بڕیاری داخستنی دەروازە سنوورییەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە هۆی زیانمەندبوونی بازرگان، بازاڕی و کرێکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
دەروازە سنوورییەکان سەرچاوەی داهاتی بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانن بەشێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ. داخستنی دەروازە سنوورییەکان هەروەها زیانی بە کەرتی ترانزێتی ئێرانیش گەیاندووە. 30%-ی ترانزێتی سەر زەوی ئێران بەرێگەی دەروازە سنوورییەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستانە.
زیاتر لە یەک هەفتەیە چیدیکە دەروازە سنوورییەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان قەرەباڵخ نین، هۆکار داخستنی ئەو دەروازانەیە لەلایەن ئێرانەوە وەک پشتگیری بۆ حکومەتی ناوەندی عێراق لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان. ئێران رایگەیاندووە تاوەکو دەروازەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەڕێوە نەبرێن ئامادەنییە، بیانکاتەوە.
ئەم بڕیارە لەلایەک گەشەی ترانزێتی ئێران ل دوای رێککەوتنی ئەتۆمی رادەگرێت و لەلایەکی دیکەوە داهاتووی ترانزیتی کەلوپەل لە ئێران دەخاتە مەترسییەوە.
بەپێی ئامارەکان 30% ترانزێتی کاڵای ئێران لە رێگەی سێ دەروازەی سنووری باشماخ، پەروێزخان و حاجی ئۆمەران ئەنجامدەدرێت و لەم نێوەندەدا پەروێزخان بە 21% لە پلەی یەکەم و باشماخیش لە پلەی سێهەمی ئەو دەروازە سنوورییانەی ئێراندا دێن کە لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زۆرترین ترانزێتی کاڵایان تێدا ئەنجامدراوە، سەرۆکی دەستەی رێگەوبان و گواستنەوەی کرماشان دەڵێت، تەنیا لە 2 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 350 هەزار تۆن کەلوپەل بە دەروازی سنووری باشماخ و پەروێزخاندا ترانزێت کراوە.
بەهرام خوسرەوانی سەرۆکی دەستەی رێگەوبان و گواستنەوەی کرماشان لەبارەی گرنگی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەڵێت، ترانزیتی کاڵا لە پەروێزخانەوە بەرەو بەندەری ئیمام و هەروەها لە نێوان بەندەری رەجایی شار و باشماخ بە رێڕەوی یەکەم و سێهەمی ترانزیتی کاڵا لە خاکی ئێراندا لەقەڵەمدەدرێن.
بەڵام شارەزایانی ئابووری لە پارێزگای کرماشان پێیانوایە داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بڕیارێکە لە زیانی ئابووری ئێران دەشكێتەوە، بەگوتەی ئەوان داخستنی ئەو دەروازە گرنگانە لەلایەک داهاتی دەروازە گومرگییەکان کەم دەکاتەوە و لەلایەکیش رێژەی بێکاری لەناوچە سنوورییەکان بەرز دەکاتەوە.
حکومەتی ئێران وەک کارتێکی گوشار دەروازە سنوورییەکانی بەڕووی باشووری کوردستان داخستووە، بەڵام ئاسەواری ئەو گوشارە سەرەتا لەسەر دۆخی نالەباری ئابووری ئێران دەرکەوت. درێژە کێشانیشی دەتوانێ ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی، چوونکە داهات و بژێوی ژیانی زۆربەی دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو دەروازە سنوورییانەیە.
25/10/2017