ئێران، بە ھاوکاریی حەشدی شەعبی، پێش ئەوەی ئیدارەی ترامپ ستراتیژە نوێیەکەی جێبەجێ بکات، بە سزادانی سوپای پاسداران، دەستی خۆی پێش خست. چاودێرانی سیاسی، پێیان وایە دۆخەکە وەکوو ئێستا نامێنێتەوە و ئەمەریکا قبووڵی ناکات ئێران دەست بەسەر شاری کەرکووکدا بگرێت.
بەپێی زانیارییەکان، ئامانجی یەکەمی حەشدی شەعبی بۆ ھاتنە کەرکووک بۆ ئەوەیە ڕێگە لە راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان بگرن. ھاوکات ئێران ویستوویەتی، بەرلەوەی ئەمەریکا ستراتیژە نوێیەکەی لەسەر سوپای پاسداران و گرووپەکانی وەکوو حەشدی شەعبی و حزبوڵا جێبەجێ بکات و بە تیرۆریست بیانناسێنێ و ناچاریان بکات لە ناوچەکە بکشێنەوە، دەستی خۆی پێش خستووە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دوای ڕووداوەکەی کەرکووک دانی بەوە دانا کە ئێرانییەکان سەرپەرشتیی ئەو حەملەیەیان کردووە.
عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو خیانەتە گەورەیەی کە لە کەرکووک کراوە، پێویست بوو ھەر بە زوویی ئەمەریکا و ھاوپەیمانان ھەڵوێستی توندیان لەبەرامبەر ھەبوایە، گوتیشی: “ڕاستە خیانەت لە کەرکووک کراوە بۆ بەرژوەندیی خۆیان، بەڵام پێویست بوو ھاوپەیمانان، بەتایبەت ئەمەریکا بێدەنگ نەبێت و ھەر ھیچ نا دوو ھەلیکۆپتەر بەسەر کەرکووکدا ڕۆژی داگیرکردنەکەی سووڕابانەوە بۆ ئەوەی بزانین ھەڵوێستیان ھەیە”.
لای خۆشیانەوە، محەمەدی حاجی مەحمود، فەرماندەی باڵای پێشمەرگە لە سنووری کەرکووک، بۆ (باس) ڕای گەیاند، ئەوەی لە کەرکووک ڕووی دا، نەخوازراو بوو، شتێک بوو لە چاوەڕوانیی ھچ کەسدا نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگە لە ئامادەباشیی تەواودایە لە سەنگەرەکان و پێداچوونەوەیەکی خێرا بە ڕێکخستنی پێشمەرگە و میحوەرەکاندا دەکرێت.
ھاوکات، شارەزایانی سەربازی و سیاسی پێیان وایە، ئەم دۆخە وەکوو ئێستای نامێنێتەوە و ئیدارەی ترامپ کە چەند ڕۆژێکە سوپای پاسدارانی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، بەو گۆڕانکارییە ڕازی نابێت، ھەر دوێنێش وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەختی لەسەر کشانەوەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ ڕۆژی پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ کردەوە.
چاودێران، پێشیان وایە بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ سوپای پاسداران، حەشدی شەعبی وەکوو ھێزێکی پاشکۆی ئەو سوپایە بەم نزیکانە دەپووکێنێتەوە و کۆتایی بە ھەژموونی ئێران لە ناوچەکە دەھێنێ، کاریگەریی ستراتیژە نوێیەکەی ئەمەریکاش بەزوویی لەسەر کۆی دۆخەکە و ئەو گرووپانە دەردەکەوێ، کە پاشکۆی ئێرانن و ڕێککەوتنیان لەگەڵ گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسداراندا ھەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی (شەرقییەنیوز)، رادەستکردنی کەرکووک بە سوپا و حەشدی شەعبی، بەرەنجامی رێککەوتنی نێوان ئێران، بەغدا بووە.
لەبارەی سزاکانی ئەمەریکاشەوە، حەسەن جیھاد، شارەزای سەربازی و پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بۆ (باس) رای گەیاند، سوپای پاسداران ھێزی ئەساسیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و ئەو دەوڵەتەی لەسەر دامەزراوە، کاتێک دەکرێت بە تیرۆریست لەلایەن ئەمەریکاوە، ئەوە خۆی ئاماژەیەکی یەکجار خراپە بۆ ئەو وڵاتە، یەکەمیان، لە ڕووی مەعنەوییەوە لێدانە لێی. دووەمیان، ئەو سوپایە کۆمپانیای زۆری لە بواری چەک و وەبەرھێنان و کاردا ھەیە، دوای ئەوەی خرایەو لیستی تیرۆریستەوە، ئەوە ئابڵووقەی ئابووریی دەخرێتە سەر ئەو کۆمپانیایانە و ئەوەش کاریگەریی خراپی دەبێت بۆ ئابووریی ئێران و کاری ئابووریی ئەو کۆمپانیایانە کە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپاشە، گوتی: “جگە لەوەش کاتێک ئەو سوپایە دەکرێت بە تیرۆریست، ئەوە جووڵەی سەرکردەکانی ئەو سوپایەش لە قاڵب دەدات و ناھێڵێت بجووڵێن، ناوەکانیان دەدرێت بە دونیا کە ناتوانن ھاتوچۆ بکەن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، جگە لەوەش ھەموو ئەو گرووپانەی کە وەلایان ھەیە بۆ سوپای پاسداران، یان پەیوەستن بە ئێرانەوە، ئەوانیش کاریگەریی خراپیان دەکەوێتە سەر، تەنانەت دوای بڕیارەکە، وتەبێژی فەرمیی ھێزەکانی ئەمەریکا ئەوەی راگەیاندووە کە مامەڵە لەگەڵ حەشدی شەعبیدا ناکەن و ھاوکارییشی ناکەن، تەنانەت ئەمەریکییەکان ڕێگرییان لە بەشداریی ئەو ھێزەش گرتووە لە زۆر لە شەڕەکانی داعش، گوتی: “ئەو ھێزە جگە لەوەی تێبینیی زۆری لە بوارەکانی مافی مرۆڤیش بەسەرەوەیە، جگە لەو بڕیارە ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە ئەمەریکا خۆی لە ھەر جۆرە ھاوکارییەک لەو ھێزە بەدوور بگرێت، ئەگەر بۆ شەڕی داعشیش بێت”.
لای خۆشیانەوە، سیروان حەمەشەریف، شارەزا لە یاسای نێودەوڵەتی، بۆ (باس) رای گەیاند، ھەر سوپایەک ئەمەریکا بیخاتە لیستی تیرۆرەوە، وڵاتان ڕێککەوتنی نێودەوڵەتیی لەگەڵ ئەنجام نادەن، گوتی: “بڕیارەکە زەبرێکە بەر ئەو سوپایە و پاشکۆکانی و ئابووری و سیاسیی ئەو وڵاتە کەوتووە، بێ گومان لەمەودوا وڵاتان و ھێوە نێودەوڵەتییەکان خۆ دەپارێزن لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو سوپا و وڵاتە و جگە لەوەش ناتوانن چەکیشی پێ بفرۆشن، چونکە ئەوە ئاشکرایە کە ئەمەریکا ئێستا رابەرایەتیی جیھان دەکات و سەرکێشیکردنی لە بڕیارێکی وەھا بۆ ئەو وڵاتە باش نابێت کە دەیکات”.
لای خۆیشانەوە، چاودێری سیاسی، سۆران سێوکانی، بۆ (باس) رای گەیاند، دۆخەکە وەکوو ئەوەی رۆژی ١٦|١٠ ڕووی دا نامێنێتەوە و ئێستا دوای ئەو بڕیارەی ئەمریکا، حەشدی شەعبی وەکوو ھێزێکی تیرۆریست و لە یاسا دەرچوو لەلایەن ئەمەریکاوە ناسێنراوە، گوتی: “عەبادی کە ئێستا بەو ھێزە پەلاماری کوردستانی داوە، ئەوە چارەنووسی بەھۆی ئەو ھێزەوە خراپ دەبێت، ئەوەش سەربەخۆیی کوردستان و سەرکەوتنی کوردستان لەو دۆخەی ئێستای خێراتر دەکات و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە”.
18/10/2017