سیناتۆر و سەرکردەیەکی ئەمریکی رایدەگەیەنێت، کە ئەگەر ناچار بکرێ لەنێوان کورد و میلیشتاکانی حەشدی شەعبی یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئەوا ”کورد هەڵدەبژێرم“.
جۆن مەکین، سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمریکا لە ویلایەتی ئەریزۆنا، لە وتارێکدا لە رۆژنامەی (زە نیو یۆرک تایمز)دا رایگەیاندووە، کە گەلی کوردستان ”هاوڕێی لەمێژینە“ی ئەمریکان و لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعشیش زیاتر لە ئەمریکا نزیک بوونەوە و ”کورد متمانەپێکراوترین هاوپەیمانی ئێمەیە“.
جۆن مەکین، کە سەرۆکی لێژنەی ”خزمەتگوزارییە سەربازییەکان“ـە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە، هەروەها رایگەیاندووە، داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە ”کێشەیەکی گەورەیە“ بۆ ئەمریکا.
ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە سیاسەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ”شکست خواردوو“ ناو دەبات، کە لە ئیدارەی باراک ئۆبامای سەرکی پێشوو بۆ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا ماوەتەوە.
جۆن مەکین داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیاکان و بە سەرپەرشتیی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و بەکارهێنانی چەکی ئەمریکی لەو داگیرکارییەدا بە ”بە تەواوەتی قبوڵ نەکراو“ دادەنێت.
مەکین ئامادەیی قاسم سولەیمانی لە کەرکووک دوای وتارەکەی سەرۆکی ئەمریکا لە دژی سوپای پاسدارانی ئێران وەک تەحەدایەکی ئێران بۆ وڵاتەکەی دادەنێت و رایگەیاندووە، لە کاتێکدا ئەمریکا خەریکی شەڕی دژ بە داعش بوو، ”دوژمنەکانمان خەریکی قۆستنەوەی بارودۆخەکە بوون“، وەک ئاماژەیەک بۆ زیادبوونی هەژمووی ئێران لە ناوچەکە.
ئەو سیناتۆرە کۆمارییە بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی لەبارەی لایەنگریی بۆ پێشمەرگە یان میلیشیا شیعەکان ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە، ”با بە روونی بیڵێم، ئەگەر بەغدا گەرەنتی ئاسایش، ئازادی و ماف بە کوردەکان نەدات و ئەمریکا ناچار بی لەنێوان میلیشیاکان و کورد یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئەوا من کورد هەڵدەبژێرم“.
جۆن مەکین هەروەها رایگەیاندووە، ئێرانییەکان لەڕێی میلیشیا عێراقییەکانەوە خەریکی چاندنی تۆوی دووبەرەکین لە عێراق و ”سیاسەتی عێراق بە ئاراستەی دژایەتیی ئەمریکا دەبەن“.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردە سەر خورماتوو، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورە و داگیریان کردن و هەزاران هاووڵاتیی روویان لە هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان کرد.
رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.
حەشدی شەعبی لە نزیکەی 67 میلیشیای شیعەمەزهەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.
25/10/2017