ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە کۆی دەنگ گەمارۆی نوێی دژی بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی ئێران پەسندکرد.
پڕۆژەیاساکە بە ناوی "یاسای مووشەکە بالستیکەکانی ئێران و جێبەجێکردنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان" لەلایەن سەرۆکی گۆنگرێسمەنانی کۆماریخواز پێشنیازکرابوو، بە 423 دەنگی "بەڵێ" بەرامبەر دوو دەنگی "نەخێر" پرۆژەبڕیارەکە پەسندکرا.
هەر دوو کۆنگرێسمان ئید رۆیس و ئیلیۆت ئێنگڵ پرۆژەبڕیارەکەیان ئامادەکردبوو، کە داوا لە ئیدارەی ترەمپ دەکات سزای ئەو کۆمپانیا و کەسانە بدات لە دەرەوە و ناوەوەی ئێران کە سپۆنسەری سەرەکی مووشەکی بالیستیکی ئێرانن.
ئەوەش لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر گرووپی حیزبوڵڵای لوبنانیدا سەپاند، ئەوەش لە کاردانەوەی پشتگیرییەکانی ئێران بۆ ئەو گرووپە.
ئیدارەی ترەمپ جیاواز لە ئیدارەی پێشوو سیاسەتێکی تووندتری بەرامبەر ئێران و هاوپەیمانەکانی هەیە. رۆژی 13ی ئەم مانگە ترەمپ ستیراتیژی خۆی بەرامبەر ئێران راگەیاند و بە پشتگیری تیرۆر لە ناوچەکە و جیهاندا ناوی برد. ترەمپ رێککەوتنەکەی بە "خراپترین رێککەونی مێژووی ئەمریکا" ناوبرد و داوای لە کۆنگرێس کرد پێداچوونەوەی بۆ بکات.
26/10/2017