سێرگی سترۆكان، له رۆژنامه‌ی كۆمێرسانتی رووسی نووسیویه‌تی، ئه‌و شه‌ڕه‌ی له عێراقه، وه‌ڵامی ئێرانه بۆ گوشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هه‌وڵه‌كانی بۆ پێداچوونه‌وه به رێككه‌وتننامه‌ی ناووكی، كه پێشتر دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا باسی ده‌كرد.
سێرگی سترۆكان، شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی و پسپۆری كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، باس له‌وه‌ش ده‌كات، كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی كه‌ركووك به به‌شداریكردنی ئێران بووه، به‌ڵام ئاشكرا نه‌كراوه، به روونیش ئه‌وه دیاره، كه قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به سوپای پاسداران، راسته‌وخۆ و له نزیكه‌وه سه‌رپه‌رشتی هێرشه‌كه‌ی كردووه.
نووسه‌ره‌كه ئاماژه به قسه‌كانی په‌رله‌مانتارێكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كه رایگه‌یاندبوو، ئه‌وه‌ی روویدا، ئه‌نجامی پیلانگێرییه‌كه‌ی گه‌وره بوو كه هێزه هه‌رێمییه‌كان به‌شدارییان تێدا كردبوو.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، پێشتر نوێنه‌رانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی به نهێنی كۆبوونه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی شاری كه‌ركووك به‌بێ هیچ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌ك راده‌ست بكرێت، له ئه‌نجامیشدا، هه‌ندێك له‌و هێزانه‌ی سه‌ر به‌و باڵه‌ی یه‌كێتی بوون، كشانه‌وه و شوێنه‌كانییان جێهێشت، له كۆتاییشدا شاره‌كه به‌بێ هیچ به‌رگرییه‌كی ئه‌وتۆ، كه‌وته ده‌ست حه‌شد.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، گریگۆری كۆساچ، پرۆفیسۆر له كورسی رۆژهه‌ڵاتی هاوچه‌رخ، له كۆلێژی مێژوو و زانستی ماف و سیاسه‌تی زانكۆی رووسیا، ئاماژه به‌وه ده‌كات، به‌بێ به‌شداریكردن و سه‌رپه‌رشتیكردنی راسته‌وخۆی ئێران، مه‌حاڵ بوو هێزه عێراقییه‌كان بتوانن به‌و شێوه‌یه وا به ئاسانی كۆنتڕۆڵی كه‌ركووك بكه‌ن.
باس له‌وه‌ش ده‌كات، به‌مشێوه‌یه ئێران توانیویه‌تی، چه‌ند ئامانجێك بپێكێت، یه‌كه‌م: باشتر له به‌غدا بچێته باش، دووه‌م: كاریگه‌ری بخاته سه‌ر پێگه‌ی یه‌كێك له هاوپه‌یمانه سه‌ره‌كییه‌كانی واشنتن، سێیه‌م: پێگه‌ی خۆی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه قایمتر كرد.
20/10/2017