لێکۆڵینەوەیەک لەتوێژینەوەی ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی تیۆدۆر نۆڵدکە
وەرگێڕانی: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
ئەم توێژینەوەیە بە زمانی ئەڵمانی لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی تیۆدۆر نۆڵدکە Theodor Noldeke لەساڵی ١٨٩٨ لە سەردەمێکدا بڵاوکرایەوە کە هەزاران دەقی مێخیی، کە ئێستا لە مۆزەخانەکانی ئەوروپادان، هێشتا نە دۆزراونەتەوە و نە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و زانستی ئاشوورناسی کە پەیوەندی بە لێکۆڵینەوە لە دەقە مێخییەکانەوە هەبووە، هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدا بووە و بەو پێیە توێژەرەکە پشتی بەو سەرچاوانە بەستووە کە لەو کاتەدا لەبەردەستیدا بووە.
لە ڕوانگەی گرنگییە زانستییە گەورەکەی ئەم باسە بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی کورد، بەپێویستم زانی بە پشتبەستن بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە دووبارە بیخوێنمەوە. بۆ ئەوەی بۆچوونەکانی نۆڵدکە تێکەڵ نەکەم لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانم لەو بۆچوونانە، ناوی توێژەر نۆڵدکەم ڕاستەوخۆ دوای ئەو ڕا و بۆچوونانەی دانا کە لە وتارەکەیدا خستوویەتیە ڕوو، سەبارەت بەو سەرچاوانەی کە لە لێکۆڵینەوەی ئەم باسەدا پشتم پێیان بەستووە، ئەوە لە پەراوێزەکاندا ئاماژەم پێکردوون.
نۆڵدکە لێکۆڵینەوەکانی بە باسکردنی گەلی کۆردۆ دەست پێدەکات، کە لەلایەن مێژوونووسی یۆنانی زینۆفۆن لە ساڵی ٤٠١ی پێش زاییندا باسی لێوە کراوە، لە شوێنێکدا کە پێی دەوترێت "لەشکرکێشییە دە هەزارییەکە". زینۆفۆن لە کتێبەکەیدا (ئەناپاسیس) باس لە کوردۆخیۆن دەکات (نۆڵدکە)، کە دانیان بە دەسەڵاتی هەم ئەرمەنەکان و هەم هەخامەنشییەکاندا نەناوە. هەر لەو هەڵمەتەدا سۆفانێتوسی Sophaenetus هاوڕێ جەنگاوەرەکەی ناوی گەلی کوردۆخی هێناوە و پێی وابووە کە دوا پاشگری (خی) پەیوەست بەو ناوەوە، نیشانەی کۆیە لە زمانی ئەرمەنیدا. دواتر ئەم ناوە لەلایەن نووسەرانی دیکەوە بەکارهێنراوە (نۆڵدکە).
ئەوەی نۆڵدکە باسی کردووە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ناو لە حاڵەتی تاکدا گوردۆ یان کوردۆیە و زینۆفۆن ناوی کوردۆخییەکان لە ئەرمەنەکانەوە فێربووە. لە کاتێکدا، توێژەری نەمسایی شپایزەر Speiser ، پێچەوانەی ئەوەی نۆڵدکە باسی کردووە سەبارەت بە پاشگری (خی) و پێی وایە کە ڕەگی خووری هەیە و مێژووەکەی