دوکتۆر مستەفا شەمامی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی هەڵبژاردنی مەسعوود پزیشکیان وەکوو سەرکۆماری ئێران برووسکەیەکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ناوبراو دەکات.
لە ناوەڕۆکی ئەم پەیامەدا باسی لە چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لە ئێران و خۆبەرێوبەری خۆماڵی بۆ کورد و هەروەها بەشداری کورد لە دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری لە ئاستی بەرزی ئێران دا کردووە.
دەقی پەیامەکە بەم شێوەی خوارەوە:
پەیامی پیرۆزبایی کۆماریخوازان بۆ بەرێز مەسعوود پزیشکیان
لەگەڵ ئاراستەکردنی سڵاو و ڕێز
بە بۆنەی هەڵبژاردنی بەڕێزتان وەکوو سەرکۆماری کۆماری ئێرانی ئیسلامی پیرۆزبایی گەرمتان ئاراستە دەکەین. لە خودای گەورە داواکارین کە سەرەرای پاراستن، بەهێزکردن، و گەشەی بنەماكانی ئەسلی کۆماری لە ناو نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران دا، بتوانن لە گۆڕەپانی کردەییدا، هەموو ئەو بەڵێنانەی کە بەخەڵکی خۆشەویستی ئێرانتان داوە، سەركەوتنی كەماڵی مەتلوب دەستەبەربكەن.
بەرێز سەرکۆمار: بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک رێکخراوێکی سیاسی/مەدەنی کە خوازیاری دەستەبەرکردنی سەروەری سیاسی لە شکلی خۆبەرێوبەری خۆماڵی و خۆدگەردانی بۆ کوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەچوارچێوەی تەواویەتی خاک و جوگرافیای ئێرانی ئیسلامی دایە، باوەڕی قوول و پتەوی بە بنەماکانی بەشداری خەڵک لە پرۆسەی هەڵبژاردن و ساز و کاری هەڵبژاردن و لێکەوتە و دەرئەنجامە سیاسیەکانی هەیە، و لە پەیوەندییەشدا باوەڕمەند بە بەشداری دیار و یەکگرتووانەی کوردە بۆ ئەوەی بتوانن قورسایی وێژمانی و کرداریان وەك پارەسەنگی گۆڕان خووڵقێنیان لەئاست سیاسەتی گشتی و سەرانسەری ئێران دا نیشان بدەن، بێ گومان کورد لە وەها دۆخ و دەرفەتێک دا دەتوانێ هاوکات لەگەڵ هێنانە ئارای ویست و داخوازییە نەتەوەیی و یاساییەکانی، دەشتوانێ بە بەشداری چالاكانەی لە ڕەوتی هەڵبژاردنەکانی پەیوەندیدار بە شۆراکان، مەجلیس و سەرکۆماری، ویست و داخوازەكانی لە ناو ئۆرگانەکانی ئەنجومەنی یاسادانان و جێبەجێکاری وڵاتدا بێنێتە بەر باس و لەپێناو دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو هەوڵی فەرمی و یاسامەند ئەنجام بدات. و لەو پەیوەندییەش دا لەگەڵ دەستخستنی خۆبەرێوبەری خۆماڵی کوردستانی، دۆخی گوونجاو بۆ بەشداری سیاسی لە بەڕێوەبەری و دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری وڵاتی ئێراندا، بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
هەرچەند ئەوە بۆ ئێمە ڕوون و ئاشکرایە کە ناردنی پەیامی پیرۆزبایی بۆ بەرێزتان، ئێمە وەکوو پێشوو دەخاتە بەر هێرش و بێرێزی تووندڕەوانی ناو کۆمەڵگای کوردستان و بگرە رەخنە و گلەیی و تەنانەت شکاندنی کەسیەتیشی لێدەكەوێتەوە.
بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا و بەو هۆیەشەوە کە بەڕێزتان لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو قەوڵ و بەڵێنانەی کە لە هەڤپەیڤینەکانی تەلەفزیۆنی ئێران دا باستان لێوە کردن و لەسەریان پێداگر بوون، و بە باوەڕی تەواوەوە ڕاتان گەیاند کە لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتووریی و خزمەتگوزاری تەندروستی وو هتد، دۆخی گوونجاو بۆ بەشداری بژاردەکان و کۆی خەڵک بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و زمانی، ئایینی و مەزهەبی و کەمینەکان دەخوڵقێنن، و لە ژێر سێبەر و خێر و ئامۆژگارییەكانی ڕێبەڕی باڵای ئێران دا، بەرنامە گشت رەهەندییەكانتان جێبەجێ دەکەن، ئێمەی زیاتر هیوادار و دڵگەرم تر کرد کە لەوانەیە لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژە و بەرنامە و ڕیکارانە و لەبەرچاوگرتنی ئەسلی هەڵاواردنی ئەرێنی«پۆزەتیڤ» لەئاست دۆخی پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبیەکان و بەتایبەتی بە نیسبەت خەڵکی بەڕێزی کوردستان، بتوانن ئەو تاقمە لە تووندئاژۆیانە كە بێگوومان هەڵویستی گرژ و ڵادیكالیان زیاتر بەرهەمی ڕاستەوخۆی نەفسی عەمەلی جیاکاری و هەڵاواردنی ناڕەوا و چەند ڕەهەندی و سەپاندنی بێ بەزەییانەی دەسەڵاتی ناوەندی ئێران بەسەر ناوچە پەراوێزخراوەكان و یەك لەوان کوردستانە، بتوانی پەشیمانیان بکەیتەوە.
لە کۆتایی دا ئێمە سەرەرای ئەوە كە پێشوازی لە دەستپێشخەری و بەرنامە سیاسییە نوێیەکانی بەڕێزتان دەكەیین، هاوكاتیش لە دوور و نێزیكەوە چاوەدێری هەوڵ و کرداری خەڵک پەسەندی بەڕێزتان، دەبین.
دەگەڵ رێزمان
دوکتۆر مستەفا شەمامی/ رێکخەری گشتی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
پووشپەڕی٢٧٢٤
١٨-٤-١٤٠٣
۲۰۲۴/۷/۸