ئەمڕۆ یەكشەم بۆ دووەم جار كۆبوونەوەی شاندی باڵای سەربازی كوردستان و عێراق لە شاری مووسڵ ئەنجام درا و هەردوولا گەیشتنە ڕێككەوتن كە ماوەی ئاگربەستی كە پێشتر 24 سەعات ڕاگەیەنرابوو، درێژ بكرێتەوە تا ئەوكاتەی هەردوولا دەگەن بە ڕێككەوتن.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەمڕۆ بۆ دووەم جار شاندی سەربازیی كوردستان و عێراق لە ژێر چاودێری شاندێكی سەربازی ئەمەریكا لە مووسڵ كۆ بوونەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا وێڕای تاوتوێكردنی پرسەكان، بەڵام تەنیا لەسەر خاڵی درێژكردنەوەی وادەی ئاگربەستی نێوان هەردوولا ڕێك كەوتوون.
دوێنێ شەموو دوای هێرش و پەلاماری میلیشیاكان بۆ سەر كوردستان، بۆ یەكەم جار شاندی سەربازی نێوان بەغدا و كوردستان لە شاری مووسڵ بە چاودێری شاندێكی سەربازیی ئەمەریكا لە مووسڵ كۆ بوونەوە، ئەمەیش هاوكات بوو لەگەڵ فەرمانێكی بەغدا بە ڕاگرتنی سەرجەم جووڵە سەربازییەكان بە ئاراستەی ناوچەكانی ژێردەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ماوەی 24 سەعات، بەڵام دوای تەواوبوونی ئەو كاتە، ئەمڕۆ جارێكی تر وادەكە درێژ كرایەوە.
29/10/2017