لە چالاکوانانی مەدەنی و سیاسیی کورد بە دەرکردنی بەیاننامەیەک خوازیاری ڕاگرتنی شەڕ و توندوتێژی بوون لە هەرێمی کوردستان.
لەو بەیاننامەیە کە هەواڵدەریی موکریان بڵاوی کردووتەوە بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد، بەرانبەر بە هەڵایسانی شەڕ لە عێراق و هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر کوردستانیان مەحکووم کردووە و داوای ڕاگرتنی ئەوشەڕەیان کردووە.
لە بەشێک لە بەیاننامەکەدا هاتووە:
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هەموو کات جێگەی گۆڕانکاریی و رووداوە مەترسیدارەکان بووە هاتنە ئارای هەرچەشنە شەڕێک دەبێتە هۆی تێکدانی زیاتری ناوچەکەو گەرمکردنی بازاری چەکوچوڵە مەرگهێنەرەکان بە قازانجی زلهێزان و، لە ناوچوونی خەڵکی بێتاوانی ناوچەکە.
رۆژهەڵاتی ناوڤین پتر لە هەرکات پێویستی بە ئاشتی و ئارامیی هەیە و ڕووداوەکانی هەرێمی کوردستان و هێرشی حەشدی شەعبی و هەڕەشەکانی دەوڵەتانی دەراوسێ هەرێم، دەبێتە هۆی گەشەی ئاگری شەڕێکی گشتگیرو ناوچەکە دەگرێتە بەر.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا چالاکانی مەدەنی بە مەترسیدار زانینی رووداوەکانی عێراق و دەسپێکردنی شەڕ لە گەڵ کوردان لەو بارەوە دەڵێین: بێشک بەردەوامبوونی ئەو شەڕە خوشحاڵی دوژمنانی ئێران و تورکیەشی بەدواوە دەبێ و، بۆیە بە وەبیرهێنانەوە فیتوای سیستانی کەسایەتی مەزەهەبی کە شەڕ لە گەڵ کوردانی حەرام کردووە پێویستە ئەو هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕابگیردرێت و لە چوارچێوەی یاسا نێونەتەوەییەکان دان بە مافی کوردان دابندرێت.
چالاکانی مەدەنی و سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیاندا وێڕای مەحکووم کردنی شەڕ و توندوتیژی ئەم دواییانەی کەرکووک و خانەقین و دوزخورماتوو و پەلاماری گیان و ماڵ و نامووسی کوردان و تەنانەت نەتەوەکانی دیکە وەکوو عەرەب و تورکمانی ئەو ناوچانە، هەروەها بێریزی کردن بە پیرۆزیی و هێمانەتەوەییەکانی گەلی کورد بە کارێکی قیزەون دەزانێ و داوکارن لە زووترین کات سوپای عێراق و میلیشیاکانی دیکە لەو ناوچانە بکشێنەوەو گرفتەکان لەسەر میزی دانوستان چارەسەر بکرێن.
لە کۆتایی بەیاننامەی ٧٠ چالاکی مەدەنی و رۆژنامەنووسی کوردی رۆژهەڵاتی، لە دەوڵەتی تاران داوایان کردووە ڕێز لە دەرواسێیەتی و پێوەندی لە مێژینەی ئیران و باشووری کوردستان بگرێ و هەوڵ بدات بۆ هێورکردنەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان.
شایانی باسە لە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی باشووری کوردستان، مێدیاکان و فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سپای قوودسی کۆماری ئیسلامیی ئێران و، لق و پۆپەکانی بە تاوانبار دەزانن.
22/10/2017