رووداو- رۆژهەڵاتی کوردستان
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران رایانگەیاند، محەممەد سەدیق کەبوودوەند، سەرۆکی بەندکراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان مانی لە خواردن گرتووە. پەریناز حوسێنی، هاوسەری محەممەد سەدیق کەبوودوەند لەو بارەوە به (رووداو)ی راگەیاند "لە ئاخرین پەیوەندیماندا کەبوودوەند رایگەیاند مان لە خواردن دەگرێت، بەڵام لەو ماوەیەدا من نەمتوانیوە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بگرم و دڵنیانیم کە مانی لەخواردن گرتووە یان نا". کەبودوەند لە نامەیەکدا بۆ کاربەدەستانی ئێران، رایگەیاندووە تا کاتی جێ بەجێ کردنی داواکارییەکەی درێژه به مانگرتن دەدات. ناوبراو خوازیاری پێدانی مۆڵەت بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵ و دیتنی کوڕە نەخۆشەکەیەتی.
پەریناز حوسێنی لەسەر ئەو باوەڕەیە ئەو مانگرتنەی کەبوودوەند بێ ئەنجام دەبێت و بەرپرسان وەڵامی داواکەی نادەنەوە. ناوبراوی گوتیشی "کەبوودوەند خۆیشی بارودۆخی تەندروستی باش نیه و ئێستا نازانم خەم لە کورەکەمان بخۆم یان نیگەرانی تەندروستی کەبوودوەند بم". محمد سەدیق کەبوودوەند دامەزرێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانە کە لە ساڵی 2007وە لە لایەن هێزه ئەمنییەکانی ئێران دەستبەسەر کراوە. کەبوودوەند لە لایەن دادگای شۆڕشی ئێران به تاوانی دامەزراندنی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و شێواندنی بیرورای گشتی ، به 11 ساڵ زیندان سزا درا. ناوبراو ئێستا 5 ساڵه له گرتووخانەی ئێوینی تاران دەستبەسەرە و به گوتەی هاوسەرەکەی لەو ماوەیەدا، بۆ یەک جاریش مۆڵەتی پێ نەدراوە بگەرێتەوە ناو خێزانی.
سەرۆکی بەندکراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان تا ئێستا براوەی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتییە و یەکێک لە بەرپژێرەکانی خەڵاتی ئاشتی نۆبێلی 2011 بووە. محەمەد سەدیق کەبودوەند، لە رێکەوتی 26/04/2012، لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا به "رۆژنامەنووسی رۆژ" هەڵبژێردرا. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە حکومەتی ئێران کردووە، کەبوودوەند لە زیندان ئازاد بکات.
رووداو- هەولێر
لە دووڕێیانی بەشداری کردن یان نەکردن لە کۆنفڕانسی نەتەوەیی ژنانی کورد، رێکخراوەکانی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون به 2 دەستە. ئامینە زکری، رێکخەر و ئەندامی کومیەتی ئامادەکاری دووەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی ژنانی کورد به (رووداو)ی راگەیاندبوو "کومیتەی ئامادەکار له 12/05/2012 لەگەڵ لایەنی ناکۆک کە بڕیاری بایکۆت کردنی کۆنفڕانسیاندابوو، دانیشتنێکی بەڕێوە برد. لە دانیشتنەکەدا لەسەر خاڵه ناکۆکەکان گتفوگۆ کرا و گەیشتینه ئەنجامێکی هاوبەش". کەچی لە رێکەوتی 14/05/2012، ژنانی 8 حیزب و ریکخراوی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە وێنەیەکی بۆ (رووداو) نێردراوە، رایانگەیاند بههۆی لهبهر چاونهگرتنی سهرهتایترین مافهکانی ژنانی رۆژههڵاتی کوردستان له لایهن دهستهی ئامادهکاری کۆنفرانسهوه، بەشداری دووەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی ژنانی کورد لە هەولێر ناکەن.
کەچی 4 رێکخراوی دیکەی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا، بڕیاری بەشداری کردنی کارا لە دووەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی ژنانی کورد لە هەولێریان داوە. هەروەها ئەو 4 رێکخراوە بڕیاریان داوە بە شێوەی هاوپەیمانییەک بەشداری ئەو کۆنفڕانسە بکەن.
هەریەک لە یەکێتی ژنانی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، کۆمەڵەی ژنانی یارسانی کوردستان، یەکێتی ژنانی رزگاریی کوردستان و رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان-نینا لەو کۆنفڕانسەدا بەشداری دەکەن.
ناوی رێکخراوەکانی ژنانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بڕیاری بایکۆت کردنی کۆنفڕانسی نەتەوەیی ژنانی کورد لە هەولێریان داوە بریتین لە:
- ژنانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
- ژنانی کۆمهڵەی شۆرشگێری زهحمهتکێشانی کوردستانی ئێران
- ژنانی حیزبی دیموکراتی کوردستان
- ژنانی کۆمهڵهی زهحمهتکێشانی کوردستان
- ژنانی یهکیهتی شۆرشگێرانی کوردستان
- ژنانی سازمانی خهباتی کوردستان
- ژنانی پارتی سهربهستی کوردستان
- ژنانی یهکیهتی دیموکراتیکی کوردستان
بڕیار وایه دووەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی ژنانی کورد لە 22/05/2012 لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ببەسترێت.
کۆنفڕانسی یەکەمی ژنانی کورد لە ئامەدی باکووری کوردستان بەرێوە چوو بوو.
فهرماندارى بڕیارگهى ناوهندى هێزى پاراستنى گهل، كه باڵى سهربازى پارتى كرێكارانى كوردستانه رایگهیاند ئهو بهرپرسهى پارتى داد و گهشهپێدان دادگایى دهكهن كه ئهو ههفتهیه له نزیك شارى ئامهد دهستگیریان كردووه.
رۆژى 12/5/2012 هێزێكى پارتى كرێكارانى كوردستان له ناوچهی قولپی ئامهد و موش لهسهر رێگای شهنیایلا بازگهیهكیان داناوه و سهرۆكى AKP ی ناوچهی پاسووری شاری ئامهد و ویسهل چهلیک، كه سهرۆک جاشێكى ناوچهكهیه دهستگیر كرد.
له بهیاننامهیهكدا HPG رایگهیاند "ئهو دوو كهسهمان بۆ دادگاییكردن دهستگیر كردووه". ههر له بهیاننامهكهدا هاتووه "ویسهل چهلیک لهگهل دوژمن کار دهکات، پشتگیری له سیاسهتهکانی لهناو بردن و کۆمهڵکوژی AKP و دهوڵهتی تورک دهکات و لهلایهن ئێمهوه دادگایى دهکرێت".
ANF
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بە گوێرەی ئەو رێككەوتنەی كراوە و خودی نووری مالیكی ئیمزای لەسەر كردووە، پێویستە هێزی پێشمەرگە هەمان ئەو چەكانەی هەبێت كە لیوایەكی سوپای عێراقی فیدراڵ هەیەتی. هەروەها هەرێمی كوردستان مافی هەیە رێككەوتن بۆ كڕینی چەك بە ئاگاداری حكوومەتی فیدراڵ لەگەڵ دەرەوەدا بكات. ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لیوا جەبار یاوەر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر، وەڵامی هەندێك لە بەرپرسانی حكوومەتی عێراقی دایەوە لە بارەی هێزی پێشمەرگەی هەرێم و ڕایگەیاند كە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دەستوور لە ماددەی 121 كە هەمووان دەنگیان بۆی داناوە، باس لەوە دەكات هەرێمی كوردستان یان هەرێمی تر ئەگەر لە عێراق دروست بێت، مافی هەیە چەند جۆرێك هێزێكی هەبێت، لەوانە پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی هەرێمی هەبێت. هەموو ئەو هێزانەیش لە كۆتاییدا بە شێكن لە دامودەزگانی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، چونكە ئەركی ئەو هێزانە پاراستنی خاك و سنووری هەرێمی كوردستانە، كە ئەویش بەشێكە لە خاكی عێراق.
بە باوەڕی یاوەر، ئەركی پێشمەرگە وەك سوپای عێراق ئەركی سیادی جێبەجێ دەكا، لەبەر ئەوە "داوا دەكەین چۆن سوپای عێراق بەشێكی بودجەی سیادەی تایبەتی هەیە، مافی خۆمانە داوا بكەین كە بودجەی پێشمەرگە لە بودجەی سیادی بدرێ." یاوەر زیاتر ڕوونی كردەوە كە بە گوێرەی یاسای بودجەی ساڵانەی عێراق ، لە ساڵی2007– 2012 ، برگەیەكی یاسایی تێدا هەیە و تێیدا هاتووە دەبێت سەرۆكی ئەنجوومەنی فیدراڵ لەگەڵ سەرۆكی هەرێم یان سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، رێككەوتن بكات و بودجەی پێشمەرگە وەك بەشێك لە سیستەمی بەرگریی نیشتمانیی عێراقی، دیاری بكرێ كە خۆی لە مووچە و پێداویستی و چەكداركردندا دەبینێتەوە، بەڵام ئەو بڕگە یاساییە جێبەجێ نەكراوە. –"لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا زیاتر لە 36ترلیۆن دینار وەك بودجە بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق خەرج كراوە، كەچی هیچی بە وەزارەتی پێشمەرگە نەدراوە."
زیاتر گوتی، "لە نامەیەكیدا نووری مالیكی بۆ جێگری فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا كە لە ساڵی 2010 نێردراوە، تێیدا هاتووە: هەموو هێزەكانی پاسەوانی هەرێم بەشێكن لە سیستەمی بەرگریی نیشتمانیی عێراق، سەرۆكوەزیرانی فیدراڵ لەو نامەیەدا پشتوانیی خۆی بۆ هێزەكانی ئەمەریكا دووپات دەكاتەوە لە چەكداركردن و دابینكردنی پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بە هەمان شێوە لە نامەیەكی تر بۆ وزیری بەرگریی عێراق داوا دەكات هێزی پێشمەرگە وەك وەزارەتی بەرگریی عێراق پێداویستی بۆ دابین بكرێت." ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی بە گوێرەی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێم و هێزەكانی هاوپەیمانیدا كراوە، هێزەكانی هەردوولا واتا سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بە هاوبەشی لەو ناوچانە دەبن تا ماددەی 140 جێبەجێ دەكرێ.
-"خودی نووری مالیكی ئیمزای لەسەر رێككەوتنەكە كردووە، پێویستە هێزی پێشمەرگە هەمان ئەو چەكانەی هەبێت كە لیوایەكی سوپای عێراقی فیدراڵ هەیەتی، هەروەها هەرێمی كوردستان مافی هەیە بۆ كڕینی چەك بە ئاگاداریی حكوومەتی فیدراڵ لەگەڵ دەرەوە رێككەوتن بكات، بەڵام حكوومەتی فیدراڵ نە بۆند بۆ كرینی چەك بۆ هەرێم دەكات، نە رێگا دەدات هەرێمی كوردستان خۆی بۆندی كڕینی چەك بكات، لەكاتێكدا ئێمە وەك هێزی پێشمەرگە كە بەشێكین لە سیستەمی بەرگریی عێراق پێویستمان بە چەك هەیە بۆ پاراستنی خاكی هەرێم كە بەشێكە لە خاكی عێراق." ڕوونیشی كردەوە كە لە ئێستا سێ لیوای پاسەوانی سنوور سەر بە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ لە هەرسێ شارەكەی هەرێم هەن و ژمارەیان دەگاتە15هەزار پۆلیس، هەموو ئەو هێزانە فەرمان و مووچە و ئیدارەیان لەگەڵ بەغدایە، هەروەها هەرچیی پۆلیسی گومرك و پاسەپۆرت و نیشینگە و ڕەگەزنامە هەیە لە هەرێمی كوردستان هەمووی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقن. جگە لەوەیش لە هەموو پارێزگای هەرێم بارەگایەكی بەرێوەبەرایەتیی ئاسایش و هەوڵگریی وەزارەتی بەرگری فیدراڵ هەیە، ئەگەر بێت هەمووی كۆ بكەینەوە دەتوانین بڵێین زیاتر لە 20 هەزار چەكداری سەر بە دامودەزگاكانی حكوومەتی فیدراڵ لە هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە و ئەركی خۆیان جێ بەجێ دەكەن، بێئەوەی هەرێم دەست لە كاروباریان وەربدات.
لەبارەی دروستبوونی دوو فیرقەی سەربازی كە بڕیار بوو لە هەرێم دابمەزرێت یاوەر ڕایگەیاند "بۆ زیادكردنی رێژەی كورد لەناو سوپای عێراق كە تەنیا 7% بووین، لە ساڵی 2007ەوە رەزامەندی لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دراوە بۆ دامەزراندنی دوو فیرقەی سەبازیی عێراق لە هەرێم و لە خەڵكی هەرێمی كوردستان پێك بێت، بەڵام تاكو ئێستا ئەو دوو فیرقەیە دانەمەزراون. لەكاتێكدا ئێمە لە ساڵی 2011 جارێكی تر نووسراومان بۆ بەغدا كردەوە و داوای دامەزراندنی ئەو دوو فیرقەیەمان كردووە." یاوەر جەختیشی كردەوە "هیچ كەسێكی دەرەوەی هەرێم لە زیندانەكانی هەرێم بەند نەكراوە و ئەو قسانە دوورن لە راستییەوە، بەڵكو حكوومەتی فیدراڵ خۆی دوو بەندیخانەی لە هەرێمی كوردستان و لە ناوچەكانی دووكان و چەمچەماڵ كردووەتەوە، بۆ ئەوەی كاتێك ئەوان كەسێك بە تاهەتایی یان بە لەدردان حوكم دەدەن و لە ترسی هەڵاتن لەو دوو بەندیخانەیەدا بەندی دەكەن، ئێمە لێرە پارێزگاری لەو زیندانیانە دەكەین، واتا ئێمە ئەو كەسانە زیندانی ناكەین و هیچ پەیوەندییەكمان بە گرتن و لێكولێنەوە دادگاییكردنیانەوە نییە." ئاشكرایشی كرد كە وەزارەتی پێشمەرگە لە ساڵی 1992 یاسای هەیە و لە ساڵی 2007 هەموار كردووەتەوە، بەڵام تاكو ئێستا وەزارەتی بەرگریی عێراق و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق و دەزگای دژەتیرۆر یاسای نییە، بەڵكو بە یاسای سەردەمی سەددام كار دەكەن، ئەمانە هیچ لەگەڵ دەستوور ناگونجێن.
سەرچاوە: پەیامنێر
هەژان ئەحمەد
ساکار عەبدوڵڵازادە
رووداو- هەولێر
فیستیڤاڵی نەتەوەیی شیعری کوردی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەستی بەکارەکانی کرد. کارەکانی فیستیڤاڵی نەتەوەیی شیعری کوردی لە هۆڵی پێشەوا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
بە چاودێری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان. یەکێتی نووسەرانی کورد/ مەڵبەندی گشتی و وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان، فیستیڤاڵی نەتەوەیی شیعری کوردی کاژێر 10:30 خولەک بە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس دەستیپێکرد. لە فیستیڤاڵەکەدا ژمارەیەکی زۆری شاعیرانی هەرچوارپارچەی کوردستان بەشداریان کردووە و و ماوەی 2 رۆژ بەردەوام دەبێت.
رووداو- بەغدا
دوای چەند جارێک دواخستن، ئەمڕۆ دادگاییکردنی تارق هاشمی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق و پاسەوانەکانی دەستیپێکردەوە. دادگاییکردنەکە لە ئەنجوومەنی باڵای دادەری بەڕێوەدەچێت و بە شێوەیەکی غیابی هاشمی دادگایی دەکرێت.
زیاتر لە مانگێکە هاشمی لەتوركیایە، ئامادەی پرۆسەی دادگاییكردنەكە نەبوو بۆیە بەشێوەی غیابی دادگایی دەكرێت، بەڵام نزیكەی (71) كەس لەپاسەوانەكانی ئامادەی دەبن وەك تۆمەتبار ئامادەی دادگاییكردنەكە . لەلایەكی ديكه تیمی پارێزەرانی تاریق هاشمی داوای ئامادەبوونی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانیان كرد بۆ ئەوەی وەك چاودێر ئامادەی دادگاییكردنەكە بن. عەبدولستار بەیرەقدار وتەبێژی ئەنجوومەنی دادوەری لەبەیاننامەیەكدا ئەوەی خستبووەڕوو، "زیاتر لەتاوانێك رووبەڕووی هاشمی و گروپەكەی بووەتەوە، دان پێدانانیش هەیە لە كووشتنی شەش دادوەردا زۆرینەیان لەبەغدا بوون".
رووداو- هەولێر
ژنانی 8 حیزب و ریکخراوی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە وێنەیەکی بۆ (رووداو) نێردراوە، رایانگەیاند بههۆی لهبهر چاونهگرتنی سهرهتایترین مافهکانی ژنانی رۆژههڵاتی کوردستان له لایهن دهستهی ئامادهکاری کۆنفرانسهوه، بەشداری دووەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی ژنانی کورد لە هەولێر ناکەن.
ئەو راگەیەندراوە هاوبەشەی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدایه کە ئامینە زکری، رێکخەر و ئەندامی کومیەتی ئامادەکاری دووەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی ژنانی کورد به (رووداو)ی راگەیاندبوو "کومیتەی ئامادەکار له 12/05/2012 لەگەڵ لایەنی ناکۆک کە بڕیاری بایکۆت کردنی کۆنفڕانسیاندابوو، دانیشتنێکی بەڕێوە برد. لە دانیشتنەکەدا لەسەر خاڵه ناکۆکەکان گتفوگۆ کرا و گەیشتینه ئەنجامێکی هاوبەش".
ئامینه زکری راشیگەیاندبوو "لەسەر داوای پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەندامیان لە کۆنفڕانس و رێبەرایەتی کۆنفڕانس زیاد کراوە".
ئەمە دەقی راگەیەندراوی هاوبەشی ژنانی 8 حیزب و رێکخراوی رۆژهەڵاتی کوردستانه:
ژنانی ئازادیخواز وخهباتگێری کوردستان!
ژنانی رۆژههلاتی کوردستان !
ههر وهک ئاگادارن به پێی راگهیاندنهکان بریاره دووههمین کۆنفرانسی نهتهوهیی ژنانی کورد لهژێر دروشمی ههمه رهنگی ویهک دهنگی ژن بۆ یهکیتی نهتهوهیی له رێکهوتی 22/5/2012 زایینی له ههولێری پایتهختی ههرێمی کوردستان پێک بێت. به هۆی لهبهر چاونهگرتنی سهرهتایترین مافهکانی ژنانی رۆژههڵاتی کوردستان له لایهن دهستهی ئامادهکاری کۆنفرانسهوه وههروهها ئالۆز بوونی بهرنامهکان ورهوتی بهرێوه چوونی کۆنفرانس، ئێمه ژنانی ئهو ههشت حیزب ورێکخراوهی رۆژههلاتی کوردستان که ناویان له خوارهوه هاتووه، به ههست کردن به بهر پرسیایهتی سهبارهت به دۆخی ههستیار وگرینگی ژنانی رۆژههلاتی کوردستان وهکوو ژنانێکی چالاک وخاوهن مێژوو که خاوهنی قورسایی سیاسی و کۆمهلایهتی له ئاستی کوردستان وناوچهدان، رادهگهیهنین که له دووههمین کۆنفرانسی نهتهوهیی ژنانی کورد دا بهشداری ناکهین.
لێرهدا بۆ رێزگرتن له تێگهیشتووی ژنانی کوردستان وبهتایبهت ژنانی رۆژههلاتی کوردستان به پیویست دهزانین هۆکارهکانی ئهم بهشدار نهبوونهمان بخێنه بهر دهستی سهرجهم ژنانی رۆشنبیر وخهباتکاری کورد؛
1- نادیار بوونی چونیهتی و پێوهرهکانی دابهشکردنی کورسیهکان و رێژهی بهشداربوون بهسهر ژنانی چوارپارچهی کوردستان دیاره ئهو پێوهره نه به پێی حهشیمهت بووه ونه به پێی چالاکی.
2- ناروون بوونی چۆنیهتی کرانهوهی کۆنفرانس وپهیامی سهرکی کۆنفرانس بۆ ههموو بهشدار بوان.
3- دیاری نهکردنی تهوهرهکانی کۆنفرانس و بهشدار بووانی پانێلهکان.
4- دیاری نه کردنی شیوهی پهسهند کردنی بریارهکانی کۆنفرانس ومیکانیزمهکانی ئهو کاره.
له کۆتایی دا هیوادارین پرسی ژنانی کورد له داهاتوو دا به شێوهیهکی باش تر و بهرپرسایهتێکی زۆرترهوه بێته ئاراوه.
ناوی ژنانی سهر به حیزب ورێکخراوهکانی رۆژههلاتی کوردستان ؛
- ژنانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
- ژنانی کۆمهڵه شۆرشگێری زهحمهتکێشانی کوردستانی ئێران
- ژنانی حیزبی دیموکراتی کوردستان
- ژنانی کۆمهڵهی زهحمهتکێشانی کوردستان
- ژنانی یهکیهتی شۆرشگێرانی کوردستان
- ژنانی سازمانی خهباتی کوردستان
- ژنانی پارتی سهربهستی کورد
- ژنانی یهکیهتی دیموکراتیکی کوردستان
تێبینی؛ دهقی داخوازیهکانی ئێمه که له رێکهوتی
2/5/2012 رادهستی لێژنهی ئامادهکار کراوه ، بۆ زانیاری ژنانی رۆژههلاتی کوردستان له خوارهوه هاوپێچی ئهم راگهیاندنه کراوه.
داخوازیهکان
بۆ بهڕیز؛ خاتوو ئامینه زکری و دهستهی بهرێوهبهری کۆنفرانسی ژنانی چوار پارچهی کوردستان
وێرای سڵاو وماندوو نهبوونی
لهگهڵ رێز و پێزانینی ئێمه بۆ بهرێوهبردنی کۆنفرانسێکی لهو شێوهیه له لایهن ئێوهوه بۆ ژنانی چوارپارچهی کوردستان، تێکۆشانتان لهو بوارهدا به ههولێکی بهجێ بۆ دهستهبهر کردنی مافه ئینسانیهکانی ژنی کورد دهزانین وچالاکیتان بهرز دهنرخێنین. ئێمه ژنانی نوێنهری ههشت حیزب ورێکخراوی رۆژههڵاتی کوردستان رادهگهیهنین که، به هۆی بوونی هێندێک کهم وکوری له کاری بهرێوهبردنی کۆنفرانس دا تهنها کاتێک بهشداری له کۆنفرانس دا دهکهین که ، ئهو داواکاریانهی که له خوارهوه بۆتان دهخهینهروو له لایهن ئیوه بهرێزانهوه جێبهجێ بکرێ.
1- دیاری کردنی رێژهی حهڤده کهس، وهک نوێنهرانی ژنانی رۆژههڵاتی کوردستان رێژهیهکی زۆر کهمه وداوا دهکهین لانی کهم ئهو رێژهیه بکرێت به بیست وپێنج کهس.
2- ئاماده بوونی نوێنهری ژنانی ئهو ههشت حیزب وریکخراوه له لێژنهی بهرێوهبهری کۆنفرانس دا.
3- نوێنهرایهتیی ژنانی رۆژههڵاتی کوردستان له رۆژی یهکهمی کۆنفرانس دا پهیامی تایبهتی خۆی ههبێ.
- ژنانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
- ژنانی کۆمهڵله شۆرشگێری زهحمهتکێشانی کوردستانی ئێران
- ژنانی حیزبی دیموکراتی کوردستان
- ژنانی کۆمهڵهی زهحمهتکێشانی کوردستان
- ژنانی یهکیهتی شۆرشگێرانی کوردستان
- ژنانی سازمانی خهباتی کوردستان
- ژنانی پارتی سهربهستی کوردستان
- ژنانی یهکیهتی دیموکراتیکی کوردستان
پێشانگایەکی تایبەت به نیگارکێشی ناوداری کورد، ناسر نەجەفی، لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە. ناسر نەجەفی ساڵانێکه سروشتی دڵڕفێنی کوردستان و ژیانی تایبەتی کوردان دێنێتە سەر رەنگ و کاغەز و پێشکەش به هۆگرانی هونەری نیگارکێشی دەکات. ناسر نەجەفی لەناو ماڵەکەی خۆی لە شاری سنه، پێشانگایەکی هەمیشەیی لە کار و بەرهەمەکانی کردووەتەوە.
بە پێی راگەیەندراوی کومیتەی خوێندکاری بەرگری لە زیندانیانی سیاسی، بە دەستووری جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، کەیسی زانیار و لوقمان مورادی، 2 زیندانی سیاسی کورد کە سزای لەسیدارەدانیان بەسەردا سەپاوە، بە مەبەستی پێداچوونەوە بۆ یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆرشی ئێران دەنێردرێتەوە. دوای ئەوەی دەستەیەک لە چالاکڤانانی مافی مرۆڤ و یاساناسان و پارێزەرانی کورد لەگەڵ ئایەتوڵڵا ئامۆلی لاریجانی، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بەمەبەستی وتوووێژکردن لەسەر کەیسی زانیار و لوقمان چاوپێکەوتیان ئەنجامدا، دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڕیاری پێداچوونەوە بۆ ئەو کەیسە دەرکرد. د. ئاوارە قزڵجی، د. شاپور ستودە، عەلیرەزا موحتەشەمی پور، رەزا موکریانی، هێمن فەڕوخی و مەستورە شێخولئیسلامی ئەندامانی ئەو گروپە بوون کە هەوڵی وەگەڕخستنەوەی کەیسی زانیار و لوقمان مورادیان داوە.
زانیار و لوقمان مورادی له دوو ساڵ لەمەوبهر بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتێکی کوردی و كوشتنی كوڕی ئیمام جومعەی شاری مەریوان دەستبەسەر كراون و لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری تاران به تاوانی محاربه (شەرکردن لەگەڵ خوا) سزای لە سێدارەدانیان بەسەر سەپێندراوە. رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و ئەحمەد شەهید، رێپۆرتێری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بواری مافی مرۆڤ له ئێران، لە سێ بەیاننامەی جیاوازدا رایانگەیاندووە کە ئەو دوو گیراوە کوردە لە ژێر ئەشکەنجه و هەڕەشە ناچار کراون تاوانێک قەبووڵ بکەن کە ئەنجامیان نەداوە. ئەو دوو زیندانییە سیاسیە کورده که ئێستاکه لە بەندی 4ی گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەج چاوەڕوانی پەتی سێدارە دەکەن، لە چەندین نامەدا داوایان له چالاکانی مافی مرۆڤ کردوە تا به هانایانەوە بچن.
رووداو- بارزان
شێخ عەبدوڵڵا بارزانی نوێنەری مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بارزان کۆچی دواییکرد. پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شێخ عەبدوڵڵا بارزانی، نوێنەری مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بارزان و سەرپەرشتیاری مەزارگەی مستەفا بارزانی لە بارزان لە تەمەنی 73 ساڵی جەڵتەی دڵ لێیداوە و کۆچی دوایی کرد.
باوکی شێخ عەبدوڵڵا برای مەلا مستەفا بارزانی و شێخ ئەحمەدی بارزانییە. شێخ عەبدوڵڵا بارزانی ساڵی 1945 چووەتە ئێران و لەگەڵ خانەوادەی بارزانی و بارزانییەکان بەشداری کۆماری کوردستان. پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلول و گوڵان بووە. ساڵی 1947 لەگەڵ بنەماڵە بارزانی بۆ شارەکانی بەغدا و بەسرە و کەربەلا نەفیکراون ، باوکی لە بەندینخانە بووە کاتێک نەفیکراون. شێخ عەبدوڵڵا محەمەدسدیق شێخ محەمەد بارزانی، ئەهلی تەسەوف بووە، دەستی شیعری هەبووە. و زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی دەزانی و هەندێک شارەزایی لە زمانی ئینگلیزیش هەبووە . هەروەها شێخ عەبدولڵا نوێنەری مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لە پێشوازیکردنی میوانانی سەر مەزارگەی مستەفا بارزانی و ئیداریس بارزانی کە بە مەزارگەی نەمران ناسراوە لە بارزان.
دەستەی کارگێری ساێتی بزووتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەلاتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو شێخ عەبدوللا بارزانی، سەرەخۆشی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرێز کاک مەسعود و بنەمالەی بەرێزی بارزانی دەکات و ئاواتەخوازە کە روحی خوالێخۆشبوو شێخ عەبدوللا بە بەهەشتی بەرین شاد بێت.
کۆبوونەوەی هاوبەشی چوار رێکخراوی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان
ئێوارەی رۆژی پێنجشەمە 10 مای 2012، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان چوار رێکخراوی بواری ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە پێکهاتبوون لە رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان-نینا، یەکێتی ژنانی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، یەکێتی ژنانی رزگاریی کوردستان و کۆمەڵەی ژنانی یارسانی کوردستان، بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا هەر چوار رێکخراو، وێڕای تاوتوێکردنی بارودۆخی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، باسیان لە کۆنفراسی نەتەوەیی ژنان کە وا بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێ ، کرد.
هەر چوار رێکخراو کۆک بوون لەسەر ئەوەی ئەم هەنگاوە پڕۆژەیەکی ئەرێنییە و پشتیوانیی خۆیان لێ دەربڕی. هەروەها پاش باس و گفتوگۆیەکی تێروتەسەل، لەسەر ئەوە رێککەوتن کە وەک ئیئتیلافێک بەشداریی لەو کۆنفرانسەدا بکەن.
لە کۆتاییدا پێیان لەسەر پتەوکردنی پێوەندیی و پەرەپێدانی هاوکاریی نێوانیان داگرتەوە.
یەکێتی ژنانی پارتی سەربەخۆیی کوردستان ... بێگەرد کوردستان
کۆمەڵەی ژنانی یارسانی کوردستان ... نادیە مەنسوور نەزەری
یەکێتی ژنانی رزگاریی کوردستان ... سارا ئەحمەدزادە
رێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان-نینا ... هامنۆ نەقشبەندی
2012-05-12
رووداو- السومریە نیوز
رەوتی سەدر، کە لەلایەن موقتەدا سەدری پیاوی ئایینی سەرۆکایەتی دەکرێت رایدەگەیێنێت "چارەنووسی کەرکووک لەدەست دانیشتوانەکەیەتی". سەلاح عوبەیدی، گوتەبێژی رەوتی سەدر رایگەیاند "کەرکووک رەوشێکی تایبەتی هەیە و نابێت موزایەدەی سیاسی پێبکرێ". لەمەڕ هەڵوێستی رەوتی سەدر لەبارەی کەرکووکەوە، گوتەبێژی رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەکرد "کە هەڵوێستی رەوتی سەدر روونە، کە کەرکووک شارێکی عێراقیە و چارەنووسەکەی لەدەست دانیشتوانەکەیەتی ".
موقتەدا سەدر ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 26/4/2012 بۆ یەکەمینجار بە سەردانێک گەیشتە هەرێمی کوردستان. لەبارەی ئەو سەردانەوە، سەلاح عوبەیدی، دەڵێ "سەردانەکە لەسەر داوا سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بوو. وادەیەی سەردانەکەش سوودی زۆر بوو بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە، بەتایبەتی لێدوانەکان گەیشتبوونە هەڕِەشەی بەرپاکردنی جەنگ و خوێنڕشتن".
دەقی بەیاننامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، روو لە بەرپرسانی ئیرانی:
ماوەیەکە ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لێدوانی جۆراوجۆرو بێ بنەما دەدەن سەبارەت بەوەی کە گوایە هەرێمی کوردستان بۆتە بنکەی مەشق پێکردن و شوێنی چالاکی سیخوڕەکانی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل .
بێگومان ئەوە جاری یەکەم نییە کە هەندێ لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بێ هیچ بەڵگەو هۆکارێک ئەم جۆرە لێدوانە بێ بنەمایانە بڵاودەکەنەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێ چیتر لەبەرامبەر بەردەوام بوونی ئەو تۆمەتانە بێ دەنگ بێت، بۆیە لێرەدا بۆ ڕای گشتی دووپاتی دەکەینەوە کە مەسەلەی بوونی بنکەو بارەگای ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان دوورە لە راستی و تەواوی ئەو تۆمەتانە بە توندی رەت دەکەینەوە.
هەرچەندە دڵنیاین کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆشیان ئەو راستیە باش دەزانن کە هەموو ئەو لێدوانانە دوورن لە راستی، چونکە لە کۆبوونەوەی بەرپرسە باڵاکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئێمە داوای پێشکەش کردنی بەڵگەمان کردووە بەڵام ئەوان تاکو ئێستا نەیانتوانیوە بەڵگە پێشکەش بکەن و راستی قسەکانیان بسەلمینن.
هەرێمی کوردستان پابەندە بە یاسا نێودەوڵەتی و بنەما دیپلۆماسیەکان، ئێمە دەمانەوێت پەیوەندیەکانمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و رێزگرتنی دوولایەنە بێت.
هەر لەم روانگەوە هەرێمی کوردستان خاوەن سیاسەتێکی دروستە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی درواسێ و رێز لە یاسا نێودەوڵەتیەکان دەگرێت و رازی نابێت خاکی هەرێمی کوردستان بۆ دژایەتی کردنی وڵاتانی دراوسێ بەکار بێت، هاوکات ناخوازین هیچ لایەک دەست بخاتە نێو کاروباری لایەکەی تر.
بێگومان ئەم جۆرە لێدوانانە هیچ خزمەتێک بە پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانی دراوسێ ناکات. هاوکات هەوڵێکە بۆ تێوەگلانی هەرێمی کوردستان لە ململانێی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل، کە ئێمە بە هیچ جۆرێک ناخوازین ببینە بەشێک لە ململانێی لەم جۆرە.
بۆ دەرخستنی راستیەکان داوا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدڕاڵ دەکەین کە داوای بەڵگە لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن تاوەکو راستیەکان بۆ هەمووان ئاشکرابێت و چیتر ئەم جۆرە تۆمەتە بێ بنەمایانە لەسەر زاری هەندێ لە بەرپرسانی ئێران بڵاونەکرێنەوە.
هیوا خوازین بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک چۆن لە دیدارو کۆبوونەوە فەرمیەکان نیازی خۆیان بۆ پەیوەندی پتەو لەگەڵ هەرێمی کوردستان و تەواوی عیراق دووپات دەکەنەوە، ئاوا رێز لە پرەنسیپەکانی پەیوەست بە پەیوەندی دیپلۆماسی بگرن و رێگە لە لێدوانی بێ بنەما بگرن، چونکە کاتی ئەوە هاتووە سنوورێک بۆ ئەم جۆرە لێدوانە بێ بنەماو دوور لە راستیانە دابنێن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان
12/5/2012
نەهرۆ محەممەد
رووداو- باینجان
ئەمڕۆ شەڕوپێکدادانی تووند لەنێوان هێزەکانی پارتی ویفاقی کوردی سووریا و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران روویدا لە ناوچەیەکی سەر بە پارێزگای سلێمانی. ماوەی 7 ساڵە ژمارەیەکی زۆری ئۆپۆزسیۆنی کوردی سووریا بەتایبەتی ئەندام و لایەنگرانی پارتی ویفاقی کوردی سووریا لە ناوچەی (باینجان)ی بەسەر بە پارێزگای سلێمانی نیشتەجێن. بەم دوایانە ژمارەیەکی زۆر لە کوردی رۆژئاوای کوردستان (سووریا) بەهۆی تووندوتیژییەکان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و بەشێکیان روویان لەو ناوچەیەکردووە، کە زۆربەیان ئەندام و لایەنگرانی پارتی ویفاقی کوردی سووریان.
فەوزی شنگال، سەرۆکی پارتی ویفاقی کوردی لە سووریا لە لێدوانێکدا بە (رووداو)ی راگەیاند"کاژێر 9:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ شەڕو پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئێمە و برادەرانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی شۆڕگێڕی کوردستانی ئێران (رۆژهەڵاتی کوردستان) لە (باینجان) روویداوە". ئەو روونیکردەوە "نزیکەی 7 ساڵە ئێمە لەو ناوچە نیشتەجێن، کەچی ماوەی 7 مانگە، برادەرانی کۆمەڵە کە لەلایەن عەبدوڵڵا موهتەدی سەرۆکایەتی دەکرێن هاتوونەتە ناوچەکەمان و مۆڵگەیان داکوتاوە، رۆژ لە دوای رۆژ کێشەمان بۆ دروستدەکەن و بازگەیان لە نێو ژن و ماڵمان داناوە و لێپرسینەوە لەگەڵ کەسوکار و ئەندام و لایەنگرانی ئێمە دەکەن، کە ئەوەش ئێمەی نیگەران کردووە".
بە وتەی فەزی شەنگال چەندین جار، ئەوانیان ئاگەدار کردووەتەوە کە واز لەو کارەبهێنن و لەناوچەکەیان دووربکەنەوە، بەڵام ئەوان گوێیان بەقسەکانیان نەداوە، بۆیە لە ئەنجامدا ئەمڕۆ شەڕو پێکدان لە نێوان هێزە چەکداراکانی ئێمە و ئەواندا روویداوە و ماوەی زیاتر لەکاژێرێک بەردەوام بوو، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و برینداری لێنەکەوتووەتەوە.
گوتیشی "هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و رەوشەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە و هێزەکانی هەردوولامان پاشەکەشیان کردووە". نێوبراو سەرسووڕمانی خۆی لەوە دەربڕی کە بۆچی برادەرانی کۆمەڵە و لەو ئان و ساتەدا ئەو هەڵوێستەیان هەیە و لەکاتێکدا ئەوان سەرقاڵی بەرخودان و شۆڕشن بۆ رووخانی رژێمی ئەسەد. فەوزی شەنگال، سەرۆکی پارتی ویفاقی کوردی لە سووریا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو کێشەیە دابنێن. ئاماژەی بەوەکرد "لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیارە بە میانگیری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە و ئەوان کۆببينەوە و ئەو مەسەلەیە چارەسەر بکەین".
ساکار عەبدوڵڵازاده
رووداو- هەولێر
پارتی ویفاقی کوردی لە سوریا و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایدەگەیەنن کە هیچ کێشەیەکی سیاسی و ئایدۆلۆژییان بەیەکەوە نیه و 2 حیزبی هاوڕێ و هاوکاری یەکترن.
دوێینێ هەینی، پارتی ویفاقی کوردی لە سوریا رایگەیاند که لە ئۆردوگای بازیان، لەنێوان ئەندامانی پارتی ویفاق و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ناحیەی بازیان لە پارێزگای سلێمانی، گرژی و ئاڵۆزی روویداوە و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بۆ ناوبژیوانی چوونەتە ناوچەکە، کەچی کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشان ئەو هەواڵانە به ناراست دەزانێت و جەخت لەسەر پەیوەندی ئاسایی نێوان خۆیان و پارتی ویفاقی کوردی دەکاتەوە.
رووداو بۆ روونکردنەوەی زیاتر پەیوەندی به رەمزی شنگال، سکرتێری پارتی ویفاقی کورد لە سوریا کردەوە و ناوبراو رایگەیاند "ئێمە و کۆمەڵە هیچ کێشەیەکی سیاسی یان ئایدۆلۆژیمان بەیەکەوە نیه. ئێمە 2 پارتی کوردی خەباتکارین کە بۆ بەدیهێنانی مافەکانی کورد له رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان تێدەکۆشین و پەیوەندیەکی سیاسی بەهێزمان لەگەڵ یەکتر هەیه".
رەمزی شنگال گوتیشی "ئەوە کێشەیەکی ئەوەندە مەزن نیه کە چارەسەر نەکرێت و ئێمە خوازیاری ئەوەنین لە رێگەی راگەیەندنەکانەوە گەورە بکردرێتەوە، بەڵام راستیەک هەیه کە پێویستە بگوترێت. هەندێک برایانی کۆمەڵە لەناو خێزانەکانی ئێمەدا مەشقی سەربازی دەکەن و ئەوە بۆ ئێمە ناخۆشه. ئەو کێشەیە بۆ ئێمە زۆر گەورەیە. ئێمە 7 ساڵه لێرە نیشتەجێین و پارتێکی سیاسین کە رەوشێکی تایبەت بە خۆمان هەیە و پێمان خۆشە کە ئەو رەوشەی خۆمان بپارێزین".
کەچی هیدایەت قادری، بەرپرسی گشتی ئۆردوگای بازیان و ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە لێداوانێکدا بۆ (رووداو) هەر جۆرە پێکدادن و گرژیەک لەنێوان خۆیان و پارتی ویفاقی کوردی رەت دەکاتەوە و دەڵێت "ئێمە 9 مانگە لەو ناوچەیەین و تا ئێستا هیچ کێشەیەکمان بۆ هاوڕێیانی پارتی ویفاقی کوردی دروست نەکردووە. دوێینێ برایانی پارتی ویفاق داوایان کردووە ئەو پرسگەیەمان لە شوێنی ئێستادا نەبێ و بیگوازینەوە. دوای هەندێک دەمەقاڵه، ئێمە بۆ ئەوەی رێگری لە هەر رووداوێکی نەخوازراو بکەین پەیەوەندیمان به بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان گرتووە و دوای هاتنی برایانی پۆلیس دۆخەکە هێور بووەتەوە".
بەرپرسی گشتی ئۆردوگای بازیان ئەوەش رەت دەکاتەوە کە لەناو بنەماڵەکانی پارتی ویفاق بازگە و پرسگەیان دانابێ و دەڵێت "لەو شوێنەی کە ئۆردوگای بازیانی پێ دەگوترێت و لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە ئێمە سپێردراوە، تەنیا یەک خێزانی رۆژئاوای کوردستانی تێدا نیشتەجێ یه کە ئێمەش پێمان باش نیه لەو شوێنە بن. ئەوان پێش ئێمە لەو شوێنە بوونە و ئێمە ناتوانین ئەوان دەربکەین و هیچ توندوتیژییەکیشمان دژ بەوان بەکار نەهێناوە، تەنها ئەوەندەیە وەک ئەوان پێمان باش نیه لە نێو سەربازگەکەماندا بنەماڵە نیشتەجێ بن، بەڵام بۆ رۆیشتنیان زۆریمان لێ نەکردووین".
سکرتێری پارتی ویفاقی کوردی لە سوریاش رادەگەیەنێت کە بێ رێزی بە بنەماڵەکانیان نەکراوە و دەڵێت "ئەو کێشەیە لەسەر بێ رێزی بە ئێمە یان ئەندامانی بنەماڵەکانمان دروست نەبووە. تەنها ئەوەندەیە ئێمە پارتێکی سیاسین کە خەباتی چەکداری ناکەین و حەزناکەین لەناو شوێنی نیشتەجێ بوونی بنەماڵەکانماندا پێشمەرگەکانی کۆمەڵه مەشق و راهێنانی سەربازی بکەن. کێشەی ئێمە ئەوەیە کە برایانی کۆمەڵه لەنێو ماڵ و خێزانی ئێمەدا بازگەیان داناوە و ئێمە وەک حیزب بەوە ناڕەحەتین و ئەو بابەتەمان لەگەڵ برایانی کۆمەڵە و خودی عەبدوڵڵا موهتەدی و تەنانەت حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا باس کردووە و داوای چارەسەری ئەو کێشەیەمان کردووە".
رەمزی شنگال جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە سەربازگەی کۆمەڵە لە شوێنی نیشتەجێ بوونی ئەوان لابچێت و دەڵێت "چ پێویست دەکا کۆمەڵه بازگە و سەربازگە لەنێو ژن و منداڵی ئێمە دابنێت. ئێستا لەسەر یەک بینا ئاڵای 2 حیزبی لێیه. ئەوە 7 مانگە ئێمە سەبرمان گرتووە و نەمانهەویستووە ئەو کێشەیە گەورە ببێتەوە. بەراستی ئەوە شتێکی زۆر تاڵه 2 حیزبی کوردستانی بەرەو رووی یەکتر ببنەوە".
کەچی هیدایەت قادری، بەرپرسی گشتی ئۆردوگای بازیان لەو بارەوە گوتی "کۆمەڵە بەرێگە پێدراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ناوچەیە جێگیر بووە. بنەماڵەکانی ئەوان لە دەرەوەی سەربازگەکەی ئێمەن و تەنیا یەک ماڵ لەو شوێنە ماوەتەوە کە ئەویش بڕیارە بروات. ئێمە حیزبێکی سیاسی سەربازین و بەردەوام مەشق و راهێنانمان لەو شوێنە هەیه و ئەوەش به مافێکی خۆمان دەزانین".
ئەو ئەندامەی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە گوتیشی "ئێمە هێزێکی سیاسی سەربازین کە خۆمان خۆمان دەپارێزین و زۆر سروشتیە لە ناوچەکانی خۆمان بازگەمان هەبێت، بەڵام هیچ بازگەیەکمان لەناو ئۆردوگای پارتی ویفاقی کوردی نیه".
هیدایەت قادری رەتی کردەوە کۆمەڵە و پارتی ویفاق بە هاوبەشی ئاڵایان لەسەر بینایەک دانابێ و گوتی "لە ئۆردوگای بازیان هیچ بینایەک بە هاوبەشی ئاڵای کۆمەڵە و پارتی نیفاقی لێ نەبووە و لێشی نیه. تەنها ئاڵای کوردستان و ئاڵای کۆمەڵه لەسەر بیناکانی بازیان هەڵواسراوە".
سەرۆکی پارتی ویفاقی کوردی لە سوریا دڵگرانی خۆی بۆ رووداوەکەی دوێینێ دەربڕی و رایگەیاند "بەراستی ئێمە زۆر زۆر بەو رووداوە دڵگران بووین، بەڵام ئێمە هێڕشمان نەکردووەتە سەر برایانی کۆمەڵە و تەنها پارێزگاریمان لەخۆمان کردووە. بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئێمە و کۆمەڵە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری ئەو کیشەیە بەیەکەوە دابنیشین و حکومەت چ بریارێک بدات ئێمە جێ بەجێی دەکەین".
لە بەرامبەریشدا، ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی ئۆردوگای بازیان جەختی لەسەر تەبایی و هاوکاری نێوان ئەو 2 حیزبە کوردستانیە کردەوە و رایگەیاند "ئێمە رێگای ناخۆشی و گرژی لەگەڵ ئەوان ناگرینە بەر و هەردەم هاوکاریان بووینە و تەنانەت لەبواری داودەرمان و تەندروستی یارمەتیمان داون و هەر کێشەیەکیشیان بووە هەوڵمانداوە بۆیان چارەسەر بکەین و تەنانەت بۆ خەڵکی ئاواییەکانی دەورووبەریش یارمەتیدەر بووینه".
هیدایەت قادری جەختیشی کردەوە "ئێمە هەردوولا حیزبی کوردستانی هاوخەباتین و ئێستاکەش میوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانین و ئەو چ بڕیارێک لەسەر ئەو بابەتە بدات ئێمە جێ بەجێی دەکەین".