دێرین جەمال
لەسەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتییەوە، مرۆڤەکان بەتێپەڕبوونی سەدەکان، هەوڵی داهێنانیان داوە بۆ هەرشتێک کە رێڕەوی ژیانیان ئاسان بکات و هاوکار بێت لە کاروباری رۆژانەیاندا.
ئێستا کە لە سەدەی بیست و یەکەمداین، تەکنۆلۆژیا رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە ژیانی مرۆڤەکاندا، بەجۆرێک وەک بەشێک لەژیانیانی لێهاتووە، چۆن مرۆڤ پێویستی بە خواردن و خواردنەوەیە، ئاواش پێویستی بە تەکنۆلۆژیا هەیە تا کاری رۆژانەی باشتر بڕوات.
بوونی تەکنۆلۆژیا، لە زۆر کار و شوێندا ئاسانکاری بۆ مرۆڤ دەکات، بەڵام بەشێک خراپ بەکاردەهێنرێت، ئەو ئامێرە زیرەکانە، خودی مرۆڤ خۆیان بەرنامە داڕێژەرین بەویستی خۆیان بەکاریدەهێنن، ئەوەی لەناخیاندایە ئاڕاستەی دەکەن، پاشان پەخشی دەکەن .
کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ژیانی رۆژانەماندا لەگەڵ بەرەو پێشچوونی ژیان و پەیدابوونیان، بە هەموو جۆرەکانییەوە بە نموونە: فەیسبوک - سناپ چات - ئینستاگرام - تیکیتۆک - و هتد....
ئەمانە بوون بە بەشێک لە ژیانی رۆژانەمان، هەموو کەسێک بە ئاسانی دەتوانێت واڵی خۆی هەبێت، هەر بابەتێک کە خۆی پێی باشە لە واڵەکەی بڵاویبکاتەوە، ئەو کەسانەی هاوڕێین واڵی ئەویان لایە ئازادن لە کۆمێنتکردن و هاوبەشیکردن لەو بابەتەی بڵاویکردۆتەوە، لەڕێگەی ئەو ئیمۆجیانەی کەهەر یەکێکیان ئاماژەن بۆ دەربڕینێک، یان بەنووسین و دەربڕینی رای خۆیان.
ئەم هاوبەشیکردنە رۆڵی هەیە لە پێشخستنی کۆمەڵگە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی مایەی نیگەرانییە ئەو دیاردە ناشیرینەیە کە کۆمێنتەکان وەک جەنگێک وایە لەسەر شەقامەوە هاتۆتە ناو شاشەکان، جا مۆبایل بێت یان کۆمپیوتەر.
بۆچی کۆمێنتی نەشیاو دەنووسن؟
ئەو کەسەی کە کۆمێنتی نەشیاو دەنووسێت بۆ کەسێکی تر، دەربڕینی ئەو وشانەیە کە لە ناخیدایە و بوێریی نییە راستەوخۆ بە کەسی بەرامبەری بڵێت، رەنگە ئەو کەسە مرۆڤێکی دەروون ئارام نەبێت، یان خۆی لە کەسانی تر پێ باشتر بێت، لەم رێگەیەوە دەیەوێت کەسایەتی بەرامبەرەکەی لەکەدار بکات.
هەندێک جار بەهۆی خۆبەلاواز زانینەوە لە نەگەیشتن بەو ئاستەی بەرامبەرەکەی روودەدات.
زۆر جار ئەمە دەکەوێتە نێوان ململانێ حزبی و مەزهەبیی و نەتەوەیی و ئایدیاکان.
زۆرینەی ئەو کەسانەی ئەم کارانە دەکەن بە واڵی فەیک بۆ ئەوەی ئاکتیڤی خۆیانی پێ بەرزبکەنەوە بێ گوێدانە ئاکامەکەی .
سزای یاسایی بۆ ئەوانە هەیە؟
هەندێک جار ئەو بابەتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاودەکرێتەوە، دەچێتە چوارچێوەی تاوانەوە، بەپێی مادەی دوو لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی کوردستان، ئەگەر هاتوو کەسێک بەجنێو، هەڕەشە، بوختان، دانانی پۆستی نەشیاوی دوور لە ئادابی گشتی و بڵاوکردنەوەی نهێنیی کەسانی تر، هەوڵیدا بەرامبەرەکەی لەکەدار بکات بە یان گرتنی وێنە بەبێ مۆڵەت، ئەوانە هەموویان بەتاوان دادەنرێن.
هەرکەس ئەمانە بکات، ئەوا سزا دەدرێت بەبەندکردنی کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت، یاخود غەرامە کە لەیەک ملیۆن کەمتر نەبێت لە پێنج ملیۆن زیاتر نەبێت.
چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە
هەندێک جار کۆمێنتی نەشیاو دەبێتە پاڵنەر، هۆکارە بۆ رووداوە کۆمەڵایەتییەکان، لەوانە کوشتن، ئەو کەسەی کۆمێنتی نەشیاو دەنووسێت کەسایەتییەکی لاوازی ناو کۆمەڵگەی لێدەردەچێت، ناتوانێت بوێرانە رووبەڕووی کۆسپەکانی ژیانی ببێتەوە.
بەداخەوە ئێستا، چەندین کەس بەهۆی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەون و ئاواتەکانیان لە گۆڕ نراوە، با هەموان لەناو خێزانەکانی خۆمانەوە دەستپێبکەین، تاک هۆشیار بکەینەوە، چیتر ئازادی و هەستی مرۆڤەکان گەمەی پێنەکرێت.
١٦/٧/٢٠٢٤