باوکی زانیار مورادی دەڵێ، ئەگەری ئەوە هەیە پێشنوێژی شاری مەریوان بۆ لەسێدارەدانی زانیار و لوقمان سەردانی تارانی کردبێت.
ئیقبال مورادی، باوكی زانیار لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو) رایگەیاند "بەداخەوە مامۆستا مەلا مستەفا شێرزادی سەردانی تارانی کردووە و ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو سەردانە بۆ جێبەجێ کردنی سزای لەسێدارەدانی زانیار و لوقمان بێت".
ئیقبال مورادی راشیگەیاند "کۆماری ئیسلامی هەرکات لەژێر گوشاری سیاسی و ئابووری بێ، دەست دەکات بە تۆقاندن و ترساندن و لەو کاتانەدا هیچ ئامرازێکی لەبەر دەستدا نییە جگە لە زیندانیانی سیاسی بێ پشتیوان نەبێت".
زانیار و لوقمان مورادی لە ساڵی 2009 لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستبەسەر کران و لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری تاران بە تاوانی محاربە (شەڕكردن لەگەڵ خوا) و بە تۆمەتی کوشتنی کوڕی پێشنوێژی شاری مەریوان، سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.
باوکی زانیار سەبارەت بەدوایین پەیوەندی پارێزەر و بنەماڵەکەی لەگەڵ زانیار دەڵێت "زانیار لەماوەی ئەو سێ ساڵ و نیوەی کە لە گرتووخانەدایە لە مۆڵەتی دیدارکردن بێ بەشکراوە و بەپێی ئاخرین نامە کە زانیار لە ناو زینداندا ناردویەتی، تا ئێستا پارێزەری نەبووە. پارێزەرەکەی لوقمانیش بەداخەوە نەیتوانیوە هیچی بۆ بکات. دادوەر سەلەواتی پێش ئەوەی دەست بە دادگایی کردنی زانیار و لوقمان بکات، ئەوانی بەناو موحاربە و دژە خوا ناساندووە و پێی گوتون کە سزای لەسێدارەدانتان بەسەردا دەسەپێنین".
باوکی زانیار لایەنە سیاسی و میدیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو پرسەدا بە کەمتەرخەم دەزانێت "بەداخەدوە رۆژانە تێکۆشەرانی کورد لە ئێران لەسێدارە دەدرێن بەڵام زۆربەی لایەنە سیاسییەکان و میدیاکان ئەو پرسە وەک بازاڕگەرمییەک بەکار دەهێنن و هیچ لێدوان و راگەیاندنێک ناکەن تا ئەو کاتەی کە کار لەکار ترازاوە و دوای ئەوەی کە زیندانیانی سیاسی کورد لەسێدارە دران بۆ ماوەی چەند رۆژ پرۆپاگەندەیان پێدەکەن و دواتر ئەو پرسە لەیاد دەبەن. هیوادارم لایەنە سیاسی و میدیاکان ئاگاداری ئەوە بن کە چ پەیامێکی ئەخلاقی گەورەیان لەسەر شانە و بەرگری لە مافی گەلەکەیان بکەن".
ئیقبال مورادی ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ زانیار و لوقمان بە "تۆمەتی سیاسی" دادەنێ "نەك یاسایی" و رایدەگەیێنێ كە زانیار هیچ رۆژێك ئەندامی پارتە كوردییەكان نەبووە و رەنگە تەنیا تاوانی زانیار ئەوەبێ كە كوڕی پێشمەرگەیە".
باوكی زانیار كە خۆی پێشمەرگەی كۆمەڵەیە رایدەگەیێنێ "لوقمان لایەنگری كۆمەڵە بووە و سزای 6 مانگ زیندانی بەسەرداسەپابوو و تەنها 10 رۆژ دوای ئازادبووونی، دووبارە دەستگیركرایەوە، بەڵام هیچ كات ئەندامی هیچ حیزب و لایەنێک نەبووە".
كوشتنی كوڕی پێشنوێژ و گوتارخوێنی شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان، یەكێك لە سەرەكیترین تۆمەتەكانە كە دراوەتە پاڵ زانیار و لوقمان. ئیقبال مورادی لەسەر ئەو تۆمەتە دەڵێ "مامۆستا مەلا مستەفا شێرزادی بەڕوونی دەزانێ كە كەوتووەتە ناو چ گەمەیەكی سیاسییەوە و بە گوتەی ئەو كەسانەی سەردانیان كردووە، دانیان بەوە داناوە كە زانیار و لوقمان لە رووداوی كوشتنی كوڕەكەی بێ تاوانن".
باوكی زانیار داوا لە مامۆستا شێرزادی دەكات راستییەكان بۆ خەڵك ئاشكرا بكات و رابگەیێنێ كوژرانی كوڕەكەی بەدەستی زانیار و لوقمان سیناریۆیەكی بێ بنەما و داڕێژراوە.
رێكخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی و ئەحمەد شەهید، رێپۆرتێری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە بواری مافی مرۆڤ لە ئێران، لە سێ بەیاننامەی جیاوازدا رایانگەیاندووە كە ئەو دوو گیراوە كوردە لەژێر ئەشكەنجە و هەڕەشە ناچاركراون تاوانێك قبووڵ بكەن كە نەیانكردووە.
ئەو دوو زیندانییە سیاسیە کورده که ئێستاکه لە بەندی 4ی گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەج چاوەڕوانی پەتی سێدارە دەکەن، لە چەندین نامەدا داوایان له چالاکانی مافی مرۆڤ کردوە تا به هانایانەوە بچن.
سەرچاوە: رووداۆ/ ساکار عەندولازادە
ژمارەیەکی زۆری کوردانی سووریا روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن. لەترسی ئەوەی ببنە قوربانی شەڕی نێوان بەرهەڵستارانی سووریا و جەنگاوەرە کوردەکان. لەوەش دەترسن کە ئێرانیش ببێتە بەشێک لە جەنگەکە.
محەممەد کە پێشتر لە سوپای سووریادا خزمەتی کردووە و لەترسی ئەوەی کە فەرمانی کوشتنی خەڵکی پێ بکرێت، نیوەشەوێک رایکردووە بەرەو هەرێمی کوردستان، گوتی " فەرمانت پێدەکەن کە منداڵ و ژن و پیاو بکوژیت، بەڵام من نەمدەتوانی وا بکەم". محەممەد ،27 ساڵ، ئەندازیارە و لە مانگی ئەپڕیلەوە لە کامپی دۆمیزی سەر بە پارێزگای دهۆک نیشتەجێیە.
هەر وەکو محەممەد، رۆژانە سەدان کەس لە سووریاوە پەنا بۆ ئەم کەمپە دێنن.
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 67 هەزار پەنابەری کوردی سووریا (رۆژئاوای کوردستان) لە هەرێمی کوردستان دەژین. بەپێی قسەکانی رۆژنامەنووس خدر دۆملە، زۆربەی پەنابەران بەدوای پەیداکردنی کار دەگەڕێن لەناو هەرێمی کوردستاندا. دۆملە دەڵێت "خواردن نییە، هەموو شتێک زۆر گرانە، کاریش دەست ناکەوێت. زۆبەی ئاوارەکانیش بۆ ئەوە پەنا بۆ ئێرە دێنن وادەزانن کە لێرە کاریان دەستدەکەوێت". هەندێکیشیان لە سوپا هەڵدێن. محەممەد باسی کوشتار و بۆمباران و دۆخی رۆژانەی سووریا دەکات و دەڵێت لەکاتێکدا شەڕ بەرۆکی حەڵەبی گرتبوو، زێدی محەممەد لە ژێر دەستی شۆڕشگێڕانی کوردا بوو، بە ئارامی مابووەوە. بەڵام هێشتا پێکدادانی سوپای ئەسەد و شۆڕشگێڕان لە هەندێ ناوچە کوردیەکان هەر ماوە.
ناکۆکیەکانی ناو شۆڕشگێڕان
پەنابەران بەدوای کار و ئارامیدا دەگەڕێن لە دهۆک. محەممەد دەڵێت "هێرشیان کردە سەر ماڵی ئێمە و هەموو شتێکیان تاڵان کرد و دوکانەکەمیان تێکدا". محەممەد مەبەستی لە شۆڕشگێڕان بوو. لە چەند هەفتەی رابردوودا چەندین پێکدادان روویداوە لە نێوان بەرهەڵستکارانی سووریا و لایەنگرانی یەکێتی دیموکراتی کورد (PYD).
PYD سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان PKKیە، واش دەگوترێت کە PYD هاوکاری ئەسەد دەکات و لەبەرامبەردا ناوچە کوردییەکانی بۆ PYD چۆڵکردووە. پێدەچێت هەر لەبەر ئەوەش بێت کە بەرهەڵستکارانی سووریا هێرش دەکەنە سەر هێزە کوردییەکان.
بەپێی قسەکانی چالاکوانێکی سیاسی کورد، "PKK رۆڵێکی مەترسیدار دەگێڕێت" و پێی وایە کە دوای روخانی ئەسەد رەنگە ژیانی کورد زۆر تاڵبێت لە سووریا، چونکە وا پێدەچێت شۆڕشگێڕان تۆڵە لە کورد بکەنەوە. بەڵام ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆش، کوردانی خستووەتە دڵەڕاوکێوە. سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانێش دستی خستووەتە ناو ململانێکەوە و چالاکوانێک پێیوایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت دوای روخانی ئەسەد، دەستڕۆیشتوویی خۆی لە ناوچە کوردیەکانی سووریا (رۆژئاوای کوردستان) زیاد بکات.
ئاوارەکانی سووریا زۆر بەیان لە کامپدا دەژین و هەندێکیشیان لای خزم و کەس و کاریان دەمێننەوە. محەممەد کە بارودۆخی ئێستا دەیترسێنێت، دەڵێت "سوپای سووریای ئازاد لەبەر ئەوە دەمانکوژێت، چونکە کوردین". ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ کام لە هاوڕێکانی پەیوەندیان بە هیچ گروپێکەوە نەکردووە، بەڵام خۆی لایەنگیری شۆڕشگێڕان دەکات دژی رژێمی ئەسەد. دەڵێت " لەژێر دەسەڵاتی ئەسەددا خاوەنی هیچ نەبووین، رێگەمان پێنەدەدرا بەزمانی خۆمان بدوێین''.
لێکترازانی زیاتر؟
دۆملە بەوە دڵخۆش بوو کە رێککەوتنێک لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا واژۆکراوە. هەردی هاوڕێشی کەمتر گەشبین بوو. ئاماژەی بەوە کرد کە لە لێکترازانی زیاتر دەترسێت. بەتایبەت لە ململانێی نێوا حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق. "حکومەتی بەغدا پەیوەندی زۆر نزیکی هەیە لەگەڵ ئێران و رژێمی سووریا. لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی شۆڕشگێڕان دەکات".
محەممەد لەهەر شتێک زیاتر دەیەوێت کە بگەڕێتەوە زێدی خۆی و بە دایک و باوک و پێنج خوشکەکەی شاد بێتەوە، کە هێشتا لە سووریا دەژین. بەڵام پێشی وایە کە کاتی دەوێت تا دووبارە ئاشتی دێتەوە ئاراوە.
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رۆژ دوای رۆژ نیگه‌رانییه‌كانی زیاتر ده‌بێت له باره‌ی ئه‌و موشه‌كه دوور هاوێژانهی كه به‌م دواییانه له لایه‌ن ئێرانه‌وه دراونه‌ته رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د .
به‌رپرسانی ئه‌مریكی كه ئاماژه به ناوه‌كانیان نه‌كراوه ده‌ڵێن رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د به‌م دواییانه چوار موشه‌كی گه‌وره‌ی دوور هاوێژی له‌و ناوچانه گرتووه كه هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن ده‌ستیان به‌سه‌رداگرتووه، به‌مه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د چه‌كی قورس‌تر به‌رامبه‌ر به هێزه‌كانی سوپای ئازادی سووریا به‌كاردێنێت.
ئه‌و موشه‌كانه ناسراون به فه‌تح-110 وه زۆر تووندن و زیان بهخشترن له موشه‌كی جۆری ( سكۆد) كه ئێستا ئه‌سه‌د به‌كاریان ده‌هێنێت .
له مانگی دێسێمبه‌ر دا , یه‌كه‌م وێنه‌ی ئه‌وه گیرا كه هێزه‌كانی ئه‌سه‌د مووشه‌كی ( سكۆد) یان به‌كارهێناوه دژ به شۆڕشگێران, وه له‌م باره‌یه‌وه چاودێرانی سیاسی ده‌ڵێن كه ئه‌مه نیشانه‌ی به‌ش به‌شبوون و له‌ناوچوونی رژێمی ئه‌سه‌د و هه‌نگاونان و به‌ره‌و پێش چوونی هێزه‌كانی سوپای ئازادی سووریا ده‌خاته روو .
رێكار برادۆستی
ئەندامی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆماجڤاکێن کوردستان پێشوازی لە هەڵوێستەکەی بارزانی دەکات و دەڵێ هیچ باسێک لەسەر هاتنی شاندی میت بۆ قەندیل لە ئارادانییە.
رۆژ وڵات، ئەندامی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆماجڤاکێن کوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند "سەبارەت بە هاتنی شاندی میت بۆ قەندیل، تا ئێستا هیچ پرسێکی وا بە فەرمی لە ئارادا نییە، بۆ پرسگەلی گشتیش ئێمە وەکو کۆما جڤاکێن کوردستان جگە لە لێدوانەکانی موراد قەرەیلان، ئێستا هیچ وتەیەکی دیکەمان نییە".
ئەمڕۆ شەممە، مەتە چۆبوکچو، لە گوتارێکیدا لە رۆژنامەی ئاکشامی تورکیادا رایگەیاند "دوای چاوپێکەوتنی میت و BDP لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمراڵی، شاندێکی میت ئامادەکاری ئەوە دەکات سەردانی قەندیل بکات".
رۆژ وڵات راشیگەیاند "هەڵوێستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەوە سەرچاوە دەگرێت کە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەهەمان شێوەی بەڕێز بارزانی لەگەڵ زمانی گفتوگۆ و ئاشتییانەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکوور. ئێمە پێشوازی لەو هەنگاوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین و بە هەنگاوێکی ئیجابی دەزانین".
ئەمڕۆ شەممە، د. ئومێد سەباح، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە چاوپێکەوتنی پەرلەمانتارانی کورد لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دڵخۆشە و بە هەنگاوێکی گەورەی دەزانێت".
سەبارەت بە پرسی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، رۆژ وڵات گوتی "بە کردەوە هیچ سنوورێک لەنێوان ئەو دوو پارچەیە نییە، کورد لەهەر پارچەیەک بێت خاکی خۆیەتی، بەڵام ئێستا پێویستە دەروازە کراوە بێت بۆ هاوکاری کردنی کوردانی رۆژئاوا، چونکە خەریکی شۆڕشێکی گەورەن، بەتایبەتی لەڕووی دابینکردنی شتومەک و خۆراکەوە. بۆیە دەخوازین ئەو تەلانەی لەسەر سنوور دانراوە، نەمێنێت، چونکە دواجار کوردن و خوشک و برای ئێمەن لەوێ".
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار، تیمی پزیشکی سه‌رپه‌رشتیکاری چاره‌سه‌رکردنی سه‌رۆک کۆمار جه‌لال تاڵه‌بانی دوپاتیانکردوەتەوە کە ته‌ندروستی تاڵەبانی جێی دڵنیاییه:
به‌یانێک له‌نوسینگه‌ی فه‌خامه‌تی سه‌رۆک کۆماره‌وه
تیمی پزیشکی سه‌رپه‌رشتیکاری چاره‌سه‌رکردنی سه‌رۆک کۆمار جه‌لال تاڵه‌بانی دوپاتیکرده‌وه ته‌ندروستی فه‌خامه‌تیان جێی دڵنیاییه، چاره‌سه‌ره‌کان زۆر به‌باشی وه‌رده‌گرێت و قۆناغه سه‌خته‌کانی زۆر به خێراتر بڕیوه وه‌ک له‌وه‌ی پێشبینی ده‌کرا، ئه‌وه‌ش یارمه‌تیده‌ر بوه بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی رێوشوێنه‌کانی چاره‌سه‌رو هه‌نگاونان بۆ چه‌ندین رێوشوێنی تری بوژانه‌وه‌و چاکبونه‌وه‌ی ته‌واو.
سه‌رباری ئه‌و به‌ره‌و پێشچونه له ته‌ندروستی به‌ڕێزیان جێی داخ و تێڕامانه رۆژنامه‌ی (فیگارۆ)ی فه‌ره‌نسی هه‌واڵێکی سه‌رله‌به‌ر ناڕاست بڵاوده‌کاته‌وه به‌پێچه‌وانه‌ی باشبونی ته‌ندروستی سه‌رۆک کۆمار.
ئێمه له کاتێکدا به ته‌واویی لێبڕاوانه ئه‌و هه‌واڵه‌ی رۆژنامه‌که ره‌تده‌که‌ینه‌وه داوا له‌ویش و له هه‌موو ده‌زگاکانی راگه‌یاندن ده‌که‌ین پشت ببه‌ستن به تاکه سه‌رچاوه‌ی ره‌سمی بۆ زانینی هه‌واڵی ته‌ندروستی فه‌خامه‌تیان ئه‌ویش نوسینگه‌ی سه‌رۆک کۆماره.
له کاتێکدا باشبونی باری ته‌ندروستی سه‌رۆک تاڵه‌بانی دوپات ده‌که‌ینه‌وه به‌ده‌رفه‌تی ده‌زانین سوپاس و پێزانینمان دوباره و نوێ بکه‌ینه‌وه بۆ هه‌موو سه‌رۆک و سه‌رکرده‌کانی عه‌ره‌بی و جیهانی، سه‌رکرده سیاسی و ئاینی و میللییه‌کان له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات که چ به ته‌له‌فۆن یان بروسکه‌و نامه له هه‌واڵی ته‌ندروستی سه‌رۆک کۆمار جه‌لال تاڵه‌بانی یان پرسیوه.
نوسینگه‌ی سه‌رۆک کۆمار
5-کانونی دوه‌م-2013
له راپۆرتێكى فه‌رمى حكومه‌تى ئه‌مریكادا هاتووه كه ئێران له‌سه‌رتاسه‌رى جیهان 30 هه‌زار سیخوڕ‌ى هه‌یە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە راپۆرتێکی نوێ‌دا ئاماژە بە هەوڵەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران‌دا دەکات.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە کە لە 64 لاپەڕەدا ئامادە کراوە، 30 هەزار سیخوڕی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لوبنانەوە تا ئەرجەنتین بڵاو بوونەتەوە و کاری سیخوڕ‌ى و ته‌قینه‌وه‌ى تیرۆرستى و جێبه‌جێكردنى فه‌رمانى كوشتن بۆ كه‌سایه‌تى سیاسی و دزینى زانیارى ئهلێكترۆنى ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها پاڵپشتی له بزووتنه‌وه شیعه‌كان له سه‌رتاسه‌رى جیهانه‌وه ده‌كه‌ن و په‌یوه‌ندیشیان به گرووپه سوننیهكانهوه هه‌یه، له‌نێویشاندا رێكخراوى قاعیده و به‌شه‌كانى له‌سه‌رتاسه‌رى جیهاندا.
ئه‌م راپۆڕته به به‌شدارى زیاتر له ده‌زگایه‌كى هه‌واڵگرى ئه‌مه‌ریكا و تیمێكى لێكۆڵینه‌وه له نووسینگه‌ى كۆنگرێسى ئه‌و وڵاته ئاماده كراوه و تێیدا ئاماژه به‌وه‌شدراوه كه وه‌زاره‌تى (ئیتلاعات)ی ئێران پاڵپشتى لۆجستى و دارایی بۆ ئه‌و سیخوڕانه دابین ده‌كات و له هه‌مان كاتدا سوپاى پاسدارانیش سه‌رپه‌رشتى پرۆسه مه‌یدانیه‌كانیان ده‌كات.
ئەمرۆ لە هاوینەهەوارى دوکان،وەفدێکى باڵاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان بەجیا، بەمەبەستى "بەخێرهاتنەوە" سەردانى هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد خێزانى،جەلال تاڵەبانى دەکەن.
هێرۆ ئیبراهیم خێزانى جەلال تاڵەبانی رۆژى پێنجشەممەى رابردوو لە ئەڵمانیا گەرایەوە کەلەوێ تاڵەبانى چارەسەر وەردەگرێت.
وەفدەکەى پارتى دیموکرات پێک هاتبو لە نێچیرڤان بارزانى جێگرى سەرۆکى پارتى و تێدا وێراى بەخێرهاتنەوە، باس لە دوایین رەوشى تەندروستى تاڵەبانى کراوە.
هەر ئەمرۆش وەک میدیاکانى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بڵاویانکردوەتەوە،وەفدێکى باڵاى یەکێتى کە پێک هاتوە لە جێگرانى سکرتێرى گشتى : کۆسرت رەسوڵ و دکتۆر بەرهەم ساڵح و هەروەها مەلابەختیار و زۆرێک لە ئەندامانى مەکتەبى سیاسى ئەو پارتە سەردانى هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدیان کردوە.
وەک بڵاوکراوەتەوە:"لەو دیدارەدا هەڤاڵ هێرۆ بە وردی باری تەندروستی هەڤاڵ مام جەلال-ی باسکرد و بە هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی راگەیاند کە تەندروستی سەرۆک تاڵەبانی تا ئاستێکی دڵخۆشکەرو دڵنیاکەرەوە بەرەو باش بوون رۆیشتووەو بەبەردەوامی دکتۆرەکان لەباش بوون و بەرەوپێشەوەچوونی بەردەوامی تەندروستیەکەی دڵنیایان کردوینەتەوە."
هەروەها هاتوە:" هەڤاڵ هێرۆ جارێکی تر سوپاسی خۆی دەربڕی کە هەڤاڵانی جێگر و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئۆرگانەکانی تر لەم ماوەیەدا کە هەڤاڵ سکرتێری گشتی لەسەفەری چارەسەکردنە بە یەکڕیزی و دڵسۆزی و پەرۆشییەوە ئەرکەکانی یەکێتیان بەجێهێناوە."
عبدوڵڵا ئۆجەلان سەرکردەی زیندانیکراوی پەکەکە لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا لە دورگەی ئیمراڵی رایگەیاندووە کە ئەو دەبێت وەک "تاکە بڕیاردەر" تەماشا بکرێت لەبارەی بڕیاردان لەسەر چەکداماڵینی پەکەکەوە.
دوو سیاسەتمەداری کورد ئەحمەد تورک و ئایلا ئەکات رێگەیان پێدرا لە ئیمراڵی چاویان بە عبدوڵڵا ئۆجەلان بکەوێت. بەپێی راپۆرتەکان ئۆجەلان رایگەیاندووە:" لەچەند مانگی داهاتوودا چەند هەنگاوێکی گرنگ دەگیرێنەبەر، ئەگەر پرۆسەی گفتوگۆکان شکستی پێنەهێندرێت."
کۆبوونەوەکە چەند رۆژیک دوای ئەو لێدوانەی رەجەب تەیب ئەردۆگان بوو کە رایگەیاند لەگەڵ پەکەکە لە گفتوگۆدان بۆ دانانی چەک.
ئۆجەلان ئەوەشی گوتووە:" ئامانجەکە ئەوەیە کە ژینگەیەک بهێنرێتە ئاراوە کە پێویست بە چەک نەکات، هەمووان دەبێت وریا و هەستیار بن."
چاودێرانیش پێیان وایە ئەم لێدوانەی ئۆجەلان دەرگای قۆناخێکی تر واڵا دەکات لەبەردەم پرسی کورد دا.
وەزیری دادی تورکیا سەعدوڵا ئەرگین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە ئەو مۆڵەتی ئەو کۆبوونەوەیەی داوە و گوتی "پرۆسەکە لە بەرژەوەندی وڵاتەکەماندایە."
ئایلا ئەکات پەرلەمانتاری سەر بە پارتی ئاشتی و دیموکراسی (BDP)و ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکرات( DTK) رۆژی 3ی کانونی دووەم کاژێر هەشتی بەیانی بەرەو ئیمراڵی بەڕێکەوتن و کاژێر سێی دوا نێوەڕۆ گەڕانەوە بۆ ئیستەنبوڵ.
بەپێی راپۆرتە هەواڵییەکانیش لە داهاتووشدا چەندین سەردانی تریان دەبێت بۆ لای عبدوڵڵا ئۆجەلان.
هیوا قۆچاڵی
کاتێک لە 2007 پرسیار کرا لە رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئایا لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە بۆ هاوکاریکردنی لە ململانێی PKK دا، ئەردۆگان گوتی کە لەگەڵ 'سەرۆک هۆزێک' دا کۆنابێتەوە، بەڵام دوای چوار ساڵ لە میانەی سەردانێکیدا بۆ هەولێر، بارزانی لە باوەش گرت و بە 'براکەم' بانگی کرد.
گۆڕانی بنەڕەتی لە سیاسەتی تورکیادا بەرامبەر هەرێمی کوردستان و بنیاتنانی پەیوەندی لەگەڵ کوردان‌دا، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەم چەند ساڵەدا، لەلایەن چەندین لایەنی هەرێمییەوە دەستخۆشی لێکراوە و واشنتنیش پشتگیری لێدەکات. پشتگیری تورکیا لە کورد گەیشتۆتە ئاقارێک کە تورکیا رەنگە هەرێمی کوردستان هەڵبژێرێت بەسەر بەغدادا لەو ململانێیەدا، ئەمەش حکومەت ئەمریکا نیگەران دەکات، لەکاتێکدا پێشتر زۆر پشتگیری لە پەیوەندی نێوان تورکیا‌و کوردانی عێراق دەکرد.
دەنیس ناتالی پسپۆری کاروباری وزە لە زانکۆی نەشناڵ دیفێنس بە تودەی زەمانی راگەیاندووە کە پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەگشتی لەپێناو کەرتی ئابوری و بواری ئەمنیدایە، ناتالی دەڵێت:" تا ئەوکاتەی ئەم پەیوەندیانە نەبنە هۆی پێشێلکردنی سەربەخۆیی عێراق و نەبنە هاندەر بۆ دابەشبوونی عێراق، دەکرێ سودیان هەبێت بۆ عێراق بە گشتی. بەڵام بە پشتگوێخستنی بەغدا، ئەنقەرە دۆخێکی ناهەموار دەسازێنێ کە دواجار لە بەرژەوەندی خۆشیدانابێت، بەتایبەت لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و سەر سنور و هەروەها سوریاش."
نیگەرانیەکانی ئەمریکا شاراوە نین لەبارەی ئاڵۆزبوونی پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغدا بە دەستتێوەردانی تورکیا. هەفتەی رابردوو، رۆبەرت بیکرۆفت باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بارزانی ئاگادار کردەوە کە هەڵمەتەکانی راگرێت لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق، بەێی راپۆرتەکان، بیکرۆفت بە بارزانی راگەیاندووە کە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێن و ئەمریکاش هیچ کردەیەکی تاکلایەنەی حکومەتی هەرێم قبوڵناکات. ئەم ئاگادارکردنەوەیە ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەمریکا دەیەوێت پشتگیری لە حکومەتەکەی مالیکی بکات و کورد بێدەنگ بکات. هەروەها و بارزانیش بە بیکرۆفتی راگەیاندووە، بەپێی ماددەی 140 ی دەستوری عێراق، کێشەکە پێویستە بە ریفراندۆم چارەسەر بکرێت.
لە رۆژنامەی دەیلی ستاردا ئەو هەواڵە بڵاو بۆوە کە ئەردۆگان بەڵینی بە بارزانی داوە کوردستان بپارێزێت لەکاتی هێرشی هێزەکانی دیجلەدا، جوست هیلتەرمان پسپۆڕی کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە تودەی زەمانی راگەیاند:" حکومەتی ئەمریکا زۆر دڵخۆشە بە پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، بەڵام پشتگیری هاوپەیمانی نێوان ئەنقەرە و هەولێر ناکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی عێراق،" هەروەها باسی هەڵوێستی ئەمریکاشی کرد لەبارەی هاوپەیمانی ئەنقەرە و هەولێر. گوتی:" ئەمریکا زۆر نیگەران بوو لە پشتگیری کردنی ئەنقەرە لە هەوڵەکەی بارزانی بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق."
پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و حکومەتەکەی مالیکی روویان لە گرژی کرد دوای پشتیوانیەکانی ئەنقەرە لە لیستی عێراقیە، کە بەرهەڵستی مالکین. جەلال تاڵەبانی سەرکۆماری تازە نەخۆشکەوتووش سیاسەتی تورکیای وا وەسف کردووە:" دوای کڵاوی با بردوو کەوتووە." ئاڵۆزیەکانیش زیاتر پەرەیان سەند دوای ئەوەی تارق الهاشمی پەنای بۆ تورکیا برد، پاشئەوەی تۆمەتبار کرا بە هاوکاریکردنی تیرۆر.
دەنیس ناتاڵی پێیوایە کە تورکیا نابێت ناکۆکیە نەتەوەیی و تائیفیەکان لەبەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت، دەڵێت:" تورکیا پێویستە هەوڵبدات وەک ناوبژیوان بێت لە عێراقدا نەک هانی ناکۆکیە تائیفیەکان بدات لە دژی مالکی، بەڵکو دەبێت لەهەوڵی پێکهێنانەوەی هەولێر و بەغدادابێت."
هەروەها ناتالی ئەوەشی خستە ڕوو:" تورکیا پێویستە هاوکاری بەغدا بکات بۆ بنیاتنانەوەی هێلی نەوتی باکور تاوەکو هاوردەی نەوت بۆ تورکیا زیاد بکات،." پێشیوایە کە دەبێت بە پەیامێکیش بۆ بەغدا کە تورکیا نایەوێت عێراق لەبەریەک هەڵبوەشێنێت.
هیوا قۆچاڵی
ئه‌حمه‌د تورك و په‌رله‌مانتارێكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی له دورگه‌ی ئیمرالی چاویان كه‌وتووه به عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، سه‌رۆكی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان.
ڕۆژنامه‌ی رادیكاڵی توركیا بڵاویكردووه‌ته‌وه كاژێر 8ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 3ی كانوونی دووه‌م، هه‌ریه‌ك له ئایلا ئاكات عه‌تا، په‌رله‌مانتاری پارتی ئاشتی و دیموكراسی (به‌ده‌په) و پارێزه‌ر میراڵ ده‌نیس و ئه‌حمه‌د تورك، په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆ بۆ بینینی ئۆجه‌لان به‌ره‌و دورگه‌ی ئیمرالی به‌ڕێكه‌وتوون و كاژێر سێی پاشنیوه‌ڕۆ گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له 15 ی شوباتی ساڵی 1999دا له كینیا له ئۆپه‌ڕاسیۆنێكی هاوبه‌شی ده‌زگاكانی هه‌واڵگری میتی توركیا و مۆسادی ئیسرائیل و سی ئای ئه‌ی ئه‌مریكادا ده‌ستگیركرا و سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌رداسه‌پێندرا، به‌ڵام دواتر حوكمه‌كه‌ی گۆڕدرا بۆ زیندانی هه‌تاهه‌تایی و له‌وكاته‌وه له به‌ندیخانه‌یه‌ك له‌دورگه‌ی ئیمڕالی له‌سه‌ر مه‌ڕمه‌ڕه به‌ندكراوه.
دانا ته‌یب مه‌نمی
ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، رۆژنامه كوردییه‌كان گرنگیه‌كى زۆریان به كۆبوونه‌وه‌كه‌ى دوێنێى لێژنه‌ى باڵاى كارى هاوبه‌شى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا داوه و باسى ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه پارتى له به‌غدا یه‌كێتى به ته‌نها جێده‌هێڵێت.
رۆژنامه‌ى هه‌ولێر به مانشێتى "هه‌ولێر 13ى مانگ وه‌ڵامى به‌غدا ده‌داته‌وە" بابه‌تێكى بڵاوكردووته‌وه و تێیدا لێدوانى هه‌ڵگورد حیكمه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندن و رۆشنبیرى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى وه‌رگرتووه و ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هێزى دیجله هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و ده‌ڵێ "شاندى به‌غدا كارنامه‌یه‌كى نووسراویان پێشكه‌ش به شاندى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه كردووه و له كۆبوونه‌وه‌ى داهاتوودا كه له رێككه‌وتى 13ى ئه‌م مانگە له به‌غدا به‌رێوه ده‌چێت وه‌ڵامى ئه‌و نووسراوه دهدهینهوە".
رۆژنامه‌ى كوردستانى نوێش به مانشێتى "پێداچوونه‌وه به هه‌فته‌ى تووڕه‌یی سوننه‌دا .. به‌غدا گێمێكى دیكه‌ى ململانێ به‌ڕێوه‌ده‌بات" راپۆرتێكى بڵاوكردووەته‌وه و تێیدا باس له به‌رده‌وامبوونى ته‌نگژه‌كانى نێوان حكومه‌تى عێراق و شاره سوننیه‌كان ده‌كات و له‌باره‌ى خۆپیشاندانى عه‌ره‌به سوننه‌كانى پارێزگاى كه‌ركووكیش، لێدوانى د. سیروان ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له فراكسیۆنى هاوپه‌یمانى كوردستانى وه‌رگرتووه و ده‌ڵێ "عه‌ره‌به‌كانى شارى كه‌ركوك به‌شێكن له‌و خۆپیشاندانانه‌ى كه له ئارادان ده‌یانه‌وێت به به‌ردێك دوو نیشانه بشكێنن ناشتوانن خۆیان جیابكهنهوە".
رۆژنامه‌ى خه‌باتیش به مانشێتى "هاوپه‌یمانى كوردستانى به‌شدارى دانیشتنێكى نائاسایی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران ده‌كات" به‌یاننامه‌یه‌كى فراكسیۆنى هاوپه‌یمانى كوردستانى له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بڵاوكردووەته‌وه و تێیدا هاتووه "سه‌باره‌ت به داخوازیی ئوسامه نوجێفى بۆ دانیشتنى كۆبوونه‌وه‌ى به په‌له‌ى نائاسایی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ئێمه وه‌ك هاوپه‌یمانى كوردستانى له دانیشتنه‌كه‌دا ئاماده ده‌بین ".
هەروەها رۆژنامه‌ى هاوڵاتی به مانشێتى "پارتى له به‌غدا یه‌كێتى به ته‌نها جێده‌هێڵێت" بابه‌تێكى بڵاوكردووەته‌وه و تێیدا لێدوانى سه‌لام عه‌بدوڵڵاى سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌ى خه‌باتى – زمانحاڵى پارتى وه‌رگرتووه و ده‌ڵێ "سه‌رۆك كۆمار پۆستێكى مه‌عنه‌وی بووه بۆ كورد و پێمانخۆشه بدرێته‌وه به كورد، به‌ڵام هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى نه‌بووه، بۆیه گرنگ نیه داواى بكه‌ینه‌وه و پێداگیرى له‌سه‌ر بكه‌ین".
رۆژنامه‌كه لێدوانى مسته‌فا چاوره‌ش، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیشى وه‌رگرتووه و ده‌ڵێت "ئه‌و پۆسته پشكى كورده و پشكى یه‌كێتیه، بۆیه ده‌بێت به هه‌موومان پێداگیرى بكه‌ین بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى، هیواداریشم پارتى پێداگیرى بكات".
ئامادەکردن: شۆڕش تەڵعەت
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان خوازیارە هێزێکی مەدەنی سنووری رۆژئاوای کوردستان بەدەستەوە بگرێت و رەتی دەکاتەوە کە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان داخرابێت.
د. حەمید دەربەندی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی گشتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ (رووداو) رایگەیاند "هەرێمی کوردستان هیچ سنوورێکی فەرمی لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان و سووریا نەبووە و تەنها لە پیشخابوور بنکەیەکی سنووری هەیە کە لە نەوەدەکانەوە بۆ هاتوچۆی سووریای ئەو کاتە کەڵکی لێ وەردەگیرا".
د. حەمید دەربەندی کە لە هەمانکاتدا بەرپرسی کەیسی رۆژئاوای کوردستانە راشیگەیاند "ئەو بنکە سنوورییە هیچکات نەگیراوە تا ئێستا باس لە کردنەوەی بکرێت، رۆژێک لە رۆژان ئێمە سنوورمان نەگرتووە و ئەوەی کە باس دەکرێت تەنها هەڵمەتێکی راگەیاندنە. خاڵی پیشخابوور هاتوچۆی بەردەوامی لەسەرە و رۆژانە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لێی دەپەڕنەوە و کەڵکی لێ وەردەگرن".
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی کەیسی رۆژئاوای کوردستان، سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان لە پیشخابوور تاکو پردی سحێلا بەدرێژایی 8 کیلۆمەترە و لە پردی سحێلا تا گوندی قاهیرە کە درێژایی 30 کیلۆمەترە، ئاخرین هێڵی پەیوەندی ئێمەیە لەگەڵ حکومەتی عێراقە، لەو 30 کیلۆمەترە بەشێوەیەکی یەکجار زۆر بەرفراوان خەڵک هاتوچۆی خۆی دەکات و رۆژانە 400 تا 500 کەس لە رۆژئاوای کوردستانەوە دێنە ناو هەرێمی کوردستان و داوای پەنابەرێتی دەکەن و لە کەمپی دۆمیز نیشتەجێ دەکرێن.
د. حەمید دەربەندی سەبارەت بە دەنگۆی رێگەگرتن لە ناردنی کەلوپەل بۆ رۆژئاوای کوردستان گوتی "هاتوچۆی کەلوپەل لەسەر سنوور رانەگیراوە و من خۆم هەفتەی رابردوو سەردانی ناوچەکەم کرد و چەند رۆژێک لەوێ بووم و چاودێری هاتوچۆی کاڵا و هاوڵاتیانم کردووە و ئەوەی کە پێشی لێ گیراوە، تەنها جگەرە و هەندێک کەلوپەل بووە کە پێشی لێ گیراوە و ئەوەش شتێکی قاچاخ بووە کە لە لایەن ئێمەوە (هەرێمی کوردستان) هەندێک کەسی بازرگان کەڵکی لێ وەردەگرت و لە لایەن رۆژئاوای کوردستانەوە تەنها لایەنێک کەڵکی لێ وەرگرتووە و سودمەند بووە و هیچ سودێکی بۆ خەڵک نەبووە".
لەرێکەوتی 2012/7/19، بە کشانەوەی هێزەکانی رژێمی سووریا لە شاری کۆبانی، هێزە کوردییەکان بۆ یەکەم جار کۆنتڕۆڵی شارێکی رۆژئاوای کوردستانیان بەدەستەوە گرت و لە رۆژانی دواتردا شارەکانی عەفرین، ئامودا، تربەسپی، گڕکێ لەگێ و دێرک بەدەست یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG کەوت.
YPG خۆی بەهێزێکی کوردی سەربەخۆ دەناسێنێت بەڵام پارتەکانی رۆژئاوای کوردستان YPG بە باڵی سەربازی پارتی یەکێتی دیموکراتی PYDی نزیک لە PKK ناو دەبەن.
ئێستاکە کۆنتڕۆڵی سەرجەم شارەکان و سنووری رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەژێر دەستی YPG دایە.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی گشتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەدرێژەی لێدوانەکەیدا بۆ (رووداو) رایگەیاند "لێرە ئێمە حکومەتین و دامەزراوەی حکومیمان هەیە و زیاتر لە 20 ساڵە لە خاڵی فیشخابوور، بنکەی سنووریمان هەیە کە هەموو دامەزراوە پێویستەکانی سنووری لێیە. کەچی لە لایەنی رۆژئاوای کوردستان هیچ دامەزراوەیەکی مەدەنی لێ نییە بۆ وەرگرتنی ئەو یارمەتییە مرۆییانە و تەنها کۆمەڵێک چەکداری سەر بە لایەنێکی دیاریکراوی لێیە و هەم ئێمە وەکو سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەم رێکخراوە خێراخوازییەکانی ناوخۆی کوردستان و دەرەوە نامانەوێت لەگەڵ لایەنێکی چەکدار مامەڵە بکەین".
بەرپرسی کەیسی رۆژئاوای کوردستان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاشکراشی کرد "ئێمە لە چوارمانگ پێشترەوە بە لایەنی رۆژئاوای کوردستان‌مان راگەیاندووە کە سنوور بکرێتە دامەزراوەیەکی مەدەنی و کەسانی مەدەنی سەر بە دەستەی باڵای کورد یان لیژنەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی گەل و ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد پێک بێت و هێزی چەکداری لێ نەمێنێت و کەسانی مەدەنی کاروباری سنوور بەڕێوە ببەن و هێزە چەکدارەکان تەنها پارێزگاری لە سنوور و کەسە مەدەنییەکانی سەر سنوور بکەن و لە دەرەوەی کۆمەڵگا سنوورییەکە بن. ئێمە بۆ ئەو مەبەستە تا ئێستا 4 جار بەشێوەیەکی نووسراو لەگەڵ لایەنی رۆژئاوای کوردستان رێککەوتووین، بەڵام لایەنی بەرامبەر تا ئێستا ئەو رێککەوتنەیان جێبەجێ نەکردووە".
د. حەمید دەربەندی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی گشتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی کەیسی رۆژئاوای کوردستان گوتیشی "ئەمڕۆ لایەنی رۆژئاوای کوردستان پێیان راگەیاندووین 40 کەسی مەدەنی کە شارەزای کاروباری ئیدارین دەنێرنە سەر سنوور بۆ ئەوەی کاروبارەکان راپەڕێنن. ئەوان وا خەریکن و ئێمە چاوەڕوانی ئەوان دەکەن".
سەرچاوە: رووداۆ/ ساکار عەبدوللازادە
بەپێی نوێترین ئاماری كۆماری ئیسلامی ئێران، پتر لە 900 هەزار نەخوێندەوار لە رۆژهەڵاتی كوردستان هەن، شارەزایانی بواری پەروەردە پێیانوایە هەژاری ، بێ هیوایی لە دواڕۆژ، نەبوونی سیاسەتێكی گونجاو بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری و بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، هۆكارن.
بەپێی ئامارەكان پارێزگای ئیلام كە ژمارەی دانیشتووانی 500 هەزار كەسە، 84 هەزار نەخوێندەواری هەیە. لە پارێزگای ورمێ (ئازەربایجانی رۆژئاوا) 188 هەزار نەخوێندەوار و 44 هەزار خوێندەواری ئاست نزم هەن. لە پارێزگای كرماشان 307 هەزار كەس و لە پارێزگای سنە (كوردستان) زیاتر لە 286 هەزار نەخوێندەوار هەن.
ژمارەی دانیشووانی رۆژهەڵاتی كوردستان نزیكەی 10-12 ملیۆن كەسە، بەپێی ئەو ئامارە رێژەی نەخوێندەواری لە رۆژهەڵاتی كوردستان نزیكەی 10%یە.
خالید تەوەكولی، كۆمەڵناس لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان، سەرسوڕمانی خۆی لە زیادبوونی رێژەی نەخوێندەواری لە سەرتاسەری ئێران دەردەبڕێ و نەبوونی چاودێری لەسەر كارەكانی “بزووتنەوەی نەهێشتنی نەخوێندەواری”، بە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەم دیاردەیە دادەنێت .
ئەم دامەزراوە حكومەتییە ساڵی 1979 بە بڕیاری ئیمام خومەینی، دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران، بە مەبەستی سڕینەوەی یەكجاری نەخوێندەواری پێكهات. بەڵام دوای زیاتر لە سێ دەیە لە دامەزرانی، شارەزایان گومان دەخەنە سەر چالاكییەكانی و پێیانوایە سەركەوتوو نەبووە.
تەوەكولی دەڵێ بزووتنەوەی نەهێشتنی نەخوێندەواری مامۆستایانیان رادەسپارد تاوەكو لە گوندەكان خەڵكانی نەخوێندەوار بدۆزنەوەو فێری خوێندەواریان بكەن، مووچەی ئەم مامۆستایانەش بەپێی ژمارەی نەخوێندەواران دەدرا، بۆیە مامۆستایان زۆرجار داوایان لە خەڵك دەكرد بەشداری خولەكانیان بكەن بۆ ئەوەی مووچەیەكی زیاتر وەربگرن.
سلێمان مەنگوڕی، مامۆستا و چالاكی مەدەنی لە مەهاباد، بە (رووداو)ی گوت “بزووتنەوەی نەهێشتنی نەخوێندەواری زیاتر گرنگی بە گەورە ساڵان دەدات ، ئەمەش جۆرێك لە دوو فاقییەتی دروستكردبوو. چونكە كەسێك كە تازە دەچێتە قوتابخانە جیاوازە لەگەڵ كەسێكی گەورە ساڵ”.
سلێمان مەنگوڕی، گومان دەخاتە سەر ئامارەكان كە چۆن ئامادەكراون و پێناسەی بۆ نەخوێندەوار چییە و پێیوایە حكومەتی ئێران لە نەهێشتنی نەخوێندەواریدا سەركەوتوو نەبووە، كە بڕیاربوو لەساڵی 1987دا كۆتایی بە نەخوێندەواری بێنێ، ئەویش بەهۆی ئەوی كە “بزووتنەوەی نەهێشتنی نەخوێندەواری، چەندین جار گۆڕانی بەسەردا هات. سەردەمانێك سەربەخۆ بوو و دواتر تێكەڵی ئیدارەی پەروەردە و راهێنان كرا”.
خالید تەوەكولی باسی هۆكارەكانی نەخوێندنی منداڵانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات و دەڵێ “بەهۆی گرفتی ئابوورییەوە خێزانەكان ناتوانن منداڵەكانیان بنێرنە قوتابخانە”.
هەروەها سلێمان مەنگوڕی باسی چەند هۆكارێك دەكات و دەڵێ “لە گوندەكان خەڵك رێ لە خوێندنی منداڵەكانیان دەگرن. چونكە پێیانوایە هێزی كاریان لە دەستدا نامێنێ. یان لە ناوچە سنوورییەكان بیر لە پاشەڕۆژ ناكەنەوە. خەڵك زیاتر كاری قاچاخ و دەستفرۆشی دەكەن. هەندێك خێزانیش بۆ دابینكردنی بژێوی ژیان روو لە كورەخانەكان و ناوچە دوورەكان دەكەن. كە زۆر لەو شوێنانە قوتابخانەیان نییە”.
سواڵكردن لەجێی خوێندن
خالید تەوەكولی ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەكانیش بە هۆكارێك دەزانێ بۆ زیادبوونی رێژەی نەخوێندەواری و دەڵێ “هەندێك لەو خێزانانە جگە لەوەی بە منداڵەكانیان ناخوێنن ، سواڵیان پێدەكەن، یان بە كرێیان دەدەن تاوەكو كەسێكی دیكە سواڵیان پێبكات”.
سلێمان مەنگوڕی نەبوونی پێداویستی و هەڵاواردنی رەگەزیش وەك هۆكاری دیكە ناودەبات. بۆ وێنە كێشەی كڕینی كتێب و پێداویستییەكانی دیكەی خوێندن یان هەندێ لە گوندەكان، كە ژمارەی دانیشتووانیان كەمە و قوتابخانەیان نییە. ئەو مامۆستایە هەروەها باس لەوەش دەكات كە لە هەندێ شوێن بەتایبەت لە گوندەكان تائێستاش جیاوازی لەنێوان كچان و كوڕان دەكرێ و كەمتر رێگە بە كچان دەدرێ، بخوێنن.
پەیامی پیروزبایی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەلاتی کوردستان، بە بۆنەی سالی تازەی زاینی
بزووتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەلاتی کوردستان، به‌بۆنه‌ی جێژنی لەدایکبوونی عیسای مەسیح و نوێبوونەوەی سال و دەستپێکی سالی تازەی ٢٠١٣ی زایینی، پر بەدل پیرۆزبایی ئاراسته‌ی خەلکی کوردستان و گشت مه‌سیحیانی کورد و سەرجەم پەێرەوانی ئاینی پێروزی مەسیح لە گشت جیهان دا دەکات. و هێوادارە سالی تازە، سالی ئاشتی، ئاسایش و پێکەوەژیانی بەئاشتی بێت بۆ هەموو لایەک و ساڵی تەبایی و سەرکەۆتنی سیاسەتی تەعاموول و لێکتێگەیشتنی گشتگیرانە بێت بەسەر ناتەبایی و سیاسەتی تەقابوول و گرژی و ململانی، لە گشت کوردستان و جیهان، بەتایبەتی لە رۆژهەلاتی کوردستان دا.
شوورای هەماهەنگی بزووتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەلاتی کوردستان
١/١/٢٠١٣ی زاینی
نووسه‌رێكی ئه‌مریكی رایده‌گه‌یێنێت "له وه‌زاره‌تی ناوخۆى ئه‌مریكی ئه‌و تێبینیه ده‌درێته هاوڵاتیان كه هه‌رێمی كوردستان له‌چاو شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق كه‌متر تووند‌و تیژی و هه‌وڵی تیرۆریستی تێدایه".
جه‌ی نیوتۆن سمۆڵ، نووسه‌رێكی ئه‌مریكیه كه بابه‌ته‌كانی بۆ گۆڤاری تایمزی ئه‌مریكی ده‌نوسێت , له بابه‌تێكیدا به‌ناوی " كوردستان شوێنێی وییستراو: ئایا ئه‌و هه‌رێمه ده‌ستیكردووه به به‌ره‌و پێشبردنی شوێنه‌واره گه‌شتیارییه‌كان" باسی به‌ره‌و پێشچوونی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات له رووی كه‌رتی گهشیارییهوه و پێشیوایه رۆژ به‌ڕۆژ ژماره‌ی گه‌شتیاران روو له زیادبوون ده‌كان.
په‌یامنێری تایمز له‌سه‌ره‌تای بابه‌ته‌كه‌یدا ده‌ڵێت" زۆرگرانه ئه‌ندێشه‌ی ئه‌وه‌بكه‌یت كه گه‌شتیاران بیانه‌وێت بچن بۆ عێڕاق. ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌مریكا ئاگاداری ئه‌و هاوڵاتیان ده‌كاته‌وه كه ده‌چن بۆ عێراق به‌وه‌ی كه شوێنێكی سه‌لامه‌ت نییه بۆیان" . هه‌روه‌ها ده‌ڵێت تێڕوانینی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان جیاوازه" له وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئه‌و تێبینیه ده‌درێته هاوڵاتیان كه هه‌رێمی كوردستان له‌چاو شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێڕاق كه كه‌متر تووند‌و تیژی و هه‌وڵی تیرۆریستی تێدایه".
نووسه‌ر كه سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه و ده‌لێت" هه‌رێمی كوردستانی عێراق سه‌لامه‌تترین و باشترین شوێنی عێراقه بۆسهردانكردن. گه‌شتیاران زۆر به‌ئاسایی ده‌توانن بچن بۆ بازار و ئه‌و شوێنانه‌ی ده‌یانه‌وێت " هه‌روه‌ها ده‌ڵێت " له هه‌رێمی كوردستاندا هوتێلی پێنج ئه‌ستێره , شوێنی گونجاو بۆ سه‌یران هه‌روه‌ها شوێنی مێژوویی هه‌یه وه‌ك قه‌ڵای هه‌ولێر كه شوێنه‌وارێكی كۆنی جیهانی UNESCO یه".
نووسه‌ری ئه‌مریكی ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات كه هه‌ولێر به پایته‌ختی گه‌شتیاری هه‌ڵبژێردراوه بۆساڵی 2014 و ده‌ڵێت " هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌خێرایی گه‌شه‌ی كردووه. له‌ساڵی 2007 ته‌نیا 106 هوتێل هه‌بوون له‌و ناوچه‌یه‌دا, به‌ڵام ئێستا زیاتر له 400 هۆتێل هه‌یه له‌و هه‌رێمه‌دا .هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌كی زۆرگه‌وره بنیاد ده‌نرێت له‌هه‌ولێر له‌ژێر ناونیشانی ئیمپایه‌ر كه پێكدێت له هۆتێلێكی پێنج ئه‌ستێره, لادێیه‌كی شوقه‌یی و شوێنی یاری" هه‌روه‌ها ده‌ڵێت " پلانی هه‌ولێر بۆ 2030 بریتیه له دروستكردنی باخچه‌یه‌كی سه‌فه‌ری پارك (كه باخچه‌یه‌كی گه‌وره‌یه گیانله‌به‌ران به‌سه‌ربه‌ستی تێیدا ده‌سوڕێنه‌وه و خه‌ڵك به‌ئۆتۆمبێل ده‌چنه ناو باخچه‌كه‌و له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كانیاندا ته‌ماشایان ده‌كه‌ن). هه‌روه‌ها, پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تی ئۆتۆمبێل له‌گه‌ڵ شوێنی یاری گۆڵف."
ئه‌و له‌باره‌ی داهاتی گه‌شتیاریه‌وه ده‌ڵێت" له 2013 دا پێشبینی ده‌كرێت داهاتی گه‌شتیاری كوردستان بگاته یه‌ك ملیار دۆلار " .ئه‌و له‌زاری مه‌وله‌وی وه‌هاب جه‌بار, سه‌رۆكی كه‌رتی گه‌شتیاری هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت "ئێمه ده‌مانه‌وێت بۆ 2015 بیكه‌ینه شوێنێكی گه‌شتیاری نێو ده‌وڵه‌تی "
جه‌ی له‌باره‌ی بونی كوردستان به ناوچه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه ده‌ڵێت " هه‌رێمی كوردستان هێشتا ماویه‌تی ببێته ناوچه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی به‌ڵام هێشتا خه‌ڵكی عێراقی , ئێرانی و كه‌نداو سه‌ردانی ده‌كه‌ن". هه‌روه‌ها ده‌ڵێت شوێنی دیكه هه‌ن كه‌ده‌بێت گرنگی زیاتریان پێبدرێت". ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێر له رووی ژێرخانی ئابوورییه‌وه لاوازه. شوێنی كۆنی وه‌ك قه‌ڵات و كڵێسا‌و شوێنه‌واری دیكه هه‌ن كه ده‌بێ وایان لێبكرێت گه‌شتیاران سه‌ردانیان بكه‌ن . شوێنی دیكه‌ی دێرین هه‌ن وه‌كو ئه‌شكه‌وتی شانه‌ده‌ر كه مرۆڤی نیاردهتاڵی تێدا ژیاوه, شوێنی قه‌شه ماسی‌و كه شوێنێكی گرنگه بۆ مه‌سیحیه‌كان هه‌روه‌ها لالیش كه ئه‌ویش شوێنێكی گرنگه بۆ ئاینی یه‌زیدی" .ئه‌و پێی وایه ده‌بێت رێبه‌ر گه‌شتیاری زیاتر گرنگی پێ‌بدریت وه ده‌ڵێت " رێبه‌ری گه‌شتاری نییه ئه‌گه‌ر هه‌شبێت زانیاری ده‌رباره‌ی شوێنه‌كان زۆر كه‌من".
.ئه‌و نووسه‌ره‌ی تایمز پێی وایه خه‌ڵكێكی زۆر سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه .ده‌ڵێت " له‌ماوه‌ی جه‌ژندا ژماره‌ی گه‌شتیاران به‌رز بووه وه بۆ 60 هه‌زار گه‌شتیار كه %70 یان گه‌شتیارانی باشووری عێراق بوون, دوای ئه‌وان ئێرانی به‌پله‌ی دووه‌م و تورك و ئه‌وروپیش به به‌پله‌ی سێیه‌م و چواره‌م".
ئه‌و سه‌ره‌نج ده‌دات له‌باره‌ی گرنگیدان به كه‌رتی گه‌شتیاری وده‌ڵێت" بۆردی گه‌شتیارى هه‌رێمی كوردستان داوای له كۆمپانیا لوبنانه‌كان كردووه تاوه‌كو یارمه‌تیان بده‌ن له رێكخستنی 65 ناوچه‌ی گه‌شتیاری".
ئه‌و نووسه‌ره پێی وایه به‌ربه‌ست هه‌نه له‌به‌رامبه‌ر به‌ره‌و پێشچونی كه‌رتی گه‌شتیاری هه‌رێمی كوردستان به‌ڵگه‌شی بۆئه‌مه " ناوچه‌یه‌كی زۆر باشی گه‌شتیاری كه‌ده‌كه‌وێته هه‌رێمی كوردستان ,چه‌كداره‌كانی PKKی تێدانه (به‌پێی نووسه‌ر)كه "پارتێكی تیرۆریستیه". به‌ربه‌ستێكی دیكه‌ش ئه‌و بارگرژیهى نێوان هه‌ولێرو به‌غداد بووه كه‌به‌هۆیه‌وه وای كرد ژماره‌ی گه‌شتیاران كه‌م ببێته‌وه" .
نووسه‌ر له‌كۆتایی بابه‌ته‌كه‌یدا ده‌ڵێت" هه‌رێمی كوردستان شوێنێكی خۆشی گه‌شتیاریه . ناوچه‌ی زۆر خۆشی تێدایه وه‌ك گه‌لی عه‌لی به‌گ كه ڤێلاو هۆتێلی لێنیه به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش خهڵگێكی زۆر سه‌ردانی ده‌كه‌ن". نووسه‌ر ده‌ڵێت خه‌ڵكانێكی زۆر له خوارووی عێراق , هه‌رێمی كوردستان به ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری داده‌نێن. ته‌نانه‌ت له‌كاتی ههڤپهیڤینێكم له‌گه‌ڵ گه‌شتیارێكی خوارووی عێڕاق, پرسیاری ئه‌وه‌ی لێكردم:ئایا ده‌توانم دوای سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیش سه‌ردانی ئێرهبكهم؟".
ئاماده‌كردنی : ئاری ره‌سوڵ