جێگری وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ئاشکرای دەکات سەرەڕای ئەوەی ستراتیجیی نوێی ئەمریکا لەدژی ئێران، چوار ئامانجی هەیە، جەختی کردەوە گەمارۆی نوێ لەدژی دامودەزگا دەوڵەتییەکانی دیکەی ئێرانیش جێبەجێ دەکەن.
میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، سیگال مندلکر، جێگری خەزێنەداریی ئەمریکا بۆ کاروباری ماڵی و تیرۆریزم لە پەرەدان بە ستراتیجیی نوێی واشنتۆن لەدژی ئێران ئاشکرای کردووە ئەم پلانە لەسەر بنەمای چوار ئامانج دامەزراوە.
مندلکر لە گوتارێکدا لە دانیشتنی کۆمیتەی هاوبەشی کاروباری گشتیی ئیسرائیل – ئەمریکا (ئیپک) ئەو چوار پلانی ستراتیجییە نوێیەکەی ترامپ لەدژی ئیرانی خستە ڕوو و گوتی: یەکەم پووچەڵکردنەوەی چالاکییە پەلهاویشتووەکانی و پێشگیری بە هێرشەکانی ئێران لە ناوچە و پشتیوانیی لە گرووپە میلیشیاکانی ناوچەکە وەک چالاکییە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران لە سووریا، پشتیوانیی لە حزبوڵا لە لوبنان، حەماس لە غەزە و حەشدی شەعبی لە عێراق کە هەڕەشەن بۆ سەر ئیسرائیل.
دووەم: ڕێگری لە دەستپێڕاگەیشتنی سەرچاوە داراییەکان بۆ ئێران و سوپای پاسداران لە ناوچەکە.
سێیەم: بەرەنگاربوونەوەی تواناییەکانی ئێران لە هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕێگەی مووشەکی بالستیک و چەکوچۆڵی دیکەی نایاسایی.
چوارەم: داخستنی هەموو ئەو ڕێگایانەی کە ئێران بەتەمایە دەستی بە چەکی ئەتۆمی.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە درێژەدا گوتی: "بڕیاری ترەمپ بۆ پەسەندنەکردنی پابەندبوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بە دەوڵەت و کۆنگرێس ئەو ئیزنە دەدات بەتەواوەتی هەڕەشە و کەموکۆڕییەکانی ئێران بخاتە ڕوو و گەمارۆی نوێتر بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت.
17/10/2017