(ڕاپۆرتی بەشێک لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پاییزی ١٣٩٦ بەهۆی دەزگای قەزایی و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە)
ڕاپۆرتی وه‌رزانه‌ی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ (تایبه‌ت به وه‌رزی پاییز) چه‌ند ڕۆژێک دوای ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ بڵاو ده‌کرێته‌وه، ئه‌وه له حاڵێکدایه که له ماوه‌ی سێ مانگی پاییزی ئه‌مساڵدا لانیکهم٣٥٣ حاڵه‌تی زبری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ له کوردستان تۆمار کراوه.
له وه‌رزی پاییزی ئه‌مساڵدا ٥١ کۆڵبه‌ر و کاسبکاری ناوچه سنوورییه‌کانی کوردستان به ته‌قه‌ی هێزه چه‌کداره‌کانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون. له‌و ٥١ که‌سه ٢٠ که‌سیان گیانیان له ده‌ست داوه و ٣١ که‌سیش بریندار بوون. کوژرانی ٥١ کۆڵبه‌ر و کاسبکاری کورد له ناوچه سنوورییه‌کان له وه‌رزی پاییزی ئه‌مساڵ له حاڵێکدایه که له سێ مانگی هاوینیشدا 50 کۆڵبه‌ر و کاسبکار کوژراون و بریندار بوون و له وه‌رزی به‌هاریشدا 37 که‌س له‌و چینه زه‌حمه‌تکێش و خۆشی له‌خۆنه‌دیتوو ببوونه قوربانیی سیاسه‌تی زه‌برونگ و داپڵۆسینی کۆماری ئیسلامی. به‌و پێیه ژماره‌ی ئه‌و کۆڵبه‌ر و کاسبکاره کوردانه‌ی له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا سه‌ره‌تای وه‌رزی زستان به‌هۆی سیاسه‌تی کوشتاری کۆماری ئیسلامی کوژراون و برینداربوون؛ گه‌یوه‌ته ١٣٨ که‌س.
هه‌ر له ماوه‌ی سێ مانگی پاییزدا ٩ به‌ندکراوی کورد سزای ئێعدامکردنیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ کراوه. ژماره‌ی ئه‌و به‌ندکراوانه‌ش که له وه‌رزی هاویندا له‌دار درابوون ٣٤ که‌س بوون، له سێ مانگی به‌هاریشدا ١٥ به‌ندکراوی کورد له دار درابوون؛ به‌و پێیه له ٩ مانگی ئه‌مساڵی هه‌تاویدا ٥٨ به‌ندکراوی کورد له زیندانه‌کاندا له‌درا دراون، که به‌پێی رێژه‌ی حه‌شیمه‌تی کورد له ئێران و ئاماری ئێعدامه‌کان له‌و وڵاته، له‌و بواره‌ی پێشێلکردنی مافی مرۆڤیش‌دا کورد هه‌ر به‌شی شێری به‌رکه‌توه.
له وه‌رزی ساردی پاییزی ئه‌مساڵیشدا گرمه‌ی مین له کوردستان نه‌بڕا. 17 که‌س له پاییزی ئه‌مساڵدا بوونه قوربانیی ته‌قینه‌وه‌ی مین که له‌وه‌نده که‌سه ٤ که‌سیان گیانیان له‌ده‌ست داوه و ١٣ که‌سیش به‌و هۆیه‌وه بریندار بوون. له هاوینیشدا 7 که‌س و له سێ مانگی پاییزیشدا ٩ که‌س به‌و هۆیه کوژراون و بریندار بوون. به‌و پێیه له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا ئێستا ئه‌وه‌نده‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه و ناوه‌کانیان ئاشکرابوون، ٣٣ که‌س له کوردستان به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین کوژراون و بریندار بوون، به‌ڵام بە دڵنیاییەوە ئاماری ورد و ده‌قیقی قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌ی مین _ بەهۆی ئەوەی هه‌واڵده‌رییه ڕه‌سمییه‌کان خۆ له بڵاوکردنه‌وه‌یان ده‌بوێرن یان ناوی قوربانیان ئاشکرا ناکه‌ن_ له‌وه‌نده زیاتره که ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان تۆماری کردوه.
وه‌رزی پاییزی ئه‌مساڵ ڕه‌شه‌بای گرتن و ده‌سبه‌سه‌رکردنی لاوانی کورد بوو. له ماوه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌دا لانیکه‌م ئه‌وه‌نده‌ی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان تۆماری کردوه، ٢٤٨ که‌س سه‌ره‌ڕۆیانه و به‌تۆمه‌تی چالاکیی سیاسی و ئه‌منیه‌تی له دژی کۆماری ئیسلامی گیراون. ئیداره‌ی ئیتلاعات و به‌شی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و هێزه ئینتیزامییه‌کان له کارناڤاڵی پێشوازییه‌کان له ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان که له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌ڕێ خرابوو، سه‌دان که‌سیان ده‌سبه‌سه‌ر کرد که نه‌کراوه و نه‌توانراوه ناوونیشانی هه‌موو ئه‌و ده‌سبه‌سه‌رکراوانه تۆمار بکرێ. له‌و ٢٤٨ که‌سه ژماره‌یه‌ک له‌وان دوای لێپرسینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌کان تا کاتی دادگاییکرانیان به بارمته‌ی ماڵی و به‌شێوه‌ی کاتی به‌ربوون و ٧ به‌ندکراوی کورد دوای دادگاییکرانیان، سزای له٥ساڵ تا ١٠ ساڵ زیندان و سه‌رجه‌م٤٥ ساڵ زیندانیان به‌سه‌ردا سه‌پاوه. هه‌روه‌ها دوو به‌ندکراوی دیکه‌ی کورد به تۆمه‌تی دانانه‌وه‌ی بۆمب له ته‌قینه‌وه‌که‌ی چه‌ند ساڵ له‌وه پێشی شاری مه‌هاباد سزای ئێعدام‌یان به‌سه‌ردا سه‌پاوه.
ناوه‌نده ئه‌منیه‌تییه‌کانی کۆماری ئیسلامی له وه‌رزی هاوینیشدا ٩٦ که‌س، له وه‌رزی به‌هاردا ١٠٦ که‌س و سه‌رجه‌م له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا کۆتایی پاییز لانیکه‌م ٤٥٠ که‌سیان له کوردستان ده‌سبه‌سه‌ر کردوه.
بارودۆخی کرێکارانی کورد له وه‌رزی پاییزیشدا دڵته‌زێنتر و ناله‌بارتر له جاران بوو. مووچه و حه‌قده‌ستی کرێکاران له زۆربه‌ی کارخانه و ئیداره ده‌وڵه‌تییه‌کانی وه‌ک شاره‌وانی سێ مانگ و ته‌نانه‌ت شه‌ش مانگ دواکه‌وتوه و ئه‌وه جیا له‌وه‌ی ده‌رکردن له کار و بێکارکرانیان هه‌میشه وه‌ک مۆته‌که به‌سه‌ریانه‌وه بووه. هەروەها له ماوه‌ی سێ مانگی پاییزدا لانیکه‌م ١٢ کرێکاری کورد بوونه‌ته قوربانیی ڕووداوه‌کانی کار و نه‌پاراستنی گیانی کرێکاران به‌هۆی ڕه‌چاونه‌کرانی ستاندارده‌کان له شوێنه‌کانی کار. له‌و ١٢ که‌سه ١٠ که‌سیان گیانیان له ده‌ست داوه و دوو که‌سیش بریندار بوون. له وه‌رزی هاوینیشدا ١٤کرێکار و له سێ مانگی به‌هاریشدا ١٢ کرێکاری کورد به‌هۆی ڕووداوی کار کوژراون و بریندار بوون. به‌و پێیه له ماوه‌ی ٩ مانگی ئه‌مساڵدا ٣٨ کرێکاری کورد بوونه‌ته قوربانیی ڕووداوی کار.
خۆکوژی دیارده‌یه‌کی دیکه‌ی زبری پێشلکاریی مافی مرۆڤه که له سۆنگه‌ی خه‌مساردی و سیاسه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی له ئێران و به‌تایبه‌ت له کوردستان به‌رده‌وام له په‌ره‌سه‌ندن دایه. له پاییزی ئه‌مساڵدا ئه‌وه‌نده‌ی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان تۆماری کردوه،١٦ که‌س له کوردستان به‌هۆی خۆکوژییه‌وه کۆتای‌یان به ژیانیان هێناوه که که‌م ته‌مه‌نترینیان کچێکی ١٨ ساڵ و به ته‌مه‌نترینیان پیاوێکی ته‌مه‌ن ٦٠ ساڵ بووه. ئاماری خۆکوژییه‌کان له وه‌رزی هاویندا ٣٤ که‌س و له وه‌رزی به‌هاردا ٢٣ که‌س بووه. به‌و پێیه له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا سه‌ره‌تای زستان ٦٣ که‌س له کوردستان له‌و سه‌دان که‌سه‌ی به‌هۆی جۆراوجۆی وه‌ک هه‌ژاری و کێشه‌ی خێزانی هه‌وڵی خۆکوژییان داوه، هەولەکانیان بەداخەوە سەرکەوتوو بووە و کۆتای‌یان به ژیانیان هێناوه.
ئەو ئامار و زانیارییانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەو بەشەی ئێران بڵاوی کردۆتەوە تەنیا ئەو بەشە لەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هەواڵ و زانیارییەکان بە ئاشکرا بە میدیایی کراون و لە لایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە ئاماژەیان دراوەتێ، ئەگینا ئەو ناوەندە پێی وایە کە ئاماری ورد و دروستی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر زیاتر لەو ئامارەیە کە ڕاگەیەندراوە.
٢٧/١٢/٢٠١٧