رووداو- Hürriyet Daily News
حکومەتی تورکیا دانانی چەکی پارتی کرێکارانی کوردستان كرده مەرجى ئازادکرنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانى رێبەری پارتى كرێكارانى كوردستان له بەندیخانەوە بۆ باری نیشتەجێبوونى بەزۆر. له وهڵامى قسەکانی پەرلەمانتاری کورد لەیلا زانا کە داوای کردبوو ئۆجەڵان ئازاد بکرێتو بخرێتە ژێر باری نیشتەجێبوونى بە زۆر، بولێنت ئارینج، جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگهیاندبوو "حکومەتى توركیا لەوانەیە گفتوگۆ بکات لەبارەی نیشتەجێ کردنی بەزۆری رێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەگەر پەکەکە ئامادەبوو چەک دابنێت".
6 مانگە چارەنووسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دیارنیەو، لەمبارەوە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی میللی راستڕەو MHP رایگهیاند "هیچ زیندانییەك لە دوورگەی ئیمرالی نەماوە، ئەمەش گومانی لەلای گەڵێک له لایەنگرانی PKK دروست کردووه بەوەی ئۆجەلان لەوانەیە گواسترابێتەوە بۆ شوێنێکی دیكه یاخوود مردبێت".
بولێنت ئارینج لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ Haber TV گوتی "جێبەجێ نەکردنی بڕیاری نیشتەجێبوونی بەزۆری عەبدوڵڵا ئۆجەلان مانای ئەوە ناگەیەنێت كه پارتی ئاشتیو دیموکراتی داوای کردووە، بەڵکو لەبەرئەوەیە PKK لەکاتی ئێستادا شەڕو توندوتیژی ڕاناگرێت ئەگەر (ئۆجەلان)یش ئازاد بکرێت و بخرێتە ژێر باری نیشتەجێبوونی بەزۆر".
جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا گوتی "ئەم مەسەلە ناکرێ وەک بابەتێکی جودا باسی لێوەبکرێت، بەڵکو دەبێت بەپێی نەخشە رێگا ئەنجام بدرێت یان بەپێی پرۆسەیەک بێت لەگەڵ دانانی چەک لەلایەن PKK، ئازادکرنی ئۆجەلانیش لە بەندیخانەوە بۆ ماڵ لەژێر نیشتەجێبوونی بەزۆری دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە". ئهمڕۆ لهبارهى قسهكانى ئارینج، بهشیر ئهتهڵ جێگرى وهزیرى دهرهوهى توركیا رایگهیاند "ئێمه بهرنامهى لهو جۆرهمان لهبهردهست نییه به دانانى چهكى PKK ئۆجهلان نیشتهجێى بهزۆر بكهین". عەبدوللـە ئۆجەلان 15ى شوباتى 1999 لە کینیا لەلایەن دەزگای موخابەراتی تورکی MIT دەستگیر کرا و لە دورگەی ئیمرالی لە دەریای مەڕمەڕە زیندانی کرا.
نەوزاد مەحموود
رووداو -سلێمانی
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران، خوێندنی 34 خوێندكارە دیپۆرتكراوەكەی زانكۆی سنە بە "خوێندنی لە دەستچوو" نێودەبات و دەڵێ "ئێستا رەنج بە خەسار ببن باشترە لەوەی دوو ساڵی دیكە بخوێنن و پارەیەكی زۆر خەرج بكەن و بڕوانامەیەكی دانپێدانەنراو وەربگرن". نازم عومەر، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران بە (رووداو)ی گوت ئەوان و وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان ناتوانن كێشەی ئەو خوێندكارانە چارەسەر بكەن "كێشەكە لەوە ئاڵۆزتر بووە بتوانین چارەسەری بكەین، زانكۆی کوردستان (سنە) هەر لەخۆیەوە و بەبێ گەڕانەوە بۆ رێنماییەكانی خوێندنی باڵای ئێران ئەو خوێندكارانەی وەرگرتووەو خوێندكارەكانیش لەسەرەتاوە نەهاتوونەتە لای ئێمە، تاوەكو بتوانین شتێكیان بۆ بكەین".
رۆژی 6/6/2012 هێزە ئەمنییەكانی سنووری ئێران، بە بیانووی نەبوونی ڤیزای خوێندن 34 خوێندكاری كوردیان دیپۆرتی هەرێمی كوردستان كردەوە، ئەو خوێندكارانە، كە دانیشتوی شار و شارۆچكە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانن و بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر، لەسەرەتای ئەمساڵی خوێندنەوە لە زانكۆی سنە دەیانخوێند، بەڵام دوو رۆژ پێش تاقیكردنەوەكانی كۆتایی دەركران. ئەو خوێندكارانە لەلایەن سنوورپارێزانی ئێرانەوە پێیانراگەیێندراوە ناتوانن جارێكی دیكە بچنەوە نێو خاكی ئێران. لە كاتێكدا ئەوان دوو كۆرسی ماستەرەكەیان لە زانكۆكە خوێندووە.
وەك نازم عومەر، بە(رووداو)ی راگەیاند، ئەو خوێندكارانە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەیوەندییان بە زانكۆی سنەوە كردووەو زانكۆكەش بەبێ گەڕانەوە بۆ خوێندنی باڵا وەریگرتوون "دەبووایە خوێندنی باڵای ئێرانی ئاگاداربكردایەتەوە تاوەكو ڤیزای خوێندنیان بۆ دابین بكات. كارەكەشیان لە رێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەرایەتی حكومەتیش لە تاران نەبووە". زانا حەسەن، یەكێكە لە خوێندكارە دیپۆرتكراوەكان و دەڵێ، زانكۆی سنە چەند جارێك بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكەیانی پێداون "سەردانی سەرۆكی زانكۆی كوردستانمان كرد لە سنە ئەویش گوتی، كاری ئێوە تەنیا خوێندنە و ڤیزا ئێمە دروستی دەكەین بۆتان، تاوەكو كار گەیشتە ئەوەی نزیك ببینەوە لە تاقیكردنەوەكان، كەچی رێگەمان پێنەدرا بگەڕێینەوەو دوای هەفتەیەك مانەوە لە ئێران بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر دیپۆرت كراینەوە".
نازم عومەر، پێیوایە ئەو كێشەیە لە دەست دەرچووەو دەڵێ "هیچمان پێناكرێ بۆیان"، هەروەها گوتی "ئەگەر تاقیكردنەوەش ئەنجامبدەن بڕوانامەكانیان دانپێدانراو نابێ، ئێستا رەنج بە خەسار ببن باشترە لەوەی دووساڵی دیكە بخوێنن و پارەیەكی زۆر خەرج بكەن و دواتریش بڕوانامەیەكی دان پێدانەنراو وەربگرن". وەك زانا حەسەن دەڵێ چەند خوێندكارێكیان هەوڵیانداوە جارێكی دیكە بچنەوە بۆ ئێران تاوەكو بخوێنن لە زانكۆكە، بەڵام رێگەیان پێنەدراوە. نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران دەڵێ "ناویان دراوەتە كۆمپیوتەری پۆلیس و ئەگەر بچنەوە دەستگیر دەكرێن، چونكە ڤیزایان نییە، تەنیا ئەوەندەمان پێكرا، نەهێڵین بدرێنە دادگا".
رووداو -هەولێر
توێژەرانی رۆژئاوایی وای بۆ دەچن كە هۆكاری سەرەكی نزیكبوونەوەی ئەنقەرە و هەولێر لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەرژەوەندییە ئابوورییەكانە و لەو بڕوایەشدان هاوهەڵوێستی لەسەر پێویستی نەمانی رژێمی ئەسەد هۆكارێكی دیكە بێت. ماوەی چەند ساڵێكە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان سەرباری ئەو گرژیانەی ناوبەناو بەهۆی هێرشەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK و بۆردوومانی سوپای توركیا لەناوچە سنوورییەكان روودەدەن، رۆژ لەدوای رۆژ پتەوتر دەبێ و مانگی رابردووش وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە تاوەكو ساڵی 2013 تۆڕی بۆڕی نەوتی بۆ گواستنەوەی نەوت لەهەرێمی كوردستانەوە بە رێگەی توركیادا دادەمەزرێنن. سەرەتای ئەم هەفتەیەش، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەنقەرەی كرد و لەوێ بەشداری كۆڕبەندی ئابووری ئیستەنبوڵی كرد لەگەڵ چەند گەورە بەرپرس و كۆمپانیاكانی وڵاتانی جیهاندا.
ئەم جموجوڵە لەدوای ئەو پەیوەندییە ئابوورییە بەهێزەی چەند ساڵی رابردووی نێوان هەردوولا دێت و بەپێی ئامارێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوەكو كۆتایی 2011، زیاتر لە 900 كۆمپانیای توركی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان كە ئەمەش دەكاتە 55%ی ئەو كۆمپانیا بیانیانەی لە هەرێمی كوردستان خەریكی كاری وەبەرهێنانن. رۆبەرت ئۆڵسن، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی كینتاكی لە ئەمریكا و شارەزا لە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و كورد، لەبارەی بەهێزبوونی ئەو پەیوەندییە بۆ (رووداو) گوتی "پێموابێ بەرژەوەندی ئابووری فاكتەری سەرەكییە بۆ نزیكبوونەوەی توركیا و هەرێمی كوردستان. توركیا لەوە تێگەیشتووە كە پێویستی بە سەرچاوەی وزەیە لەناوچەكەدا، ئەگەر توركیا دەیەوێ ببێتە دەوڵەتێكی بەهێزی ناوچەكە هەرێمی كوردستان دەتوانێ هاوكارێكی گرنگی بێت". بەپێی قسەی ئایدن سەلجان كونسوڵی گشتی توركیا لە هەولێر، لەساڵی 2010دا قەبارەی هەناردەی كەلوپەلی توركیا بۆ عێراق 7.5 ملیار دۆلار بووە و لەو بڕوایەشدان كە 70%ی ئەو بڕە بۆ هەرێمی كوردستان بووە. هەروەها بۆ پێشكەوتنی زیاتری پیشەسازی روو لە گەشەی توركیا، ئەو وڵاتە پێویستی بە سووتەمەنییە و ئەوەش لە هەرێمی كوردستان هەیە. لەو نێوەندا بوونی كێشەی كورد لە توركیا، یەكێكە لەو خاڵانەی لەنێوان هەردوولادا هەیە، كە زۆر لە چاودێران پێیانوایە ئەو كرانەوە رێژەیەیی توركیا بەرامبەر كورد لە توركیاش بەهۆی فراوانبوونی پەیوەندییەكانیەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا. هەر لەسەردانەكەی ئەم هەفتەیەی نێچیرڤان بارزانیدا بۆ ئەنقەرە، سەرۆكی حكومەت ئەوەی دووپاتكردەوە كە دیالۆگ و سیاسەت تاكە رێگای چارسەركردنی كێشەی كوردە لە توركیا، نەك ئۆپەراسیۆن و هێرشكردنە سەر یەكتر.
د.ستافن وۆڵف، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی بێرمینگهامی بەریتانی و شارەزا لە كێشەی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەنقەرە دەیەوێ لەرێگەی هەرێمی كوردستانەوە، كاریگەری خۆی بگەیێنێتە ناوچە كوردییەكانی سووریا و نایەوێ ئەو ناوچەیە بكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی PKKوەو بەرەیەكی نوێ لەو ناوچەیەوە بكاتەوە".
ساکار عەبدوڵڵازادە
رووداو- هەولێر
ئێوارەی ئەمڕۆ، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر و وەحید جەلال زادە، پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوایی (ورمێ) پڕۆتۆکۆلێکی هاوبەشیان واژۆ کرد.نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو پرۆتۆکۆلە به (رووداو)ی راگەیاند "لەو پڕۆتۆکۆلەدا لەسەر هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای سنووری نێوانمان و چارەسەرکردنی کێشە سنوورییەکان (کۆنتڕۆل کردنی کوالیتی کاڵاکان، هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان) رێکەوتن کرا". نەوزاد هادی راشیگەیاند "لەرێگەی ئەو پڕۆتۆکۆلە لێژنەی هاوبەشمان پێک هێناوە. قایمقامەکانی چۆمان و پیرانشار و بەڕێوەبەری گومرگی هەردوو لا رۆژانە پەیوەندیان بەیەکەوە دەبێت بۆ ئەوەی رێگاچارەیەک بۆ کێشەکانی ناو پرۆتکۆلەکە ببیندرێتەوە و کێشەی هاوڵاتیان چارەسەر بکرێت".
پارێزگاری هەولێر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دوای کردنەوەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، کێشەکان بەرە بەرە چارەسەر کراون و ئێستاکە جموجۆڵی سنوورەکە لە ئاستێکی باشدایە "سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران قۆناغ بەقۆناغ ئاستەکانی باشتر کراوە و ئێستا ئاستی ئاڵوگۆڕی کاڵا لەو سنوورە ساڵانە 1 میلیارد دۆلارە، کەچی ئەو رێژەیە پێشتر ساڵانە 200 ملیۆن دۆلار بوو".
ناوبراو راشیگەیاند "ئێمە هەندێک کێشەی سنووریمان هەیە کە پێویستە چارەسەر بکرێن. بۆ نمونە ماوەیەکە کۆماری ئیسلامی بەهۆی نەبوونی بیمە و دڵنیایی چوونی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ ناو ئێرانی راگرتووە. هەروەها ئێمە دەمانەوێ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لە خاکی ئێراندا بار هەڵبگرن. جگە لەوە دانانی سیستەمی کۆنتڕۆلی جۆری یەکێکی دی لە کێشەکانە کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێ ئێمە ئەو سیستەمە پەیڕەو نەکەین".
بە گوتەی نەوزاد هادی "ساڵانە لە سنووری حاجی ئۆمەرانەوە نزیکەی 200 هەزار کەس سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن کە کێشەی ڤیزەیان هەیە و ئێمە داوامان لە لایەنی ئێرانی کردووە ئاسانکاری لە ڤیزەی هاوڵاتیاندا بکەن". پارێزگاری هەولێر سەبارەت به پرسی تۆپبارانکردنی سنوورەکانی هەریمی کوردستان لە لایەن ئێرانەوە رایگەیاند "ئێمە لەو چاوپێکەوتنانە و تەنانەت لەناو پرۆتکۆلەکەش تەنها باسی خاڵی سنووری حاجی ئۆمەرانمان کردووە و بەهیچ شێوەیەک باسی بابەتی ئەمنی نەکرا".
دوێنێ چوارشەممە، شاندێکی ئیداری و ئابووری کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی وەحید جەلال زادە، پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوایی (ورمێ) گەیشتنە هەرێمی کوردستان. شاندی ئێران بە مەبەستی کردنەوەی حەوتەمین پێشانگای تایبەتی ئێرانی لە هەولێر و ئەنجامدانی چاوپێکەوتن و وتوێژ لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری چۆمان و پارێزگای هەولێر، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
رووداو- ئاژانسەکان
هەفتەی رابردوو، ئهنجوومهنی نیشتمانی سووریا چالاكوانی سیاسی كورد (عهبدولباست سهیدا)ی وهك سهرۆكی نوێی ئهنجوومهنهكه ههڵبژارد. هەڵبژاردنی کوردێک بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریا، سەرنجی زۆربەی میدیاکانی ناوچەیی و جیهانی بۆلای خۆی راکێشا و هەر یەکەوە لە روانگەی جیاوازەوە ئەو رووداوەیان خستە بەر باس و شرۆڤەوە.
ئاژانسی فارس نیوزی ئێرانی لە راپۆرتێکدا لەژێر ناوی "بۆچی کوردێک بووە سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی سوریا؟"، بەو شێوەیە باس لە هەڵبژاردنی عەبدولباست سەیدا دەکات: بوڕهان غهلیون، سهرۆكی پێشووی ئهنجوومهنی نیشتمانی سووریا پێش ئەوەی حکومەتی سوریا بڕوخێنێت بههۆی رووبهڕبوونهوهی ههندێ گرفتی نێو ئهنجوومهنهكه، خۆی لە کورسی سەرۆکایەتی ئۆپۆزیسیۆن هاتەخوار و چالاکڤانێکی کورد شوێنی غەلیونی گرتەوە. هەڵبژاردنی سەیدا دوای رێکەوتنی سەرکردایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریا دێت کە بە زۆرینە، سەیدایان وەک تاکە پاڵیوراو بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەن هەڵبژارد.
عەبدولباست سەیدا لە ساڵی 1956 لە "عامودا"ی پارێزگای "حەسەکە" کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن، لەدایک بووە. سەیدا بڕوانامەی دکتۆرای لەبواری فەلسەفە وەرگرتووە و ماوەی 20 ساڵە نیشتەجێی وڵاتی سویدە و سەرقاڵی وانە گوتنەوە و لێکۆڵینەوە لە زانکۆکانی ئەوروپایە. ئێستا ئەو پرسیارە دێتەپێش کە بۆچی کوردێک به سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریا هەڵبژێردرا؟
کوردەکان 10% تا 15% دانیشتووانی سوریا پێک دێنن و لە ناوچەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سوریا نیشتەجێن. لەراستیدا هەڵبژاردنی کوردێک بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریا بۆ راکێشانی سەرنجی کەمینەکانی سوریا بەتایبەت کوردەکان بووە. پارتە کوردەکانی سوریا بەهۆی پشت گوێ خستنی داواکارییەکانیان، تا ئێستا زۆربەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریایان بایکۆت کردووە. هەڵبژاردنی سەیدا به سەرۆکایەتی ئەنجوومەن دەتوانێت لە چوارچێوەی بەشداری پێکردنی پارتە کوردییەکان لەناو ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریادا بێت.
هەندێک لە شڕۆڤەڤانانی سیاسی لەسەر ئەو بڕوایەن کە هەڵبژاردنی سەرۆکێکی کورد بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریا بەرهەمی رێککەوتنی سعودیا و مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەریمی کوردستانە. دەگوترێت بارزانی لەچوارچێوەی ئاڵوگۆڕی ناوەندەکانی دەسەڵات و هێز لە ناوچەکە، بە فەرمی ئەو فایلەی رادەستی سعودیا و ئەمریکا کردووە. هەڵبژاردنی سەیدا به سەرۆکایەتی ئەنجوومەن لە کاتێکدایە کە سەیدا نە نوێنەرایەتی هیچ پارت و لایەنێکی سیاسی دەکات و نە ناوبانگێکی ئەوتۆی لەناو خەڵکدا هەیە و تەنها هۆکاری هەڵبژاردنی ئەوەیە کە "کوردە". هەڵبەت نابێ رۆڵی کوردەکانی تورکیا لەو هەڵبژاردنە فەرامۆش بکرێت. ئەنقەرە کە هەر لە سەرەتاوە رێبەرایەتی ئۆپۆزیسیۆنی سوریای بەدەستەوە گرتبوو هەوڵیدا کوردێک بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەن هەڵبژێردرێت تا هەم پارتە کوردیەکانی سوریا بەشداری ئەنجوومەنی نیشتمانی بکات و هەمیش خۆی لە کوردەکان نزیک بکاتەوە و رابگەیەنێت کە لەگەڵ کوردەکان هیچ کێشەیەکی نییە.
عەبدولباست سەیدا لە یەکەمین لێدوانی فەرمی خۆیدا دوای هەڵبژاردنی به سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریا "گرنگترین ئەرکی خۆی رێکخستنی ئەنجوومەن و لێک نزیک کردنەوەی ئۆپۆزیسیۆن" راگەیاند. بەپێی ئەوەیکە کوردێک سەرۆکایەتی ئۆپۆزیسیۆنی سوریای بەدەست گرتووە کە خۆی (وەک نەتەوە) داواکاری تایبەت بەخۆی هەیە، هیچکات ناتوانێ سەرجەم هێزە بەرهەڵستکارەکانی سوریا لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە و رێگری لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریا بکات.
رووداو- ئاژانسهكان
بەڕێوەبەری گشتی خوێندنی كوردی لەوەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگهیاند، ساڵى داهاتوو زمانى كوردى له ههموو عێراق دهخوێندرێتو پلانى ستراتیژیشى بۆ داڕێژراوه. حوسێن جاف، بەڕێوەبەری گشتی خوێندنی كوردی لەوەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگهیاندووه "وەزارەتى پهروهردهى عێراق پلانێكی ستراتیژی بۆ خوێندنی زمانی كوردی لە قۆناغهكانى ئامادەیی داڕشتووەو ساڵی داهاتووش زمانی كوردی لە قۆناغی ئامادەییدا دهخوێندرێت".
خوێندنى زمانى كوردى له قوتابخانهكانى عێراق بەپێی پلانەكەى وهزارهتى پهروهرده پۆلی (پێنجەمو شەشەمی ئامادەیی بەشى وێژەییو زانستی) دەگرێتەوە، لەگەڵ پەیمانگاكانی پێگەیاندنی مامۆستایانو هونەرەجوانەكان، حوسێن جاف گوتى "بە پاڵپشتی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ساڵی 2015 بە شێوەیەكی (اجباری) وانهى كوردى له پۆلی شەشەم جێگیر دەكرێت". تاوهكو ساڵی 2003 لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانو پارێزگاكانی دیالەو كەركووكو سەلاحەدینو موسڵ تەنها 50 خوێندنگە هەبووە كە زمانی كوردی تێداخوێندراوە، بەڵام ئێستا 1554خوێندنگە هەیە كە زمانی كوردی تێدا دەخوێندرێت.
کۆبوونەوەیەکی "ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا" و "ئەنجومەنی گەل" لە هەولێر، ڕێککەوتن لە سەر چۆنیەتی ئیدارەکردنی باشووری ڕۆژئاوای کوردستانی لێکەوتەوە. "ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا" و "ئەنجومەنی گەل"، لە ژێر چاوەدێری دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر کۆبوونەوە و بە گوێرەی م. ئەوێستا، لە سەر چۆنیەتی هاوکاری بۆ کۆنترۆڵکردنی باشووری ڕۆژئاوای کوردستان ڕێککەوتن.
کۆبوونەوەی ئەو دوو لایەنەی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە سووریا، پەیمانێکی 7 خاڵی لێکەوتۆتەوە و بڕیار دراوە بە مەبەستی هاوئاهەنگی زیاتر کۆمیسیۆنێکی هاوبەش پێکبهێنرێت و لەمەودوا بە هاوکاری هەر دوو لایەن، ڕۆژئاوای کوردستان کۆنترۆڵ بکرێ. هاوکات، لەو کۆبوونەوەی ئاماژەپێکراو دا، بەشداربووان، بە مەبەستی ڕێگری لە ئاڵۆزی و ناڕەزایەتییەکی هاوڵاتیان، داوایان کردووە کە هەر چەشنە هێزێکی چەکدار، لە کوردستان بکشێندرێنەوە. دەگووترێ مەبەستی سەرەکی ئەم خاڵە، چەکدارانی سەر بە "پارتی یەکێتی دێمۆکراتیک"ە.
"ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا ENKS"، ڕێکخراوێکی چەترئاسایی ئۆپۆزیسیۆنی کوردە کە زستانی 2011 وبە بەشداری 15 حیزب و لایەنی سیاسی و چەند گرووپی خۆڕسکی گەنجانی ڕۆژئاوای کوردستان پێکهاتووە و ئەندامی "ئەنجومەنی نیشتمانی سووریا"یە. "مەجلیسی گەل"یش ڕێکخستنێکی تری ئۆپۆزیسیۆنە کە لە 7 ڕێکخراوی تری کورد لە سووریا پێکهاتووە کە بەرچاوترین لایەنی، پارتی یەکێتی دێمۆکراتیک [PYD]یە.
رووداو- ئاژانسەکان
لێژنەی تایبەتی لێکۆڵینەوەی دەوڵەتی تورکیا به فەرمانی عەبدوڵڵا گویل، لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانی سەبارەت به چۆنێتی مردنی تورگوت ئوزال، سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا ئەنجامدا. ئەمڕۆ چوارشەممە، دامەزراوەی تایبەتی لێکۆڵینەوەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی خۆی ئاشکرا کرد و رایگەیاند "بەپێی لێکۆڵینەوەکان، مردنی تورگوت ئوزال، هەشتەمین سەرۆک کۆماری تورکیا گوماناوییە و لە وردبینی لە بەڵگەنامە پزیشکییەکان بەو ئەنجامە گەیشتووین کە لەکاتی جەڵتەی دڵ، بە شێوەیەکی ئامانجدار ئۆزال بە درەنگی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە". ئەو دامەزراوەیە بە مەبەستی پشکنینی تەرمی ئوزال، داوای لە دەسەڵاتی دادوەری کردووە فەرمانی هەڵدانەوەی گۆڕی سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە دەربکات.
تورگوت ئوزال هەشتەمین سەرۆک کۆماری تورکیایە کە لە ساڵی 1989 هاتە سەرکار و یەکەمین سەرۆک کۆماری تورکیا دوای کۆتایی هاتنی 9 ساڵ حکومەتی سەربازی بەسەر ئەو وڵاتەیە. ئوزال لە ساڵی 1993 و دروست لە کاتێکدا کە بۆ گەیشتن به ئاشتی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان PPK نزیک ببووەوە، بەهۆی جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد. تورگوت ئوزال هەوڵی چارەسەری پرسی کورد و گەیشتن به ئاشتی لەگەڵ PKKی دەدا و تەنانەت پێش مردنی، ئەحمەد تورک و سری ساکیکی، پەرلەمانتارانی کوردی پەرلەمانی ئێستای تورکیای بە مەبەستی چاوپیکەوتن و وتووێژ بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی PKKی ناردبوو.
زۆرێک لە مێژوونووسان و شرۆڤەڤانانی تورکیا لەسەر ئەو باوەڕەن مردنی ئوزال لە لایەن توندڕەوەکانی تورکەوە بووە کە نەیاندەویست پرسی کورد لەو وڵاتە چارەسەر بکرێت.
دووشهممه 11 – 6 مهلا ئهمینی راستی وتاربێژی مزگەوتی “دارالاحسان”ی شاری سنە، كه كوردێكی سونی مهزههبه، لە لێژنەی کولتووری پارێزگای کوردستانی رۆژههڵات رایگەیاندووە لەبەر ئەوەی کە هەڵپەڕکێ کوردی دژی ئیسلامەو لە ناو دینی ئیسلامدا شتێکی وەها بوونی نیە، دەبێت قهدهغهبكرێت.
ئاژانسی میهری ئێران بڵاویكردوهتهوه دوابەدوای ئەوە کە چەندین رێكخراوی بواری کەلەپووری کوردی و داموودەزگای حکوومی پرۆژەیهکیان بۆ ناساندنی هەڵپەڕکێ کوردی وەکوو میراتێکی پڕ بایەخ بۆ پەرەپێدان بەو کەلەپوورە و لێکۆڵینەوەی له كوردستانی رۆژههڵات بڵاوكردهوه، وتار بێژی مزگەوتی دارالاحسان دژایەتی خۆی بەرانبەر بەم هەوڵانە راگەیاندووە. مهلا ئهمینی راستی به ئاژانسی میهری ئێرانی وتوه “لەبەر ئەوەی کە هەڵپەڕکێ کوردی هیچ پەیوەندیهکی بە دینی ئیسلامەوە نیە و لەم دینەش شتی وەها پەسەند ناکرێت، بە میراتی کەلەپووری راگەیاندنی هەڵەیهکی گەورەیە.” مەلا ئەمینی راستی وتیشی “لە نێو هەڵپەڕکێ کوردیدا ههندێك جووڵەی ناشیرین هەن کە مایهی قبوڵکردن نین لە ئیسلامدا، بۆیە دەبێ بەرەنگاری ئەم کەلەپوورە هەڵەیە بینەوه”.
رووداو- PUKmedia
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆتایی پێهات و جەلال تاڵەبانی وەڵامی لایەنەکانی کۆبوونەوەی هەولێر دەداتەوە کە تێیدا "هەموو راستییەکان روونکراونەتەوە". ئێوارەی ئەمڕۆ 12-6 بەسەرپەرشتی مام جەلال، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەشاری سلێمانی کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوە ئاساییەدا بارودۆخی عێراق و دواگۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە قەیرانی پرۆسەی سیاسی عێراق و چەند مەسەلەیەکی دیکە باسیان لێوەکرا.
کۆبوونەوە، جارێکی دیکەش نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بە بەردەوامبوونی قەیرانە سیاسییەکەی عێراق دەربڕی و تەئکیدیشی لەسەر بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی کردەوەو لە روانگەی بەرژەوەندییەکانی کوردستانیشەوە دەرهاوێشتە و رەنگدانەوەکانی قەیرانەکەی بەسەر بارودۆخی سیاسی کوردستاندا تاووتوێکرد و ئەو سەرەتایەی تەئکیدکردەوە کە سەرەڕای هەبوونی بۆچوونی جیاواز و ئاڵۆزبوونی بەردەوامی تەنگژەکە، یەکڕیزیی و یەک هەڵوێستی گەلی کوردستان لەپێشەوەی ئەجێنداکانی یەکێتیدایە و هەر بەپێی ئەو پرنسیپەش مامەڵە لەگەڵ رێگەچارەکانی قەیرانەکەدا دەکات و لەسەر رەوتی بیروڕاگۆڕینەوە و راوێژکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە جێگەی متمانەن بۆ پابەندبوون بە دەستور و جێبەجیبَکردنی رێککەوتننامەکانمان.
هەروەها کۆبوونەوە تەئکیدی کردەوە لەسەر ئەو هاوپەیمانییەتانەی کە لەسەر ئامانجە هاوبەشەکانمان پەسەندکراون. دوا بەدوای کۆبوونەوەکە، ئازاد جندیانی ووتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند "کە سەرۆک تاڵەبانی وەڵامی ئەو نامەیەی ئامادەکردووە کە لایەنەکانی کۆبوونەوەی هەولێر لەبارەی قەیرانەکەوە بۆ بەڕێزیان ناردبوو، لە وەڵامەکەی سەرۆک تاڵەبانیدا هەموو راستییەکان وەک ئەوەی کە هەن بۆ ئەو لایەنە بەڕێزانە روونکراونەتەوە".
رەجەب تەیب ئەدوغان، سەرۆک وەزیرانی تورکیە، رایگەیاند کە بۆ یەکەم جار لە مێژویی سیستەمی پەروەردەۆبارهێنان لە تورکیە دا، رێگە دەدرێت کە لە قووتابخانەکاندا زەمانی کوردی بۆ فێربوون بەکار بێت، ناۆبراۆ ئەم هەنگاوەی وەک گۆرانکارێکی مێژوویی پێناسە کرد. بەلام سیاسەتوانانی کورد ئەم هەنگاوە واتە رێگەدان بە تەدریسی زمانی کوردی وەک شتێکی کەم بەها دەنرخێنن, و داوا دەکەن کە تورکیە دەبێ ئیمکانی خوێندن بە زمانی کوردی بۆ هەموو قۆناغەکانی خوێندن، بۆ کوردەکان دابین بکات.
بینای فێدراسیۆنی تۆپی پێی قوبرسی تورکی لە لەفکۆشای پایتەختی قوبرسی تورکی لە لایەن هەندێک کەسەوە هێڕشی کرایەسەر و کەل و پەلی ناو بینایەکە ئاگر تێبەردرا. لایەنگرانی ناڕازی تۆپی پێی قوبرسی تورکی بەهۆی نارەزایەتی لە دۆڕانی هەڵبژاردەی قوبرسی تورکی لە بەرامبەر هەڵبژاردەی کوردستان، کەل و پەلی ناو بینایەی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو هەرێمەیان ئاگر تێبەردا.
بە گوێرەی راگەیەندراوی پۆلیسی لەفکۆشا، هێزەکانی پۆلیس و تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە دەستبەجێ خۆیان گەیاندە شوێنی رووداوەکە و لە تەشەنە سەندنی ئاگر رێگریان کرد. ئەو رووداوە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبوو، بەڵام زیانێکی مادی زۆر به باڵاخانەکە گەیشتووە و زۆربەی کەل و پەلی ناو بیناکە سووتاوە. تەنانەت بەهۆی گڕی ئاگرەکە جامەکانی بینای فێدراسیۆنی تۆپی پێی قوبرسی تورکی بەتەواوی شکاون.
پۆلیسی لەفکۆشای دەستی به لێکۆڵینەوە لەو رووداوە کردووە. حەسەن سەرتئۆغلو، سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی قوبرسی تورکی به رۆژنامەی قوبرس پۆستاسی راگەیاند "لە رێگەی کامێرە شاراوەکانی ناو بینا، تاوانباران ئاشکرا کراون و سەرجەم بەشداربوونی رووداوەکە لە لایەن پۆلیس دەسگیر دەکرێن ". سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی قوبرسی تورکی بە ئاماژەکردن به یارییەکانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی قوبرسی تورکی لەگەڵ هەڵبژاردەی کوردستان، دەپرسێت "بۆچی ئەم سووتاندنە روویدا؟".
حەسەن سەرتئۆغلو ئاماژە بە دۆڕانی هەڵبژاردەی قوبرسی تورکی لە بەرامبەر هەڵبژاردەی کوردستان دەکات و ناراستەوخۆ رادەگەیەنێت "رووداوەکانی ئەو چەند رۆژەی دوایی دەتوانێت بەهۆی یارییەکانی جامی پاڵەوانێتی ڤیڤاوە بێت". سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی قوبرسی تورکی گوتیشی "هەندێک لە لایەنگرانمان توڕە بوونە بەڵام نازانن لەوێ (هەولێر) چ روویداوە. ئێمە وڵاتی خۆمان لەوێ به خەڵک ناساند. لەوێ (هەولێر) سوپایەکی رۆژنامەڤانی لێبوو. ئێمە لە بەرامبەر 20 هەزار کەس ئاڵای خۆمان بەرز دەکردەوە و دەهەژاند و ئەوە خۆی سەرکەوتنێکە".
رووداو- بریتانیا
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە، كه باس لهوه دهكهن به مهبهستى یهكگرتنهوه، لهگهڵ ههردوو حیزبى دیموكراتى كوردستان و حیزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران دانیشتووه. بەگوێرەی چەند سهرچاوهیهكى هەواڵ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بە مەبەستی یەکخستنەوەی دیموکراتەکان، لەگەڵیان دانیشتووه.
ههر بهپێى ئهو سهرچاوانه، ئەو هەوڵانە لەژێر سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە و بۆ ئەو مەبەستەش نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا، بەرپرسان و نوێنەرانی هەردوو لایەنی دیموکرات لە بەریتانیا، سوید، ئەڵمانیا و هۆلەندای بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نهێنی بانگهێشتی لەندەن کردووە. بهڵام بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لە لێدوانێکدا بۆ (رووداو) ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە و رایگەیاند "من وەک نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرجەم حیزب و لایەنە کوردستانیەکان دادەنیشم و پەیوەندی گەرم و پتەومان لەگەڵیان هەیە، بەڵام هیچ هەوڵ یان بەرنامەیەکی لەو چەشنە لە ئارادا نەبووە".
بەیان سامی گوتیشی "وەک نەریتێکی هەمیشەیی، لەم سەردانەی دوایی مەستەفا هیجری، سکرتێری گیشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کۆبوونەوەمان كردووه، بەڵام باسی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان لەو هیچ یەک لە کۆبوونەوەکان نەکراوە". بەیان سامی عهبدولرهحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا سەبارەت به داوای مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەوڵدان بۆ یەکخستنەوەی دیموکراتەکان رایگەیاند "سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیچ داوایەکی لەو چەشنەی لەمن نەکردووە، بەڵام یەکێتی و یەکدەنگی نێوان لایەنە کوردستانییەکان پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و ئەگەر بەرێز بارزانی داوایەکی لەو شێوەیە لەمن بکات به گیان و دڵ قبوڵی دەکەم".
(رووداو) بۆ بەدواداچوونی زیاتر پەیوەندی به سەرکردایەتی هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستان کرد و هەردوو لا وێڕای رەتکردنەوەی ئەو هەواڵە رایانگەیاند "دیدار و چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ بەیان سامی عەبدوڵڕەحمان بۆ یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان نەبووە و تەنها وەک نەریتێکی هەمیشەیی لە سەردانەکانیاندا لەگەڵ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوپیکەوتنی دۆستانە ئەنجام دەدەن و هیچ کاتیش به هاوبەشی لەگەڵ بەیان سامی کۆ نەبوونەتەوە".
رووداو-ههولێر
مهسعود بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان رایگهیاند نامهى سهرۆكى كۆمارى عێراق و 170 ئیمزا له بهردهستن بۆ لێسهندنهوهى متمانه له نورى مالیكى، سهرۆك وهزیرانى عێراق. بارزانى، كهمێك له مهوبهر له پهیجى تایبهتى خۆى له تۆڕى كۆمهڵایهتى فهیسبووك بڵاوىكردووهتهوه كه "هەوڵی هێزە عێراقییەكان بەردەوامە بۆ گۆڕینی مالیكی بە رێگەیەكی دەستووری. نامەی سەرۆك كۆمار و زیاتر لە 170 ئیمزاش لەبەر دەستن".
بارزانى له درێژهى لێدوانهكهیدا دهڵێت "ئەو هێزە عێراقییانەی دەیانەوێت رێگە لە دكتاتۆرییەت بگرن، بەهەموو توانایەكمان پشتگیرییان دەكەین. ئەگەر كێشەی دیموكراسی لە عێراق بە راستی چارەسەر كرا، كێشەكانی هەرێمیش چارەسەر دەبن. ئەگەر كێشەی دیموكراسیش چارەسەر نەكرا، ئەوسا ناچارین بەرەو خیاراتی دیكه بچین، هەروەك پێش ئێستاش ئاماژەم پێدابوو. بەهیچ شێوەیەك مساوەمە لەسەر ماف و ئایندەی گەلەكەمان ناكەین". ئهو لێدوانهى بارزانى له كاتێكدایه، كه جهلال تاڵهبانى، سهرۆك كۆمارى عێراق به بیانووى تهواونهبوونى نیسابى یاسایى، ههوڵهكانى لێسهندنهوهى ههرسێ لایهنى هاوپهیمانى كوردستانى و ئهیاد عهللاوى و موقتهدا سهدرى شكست پێهێنا.
تاڵەبانی درەنگانێكی شەوی شەممەی رابردوو بە بەیاننامەیەك رایگەیاند داوای وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران نانێرێتە پەرلەمان، چونكە وەك لە بەیاننامەكەدا دەڵێت "نیسابی یاسایی تەواو نەبوو". له بهشێكى بهیاننامهكهى نووسینگهى تاڵهبانیدا هاتبوو "ئەو کۆمیتەیەی کە سەرۆک کۆماری عێراق رایسپارد بۆ وردبینیى ،ئیمزاى 160 پەرلەمانتارى عێراقیە و هاوپەیمانیى کوردستان و کوتلەى ئەحرار و ژمارەیەک پەرلەمانتارى سەربەخۆى وەرگرت، دواتریش لیستێکى چەند پەرلەمنتارێکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستانیشی خرایەسەر، پاشان 11پەرلەمانتار کە پێشتر ئیمزایان کردبوو، بە نوسینگەى سەرۆک کۆماریان راگەیاند کە پاشەکشێ دەکەن بە ئیمزاکانیان دوو پەرلەمانتارى دیکەش ئیمزاکردنەکەیان هەڵپەسارد" .
ئەم هەڵوێستەى تاڵهبانى ركابەرەكانی مالیكی نیگەران كرد. جەعفەر ئیبراهیم، گوتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، به (رووداو)ى رایگەیاند كە پارتی نیگەران بووە بە رەزامەندینەدانی سەرۆك كۆماری عێراق لەسەر رەوانەكردنی داوای متمانەوەرگرتنەوە لە سەرۆك وەزیران، بۆ پەرلەمان: "هەڵوێستی مام جەلال و بەیاننامەكەی بۆ ئێمە موفاجەئە بوو".
رووداو-ئهمستردام
بڕیاره ئهمڕۆ سێشهممه پهرلهمانى هۆڵهندا چارهنووسى ئهو 1200 پهناخوازه كورده یهكلایى بكاتهوه، كه داواى مافى پهناههندهییان كردووه لهو وڵاتهدا. ماوهى چهند مانێگه حكومهت هۆڵهندا دهستیكردووه به ههڵمهتێكى دیپۆرتكردنهوهى پهنابهرانى كورد لهو وڵاتهدا، ئێستاش 1200 پهناخوازى كورد دۆسیهكهیان به ههڵواسراوى ماوهتهوهو بڕیاره ئهمڕۆ له پهرلهمانى ئهو وڵاتهدا قسه لهسهر چارهنووسیان بكرێت.
پارتى سهوزى هۆڵهندی، داوایکردووه یاسایهکى تایبهت بۆ ئهوانه دهربچێت که تهمهنیان لهسهر و 18 ساڵهوهیه و زیاتر له پێنج ساڵیشه لههۆڵهندا دهژین مافی پهنابهرییان پێبدرێت. ههروهها خیریت، رایس، وهزیرى کۆچى هۆڵهندا رایگهیاندووه سهرقاڵی داڕشتنی یاسایهکن، بهپێى یاساكه ههر پهنابهرێک لههۆڵهندا خۆى گونجاندبێ و شارهزای زمان و کلتوری ئهو وڵاته بێ، مافى پهنابهرى بدرێتێ. وا بڕیاره رۆژى 14/6/2012 فیدراسیۆنی سهرتاسهری پهنابهرانی عێراقو ژمارهیهک لهکۆمهڵه کوردییهکان، دوو خۆپیشاندانی گهوره له لهندهنی پایتهختی بهریتانیا ئهنجامبدهن بۆ پشتگیریى ئهو 1200 پهنابهره کورده، كه له ژێر ههڕهشهى دیپۆرتكردنهوهدان.