبوون، ناوی نامۆ عەبدوڵڵا لەنێو چەپڵەڕێزانی ئامادەبوواندا خوێنرایەوە تاوەكو بچێتە سەر سەكۆ بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكەی، كە بڕی 5000 دۆلاری ئەمریكییە و لەشێوەی زەمالەدایە تاوەكو یارمەتی ئەو رۆژنامەنووسە كوردە بدات خوێندنی ماستەر لە بواری رۆژنامەگەریدا تەواو بكات. ئۆباما لەگەڵ خانمی یەكەمی ئەمریكا میشێڵ ئۆباما پێشوازییان لە نامۆ عەبدوڵڵا كرد.
پۆلەتیكۆ: (رووداو) رۆژنامەیەكی پێشەنگە لە هەرێمی كوردستاندا
گۆڤاری پۆڵەتیكۆ، لە ژمارەیەكی تایبەتدا كە تایبەت بە رووداوەكانی ئێوارە خوانی كۆشكی سپی دەركرابوو، نووسیویەتی نامۆ عەبدوڵڵا و شەش خوێندكاری دیكە لەسەرتاسەری ئەمریكادا خەڵاتكران "ئەوان خاوەنی باشترین و رووناكترین داهاتوون." لەبارەی ئەو رۆژنامەنووسە كوردەوە، گۆڤارەكە دەنووسێ "نامۆ عەبدوڵڵا عەزیز، رۆژنامەنووسێكی عێراقییە كە راپۆرتەكانی لەباشترین رۆژنامە عێراقی و جیهانییەكاندا بڵاوكراونەتەوە. وەك رۆژنامەنوسێكی سەربەخۆ، بابەتی نووسیوە بۆ رۆژنامەی (نیو یۆرك تایمز)، رۆیتەرز، پەیمانگەی رۆژنامەوانی بۆ جەنگ و ئاشتی، كە ئۆفیسی سەرەكی لە لەندەنە، ئاژانسی هەواڵی مرۆیی نەتەوەیەكگرتووەكان. دوایین جاریش، سەرنووسەری بەشی ئینگلیزی (رووداو) بووە، كە رۆژنامەیەكی پێشەنگە لە هەرێمی كوردستان دا".
كۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی كۆشكی سپی ، نامیلكەیەكی تایبەتی تایبەت بە كار و چالاكییەكانی كۆشكی سپی لەو ئێوارەیەدا بڵاوكردووەتەوە، كە تێیدا بەوشێوەیە باسی (رووداو) دەكات : " رووداو، بە سێ زمان بڵاودەكرێتەوە و چاپی ئەوروپاشی هەیە بۆ كوردانی تاراوگە." لەبارەی خەڵاتەكەوە، نامۆ عەبدوڵڵا، لە واشنتۆن دی سی-ەوە بەوشێوەیە باسی هەستی لەبارەی وەرگرتنی ئەو خەڵاتە لە سەرۆكی بەهێزترین وڵاتی جیهان بەو شێوەیە بۆ (رووداو)باسكرد"ناتوانم وەسفی بكەم چەندە خۆشحاڵم بە وەرگرتنی ئەم دیارییە. ئەوەندە دەڵێم ئەم خەڵاتە پاڵپشتێكی گەوەرەیە و زیاتر سوورم دەكات بەردەوامبم لەسەر كاری رۆژنامەنووسی جدی و باشتر لە داهاتوودا. پیرۆزبای لە دایكم و ماڵەوە و هەموو دۆستان دەكەم".
نامۆ عەبدوڵڵا، خەڵكی قەزای كەلارە، لەكاتی شەڕی براكوژیدا باوكی خۆی لەدەستداوەو، دەرچووی زانكۆی كوردستان-هەولێرە. لەكاری رۆژنامەڤانیدا جگە لە كاركردن بۆ رۆژنامە و ئاژانسە جیهانییەكان، راپۆرت و هەڤپەیڤینی گرنگیشی بۆ (رووداو) ئەنجامداون، دوای ئەوەش سەرلەنوێ بەشی ئینگلیزی (رووداو)ی بەشێوەیەكی پرۆفیشناڵانە دامەزراندەوەو پێشخست. ئەوە ماوەی زیاتر لە یەك ساڵە لە ئەمریكا دەخوێنێ و لەسەر كاری پەیامنێریكردن بۆ (رووداو) بەردەوامە.
لە کاتێکدا ناوچەکە پڕاوپڕە لە ئاڵوگوڕ و دەسخوشی شوڕشە یەک لە دوای یەکەکانی ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریقای باکوور و وەزعیەتی گەلی کورد بە هەموو پێوانەیەک لە باری نێو خۆیی و نێو نەتەوەییەوە بە ئاقارێکی دڵخوشکەرتر لە جاراندا دەڕوات و لە جیهانی گلوبالیزمدا حیسابیکی دیکە بۆ نەتەوە بندەستەکانی دونیا و یەک لە وان کوردەکان دەکرێ، دوو دەستەیی و چەند دەستەیی سەراپای ئوپوزیسیونی کوردی گرتووە و ئعتبار و پرستیژی ئوپوزیسیونی کوردی ڕۆژهەڵاتی بە ڕاست و چەپەوە بردووتە ژێر پرسیار. لە هەمان کاتدا بۆتە هۆی دروستکردنی جەوی بێباوەڕی بە یەکدی،و بەکار بردنی هێز و توانایەکان بە شێوەیەکی زوور نیگاتیڤ و چەواشەکارانە و خۆ دزینەوە لە خەباتی ڕاستەقینە بە دژی داگیرکەرانی کوردستان و تێکوشان بۆ هێنانە دیی مافە ڕەواکانی میلەتەکەمان. هەر لە سەر ئەساسی ئەم بنەمایە و بەرژەوەندیەکانی نەتەوەکەمان و ڕەوتی خێرایی ئاڵوگوڕەکان لە ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی کە کوردیان لییە، پێویستە ئوپوزیسیونی کوردی لە نیو ئێعتلافێک یان بەریەکی یەکگرتوو کۆ ببنەوە، چونکە بەرژەوەندی گەل و نیشتمان خوازیاری ئەم شێوە خەباتەیە و فێڕو دانی کات تەنیا لە قازانجی درێژکردنەوەی دەسەڵاتی دوژمنانی گەل و نیشتمانە. بە هەستکردن بە حەقیقەتێک کە لەسەرەوە باسکرا، دو ڕێکخراوی یارسانی بە ناوەکانی بزوتنەوەی دیموکراتیکی یارسان و یاریکورد، دوای لێکدانەوەو و ئالوگوڕکردنی بیروڕایەکی زوور، گوییان بۆ خواستی خەڵک و لاینگر و ئەندامانی خویان شل کرد و زمانی دیالوگ و یەکتر قبوڵ کردنێان کردە بەرنامە و پلان و مێتودی سەرکەوتن، هەر بویە لەم تاقیکاریەدا زوور سەرکەوتووانە هاتنە دەرێ و ئیرادەی یەکیەتی و یەکگرتن بە سەر دودەستەگی و پەرتەوازەیدا زاڵ کرا. ئەوانەی کە تۆزقاڵێک لە ئەلف و بێی سیاسەت دەزانن و ئاگاداری ڕەوتی ئاڵوگوڕەکانن و شارەزای مێژووی ئەم ناوچەیەن، چاک دەزانن کە ئەم یەکگرتنە لە نێو کولتووری دابڕان و یەکدی قبووڵ نەکردن و بێباوەڕیدا نەک هەر کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵکو لە ئاکامی لێکتێگەیشتن، تولێرانس و دیالوگی سەردەمیانە و گویگرتن بۆ ڕای گشتی بووە کە لە خۆەیدا لە نێو ئوپوزیسونی کوردی کەم هاوتایە، کە لە ئاکامدا لە کونگرەێکی ئازاد ودیموکراتیک بە بەشداری بەشێکی بەرچاوی یارسانەکان، ڕێکخراوی دێموکراتیکی یارسانی لێکەوەتەوە. ڕێکخراوی دێموکراتیکی یارسان لە نێو سالونی کونگرە پەیمانی داوە کە لە پێناو قازانج و بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەکەمان و کومەڵگای یارسان دیالوگ و خەبات وتێکوشانی سەردەمیانە بکاتە هەوێنی کارەکانی خۆی لە داهاتوودا و هەر لەم ڕوانگەیەوە تا ئێستا پێ باش نەبووە و بە دروستی نەزانیوە کە وڵامی ئەو کەس و ماڵپەڕانە کە بە ناوی خوازراو و نەخوازراو ویستویانە ئاگایانە ڕەوتی ئامانجەکانی کونگرەی یەکیەتی یارسانی بە لاڕێدا بەرن، بداتەوە، چونکە نە بە پێویستی زانیوە و نە بە قازانجی گەلی کورد و بزووتنەوەی یارسانیشی لە قەڵەم داوە.
ئەوەی ئێمەی هێنایە سەر ئەو باوەڕە کە ئەمجارەێان پاک دەبی وەڵامی خوەێ بگرێ، دەستتێوەردانەکانی ئەم حیزبەێە لە نێوخویی ڕێکخراوە یارسانیەکان و نیشان دانی ڕوی ڕاستەقینەی ئەم ڕێکخراوە لە بەرگی دڵسوزی بۆ خەڵکی یارسان و تەپڵی نەتەویی بوونی ئەم پارتەیە. لە ئەینی کاتیش‌دا ڕو بە کومەڵانی خەڵک و هێز و لایەنە سیاسیەکانی نێو گوڕەپانی خەبات پێشنیاری یەکیەتی و پێکەوە کارکردنمان دووپات کردبێتەوە.
پارتی ئازادی کوردستان بە کردەوە نیشانی داوە کە لە یەکگرتووی ڕێکخراوە یارسانیەکان زوور نیگەران و بێتاقەتە، هەر بویە لە هەر هەوڵێک بۆ لە بار بردنی ئەم یەکیەتیە درێغی نەکردووە و لە لە هەر دەرێکی داوە تا ئەم یەکیەتیە بە ئاکام نەگات، بەڵام ئیرادەی خەڵک و خواستی یەکیەتی و یەکگرتن زوور لە پاک و دار‌و دەستەکی بە هێزترن کە بتوانن زەڕەیەک لە سەربەخوویی ئەم کومەڵگایەدا کاریگەرییان هەبێ.
ئەم حیزبە لە ڕاگەێەندراوەکەێاندا، وەک هەمیشە کولتووری "خودمهوری" یەکدی قبووڵنەکردن و ناباوەڕی بە پلورالیسم دیارە، کە حەتا چاوەیان بەرای ئەوە نادات ناوێک لە دوو ڕێکخراوی یاریکورد و جدی کە پێکهێنەرانی ئەم کونگرەیەن بێنن. ئەمە نیشان دەدات کە پاک نیگەرانی بەشداری و قسەکانی ئاغای "ڕەزا پەهلەوی" نیە، بەڵکۆ نیگەرانی کاری بە ئنجام گەیشتووە و لە یەکیەتی سیاسی یارسانەکان زۆر نیگەرانە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیاندا دەنووسن: "لێرەدا ئەوەی بۆ ئێمە وەک هێزێکی نەتەوەیی، گرینگ و جێ بایەخە، پێداگریی لە سەر بنەمایەکی سیاسی و ئەخلاقیی خەباتی نەتەوایەتییە نەک فەرمایشتە بێناوەرۆکەکانی ناوبراو لەو کۆنگرەیەدا.
سەیرە، ئەم پارتە چەندە باوەڕی بە دێموکراسی و دیالوگ هەیە و لە ئەرزی واقعدا چی دەکات و لە تیوریدا چون خوەی دەکاتە قڵغانی دیفاع و پارێزەری ئەخلاقی نەتەوایەتی!!!
گەلۆ، ئێوە بڵیین کە یارسانەکان لە پێناو قسەکانی ئاغای ڕەزا پەهلەوی دەستی لە مافە نەتەواێەتیەکانی گەلی کوردی هەڵگرتبێ و بە تەما بێ پاک ڕێگەی ڕاستێ پێ نیشان بدات یان ببێتە ڕێنیشاندەرێ؟؟
سەیر لەوە دایە کە پاک دەیهەوەێ خۆی بکاتە سەرداری ئەخڵاق لە کوردایەتیدا و خەت و نیشان بکات بۆ لایەنکانی دیکە، کە چون لە باری نەتەوەیەوە هەڵوێست بگرن کە بە دڵی بەڕێزانی پاک بێ. لێرەدایە کە یەشتا کولتوری تواندنەوە، بێباوەڕی و خۆ بە گەوەرە زانین و دەستتێوەردان لە کار‌و باری یەکدی دروست دەبێ و حەق وایە کە هاوڕییانی پاک توزقاڵیک لەوە تێبگەن کە کوردایەتی و نەتەوەپەرەستی تەنیا بە قسە و خۆ هەڵپەرستی نابێ و گرنگ ئەوەیە کە بە قازانجی گەلەکەت لە هەر دەرفەتێک کەڵک وەرگریت. بە باوەڕی ئیمە لە جیهانی سیاسەتدا نە نەیاری هەتای و نە دوستی هەتای هەیە، و بە قەوڵی خۆتان لە دیپلوماسی سەردەم دەبێ لە هەر ڕێگایەک لە پێناو قازانجی گەلەکەمان کەڵک وەرگرین.
بەشداری کردنی ئاغای ڕەزا پەهلەوی، لە خۆیدا ئێعتراف کردنە بە بوونی ئەم نەتەوەیە و کردنەوەی دەرگای دیالوگە بۆ دووبارە نەبوونەوەی کارەسات. لە پاراگرافێکی دیکەدا ئاوا دەنووسن:
"زۆر بەداخەوە، ئەم ئاوە هێندێک لایەن رشتوویانە کە بەبێ گوێدان بە بەها و پرەنسیپە سیاسی و ئەخلاقییەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کوردستان، بۆ یارگیری و وەدەسهێنانی هێندێک ئیمکاناتی سیاسیی کەم بایەخ و دەرکەوتنیان لەو کۆڕ و کۆمەڵ و میدیایانەی کە نفوزی بنەماڵەی پەهلەوی و لایەنگرانی رێژیمی پاشایەتیان تێدایە، چاویان لە حاست ئەرکی رەزا پەهلەوی بۆ مەحکومکردنی تاوان و جینایەتەکانی رەزا شای باپیری و حەمەرەزا شای باوکی لە دژی نەتەوەی کورد، نووقاند و ئەم کارەشیان ناو ناوە "دیپلۆماسی سەردەم"! "
دیسان، دوستانی پاک یان لە سیاسەتکردندا باش تێنەگیشتوون یان لە سەردەمی خەیاڵ و خەوندا دەژین، چونکە ئەم قسانە هەر باوی نەماوە و لەوەش زۆر دڵنیابن، کە هیچ لایەن و حەتا کەسیش ئامادە نیە مێتودی کار و پلانەکانیان لە سەر شێوەی بیر کردنەوەی ئێوە دابمەزرێنێ و لەوەش خاتر جەم بن کە ڕێکخراوی دێموکراتیکی یارسان سەربەخۆیە و مافی نەتەوایەتی لە هەمو شتێک بۆی گرنگترە و پێویست بە دڵەڕاوکەی ئێوەمانانیش نیە. ئەوانەی کە ئەم ئاوەیان بە قەولی ئێوە ڕشتووە، هیچ پێوەندییەکیان بەم مەسەلەیەوە نیە و لەو بڕوایەشدا مەبن کە ئەم قسانەی ئێوە کاریگەریەکیان نە لە سەر ئەوان و نە لە سەر ئێمە بێت.
دیارە نووسەرانی ئەم ڕاگەیەندراوە یان ناشارەزان یان زۆر بە پەلە ئەم ڕاگەیەندراوەیان نووسیوە، چونکە لەوە زیز و نیگەرانن کە بەشداری ڕەزا پەهلەوەی لە کونگرەی یارسانی و دیداری حیزبەکانی دیکە، تەنیا لە پێناو خو دەرخستن لە میدیاکانی نیزیک بە ئاغای پەهلەوی بێت. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە ئەم دۆستانە لە سەدەی بیست و یەکدا یەشتا لە ژێر باری کولتوری بێباوەڕی و تاوانبارکردنی خەڵک و لایەنی جیا لە خۆیان بە بێ دانی هیچ بەڵگە و سەنەدێک سیاسەت دەکەن، کە ئەمەش باوی بە سەر چووە.
ڕێکخراوی دێموکراتیکی یارسان لە هەوەڵین کاردانەوەی خۆیدا دوای کونگرە داوای لە هەموو ئوپوزسیونی کوردی ئێران بە پاکیشەوە کرد تا لە دەوری مێزی دیالوگ و وتووێژ کۆ ببینەوە و لە پێناو مونفەعەت ومەسڵەحەتی تەواوی گەلی کورد لەو بەشە یەکیەتیەکی بە کردەوە پێکبهێنین.
شک لەوەدا نیە کە یه‌کێک له سه‌رکه‌وتنه هه‌ره گرنگه‌کانی حیزب و ڕێکخراوه سیاسییه‌کانی وڵاتانی پێشکەوتووی دونیا به بێ مۆبالهغه ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ گوێ گرتن له خواستی کومه‌ڵگا و له ئاکامدا به خۆداچونه‌وه و خۆڕاست کردنه‌وه و خۆڕێکخستن له گه‌ڵ ڕه‌وتی به‌رو پێشچون و خواست و داواکارییه‌کانی کۆمه‌ڵگاکه‌یان دا.
هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران ئێستا له قوناغێکی حه‌ساس و لێوردبونه‌وه دان و له به‌رامبه‌ر تاقیکارییه‌کی میژویدا قه‌راریان گرتوه و له‌م پێناوه‌دا ده‌بێ خۆیان له گه‌ڵ خواستی کۆمه‌ڵگای کوردستان ڕێکبخەن و په‌یامێکی ئه‌رینی و ڕیالیستیانه که له کۆمه‌ڵگای ئیمه‌وه زیاتر نزیک بێت ڕابگه‌یه‌نن.
یه‌کێک له‌و خواستانه‌ی که ڕوبه‌ڕوی رێبەرانی سەرجەم لایەنەکان بۆته‌وه و ده‌بێته‌وه داوای یه‌کیه‌تی و یه‌کڕێزی گەلی کوردە، چۆنکه زۆربه‌ی هه‌ره زوری خه‌ڵک به ڕوشنبیر و خه‌ڵکی ئادییه‌وه له سه‌ر یه‌ک شت که ده‌کاته پته‌و کردنی رێزه‌کانی گەلی کورد یه‌کده‌نگن و له‌و بڕوایه دان که به‌م شێوه ده‌کرێ هێز و توانایەکان کۆ بکرێته‌وه و به‌مه‌ش ده‌توانین ببینه خاوه‌ن ئێعتبار و پرستیژی سیاسی وکۆمه‌لایه‌تی و کولتوری و له کاره دیپلوماتیک و گه‌مه سیاسیه‌کان و تهئادوڵاتی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی سەبارەت بە کاری هاوبه‌ش له گه‌ڵ هێزە ئێرانی و نێونەتەوەیەکاندا له سه‌رمان حێساب بکرێ و وه‌ک هێزێکی یه‌کگرتوو و به گوتاری هاوبه‌شی سیاسی و نەتەوەیی بچینە مەیدان.
ڵێره‌دایه که هەموو لایەنەکانی نێو گوڕەپانی خەبات ده‌بێ زۆر مه‌سئولانه کولتوری تولرانس و تهحەموڵکردنی بیروڕای جیاواز بکەنە پلانی درێژ خایه‌ن له پێناو به کو‌لتوور کردنی پروسه‌ی دیالوگ و پێکه‌وه کار کردن.
بێگومان پلانێکی هاوشێوه پێویستی به له خۆ بوردویی، ماندو بوون و یه‌کدی قبول کردن، باوه‌ڕ به یه‌کدی هه‌بون و دانانی به‌رنامه و پلان و ستراتیژی درێژخایه‌ن که له سه‌ر ئه‌ساسی واقعییه‌تی کومهڵهگای کۆردستان و ئێران داڕێژرابێ هه‌یه.
بە باوەڕی ئیمە تا ئەو کاتەی یەکیەتی و کولتوری دیالوگ لە نێو ڕێزەکانی ئوپوزیسیونی کوردی‌دا دروست نەبێت، دەبێ چاوەڕوان بین کە هەرکام لە حیزب و ڕێکخراوەکان لە سەر ئەساسی مەسڵەحەتی حیزبی، ڕێکخراوەیی خۆی کار دەکات و لە نیو کوڕ و کومەڵە نێونەتەوەیەکان و نێوخویەکان بەو شێوەیەی کە ئیمکانی هەیە بەهێند وەر ناگیردرین و لەهەمان کاتیش قورساییکمان نیە.
هەر بویە جارێکی‌تر لە ڕێگەی ئەم وڵامدانەوە، لە هەموو ڕێکخراوەکان و لەوانە پاکیشی لەگەڵدا بێ داوا دەکەین کە بە دەم بانگەوازی ڕێکخراوی دێموکراتیکی یارسان بۆ پێکهێنانی یەکیەتی نەتەوەیی بە هەند وەرگرن و هەنگاوی بە کردەوە و ئەرێنی بۆ هەڵگرن.
هیوادارین کولتووری قەبوڵکردنی ڕەنگ و بیروڕا جیاوازەکان لە نێو ئوپوزیسیونی کوردستانی ئیران بە کردەوە دروست ببێت.
ڕێکخراوی دێموکراتیکی یارسان
کومیسیونی پێوەندیەکانی دەرەوە
26.04.12
کەمپینی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لە ئێران رایگەیاند "لە ماوەی دوو مانگی رابردوو، 74 کۆڵبەری کورد لەسەر سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان کوژراون و 76 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوونە". ئەو کۆڵبەرانه بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون. هادی قائمی، گوتەبێژی کەمپینی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لە ئێران رایگەیاند "کوژرانی بەردەوامی کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە پاساو هەڵنەگرە و حکومەتی ئێران پێویسته بە زووترین کات ئەو تاوانه رابگرێت". ناوبراو گوتیشی "بە کاربردنی چەک لە بەرامبەر کۆڵبەرانێک که تەنها بۆ بژێوی ژیان شتومەک لە سنوورەکاندا دەگوازنەوە، پێشێل کردنی یاسا نێودەوڵەتیەکانه و پێویسته لێکۆڵینەوە لەو رووداوانه بکرێت".
ئەو کۆڵبەرانه لە سنووری پارێزگاکانی ئازەربایجانی رۆژئاوایی (ورمێ)، سنه (کوردستان) و کرماشان ئامانجی تەقەی هێزە ئەمنیەکانی ئێران بوونه. کەمپین رادەگەیەنێت کە رەنگه رێژەی راستەقینەی کوژراو و برینداربووان لەوە زیاتر بێ بەڵام بەهۆی سروشتی تایبەتی ناوچە سنووریەکانی کوردستان، زانیاریمان بە دەست نەگەیشتبێت. رێژەیەکی زۆر لە پیاوان و گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بێ کاری و هەژاری، روویان لە پیشەی پر مەترسی کۆڵبەری کردووە. جگە لە هێڕشی هێزە سنووریەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کۆڵبەران، ساڵانه چەندین کۆڵبەری کورد به هۆی سەرما و سەخڵەتە یان تەقینەوەی مین، لە چیا سنوورییەکانی کوردستاندا دەکوژرێن.
ئەحمەد شەهید، ریپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە راپۆڕتەکەی خۆیدا ئاماژەی به گوشارەکانی ئێران بۆسەر کۆڵبەرانی کورد کردووە. له راپۆڕتەکەی ئەحمەد شەهیددا هاتووە، بەپێی یاساکانی ئێران پیشەی کۆڵبەری تاوانه و کۆڵبەرانی کورد رووبەڕووی گرتن و غەرامه کردن و تەنانەت تەقەکردن و کوشتن دەبنەوە.
رووداو – هەولێر
بەهۆی ئەوەی لەم رۆژانەی دواییدا سەردانەكانی ماڵپەڕی (رووداو) زۆر زیاتربوون، گوشار كەوتووتە سەر سێرڤەری ماڵپەڕی (رووداو)، بە تایبەتیش بەشی كرمانجی ماڵپەڕەكە وەستاوەو بەشەكانی دیكەشی هەندێجار دەوەستن. بەپێی ئامارەكانی پانێلی بەڕێوەبەرایەتی ماڵپەڕی رووداو، لەڕۆژی 1/4/2012ەوە تاوەكو ئەمڕۆ 28/4/2012، ماڵپەڕی رووداو بەگشتی بە هەرسێ بەشەكەیەوە كوردی (سۆرانی و كرمانجی) و ئینگلیزی 49520078 سەردانی هەبووە. هەر بەو هۆیەشەوە بەشی كرمانجی بەیەكجاری وەستاوە، بەشەكانی دیكەش هەندێجار كێشەیان تێدەكەوێت. بەپێی ئامارەكە بەشی سۆرانی ماڵپەڕی رووداو لە هەردوو بەشەكەی دیكە سەردانی زیاترە.
كۆمپانیای رووداو، بۆ چارەسەری كێشەكە پەیوەندی بە كۆمپانیای دابینكەری سێرڤەری رووداوەوە كردووە، كۆمپانیاكە رایگەیاند كە لەم دوو رۆژەی داهاتوودا كێشەكە چارەسەر دەكەن، یەكێك لە بەڕێوەبەرانی ئەو كۆمپانیایە گوتی "بەهۆی ئەوەی ترافیكێكی زۆر لەسەر ماڵپەڕی رووداو هەیە تاكە چارەسەر ئەوەیە سێرڤەرێكی دیكەی بۆ دابنرێت، تاوەكو كێشەكە چارەسەر بكرێت". كۆمپانیای رووداو، بەهۆی بەردەوام زیادبوونی خوێنەرانی چەند جارێك سێرڤەری گۆڕیوەو بەرفراوانتری كردووە.
دوا نیوەرۆی رۆژی شەمبە رێکەۆتی 2012/4/29، کۆریادێک لە لایەن رەوەندی کوردی، بە سەرپەرشتیاری خالید ئاسنگەر لە شاری لەندەن بەرێوە چوو، ئەم کۆریادە لە پەێوەندی دەگەل بۆردومانی نامرۆفانەی زانکۆی سلێمانی لە شاری قەلادزێ بەرێوە چوو. جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە زانکۆی سلێمانی لەسالی ١٩٧٤ بە هۆی باری نا ئەمنی ناۆچەکە، بۆ شاری قەلادزە راگوێزکرابوو، کە بەداخەوە هەر هەمان سال لە لایەن فرۆکە شەرکەرەکانی بعثی لەناوچوو بەسەختی بۆردومان کرا. لەو بردومانە دا کە بە هۆی بۆمبی ناپالم ئەنجامدرا، بەداخەوە ٨٠ قوتابی زانکۆ و نیزیک بە ٣٠٠ کەس لە خەلکی بێتاوانی شاری قەلادزێ شەهید کران. دیارە ئەم جینایەتەش هەر وەک جینایەتەکانی پێشتر، لە درێژەی زنجیرە کردەوە جینایەتخوولقێنەرەکانی حکومەتی بعثی عیراق و لەراستای سیاسەتی قرکردن و ژینۆسایدی کوردی بێدرەتان دا، ئەنجامدرا.
شایانی باسە کە لەم کۆریادە دا، چەندین کەسایەتی و بەرپرسی حیزبی و حکومەتی، وەک بەرێزان خاتو بەیان سامی عەبدولرەحمان نۆینەری حکومەتی هەریمی کوردوستان، دوکتور کەمال میراودەلی، دوکتور سلێمان رەحیمی، کاک سەباح غالب و کاک ئازاد ماۆەتی و چەندین کەسایەتی ئاکادێمیک و مامۆستای زانکۆ لە مەراسیمەکەدا بەشدار بون. جیگای ئاماژەیە کە شاندی بزوتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەلاتی کوردستان، بەسەرپەرشتی چالاکوانی هێژا کاک ئیبراهیم بایزیدی نوێنەری بزووتنەوەی کۆماریخوازی لە وەلاتانی بریتانیا و ئیرلەند دا، زۆر بە گەرمی لە لایەن بەریوەبەرانی مەراسیمەکە پێشوازیان لیکرا. دیارە لە پەراوێزی سمینارەکەدا، شاندی بزووتنەوە دەگەل زۆر لە کەسایەتی و نوێنەرانی حیزب و لایەنەکانی بەشدار لە کۆرەکەدا چاۆپێکەۆتنیان کرد.مەراسیمەکە ساعەت ٣ دەستی پیکرد وە ٦/٣٠ کۆتایی پیهات