مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، داوا له په‌كه‌كه و توركیا ده‌كات ئاگربه‌ست ڕابگه‌یه‌نن.
د. ئومێد سه‌باح، وته‌بێژی فه‌رمیی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه وێنه‌یه‌كی گه‌یشتووه‌ته (رووداو) ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی چه‌كدارانی PKK ده‌كات. هه‌روه‌ها رایده‌گه‌یێنێ شه‌ڕ و كوشتار هیچ ئه‌نجامێكی به‌دوادا نایه‌ت و ته‌نیا كێشه‌كان ئاڵۆزتر و قووڵتر ده‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان داوا له هه‌موو لایه‌ك ده‌كات ئاگربه‌ست ڕابگه‌یه‌نن بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ری ئاشتیانه بكرێته‌وه.
ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی وته‌بێژی فه‌رمیی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانه:
هه‌لوێستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌رامبه‌ر شه‌رو پێكدادانی ناوچه‌ی هه‌كاری
سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر به‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ی دوایی شه‌ڕ و پێكدادان به تایبه‌تی له ناوچه‌كانی هه‌كاری هاتۆته ئاراوه، نیگه‌رانیی خۆی ده‌رده‌بڕێ و له كاتێكدا ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی چه‌كدارانی PKK ده‌كات كه بێجگه له زیانگه‌یاندن به پرس و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد هیچ سوودێكی نیه و ده‌بێته ڕێگر له‌به‌رده‌م هه‌ر هه‌وڵێكی ئاشتیانه‌ی چاره‌سه‌ری، دووپاتی ده‌كاته‌وه كه شه‌ڕ و كوشتار هیچ ئه‌نجامێكی به‌دوادا نایه‌ت و ته‌نیا كێشه‌كان ئاڵۆزتر و قووڵتر ده‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێم داوا له هه‌موو لایه‌ك ده‌كات ئاگربه‌ست ڕابگه‌یه‌نن بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ری ئاشتیانه بكرێته‌وه.
د. ئومێد سه‌باح
وته‌بێژی فه‌رمیی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان
٥/٨/٢٠١٢
سەرۆك وەزیرانی توركیا پاساو بۆ سەردانەكەی داود ئۆغلۆ بۆ كەركووك دێنێتەوە و دەڵێ سەردانەكەی سیاسی نەبووە و چووە بۆ ماڵی خزمانی. دوێنێ یەكشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا، دەربارەی سەردانەكەی داود ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ شاری كەركووك رایگەیاند "كارێكی ئاساییە كەسێك پاسپۆرتی تورکیای پێبێت -دیبلۆماسی- و سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، دواتر بچێتە شاری كەركووك كەتەنها 40 كیلۆمەتر لە هەولێر دورە". ئەردۆغان گوتیشی "سەردانەكەی ئۆغلۆ بۆ كەركووك بۆ بەسەركردنەوەی خزمانی بووە".
ئەردۆغان لەدرێژەی گوتەكانی بۆ كەناڵی atv گوتی "پەیوەندییەكانی توركیا و هەرێمی كوردستان رۆژ بەرۆژ پتەوتر دەبێ، هەر ئەوەیە وایكردووە حكومەتی عێراق هەڵوێست بەرامبەر هەر رەفتارێك دەرببڕێت". لەلای خۆیەوە حكومەتی عێراق یاداشتنامەیەكی ناڕەزایی توندی داوەتە كۆمكاری عەرەبی دەربارەی ئەو سەردانەی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان و شاری كەركووك، كە بەبێ ئاگاداربوونی ئەوان ئەنجام دراوە.
كۆمكاری عەرەبیش جگە لەوەی دوپاتیكردەوە كە دەبێ پەیوەندییەكانی عێراق و توركیا، پەیوەندی دراوسێیەتی باش و هاوكار بن بۆ یەكتری، راشیگەیاند "نابێ توركیا هیچ رەفتارێك لە دەرەوەی رێكەوتنی دیبلۆماسی بكات، نەوەك ببێتە هۆی تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە".
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە کاتی سەردانەكەدا، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوان ئاگاداری ئەو سەردانە نەبوون و پەیوەندی بە هیچ كەناڵێكی دیبلۆماسی نەكراوە لەو بارەیەوە. پەرلەمانی عێراق، لەسەر ئەو سەردانە بێ مۆڵەتەی داود ئۆغڵۆ بڕیاریدا میوانداری وشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی عێراق بكات بۆ پەرلەمان و تێیدا راپۆرتی وردەكاری خۆی لەو بارەیەوە بخوێنێتەوە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردو 2/8/2012 داود ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا بەسەردانێكی كتوپڕ لە هەولێرەوە بەرەو كەركووك رۆیشت و لەوێ لەگەڵ پارێزگاری كەركووك و ئەنجوومەنی پارێزگا و چەند خێزانێكی توركمانی شارەكە كۆبوویەوە. لەکاتی سەردانەکەی داود ئۆغلۆ بۆ کەرکووک (رووداو) پەیوەندی بە گوتەبێژی حكومەتی عێراقەوە كرد، کەچی ناوبراو هێشتا هەواڵەكەی نەبیستبوو. حکومەتی عێراق دواتر بەیاننامەیەكدا ئەو سەردانەی بە سنووربەزاندنێكی ترسناك لەقەڵەمدا بۆ سەر خاكی عێراق.
سەرچاوە: روواداۆ/ کوردۆ شابان
لە شاری دۆرتمۆندی ئا‌ڵمانیا سێ مناڵی کوردی خەڵکی باکووری کوردستان لە ناو ئاگر دا سووتان. ماڵی خێزانێکی دێرسیمی لە شاری دۆرتموند ئاگری گرت و لە ئەنجام دا سێ مناڵ بە ناوەکانی دیلان (تەمەن ١٢ ساڵ)، محەمەد (تەمەن ١٠ ساڵ) و مستەفا (تەمەن چوار ساڵ) گیانیان لە دەست دا.
بە گوێرەی هەواڵی میدیاکانی ئا‌ڵمانیا، پیتێر شولتز وتەبێژی پۆلیس سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەکەی " Fichtesstrasse" رایگەیاندوە کە مستەفا و خوشکە گەورەکەی دیلان هەر لە شوێنی روداوەکە گیانیان لە دەست داوە و محەمەدیش پاش ئەوەی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، مردوە.
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس محەمەد بەر لەوەی لە ئاگر دا بسووتێ رووبەڕووی توند‌و تیژی جەستەیی بۆتەوە. وتە بێژی پۆلیس دەڵێ: ئاگرەکە لە قاتی یەکەمی بینایەکی بەرز کەوتۆتەوە و لە رۆژانی داهاتوو دا وردەکاری زیاتر سەبارەت بە چۆنیەتی و هۆکارەکانی ئەو رووداوە ، بڵاو دەکەینەوە. پۆلیس روونی کردۆتەوە کە لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا، ئیفادە لە ئەندامانی ئەو خێزانە وەرگیراوە و روون بۆتەوە کە باوکیان لە ماڵ نەبوە. بەڵام تا ئێستا رانەگەیەنراوە زڕدایکیان لە کوێ بووە.
دایکی ئەو مناڵانە چەند ساڵ لەوەی پێش مردوە و باوکیان لە گەڵ ژنێکی بیانی ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە. شایانی باسە پێشتر ئەو خێرانە لە قاتی سەرەوەی هەمان بینا دا ژیاون و جارێکی دیکەش ماڵەکەیان ئاگری گرتبوو.
دوێنێ شەو بە دەیان هەزار کەس لە شار‌و شارۆچکەکانی رۆژئاوای کوردستان هاتنەوە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی خۆشحاڵی و سووربونیان لەسەر یەکێتی نەتەوەیی کورد . هەروەها بە یەک دەنگ جارێکی دیکە داوای ماف و ئازادییەکانیان کرد کە لە رووخانی رژێمەکەی ئەسەدەوە دەیبینن.
نزیکەی 100 هەزار کەس بەشداری خۆپێشاندانەکە بوون
لەناوەراستی شاری قامشلۆ ، ناوەندی رۆژئاوای کوردستان، نزیکەی 100 هەزار کەس رژابوونە سەر شەقامەکان تا جارێکی دی رێککەوتننامەکەی هەولێر بەرزڕابگرن کە ماوەیەک لەمەو پێش بە سەرپەرشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەنێوان پارتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان واژۆ کرا. لەو رێککەوتنەش ئەنجومەنی نیشتمانی کورد و ئەنجومەنی گەل گەیشتنە بڕیاری دامەزراندنی دەسەتەی باڵای کورد، کە ئێستا بە هاوبەشی ئەندامانی هەردوو ئەنجوومەن کاروبارە سیاسییەکانی ئەو پارچەیەی کوردستان بەڕێوە دەبات.
قامشلۆ بە ئاڵای کوردستان رازابووەوە
هەر لە ئێوارەوە بە مۆزیکی کوردی و ئاڵای کوردستان و پارتە سیاسییەکان ، گەنج و منداڵ و بە ساڵاچوان و نوێنەرە سیاسی و چالاکڤانە کوردەکان بەرەو گەڕەکی هێلیلیلەی ناو شاری قامشلۆی پایتەختی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێکەوتن و لە کاژێر 8 ی ئیوارەوە شەقامی سەرەکی گەڕەکی هیلیلییە بە ئاڵای ڕەنگاو ڕەنگی کوردستان و پارتە سیاسییە کوردیەکانی دیکە ئاڵ و واڵا بوون. لە باڵاخانەکانەوە ئاڵای کوردستان لە ماڵەکانەوە شۆڕکرابونەوە و لە سەربانەکانیشەوە خەڵكی چەپڵە ڕێزانی خۆپیشاندەرانی سەر شەقامەکەیان دەکرد. لە سەر شەقامەکانیش خۆپیشاندەران بە گوتافی "پێشمەرگە و گەریلا یەک هێزن، بژی یەکێتی گەلی کورد" دەنگی ئازادی کوردستانیان بڵندتر و بەربڵاوتر دەکردەوە لەو پایتەختە دێرنەی کورد کە هەتاوەکو ئێستاش بە تەواوەتی ئازاد نەکراوە لە دەستی ڕژێمەکەی ئەسەد لە ڕۆژئاوای کوردستان.
حەلیمەی تەمەن 59 ساڵەی دایکی دوو شەهید: یەکێتی کوردان ئارامیم پێدەبەخشێ
حەلیمە عەبدول واحیدی تەمەن ٥٩ ساڵ کە سوک سوک لەگەڵ خۆپیشاندەران ڕێی دەکرد، باسی لەوە کرد کە دوو کوڕی ئەو شەهیدی پارتی یەکێتی دیموکرات PYDن ، بەڵام ئێستا دوای ئەو ڕێککەوتنەی هەولێر ئەو بە شەهیدی هەموو پارتەکانی دەزانێت چونکە یەکیان گرتووە. گوتی " کوڕەکانم پیش‌تر کوڕیPYD بوون، بەڵام ئیستا کوڕی گەلی کوردن. من دەخوازم هەموو ڕۆژ بێمە رێپیوان و خۆپیشاندانەکان هەرچەندە لاقەکانێشم خەریکە لە کار دەکەون، بەڵام چونکە یەکێتی گەلی کورد وای کردووە سەرۆکەکانی ئێمە یەک دەنگ بن منیش دەخوازم لەو یەكێتیەی نێوان ئەواندا بەشدار بم لە بری کوڕەکانم. بۆ ئێمە زۆر خۆشە کە ئەوان یەک دەنگ بن چونکە ئیتر ناخۆشی لە نێوان گەلی ئێمەدا روونادات ئەوەش ئارامیمان پێدەبەخشێت، چونکە دەزانم بەم شێوەیە ئیتر کورد بە دەستی کورد جارێکی تر ناکوژرێن".
کادیری پارتەکان دەست لەناو دەستی یەک لەریزی پێشەوە بوون
عەبدلڕحیم جەمیل عبدوڵڵا کە کادیری پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (الپارتی) یە لە شاری قامیشلۆ و لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندانەکەدا قۆڵی هاوەڵە سیاسیەکانی پارتەکانی دیکەی گرتبوو، بە (رووداو) ی گوت، " ئێمە دڵمان زۆر خۆشە بەو یەکگرتنە کە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ئەمڕٶ درووست بووە، بە هیواین هەر وا یەک دەست بمێنین و گەلی ئێمەش بەم یەکێتییە زۆر دڵی خۆشە وەک دەیبینن، هیواخوازین بەردەوام بێت و گەلی ئێمەش هەردەم لە سیاسەتی پارتەکانمان بەوشێوەیە ڕازی بن وەک ئەمشەو، چونکە ڕازی بوونی گەل لە پارتی سیاسی زۆر گرنگە . گەلی کوردیش لەم خۆپیشاندانە جەماوەریانە نیشانی دەدەن کە تەواوی متمانەی خۆیان داوەتە دەست پارتەکان بۆیە ئەوانیش پێویستە ئیدی ژیرانە ئەو متمانەیە بپارێزن".
لە هەمانکاتی خۆپیشاندانەکەی قامشلۆ، شارە ئازادکراوەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستانیش لە شەقامەکانیانەوە دەنگی خۆیان بۆ یەکێتی نەتەوەیی و مافە رەواکانیان یەکخستبوو. لە کۆبانی، عەفرین، دێرک، گرکێ لەکێ، تربە سپی، سەرێ کانی و ئاموودەش بە دەیان هەزار خۆپیشاندەری کورد یەکڕیزی و یەکخەباتی کوردیان دووپات دەکردەوە.
وێنەی بەیەکەوە لکاوی بارزانی و ئۆجەلان لە قامشلۆ هەڵگیرابوو
لەقامشلۆش لافیتە و هەڵگرتنی ئاڵای پارتە کوردیەکان پێکەوە و لکاندنی وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان و مەسعود بارزانی و شەهیدەکان تێکڕا هێما بوون بۆ ئەوەی کە خۆپێشاندەران حزبایەتی خۆیان وەلا نابوو لەپێناوی یەکێتی و یەکڕیزی گەلدا.
خەڵكی ڕۆژئاوای کوردستان ئەمە جاری دووەمە بەم شێوەیە ئەو ڕێکەوتنامەیە بەرزڕادەگرن و لە ڕێگەیەوە بەیەک دەنگ داوای مافەکانیان دەکەن.
یەکێتی کوردان ژمارەی بەشداربووانی خۆپێشاندانەکانی زیادکردووە
سلێمان حەسۆ، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە قامیشلۆ لە لێدوانێکی جەماوەریدا گوتی کە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا یەکڕیزی و یەک دەنگی گەلی کورد لە سووریا نەک هەر کاریگەری ئەرێنی لە سەر شۆرشی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان داناوە، بەڵكو کاریگەریەکی زۆر ئەرێنیشی کردووەتە سەر شۆڕشی سووریا‌و هەنگاوی باشی بە شۆڕشی سووریاش داوە. سلێمان حەسۆ گوتی " شۆڕشی کورد پەیوەستە بە شۆرشی سووریاوە و لەیەکەمەوە هەروابووە کە ڕووداوەکان دەستیان پێ‌کرد. بەر لە درووستبوونی ئەو یەکێتییە ئێمە تەنها بە هەزار کەسەوە دەڕژاینە سەر شەقامەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام لەوەتەی کە ڕێککەوتن کراوە ئەوەتا بە ملیۆن کورد خۆپێشاندان دەکەن، ئەمە لە هەمانکاتتدا گڕو تینێکی بێوێنەشی بە شۆرشی سووریا داوە ، چونکە پێشوەچوونی شۆڕش لێرە شۆرشی سووریاش پێشوە دەبات و لە دوو هەفتەی ڕابردووش‌دا ئەو کاریگەریانە بە ئاشكرا دەبینرێن".
نابێ ئەو یەکێتییە بخرێتە خزمەت تاکە حیزبێکەوە
دواتر ڕەمزییە محەممە،د هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل لە شاری قامشلۆ بەخێرهاتنی هەموو لایەکی کرد و ئەویش بەهەمانشێوە تیشکی خستە سەر گرنگیەکانی ئەو رێپێوان و خۆپیشاندانانەی بە هاوبەشی و سەرۆکایەتی هەردوو ئەنجومەن بەڕێوە دەچن، لە هەمانکاتتدا، ڕەخنەشی لە هاتنی داود ئۆغلۆی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان گرت و باسی لەوە کرد کە ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد کە بەشدارن لە رێکەوتننامەکەی هەولێر، نەدەبوایە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا و عەبدولباست سەیدای سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی سووریا بە تەنها کۆببنەوە، چونکە کات و ساتێکی هەستیار لەبەردەم کوردانی ڕۆژئاوایە و کۆبوونەوەی لەوجۆرە دەکرێت بە خراپ بەسەر دۆزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بشکێتەوە.
ڕەمزییە گوتیشی " کورد لە رۆژئاوای کوردستان عاشقی یەکێتی کوردن، بەڵام نابێت ئەمە بە هەل وەربگیرێت و بخرێتە خزمەتی ئامانجی تاک حزبییەوە. ئێمە ئەمشەو شەهید ئەحمەد بابی جودی و شەهید سادقی کۆبانی بە بیرتان دەهێنینەوە، بەرپرسیارێتیەکانی هەردوو ئەنجوومەن زۆر گەورەن، بۆیە دەبێت بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەوە بیانگرینە ئەستۆمان، ئەمەش مانای وایە کە دەبێت ئاگامان لەگەمەی سیاسی ناوچەیی بێت، بەتایبەتی گەمەی سیاسی دەوڵەتی تورکیا کە دژی گەلی کورد دەیکات و ئەو پیلانانەی بەگشتی لە دژی گەل نەخشەکێشکراون لە ناوچەکەدا. بۆیە ئێمە بانگی هەردوو ئەنجوومەن دەکەین کە لە رۆحی بەرپرسیارێتییەوە نزیک ببنەوە تا دەتوانن بۆ ئەوەی نەچنە ژێر باری پلانی دوژمنانی کوردەوە بەتایبەتی لەم ساتە هەستیارەدا کە کوردی ڕٶژئاوای وڵات ژیانی تێدا دەکەن".
بە پێچەوانەی زۆرێک لە شار و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە، قامشلۆی پایتەخت هەتاوەکو ئێستا پۆستاڵەکانی سەربازانی ئەسەد بە تەواوەتی لێی نەچونتەوە دەرەوە، بۆیە سەربازگە و ئاسایشی بەعس لە شوێنی خۆیان ماون و هێزەکانی شەبیحە و جاسوسەکانی ئیستخباراتیش لە بیناکانیاندا ماونەتەوە، بەڵام دوێنی لە کاتێکدا نزیکەی 100 هەزار کورد لەسەر شەقامەکانی قامیشلۆ بە گۆرانی و گوتاف و شادی و حەماسەتەوە بە یەک دەنگ پێداگرییان لە یەکێتی گەلی کورد دەکرد و داوای مافە رەواکانی خۆیان دەکرد، هیچ بەعسییەک لە کوچە و کۆڵانەکانی ئەو شارەدا نەدەبینرا.
سەرچاوە: رووداۆ/ رۆژ ئەحمەد
هاونیشتمانه به‌ڕێزه‌کان!
هاوڕێیانی دێموکڕات!
ده‌فته‌ری سیاسیی هاوڕێیانی پێشوومان له ڕاگه‌یه‌ندراوی پلینۆمی چارده‌هه‌می خۆیاندا ئاوڕێکی له ناکۆکییه‌کانی نێوان دوو لایه‌نی لێکدابڕاوی دێموکڕات داوه‌ته‌وه‌و هه‌ڵوێستێکی تاڕاده‌یه‌ک تازه‌ی له‌پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری گیروگرفته‌کاندا گرتۆته پێش. له به‌شێکی ئه‌و ڕاگه‌یه‌ندراوه‌دا هاتووه:
"…...سه‌ره‌ڕای بێئاکامبوونی هه‌موو هه‌وڵه‌کانی ڕێبه‌رایه‌تی حیزب به مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌رکردنی یهکڕیزیو لابردنی به‌ربه‌سته‌کان له‌سه‌ر ڕێگای گه‌یشتن به‌و ئامانجه بۆ جارێکی دیکه‌ش له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی بزووتنه‌وه‌ی کورد، له ڕێگای کردنه‌وه‌ی ده‌رگای وتووێژی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیانه ههنگاوێکی دیکه‌ش هه‌ڵگرێ، به‌وهیوایه که ئه‌و هه‌نگاوه فه‌زایه‌کی باشتر بۆ لهیهکترتێگهیشتنو ده‌ره‌تانێکی له‌بار بۆ لابردنی به‌ربه‌سته‌کان بڕه‌خسێنێ…...."
ئه‌ندامانی حیزبی دێموکڕات‌و هێزه سیاسییهکانو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان ئاگادارن که له سه‌ره‌تای له‌تبوونی حیزبی دێموکراته‌وه تا ئێستا هه‌موو کاتێک حیزبی دێموکڕاتی کوردستان خوازیاری دانیشتن و وتووێژی ڕاسته‌وخۆ بۆ چاره‌سه‌ری ناکۆکییه‌کان و گه‌یشتن به یه‌کڕیزی بووه و له به‌رامبه‌ردا، ئه‌وه ئه‌وان بوون که هه‌میشه نکوولییان له دانیشتن و دیالۆگ کردوه. ئێستا که پاش نیزیک به شه‌ش ساڵ ئه‌وان ئه‌و هه‌ڵوێسته تازه‌یه‌یان له خۆیان نیشان داوه، ئێمه به شتێکی باش‌و هه‌نگاوێک له ڕێگای دروستیدا ده‌زانین‌و پێمان وایه سه‌ره‌نجام ئومێدێک بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ری دروستی کێشه‌کان په‌یدا بووه.
به‌ڵام به باوه‌ڕی ئێمه کاتێک دیالۆگ و دانیشتن ده‌توانێ به‌رهه‌مدار بێ که هه‌ردوولایه‌ن ڕێز بۆ که‌سایه‌تیی یه‌کتر دابنێن و ده‌گه‌ڵ ڕاستییه‌کان به‌وجۆره که هه‌ن به‌ره‌وڕوو بنه‌وه. بۆیه، ڕاده‌گه‌یه‌نین که ئێمه پێشوازی له‌و ئاڵوگۆڕه ده‌که‌ین و هه‌روه‌ک هه‌میشه ئاماده‌ین هه‌رکاممان به‌پێناسه‌ی واقیعیی خۆیه‌وه له هه‌ر پله‌یه‌کی بهرپرسایهتیدا که له‌سه‌ری ڕێک بکه‌وین (کومیته‌ی ناوه‌ندی یان ده‌فته‌ری سیاسی) ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی دیاری بکه‌ین و له زووترین ده‌رفه‌تی گونجاو‌دا بکه‌وینه وتووێژێکی جیددی‌و بنیاتنه‌ره‌وه. به‌و ئاواته که له داهاتوویه‌کی نیزیکدا بتوانین پێکه‌وه مزگێنیی کرانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌کی نوێ لهپێوهندییهکانماندا به کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان بده‌ین.
به ئاواتی هاوکاریو یه‌کڕیزیی دێموکڕاته‌کان‌و هه‌موو لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهه‌ڵات.
ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
15/5/1391 (05/08/2012)
بەهۆی بڵاو بونەوەی ئەو وێنەیەی سەرۆكی ئەمریكا كە لەپەیوەندی تەلەفۆنیدایە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی توركیا، لەلایەن خەڵكی توركیاوە بێزاری و ناڕەزایی زۆر دروستبوو. وەك لە وێنەكەدا دیارە، باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا، بەدەستی چەپی ئامێری تەلەفۆنەكەی بەدەستەوەیە و بەدەستی راستیشی دارێكی بایسبوڵی توند گرتووە وەك ئەوەی بیەوێ بەكاری بهێنێت، ئەوەش بووە جێی رەخنە لای توركەكان و بە بێڕێزی كردنی سەرۆك وەزیرەكەیان تێی گەیشتن، چونكە لەو كاتەدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان لەپەیوەندی كردندایە.
گوتەبێژی فەرمی كۆشكی سپی رایگەیاند كە مەبەست لەو وێنەیە ئەوەبوو كە بیسەلمێنین پەوەندییەكی پتەو لەنێوان ئەمریكا و توركیا هەیە.
دووشەممەی رابردوو، لەرێگای پەیوەندی تەلەفۆنییەوە، سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆك وەزیرانی توركیا دۆخ و هەلومەرجی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ کرد. مەتین لوتفی بێ‌دار، پەرلەمانتاری ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی توركیا گوتی "ئەو وێنەیە دەریدەخات سەرۆك وەزیران، بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، فەرمان لە كوێوە وەردەگرێ".
لە قەندیل سەرەڕای ئەوەی زۆر بەزەحمەت بازگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌مان بڕین، ئەو دەمەی گەیشتینە لای پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) و بینینی بەرپرسێكی كۆردیناسیۆنی پژاك، ئاماژەی بەوەدا هەموو لایەك ئێمە و پارتی كرێكارانی كوردستان PKK بە یەك ئۆرگان دەزانن.
ئێستا پژاك لەگەڵ ئێران لە ئاگربەستدایە، رێزان جاوید، پێیوایە كاتی ئەوە هاتووە كە ئەو ئاگربەستە پێشبخرێت بۆ ئەوەی كێشەی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێت، ئەو گوتی"ئێمە ئامادەیی ئەوەمان تێدایە، بەڵام ئێران تائێستا هیچ نیازێكی وای نییە".
بەشێكی بەرفراوانی قەندیل لەژێر كۆنترۆڵی پژاكدایە، رەنگە زۆربەی هێزەكانیان، قەندیل شوێنی حەوانەوەیان بێت، كە ئەو ناوچەیەش سەر بەحكومەتی هەرێمی كوردستانە، هەرچەندە بەرپرسەكەی پژاك ئەوە دەخاتەڕوو كە زۆربەی هێزەكانیان لەشاخەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانن، ئەو باس لە ئاسۆیەكیش دەكات لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان " لەچاو جاران پەیوەندییەكانمان بە حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەكە لە قۆناخێكی باشتردایە، ئومێد دەكەین بەرەو پێش بچێت، هەندێ دانیشتن لەوبارەوە بووە، بەڵام لەوە زیاترتان پێ ناڵێم".
PKK بەردەوام بە باوكی ئەو پارتانەی دیكەی وەك پژاك و پارتی چارەسەری و پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD دادەنرێت، لەوەتەی شۆڕشی سووریاش پێیناوەتە قۆناخێكی دیكەوە، ناوبەناو هەندێ ناوچە ئازاد دەبن، هێشتا PYD هیچ نەرمییەكی بەرامبەر ئۆپۆزیسیۆنی سووریا نەنواندووە، رێگەش نادەن لەو شارە كوردییانەی بەدەستی ئەوانەوەن كە هەندێ شرۆڤەكار بە "بەهاری كوردی" ناودەبەن، ئۆپۆزیسیۆن و سوپای ئازادی سووریا هیچ رۆڵێكی تێدا ببینێ، لەوبارەوە رێزان جاوید ئەوە بە ناهەقی و بوختانی دوژمن ناودەبات "ئێمە لەڕووی فەلسەفییەوە، فەلسەفەی ئاپۆچێتی پەیڕودەكەین، بەڵام لەڕووی ئۆرگانییەوە، هەر پارتەو بەشێوەی خۆی كاردەكات، بەڵام لەیەكەوە نزیكین وەك پەیوەندی ئێمە لەگەڵ هەر پارتێكی دیكە ".
رێزان جاوید لە درێژەی قسەكانیدا سەبارەت بە رۆڵبینینی PKK لە رۆژئاوای كوردستان دەڵێ "ئەوە پڕوپاگەندەی نێگەتیڤە، PKK چۆن دەستوەرناداتە كارەكانی پژاك ئاوهاش دەست لە كاروبار و سیاسەتی PYD وەرنادات. چۆن گەلی كورد لەگەڵ هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن نییە كە لەلایەن ئەمریكاو توركیاوە پشتگیری دەكرێن، ئاوهاش لەگەڵ هەڵوێستی ئەسەدیشدا نەبوو".
رێزان جاوید دەڵێ PYD چەندین ساڵە خەبات دژی رژێمی ئەسەد دەكات كە "ئەوكات ئەو پارتانەی ئێستا ناویان دێت، هەر بوونیان نەبوو، ئەگەر ئەمڕۆ PYD هەڵوێستی لەگەڵ هیچ لایەكیاندا نییە، تاكە هۆكار ئەوەیە كە لایەنی دەرەكی هەموو هەڵوێستەكانیان لەبەرامبەر كورد لەسەر بنچینەی حەساسیەتەكانی توركیایە، بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ كورد بكەن، سەرەتا هەستیاریەكانی توركیا لەبەرچاو دەگرن، هەستیارییەكەش ئەوەیە كە توركیا رووبەڕووی كێشەی كورد بووەتەوە لەگەڵ كوردانی باكووری كوردستان و ، ئامادەنییە چارەسەری بكات".
ئەو دەڵێ " بۆیە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا كە لەلایەن توركیاوە پشتگیری دەكرێت ئامادەنییە دان بە مافی كورد دابنێت. سیاسەتی هەرە مەعقولی PYD لەم قۆناخەدا بیكات ئەوەیە : تۆ كە من قبوڵ ناكەی، منیش ئامادەنیم لەگەڵت ببمە یەك، یەكگرتوویی لەسەر هەندێ خاڵی هاوبەش پێكدێت".
رەنگە ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەدەر لەتوركیا لەلایەن دەوڵەتێكی دیكەوە پشتگیری بكرایە، بۆچوونی بەرامبەر بەكورد بۆچوونێكی جیاوازتربووایە؟ جاوید لەوبارەوە پێیوایە "ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئەوە بیروڕای بێت بەرامبەر بوونی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، ئەوا بەدڵنیاییەوە لەهەر وڵاتێك بووایە وەك یەك بوو، وەلێ لە وڵاتێك كە هەستیاری بەرامبەر كێشەی كورد نەبێت، پێموابوو ئۆپۆزیسیۆن دیموكراسیانەتر بڕیاری بدایە، كورد لەو پارچەیە ساڵانێكی دوورودرێژە لەخەباتدایە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی، ئەوە ئەسەد نەیداوە، پێویستە ئۆپۆزیسیۆن ئەو مافانە بسەلمێنێ، ئەگەر ئەو مافانە نەدرێنە كورد، كورد لەگەڵ هیچ لایەكدا نابێت"، هەروەها گوتی " ئەگەر ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا هەڵوێستی نەگۆڕێت بەرامبەر مافەكانی كورد، ئەوا بێگومان بارودۆخەكە وەك خۆی دەمێنێتەوە، دانانی كەسایەتییەكی وەكو عەبدولباست سەیدا وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا، سەرنجی PYD ناگۆڕێت، ئەگەر ئەو ئەنجوومەنە دان بە مافی كورد دانەنێت".
سەرچاوە: رووداۆ/ قەندیل
فۆتۆ: فه‌رزین حه‌سه‌ن
به‌ڕێزان : كوردانی رۆژئاوای كوردستان
سڵاو و رێزی رێكخراوه‌كه‌مان، رێكخراوی پارێزگاری له زیندانییه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كانی ئێران و كوردستان قه‌بوڵ بفه‌رموون.
به سه‌رنجدان به پێشێلكارییه‌كانی رژێمه دیكتاتۆره‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د و كوشتنی هه‌زاران مرۆڤی بێگوناه و سڤیل و هه‌روه‌ها زیندانی و ئه‌شكه‌نجه‌دانی هه‌زاران كه‌سی دیكه، ئێمه وه‌ك رێكخراوی پارێزگاری له زیندانییه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كانی ئێران و كوردستان پرۆتستۆی ئه‌م كاره قێزه‌ونه‌ی حكومه‌تی دیكتاتۆری سوریا ده‌كه‌ین و ده‌نگی خۆمان ده‌خه‌ینه پاڵ ده‌نگی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه بۆ ئازادی و یه‌كسانی و مرۆڤایه‌تی هه‌وڵی بێ‌وچان و كۆششی بێ پایان ده‌كه‌ن.
هه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌شدا وێڕای ئه‌وه‌ی كه پشتیوانی له خواسته ره‌واكانی ئێوه ده‌كه‌ین، داوا له كۆڕ و كۆمه‌ڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و هه‌روه‌ها رێكخراوه‌كانی تری چالاكی مافی مرۆڤ ده‌كه‌ین كه‌وا سنوورێك بۆ كرداره قێزه‌ونه‌كانی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د دانێن و نه‌هێڵن كه ئه‌و حكومه‌ته به بیانووی جۆراوجۆر خه‌ڵكی بێ‌تاوان و سڤیل بكاته قوربانی ئامانجه په‌سته‌كانی و یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی سه‌باره‌ت به مافی مرۆڤ پێشێل بكات.
سه‌ركه‌وتن و ئازادی بۆ هه‌موو لایه‌كتان به ئاوات ده‌خوازین.
هیوا كوردستانی مولانیا وتەبێژی
رێكخراوی پارێزگاری له زیندانییه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كانی
ئێران و كوردستان
بەهۆی دانیشتنی یەکلایەنەی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، لەگەل وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان کاری هاوبەشی خۆی لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە دەستەی باڵای کوردی هەڵپەسارد.
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی سەرکردایەتی ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان کە لە هەمانکاتدا ئەندامی دەستەی باڵای کوردییە به (رووداو)ی راگەیاند "بەهۆی ئەوەی دوێنێ پێنج شەممە، ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد بەبێ ئاگاداری ئێمە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و دواتر هیچ روونکردنەوەیەکی پێوسیتیان لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە پێ رانەگەیاندین، کاری هاوبەشی خۆمان لەگەڵ دەستەی باڵا لە هەرێمی کوردستان هەڵپەسارد".
ئاڵدار خەلیل راشیگەیاند "هەڵپەساردنی کاری هاوبەشمان لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد تەنها لە هەرێمی کوردستانە و بۆ پاڕاستنی یەکریزی کورد، لە رۆژئاوای کوردستان درێژە بە کاری هاوبەشی خۆمان دەدەین لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لەچوارچێوەی دەستەی باڵای کوردی‌دا".
هەر بە گوتەی ئاڵدار خەلیل "بڕیاربوو ئەمڕۆ هەینی دەستەی باڵای کورد لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح کۆببێتەوە، بەڵام ئێمە بەهۆی ئەو رووداوە هەڵویستمان نەواند و بڕیارماندا لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی سەردانی د. بەرهەم نەکەین".
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بەدەست (رووداو) گەیشتووە، دوێنێ پێنج شەممە، ئەحمەد داود ئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کە بە سەردانێک هاتبووە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئیسماعیل حەمە، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا و عەبدولباست سەیدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو دوو ئەنجوومەنە کۆبووەتەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان تێیدا ئامادەبوون. ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان کە لە لایەن پارتی یەکێتی دیموکرات PYD سەرپرشتی دەکرێت، بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە نەکراوە.
لە رێکەوتی 11/7/2012 به سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێککەوتنامەی هەولێر لە نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان واژۆ کرا.
لە 19/7/2012 بە کشانەوەی هێزەکانی رژێمی سووریا لە شاری کۆبانی، هێزە کوردییەکان بۆ یەکەم جار کۆنتڕۆڵی شارێکی رۆژئاوای کوردستانیان بەدەست گرت و لە رۆژانی دواتردا عەفرین، ئاموودا، تربەسپی، گڕکێ لەگێ و دێرک بەدەست هێزە کوردییەکان کەوتن. دواتر لە 24/7/2012 لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان لە قامشلۆ، دەستەی باڵای کوردی راگەیەندرا.
پێشبینی دەکرێت دانیشتنی یەکلایەنەی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کاریگەری بخاتە سەر پەیوەندییان لەگەڵ PYD و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان.
سه‌رۆکی کۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کۆما جڤاکێن کوردستان هۆشداری دەداتە تورکیا کە لە ئەگەری هێڕش کردنە سەر رۆژئاوای کوردستان، کوردی هەر چوارپارچەی کوردستان لە بەرامبەری شەڕ رادەگەیەنن. موراد قەرەیلان، سه‌رۆکی کۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کۆما جڤاکێن کوردستان KCK، هۆشدارییەکی توند دەداتە حکومەتی تورکیا کە ئەگەر هێڕش بکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان ئەوا کوردی هەر چوارپارچەی کوردستان لە بەرامبەری شەڕ رادەگەیەنن و سەراسەری تورکیا و باکووری کوردستان دەبێتە گۆرەپانی شەڕێکی دژوار.
ئەو هۆشدارییەی قەرەیلان لە کاتێکدا دێ کە ماوەیەکە حکومەتی تورکیا نیگەرانی خۆی لە باڵادەست بوونی پارتی یەکێتی دیموکرات PYDی نزیک لە PKK دەربڕیوە و تەنانەت سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاند "ئەگەر بێت‌و باکووری سووریا (رۆژئاوای کوردستان) ببێتە هەڕەشەیەک بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی تورکیا، ئەوکات تورکیا بە مافی خۆی دەزانێت هێڕشی سەربازی بکاتە ئەو ناوچەیە".
سه‌رۆکی کۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کۆما جڤاکێن کوردستان KCK سەبارەت به یەکگرتنی هێزە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان لەژێر ناوی دەستەی باڵای کوردی دەڵێت "پێویسته سه‌رجه‌م هێزه‌کان به سیاسی و به سه‌ربازییه‌کانیشه‌وه به‌شداری ئیراده‌ی دەستەی باڵای کورد ببێت و به‌وشێوه‌یه هه‌ڵوێستێکی به‌هێزی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی نیشان بدات. به‌تایبه‌تیش پارتی یه‌کێتی دیموکراتی PYD و سه‌رجه‌م پارته‌کانی دی گه‌ر بێ ئه‌وه‌ی داوای هیچ پێگه‌یه‌کی تایبه‌ت و جیاواز بکات پێکهاته‌ی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی به‌هێز بکات، ئه‌وا سه‌رکه‌وتنی گه‌له‌که‌مان له رۆژئاوا گه‌رانتی ده‌کات. ئێمه وه‌کو ته‌ڤگه‌ڕ، بێ ئه‌وه‌ی هیچ جیاوازییه‌ک بکه‌ین له‌نێوان پارته‌کاندا، بە شێوەیەکی یەکسان مامه‌ڵه ده‌که‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌و پارتانه‌ی که له‌چوارچێوه‌ی یه‌کێتی دیموکراتی نه‌ته‌وه‌ییدان و پشتیوانیان ده‌که‌ین".
لە رێکەوتی 11/7/2012 به سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێککەوتنامەی هەولێر لە نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان واژۆ کرا. لە 19/7/2012 بە کشانەوەی هێزەکانی رژێمی سووریا لە شاری کۆبانی، هێزە کوردییەکان بۆ یەکەم جار کۆنتڕۆڵی شارێکی رۆژئاوای کوردستانیان بەدەست گرت و لە رۆژانی دواتردا عەفرین، ئاموودا، تربەسپی، گڕکێ لەگێ و دێرک بەدەست هێزە کوردییەکان کەوتن.
دواتر لە 24/7/2012 لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان لە قامشلۆ، دەستەی باڵای کوردی راگەیەندرا. ئێستاکەش ئەو دەستەیە وەک نوێنەری گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان کار دەکات و ماوەی هەفتەیەکە بە مەبەستی کۆبوونەوە و دانوستاندن بۆ بەدەست هێنانی پاڵپشتی هەرێمی، ناوچەیی و جیهانی لە هەرێمی کوردستانە.
په‌رله‌مانتارێكی ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌ڵێ "حكومه‌تی عێراق بۆی هه‌یه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ده‌ستگیربكات". هاوكات داوا له به‌غدا ده‌كات باڵیۆز عێراق بكشێننه‌وه و باڵیۆزی توركیاش ده‌ربكات. عه‌بدولهادی ئه‌لحه‌سانی، په‌رله‌مانتاری ده‌وڵه‌تی یاسای سه‌ر به نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له لێدوانێكدا بۆ (رووداو) رایگه‌یاند "وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا هه‌موو بنه‌ما و پێوه‌ره دیپلۆسییه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی پێشلكردووه كه له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا په‌یڕه‌و ده‌كرێ". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند "داود ئۆغلۆ به‌بێ ئاگه‌داركردنه‌وه و هه‌ماهه‌نگی حكومه‌تی عێراق، سه‌ردانی شاری كه‌ركووكی كردووه، بۆیه حكومه‌تی عێراق له‌ئێستادا بۆی هه‌یه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ده‌ستگیر بكات".
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیای به نامه‌یه‌كی زۆر خراپ وه‌سف ده‌كات و به ده‌ستوه‌ردانێكی روون و ئاشكرای داده‌نێت له كاروباری ناوخۆی عێراق و راشیگه‌یاند "پێویسته حكومه‌تی عێراق باڵیۆزی خۆی له توركیا بكشێنێته‌وه و باڵیۆزی توركیاش له به‌غدا بانگهێشت بكات و مۆڵه‌تی 24 كاژێری پێبدات تاوه‌كو عێراق به‌جێ بێڵێ". په‌رله‌مانتاری ده‌وڵه‌تی یاسا راشیگه‌یاند به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جێگه‌ی قبوڵ كردن نییه، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌بێ ئاگه‌داری عێراق سه‌ردانی شاری كه‌ركووك بكات. ناوبراو پرسیاری ئه‌وه‌ده‌كات كه ئایا ده‌كرێ گه‌وره به‌رپرسێكی عێراقی به‌بێ ئاگه‌داری فه‌رمی حكومه‌تی توركیا سه‌ردانی ناوچه‌یه‌كی توركیا بكات؟.
سەرچاوە: رووداۆ/ نەهرۆ محەمەد
وەزیری دەرەوەی توركیا بە بارزانی دەڵێت، توركیا دژی یەكێتی كورد نییە لە رۆژئاوا بەڵام قبوڵیشی نییە وێنەی ئۆجەلان لە قەندیلەوە بگاتە قامشلۆ. رۆژنامەی سەباحی توركی وردەكاری سەردانەكەی داوود ئۆغلو، وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ كوردستان و ئەو پەیامانەی كە لەدووای زیاتر لە كاتژمێرێك دانیشتن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان گفتوگۆی لەسەر كردووە، بە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووە.
پەیامەكانی داود ئۆغڵو كە لەگەڵ خۆی هێناوێتی كە بە بارزانی رابگەیەنێت، لە 4 خاڵدا كۆدەكرێتەوە. لەسەرەتادا دەڵێ ئێمە دژی یەكێتی ریزەكانی كورد نین لە سووریا و دژی دیاریكردنی چارەنووسیان نین، ئێمە دژی هەر چالاكییەكین كە پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD ئەنجامی دەدات. ئەگەر خەڵكی سووریا بەگشتی هەر بڕیارێك لەسەر داهاتووی كوردی ئەو وڵاتە بدەن، ئێمە رێز لەو بڕیارە دەگرین. PYD رووخانی رژێمی سووریای بۆ ئامانجەكانی خۆی دەقۆزێتەوە، ئەوەش لای تەواوی خەڵكی سووریا جێی قبوڵكردن نییە. هەر لە درێژەی ئەم خاڵەیدا، ئۆغلو روو دەكاتە بارزانی و دەڵێ "ئەگەر تۆ دان بە PYD بنێیت و و بیانناسیت، ئەوە بەلای توركیاوە دەبێتە خاڵی كۆتایی". دوێنێ چوار شه‌ممه، مسعود بارزانی، سه‌رۆكی ھەرێمی كوردستان له هه‌ولێر پێشوازیكرد له ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری توركیا و شاندێكی یاوه‌ری.
لە خاڵێكی دیكەی پەیامەكەیدا، ئۆغلۆ دەڵێ "هۆشیاری رێگەی قەدیل-قامشلۆ بە، به‌رزكردنه‌وه‌ی وێنەی ئۆجه‌لان له قامشلۆ، هەمووی لەلایەن ئەو ئهندامانەی PKKوه‌یه كه له قه‌ندیله‌وه رۆیشتونه‌ته ئه‌وێ. پاراستنی ئاسایشی قه‌ندیل زۆر گرنگه و پێویسته هه‌ردوولا به‌رده‌وام بین له كاركردن بۆ رووبه‌روبوونه‌وه‌ی PKK". هەر لە درێژەی پەیامە چوار خاڵیەكەدا هاتووە "بارزانی، نابێ متمانە بە PYD بكەیت، ئەوان لەپێشدا پشتیوانی ئەسەد-یان دەكرد، بەڵام كەهاتنە هەولێر بۆلای بەڕێزتان، بەشێوەیەكی جیاواز رەفتاریان كرد، تەنانەت ئەنجومەنی نیشتمانی سووریاش لێیان ناڕازییە".
لە دواخاڵ ئۆغڵۆ بە بارزانی دەڵێ "یارمەتی ئەنجومەنی نیشتیمانی سووریا بدە بەگشتی، هەموویان پێویستیان بە یارمەتییە، نابێ بەتەنیا یارمەتی كوردەكان بدەی، چونكە دابەشبوونی ئۆپۆزیسیۆن لە قازانجی رژێمی ئەسەدە و دەبێتە هۆی كوشتاری زیاتر".
بۆ یەکەمین جار کچە کوردێک پلەی یه‌كه‌می زانستی پزیشكی سه‌راسه‌ری ئێران به‌ده‌ست دێنێت. فه‌رزانه ره‌حمانی، خەڵکی سنه‌ی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی شەشی ئامادەیی ئه‌مساڵی ئێران، توانی پله‌ی یه‌كه‌می زانستی پزیشكی سه‌رانسه‌ری ئێران له ناو 1 ملیۆن‌و 65 هه‌زار به‌شداربوو به‌ده‌ست بێنێت.
بەڕێوەبەرایەتی هه‌ڵسه‌نگاندنی تاقیكردنه‌وه‌كانی ئێران رایگەیاند "له نێو 1 ملیۆن و 65 هه‌زار به‌شدار بووی تاقیكردنه‌وه‌كانی ئه‌مساڵی ئێران‌دا "فه‌رزانه ره‌حمانی" پله‌ی یه‌كه‌می به ده‌ست هێناوە". ئەوە یەکەم جارە کوردێک دەتوانێ پلەی یەکەمی تاقیکردنەوەکانی پۆلی شەشی ئامادەیی لە ئاستی ئێران‌دا بەدەست بێنێت.
فەرزانە وێڕای خۆشحاڵی دەربڕینی خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئەو پلەیە رایگەیاندووە "رۆژانە زیاتر له 7 کاژێر به‌رده‌وام بووه له خوێندنەوە و ئامادەکردنی خۆی بۆ به‌شداریی کردن له تاقیکردنه‌وه‌کاندا".
هه‌موو ساڵێک بە بەشداری زیاتر لە 1 ملیۆن کەس، له سه‌ره‌تای هاویندا تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره له‌سه‌رتاسه‌ری ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تێیدا دەرچووانی پۆلی شەش بەیەکەوە رکابەری دەکەن. ئەو تاقیکردنەوە چارەنوسسازە لە ئێران به کۆنکوور بەناو بانگە و دەرچوانی پۆلی شەش تەنها بە مەرجی بەدەست هێنانی پلەیەکی دیاریکراو لەو تاقیکردنەوەیەدا دەتوانن لە زانکۆکانی ئێران درێژە بە خوێندن بدەن.
رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا كە ئەمشەو پەخش دەكرێ، پارتی تۆمەتباردەكات بەوەی ستراتیژیەتیان هەبووە بۆ دروستكردنی حوكمی بنەماڵەیی. نەوشیروان مستەفا، رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان لە بەرنامەی رووبەڕوو كە لە كەناڵی ئاسمانی KNNپەخش دەكرێ –ئۆرگانی بزوتنەوەكە- تێڕوانینی خۆی و بزوتنەوەكەی بۆ بارودۆخی ئێستای كوردستان و عێراق و دەخاتە روو. بەرنامەكە ئەمشەو كاژێر 9:30 بەكاتی هەولێر پەشخدەكرێ. لەبەشێكی دیمانەكەدا كەKNN بڵاوی كردووەتەوە، نەوشیروان مستەفا دەڵێ "سەرکردایەتی پارتی لە 20 ساڵی رابردوودا ستراتیژیەتێکیان هەبووە بۆ ئەوەی حوکمی بنەماڵە لە کوردستاندا بچەسپێنن، زۆرجار شەڕێکی دەرەکیان دروستکردووە... بۆ ئەوەی خەڵک داواکارییەکانی خۆی لەبیربچێتەوە، لە پەنای ئەمە مەرامەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە".
نەوشیروان مستەفا ئەمین/لە دایکبووی 1944،سلێمانی/،رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان، پێشتر جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشیتیمانی كوردستان بوو. لەیەكێتیدا لەنێو باڵی ڕیفۆرم بوو، دوای ئەوەی نەیتوانی ڕیفۆرم لەنێو یەکێتیدا بکات لە ساڵی 2006 وازی لە کاری حیزبی هێنا و دەستی کرد بە کاری راگەیاندن و كۆمپانیای وشەی دامەزراند، دوواتر لەگەڵ هاوەڵەکانی بەشێوەیەكی راستەوخۆ هاتەوە ناو سیاسەت و لە هەڵبژاردنەكان بە لیستێكی جیا بەناوی لیستی گۆڕان هاتەوە ناو بواری سیاسی و رێژەیەكی بەرچاوی جەماوەری بۆ لای خۆی راكێشا.
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا بۆ بەرنامەی رووبەروو، رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان گوتی "یەکڕیزی کوردیش لای ئەوان، یانی سەرۆکی هەرێم چی گوت ئێمەیش بڵێین ئەشەوبیلا راستە و بچین پشتیوانی بکەین و تەئیدی بکەین. یەکێتی ریزی کورد بەوە دروست نابێت کە تۆ بچیت شەڕێک لە دەرەوە دروست بکەیت و هەمومانی تێوە بگلێنی".
هێشتا یەكێتی ئەوروپا پشتگیری ئاڵوگۆڕكردنی دەسەڵات دەكات لەسووریا بەشێوەی ئاشتیانە، وەك گوتەبێژی نوێنەرایەتی باڵای ئەمن و سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا دووپاتی كردەوە. مایا كوسیانیچ، گوتەبێژی نوێنەرایەتی باڵای ئەمن و سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند كە چارەسەری سیاسی تاكە ڕێگایە بۆ رزگاربوون لەو قەیرانە و گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ سووریا. ئەم گوتانەی مایا لەدەرئەنجامی گوتەیەكی پێشتری وەزیری دەرەوەی بەلجیکا هاتووە كە دەڵێ "هیچ چارەسەرێك بۆ دۆخی سووریا نابینینەوە جگە لە رێگەی سەربازی، بەڵام بەشێوەیەكی جیا لەوەی لیبیا روویدا".
گوتەبێژەكەی یەكێتی ئەوروپا جەختی لەسەر گرنگی كاردن لەژێر چوارچێوەی ئەنجومەنی ئاسایش كردەوە و گوتی "ئێمە لە ئەوروپا پێمان وایە كە ئەنجومەنی ئاساییش دەتوانێ بەرپرسیاریەتی دۆخی سووریا بگرێتە ئەستۆی خۆی، ئێمە دژی بەردەوامبوونی كوشتار و كاری سەربازین، هەوڵی زۆریشمان داوە كە هاوكاری بەردەوامی ئۆپۆزیسیۆن بدەین، هەر وەك چۆن گەلێك سزامان بەسەر سووریادا سەپاند بۆ ئەوەی تەواوی رێگەكانی لێ بگرین".
سەرچاوە: الشرق الاوسط