فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگە لە سنووری مەخموور ڕایگەیاند، حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی دیکە لە سنووری مەخموور تێکشکاون و پێشڕەویی پێشمەرگە بۆ ناو مەخموور بەردەوامە.
کەمێک لەمەوبەر، جەمال مورتکە، فەرماندەی باڵای پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ - مەخموور، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە سنووری مەخموور بەرامبەر بە پێشمەرگە تێکشکاون و کەمتر لە کاتژمێرێکی دیکە بە تەواوی مەخموور لە حەشدی شەعبی پاک دەکرێتەوە و ئازاد دەکرێت.
جەختیشی لەوە کردەوە کە حەشدی شەعبی لە شکانێکی گەورە دایە و “ڕەنگە لەو سنوورەی دیاری کراوە، زیاتر بکشێنەوە”.
هەر لەمبارەیەوە کەمال کەرکووکی، فەرماندەی باڵای پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک - پردێ بە کەناڵی (کوردستان 24)ی ڕاگەیاند، کاتژمێر 12:45 خولەک، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە مەخموور تێکشکێنراون و 80%ی سەنتەری شارۆچکەی مەخموور کۆنتڕۆڵ کراوەتەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26/10/2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران، حزبوڵای لوبنان و هێزەکانی دیکەی عێراق لە سنووری زومار، مەخموور و پردێ هێرشیان کردە سەر پێشمەرگە و لە سەرجەم میحوەرەکان تێکشکێنران و زیانێکی زۆریان بەرکەوت.
27/10/2017