فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

-----qq---q-q- و ئەمەش دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەمان لە ململانێ و دواجار شەڕ." گرۆسی هەروەها لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" دیدارەکەی پێنجشەممەی لەگەڵ عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی...
2024-11-15-02-18-29 داوای لە حکوومەتی ئێران کردووە کە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕابگرێت و ئەم سزایە بە تەواوی هەڵبوەشێنێتەوە.هەروەها، کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران لە بەیاننامەیەکدا...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

د. زاهیر مه‌جید پسپۆڕٍى یاسایى و مامۆستا له‌ كۆلێژى یاسا و زانسته‌ سیاسییه‌كانى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین له‌ دیدارێكى "وشه‌"دا راى ده‌گه‌یه‌نێت، راگرتنى هه‌نارده‌ى نه‌وتى كوردستان ناده‌ستوورییه‌ و روونیشى ده‌كاته‌وه‌، دادگاى فیدراڵى له‌ عێراق كێشه‌ى ده‌ستوورى هه‌یه‌. ئه‌و پسپۆڕه‌ یاسایییه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، هه‌نگاوه‌كانى حكوومه‌تى عێراق به‌هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا دژ به‌ گه‌لى كوردستان، پێشێلكردنى ده‌ستوور و سه‌روه‌رییه‌كانى ده‌وڵه‌تى عێراقه‌.

پاش پیاده‌كردنى ریفراندۆم له‌ هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كاندا، حكوومه‌تى عێراق داواى راگرتنى هه‌نارده‌ى نه‌وتى كوردستان له‌ ئێران و توركیا ده‌كات، ئایا ئه‌وه‌ كرده‌یه‌كى ده‌ستوورییه‌؟
-كاتێك باس له‌ پێوه‌ندیى نێوان حكوومه‌تى ئیتیحادى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ بوارى نه‌وت و گاز ده‌كرێت، راسته‌وخۆ پێویسته‌ بۆ دوو خاڵى بنچینه‌یى له‌ بابه‌تى ده‌ستووریى و یاسایییه‌وه‌. یه‌كه‌میان، ئایا ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامی داون، ده‌ستوورین یان نا، دووه‌میان، به‌ڕێوه‌بردنى گرێبه‌سته‌كان و چالاكییه‌كانى نه‌وتى له‌لایه‌ن هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ده‌ستوورین یان نا، وه‌ڵامى ئه‌و دوو پرسیاره‌، هاوكات وه‌ڵامى پرسیاره‌كه‌ى ئێوه‌شمان بۆ روون ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌ى پێوه‌ندى به‌ گرێبه‌سته‌كانى نه‌وته‌وه‌ هه‌بێت له‌ كوردستاندا، كارێكى نوێ نییه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ رابردوویه‌كى كۆنى هه‌یه‌، حكوومه‌تى عێراقیش له‌ چه‌ندان بۆنه‌ و رێكه‌وتدا، زۆر به‌ روونى له‌رووى یاسایییه‌وه‌ ددانى به‌وه‌داناوه‌ گرێبه‌سته‌كانى كوردستان ده‌ستوورین. بۆنموونه‌، له‌ یاساى بودجه‌ى ساڵى 2012ى عێراق زۆر به‌ روونى ددانى به‌وه‌داناوه‌، كاتێك له‌و یاسایه‌دا حكوومه‌تى عێراق شایسته‌ دارایییه‌كانى كۆمپانیا خاوه‌نكاره‌كانى كه‌رتى نه‌وت و گازى كوردستانى خستووه‌ته‌ ئه‌ستۆى خۆى، ئه‌وه‌ له‌رووى یاسایییه‌وه‌ به‌ڵگه‌یه‌كى روون و دانپێدانانه‌ به‌وه‌ى گرێبه‌سته‌كانى كوردستان ده‌ستووریى و یاسایین.

جگه‌ له‌وه‌ تاڕاده‌یه‌كى زۆر رێككه‌وتن له‌ نێوان حكوومه‌تى عێراقى و كوردستان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى گرێبه‌سته‌كان و به‌ڕێوه‌بردنیان. بۆنموونه‌، حكوومه‌تى عێراق به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان نه‌وتى كه‌ركووك به‌رهه‌م دێنێت و ده‌گوازێته‌وه‌، مه‌به‌ست له‌وه‌ش كێڵگه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى كۆمپانیاى نه‌وتى باكوره‌، نه‌ك ئه‌و كێڵگانه‌ى راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتى ده‌كرێن.

كه‌واته‌ ئه‌وه‌ى پێوه‌ندى به‌ به‌ڕێوه‌بردنى كێڵگه‌كان یان چالاكییه‌كانى نه‌وته‌وه‌ هه‌بێت، چۆن ده‌بێت؟
-ده‌ستوورى عێراق زۆر به‌روونى و له‌ ماده‌ى 112دا ده‌قى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ به‌ڕێوه‌بردنى كێڵگه‌كانى ئێسته‌، واته‌ تا ده‌رچوونى ده‌ستوورى عێراق بوونیان هه‌بووه‌، به‌ هاوبه‌شى له‌ نێوان حكوومه‌تىئیتیحادى و هه‌رێم به‌ڕێوه‌ ده‌برێن، ئه‌و به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردنه‌ش ده‌بێت به‌ یاسایه‌ك رێك بخرێت، به‌ڵام حكوومه‌تى ئیتیحادى به‌رده‌وام ئاسته‌نگى دروست كردووه‌ له‌ ده‌ركردنى یاساى نه‌وت و گازى عێراق. خاڵى هه‌ره‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و به‌ڕێوه‌بردنه‌ هاوبه‌شه‌ى ده‌ستوورى عێراق بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كات له‌ كێڵگه‌كانى ئێسته‌دا، پێوه‌ست نییه‌ به‌ ته‌نیا هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، به‌ڵكو پێوه‌سته‌ به‌ هه‌موو كێڵگه‌كانى عێراق كه‌ تا په‌سه‌ندكردنى ده‌ستوور له‌ 2005دا بوونیان هه‌بووه‌، پاڵپشت به‌و ماده‌ ده‌ستوورییه‌، ده‌بێت بۆنموونه‌ كێڵگه‌كانى نه‌وتى به‌سڕه‌ به‌ هاوبه‌شى به‌ڕێوه‌ ببرێن، ئه‌و هاوبه‌شییه‌ش له‌ نێوان حكوومه‌تى ئیتیحادى و حكوومه‌تى هه‌رێمه‌كان ده‌بێت كه‌ ئێسته‌ ته‌نیا هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌، ئه‌و ماده‌یه‌ ماناى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌نیا حكوومه‌تى عێراقى هاوبه‌ش بێت له‌ به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌و نه‌وته‌ى له‌ كوردستاندا هه‌یه‌، به‌ڵكو ده‌بێت حكوومه‌تى هه‌رێمیش هاوبه‌ش بێت له‌ به‌ڕێوه‌بردنى نه‌وت له‌ پارێزگاكانى عێراقدا، ئه‌وه‌ش بنه‌ماى پێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌بردنى دۆسیه‌ى نه‌وت و گازه‌ له‌ سه‌رتاسه‌رى عێراقدا، ئه‌وكاته‌ قبووڵكردنى به‌ڕێوه‌بردنى هاوبه‌ش ئاسانه‌، به‌ڵام تۆ خۆت به‌سه‌ر هه‌رێمێكدا فه‌رز بكه‌یت و بته‌وێت به‌شداربیت له‌ به‌ڕێوه‌بردندا، به‌ڵام خۆت رێگر بیت له‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم له‌ به‌ڕێوه‌بردنى كێڵگه‌كانى لاى تۆ به‌شدار بن، ئه‌وه‌ هیچ بنه‌مایه‌كى ده‌ستوورى و یاسایى نییه‌. له‌و روانگه‌یه‌وه‌ ده‌توانین دووپاتى بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌و داواكارییه‌ى حكوومه‌تى ئیتیحادى بۆ حكوومه‌تى توركیا و ئێران كه‌ له‌ بوارى نه‌وتدا ته‌نیا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى ئیتیحادى یان مه‌ركه‌ز بكه‌ن، هیچ بنه‌مایه‌كى ده‌ستووریى و یاسایى نییه‌ و توركیا و ئێرانیش باش ئه‌وه‌ ده‌زانن.

ئایا به‌پێى ده‌ستوورى عێراق، یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌ و ناكۆكییه‌ك له‌ نێوان حكوومه‌تى ئیتیحادى و حكوومه‌تى هه‌رێم ده‌بێت چ رێوشوێنێكى بۆ بگیرێته‌به‌ر؟
-به‌گوێره‌ى ده‌ستوورى عێراق، به‌دیاریكراوى ماده‌ى 93 له‌ ده‌ستووره‌كه‌، له‌ بڕگه‌ى چواره‌مدا زۆر به‌ روونى باس له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى دادگاى باڵاى ئیتیحادى/فیدراڵى له‌ عێراق ده‌كات، یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ئه‌و دادگایه‌ به‌پێى ئه‌و ماده‌یه‌ى ده‌ستووره‌كه‌، چاره‌سه‌ركردن و یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانى نێوان حكوومه‌تى ئیتیحادى و حكوومه‌تى هه‌رێم و پارێزگاكان و شاره‌وانییه‌كان و حكوومه‌ته‌ خۆجێییه‌كانه‌، ئه‌وه‌ ده‌قێكى زۆر راشكاوه‌ كه‌ هه‌ر كاتێك كێشه‌یه‌ك له‌ نێوان حكوومه‌تى ئیتیحادى یان حكوومه‌تى هه‌رێم و هه‌ر هه‌رێمێكى تر كه‌ له‌ داهاتوودا دروست ده‌بێت و هه‌ر پارێزگایه‌ك كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى هه‌رێمێكدا نییه‌ و ره‌نگه‌ كێشه‌ى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى ئیتیحادى بۆ دروست ببێت، ئه‌وه‌ ده‌بێت كێشه‌كه‌ ببرێته‌ به‌رده‌م دادگاى باڵاى ئیتیحادى و له‌وێ یه‌كلا بكرێته‌وه‌. دیاره‌ ئه‌وه‌ له‌كاتێكدا ده‌بێت كه‌ هه‌ست بكرێت دادگایه‌كى راسته‌قینه‌ى ئیتیحادى بوونى هه‌یه‌ و له‌ژێر هه‌ژموونى هیچ كه‌س و لایه‌نێكدا نییه‌، له‌لایه‌كى تره‌وه‌، ئه‌وه‌ شارستانیترین رێیه‌ حكوومه‌تى ئیتیحادى پێڕۆیى بكات، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تى ئیتیحادى عێراقى ئه‌وه‌ بكات، ئه‌وكات هه‌ر خۆى ده‌ستێوه‌ردانى ده‌ره‌كى وڵاتانى ده‌وروبه‌ر له‌ ناوخۆى عێراق دوور ده‌خاته‌وه‌، ئه‌وكات پێویست ناكات په‌نا بۆ وڵاتانى دراوسێ ببات و ئه‌و وڵاتانه‌ش مه‌رجى به‌سه‌ردا بسه‌پێنن، ته‌نیا له‌ پێناو ئه‌وه‌ى زیان به‌ هه‌رێمى كوردستان بگه‌یه‌نێت، ئه‌و بنه‌مایه‌ ته‌واو دژه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستوورى عێراق كه‌ له‌سه‌ر حكوومه‌تى ئیتیحادى فه‌رز ده‌كات كه‌ ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندى هه‌موو خه‌ڵكى عێراق بپارێزێت، به‌ڵام لێره‌وه‌ به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كى ترمان ده‌بات، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى به‌شێك له‌ خه‌ڵكى عێراق ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، زیان به‌ زیاتر له‌ پێنج ملیۆن خه‌ڵكى هه‌رێمێكى ناو ده‌وڵه‌ته‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ش دژى ئه‌و ده‌ستووره‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك ده‌نگى له‌سه‌ر داوه‌.

ره‌نگه‌ پرسیارى ئه‌وه‌ش بكرێت كه‌ بۆچى حكوومه‌تى هه‌رێم په‌نا بۆ دادگاى ئیتیحادى نابات؟ راستییه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان ریفراندۆمى خۆى كردووه‌ و كێشه‌یه‌كى نییه‌، ئه‌وه‌ى كێشه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌یه‌ ئه‌وه‌ حكوومه‌تى ئیتیحادییه‌ و ئه‌و ده‌بێت خۆى په‌نا بۆ دادگا ببات، ئه‌وه‌ بنه‌مایه‌كى دادگه‌رییه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ په‌نا بۆ دادگا ده‌بات كه‌ كێشه‌ى هه‌یه‌، خۆ حكوومه‌تى هه‌رێم ناچێت سكاڵا له‌ دژى خۆى تۆمار بكات، ده‌بێت حكوومه‌تى ئیتیحادى په‌نا بباته‌ به‌ر دادگا. به‌و حاڵه‌یشه‌وه‌ خاڵێكى گرنگ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و دادگا ئیتیحادییه‌ى ئێسته‌ له‌ عێراقدا هه‌یه‌، ئه‌و دادگایه‌ نییه‌ كه‌ ده‌ستوور داواى كردووه‌.

ده‌توانن ئه‌وه‌ روونتر بكه‌نه‌وه‌، كێشه‌ى دادگاى ئیتیحادى چییه‌؟
-به‌گوێره‌ى ماده‌ى 92ى ده‌ستوورى عێراق، چۆنیه‌تیى پێكهێنان و دامه‌زراندنى دادگاى باڵاى ئیتیحادى روون كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و ماده‌یه‌ش دوو بڕگه‌ى له‌ خۆده‌گرێت و له‌ بڕگه‌ى دووه‌میدا هاتووه‌ كه‌ دادگاى باڵاى ئیتیحادى له‌ كۆمه‌ڵێك دادوه‌ر و كه‌سانى شاره‌زا له‌ فیقهى یاسایى و ئیسلامى پێك دێت، كه‌ ژماره‌یان چۆنیه‌تى كاندیدكردنیان، شێوه‌ى كاركردن له‌ دادگاى باڵاى ئیتیحادى، له‌ رێى یاسایه‌كى تایبه‌ته‌وه‌ رێك ده‌خرێت و ئه‌و یاسایه‌ش پێویسته‌ به‌ ده‌نگى دوو له‌سه‌ر سێى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق په‌سه‌ند بكرێت. لێره‌دا كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ تا ئێسته‌ ئه‌و یاسایه‌ بۆ دادگاى ئیتیحادى په‌سند نه‌كراوه‌ كه‌ ده‌ستوورى عێراق داواى ده‌كات، ئه‌و دادگایه‌ى ئێسته‌ هه‌یه‌، پێش په‌سه‌ندكردنى ده‌ستوور و به‌ بڕیار و یاسایه‌ك دروست كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ شێوه‌یه‌كى كاتى و تا په‌سه‌ندكردنى ده‌ستوور، كاره‌كان یه‌كلا بكاته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌و دادگائیتیحادییه‌ى ئێسته‌ هه‌یه‌، كێشه‌ى ده‌ستوورى هه‌یه‌. وه‌ك ئاماژه‌شمان به‌ ناوه‌ڕۆكى ماده‌ى 92ى ده‌ستوور كرد كه‌ ده‌ركردنى یاساى دادگاى ئیتیحادى جیا كردووه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌ر یاسایه‌كى ئاسایى كه‌ به‌ ده‌نگى (نیوه‌ كۆ یه‌ك)ى په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێت، به‌ڵكو له‌به‌ر گرنگى یاسا و دامه‌زراوه‌كه‌ له‌ ده‌ستووردا ئه‌وه‌ فه‌رز كراوه‌ كه‌ ده‌بێت به‌ ده‌نگى دوو له‌سه‌ر سێى ئه‌ندامان په‌سه‌ند بكرێت. دروست نه‌كردنى دادگاى ئیتیحادى به‌پێى ئه‌وه‌ى ده‌ستوور داواى ده‌كات، جێبه‌جێ نه‌كردنى یه‌كێك له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانى چه‌سپاندنى سیسته‌مى فیدراڵییه‌ له‌ عێراقدا، ئه‌و دادگایه‌ گرنگى له‌ڕاده‌به‌ده‌رى هه‌یه‌، ئێسته‌ كه‌ ده‌گوترێت زیاتر له‌ 50 ماده‌ى ده‌ستوورى عێراق پێشێل كراوه‌ یان هه‌ر جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، ئه‌گه‌ر دادگاى ئیتیحادى هه‌بووایه‌، ئه‌و كێشانه‌ى تێدا یه‌كلا ده‌كرایه‌وه‌، تێبینى بكه‌ن ده‌ستوورى عێراق له‌ 150 ماده‌یه‌ك پێك دێت و زیاتر له‌ 50 ماده‌ى په‌سه‌ند نه‌كراوه‌، واته‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێى ماده‌كانى ده‌ستووره‌كه‌، به‌ڵام له‌رووى ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ ئه‌و مادانه‌ كامانه‌ن؟ ئه‌و مادانه‌ن كه‌ كرۆكى سیسته‌مه‌ فیدراڵییه‌كه‌ پێك دێنن و له‌ بایه‌خدارترین ماده‌كانى ده‌ستوورى عێراقن، ئه‌وانه‌ن كه‌ مافى هه‌رێمه‌كان ده‌ده‌ن، مافى پێكهاته‌كان ده‌ده‌ن، به‌ڵام هیچ كامیان پیاده‌ نه‌كراون، ئه‌وه‌ش بۆمان ده‌سه‌لمێنێت ئه‌و لایه‌نانه‌ى كاتى خۆى ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر ده‌ستووره‌كه‌ دا، له‌ بنه‌ڕه‌تدا باوه‌ڕیان پێى نه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ دۆخێكى ناچاردا ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر داوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ پاش په‌سه‌ندكردنى ده‌ستووره‌كه‌، ئاماده‌ نه‌بوون پیاده‌ى بكه‌ن. ئێمه‌ دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ناوه‌ڕۆكى ده‌ستووره‌كه‌ له‌وه‌ى پێوه‌ندى به‌ سیسته‌مى فیدراڵییه‌وه‌ هه‌یه‌، جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، له‌پاڵ دادگاى باڵاى ئیتیحادى، بۆنموونه‌، ئه‌نجوومه‌نى فیدراڵى یان ئیتیحادى دروست نه‌كراوه‌، كه‌ ئه‌وانه‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانى سیسته‌مى فیدراڵى پێك دێنن، هه‌روه‌ك له‌ ماده‌ى 65ى ده‌ستوورى عێراقدا فه‌رز كراوه‌ كه‌ ئه‌نجوومه‌نى فیدراڵى پێك بهێنرێت، به‌ڵام پاش 12 ساڵ له‌ په‌سندكردنى ده‌ستوور، ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ دانه‌مه‌زراوه‌ كه‌ نوێنه‌رى هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكان له‌خۆده‌گرێت.

هه‌ر به‌پێى ده‌ستووریش دیاریكردنى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌، شێوه‌ى كاندیدكردنیان، ئیش و كار و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌، به‌ یاسایه‌كى تایبه‌ت ده‌بێت رێك بخرێت و ئه‌و یاسایه‌ش به‌ ده‌نگى زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران په‌سه‌ند ده‌كرێت، به‌ڵام نه‌یانهێشت ئه‌و یاسایه‌ په‌سه‌ند بكرێت و ئه‌نجوومه‌نى فیدراڵى پێك بهێنرێت، له‌كاتێكدا ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ وه‌ك فلته‌رێكه‌ بۆ نه‌هێشتنى سه‌پاندنى زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ له‌ ده‌ركردنى یاساكاندا، كاتێكیش ئه‌و فلته‌ره‌ نه‌بوو، فیدراڵییه‌كه‌ به‌رجه‌سته‌ نابێته‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ك ده‌بینین له‌ پاش په‌سه‌ندكردنى ده‌ستووره‌وه‌، رێ به‌ دروستكردنى هیچ هه‌رێمێكى تر له‌ عێراق نه‌درا، له‌كاتێكدا ساڵانى زوو ده‌یان هه‌زار واژوو له‌ پارێزگاى به‌سڕه‌ كۆكرایه‌وه‌ و پێشكه‌شى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا و ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران كرا، بۆ به‌ هه‌رێمكردنى پارێزگاى به‌سڕه‌، به‌ڵام هیچ بایه‌خێكى بۆ دانه‌نرا، پاش ئه‌وه‌ ناوچه‌ سوننه‌نشینه‌كان كه‌ ده‌ستیان به‌ خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌ گه‌وره‌كان كرد و به‌ هه‌زاران كه‌س هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام و داواى به‌ هه‌رێمكردنى ناوچه‌كانیان ده‌كرد، دیسان ئه‌وه‌ش هه‌ر رێگرى لێ كرا، كاتێك رێگرى له‌ دروستكردنى هه‌رێمى تر كرا، كه‌واته‌ عێراق نه‌بوو به‌ ده‌وڵه‌تێكى فیدراڵى، هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و عه‌قڵه‌ى ئێسته‌ له‌ عێراق كار ده‌كات، هه‌مان عه‌قڵى رابردووه‌، ره‌نگه‌ به‌ زمانێكى تر و قات و ریباتێكى نوێوه‌ بێته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام به‌هه‌مان عه‌قڵى كۆنى عێراقه‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌ عێراقى پاش 2003دا ده‌ستوور جێبه‌جێ بكردایه‌ و فیدراڵیی بچه‌سپێنرایه‌، ده‌ستى ده‌ره‌كى وه‌ك ئێسته‌ نه‌ده‌گه‌یشته‌ ناو ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ و بارودۆخه‌كه‌ به‌ ئێسته‌ نه‌ده‌گه‌یشت.

ئایا ئه‌و رێوشوێنانه‌ى ئێسته‌ حكوومه‌تى عێراق دژ به‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك گه‌له‌كۆمه‌كییه‌ك له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا پێڕۆیى ده‌كات، پێشێلكردنى ده‌ستوور و سه‌روه‌ریى ده‌وڵه‌تى عێراق نییه‌؟
به‌ڵێ، با نموونه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بێنینه‌وه‌، ساڵى رابردوو ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى عێراق ده‌نگیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دا كه‌ پێویسته‌ سوپاى توركیا له‌و شوێنانه‌ى هاتووه‌ته‌ ناو عێراقه‌وه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌تایبه‌ت نیگه‌رانییه‌كه‌ له‌ هه‌بوونى سه‌ربازى تورك له‌ سه‌ربازگه‌ى زه‌لكان له‌ چیاى باشیك هه‌بوو، ئه‌وكات كوردیان به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرد كه‌ ده‌ستى ده‌ره‌كى هێناوه‌ته‌ ناو عێراقه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر له‌ چه‌ند رۆژێكى پاش ریفراندۆم له‌ناو هه‌مان ئه‌و په‌رله‌مانه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئاسایییه‌ رێ به‌ سوپاى توركیا بدرێت له‌ناو خاكى عێراق بمێنێته‌وه‌! ساڵى رابردوو سوپاى توركیا داگیركه‌ر بوو، هه‌ڕه‌شه‌ بوو له‌سه‌ر عێراق و پێشێلكردنى سه‌روه‌رییه‌كانى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ بوو، ئێسته‌ پێچه‌وانه‌ بووه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا ئه‌وكات داعش له‌ مووسڵ بوو، ئێسته‌ مووسڵ له‌ داعش پاك كراوه‌ته‌وه‌. ئه‌و نیازه‌ى ئێسته‌ى عێراق بۆ مانه‌وه‌ یان هاتنه‌ناوه‌وه‌ى سوپاى وڵاتانى تر بۆ ناو عێراق، خۆى پێشێلكردنى سه‌روه‌رییه‌كانى عێراق و ده‌ستوورى وڵاته‌كه‌یه‌، چونكه‌ ئاشكرایه‌ بۆ پاڵه‌په‌ستۆ خستنه‌ سه‌ر به‌شێك له‌ هاووڵاتییانى عێراقه‌ كه‌ خه‌ڵك و گه‌لى كوردستانه‌.

ئه‌و عه‌قڵه‌ى ئێسته‌ ده‌چێت داوا له‌ توركیا و ئێران ده‌كات كه‌ رێگرى له‌ هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن له‌رووى بازرگانى و هه‌نارده‌ى نه‌وت و داخستنى فڕۆكه‌خانه‌كان و هه‌موو هه‌نگاوه‌كانى تر، هه‌مان ئه‌و عه‌قڵه‌یه‌ كه‌ بۆ كپكردنه‌وه‌ى داخوازییه‌كانى شۆڕشى كورد، په‌ناى بۆ وڵاتانى تر برد و له‌ به‌رامبه‌ردا خاكێكى زۆرى عێراق به‌ ئێران درا، ئێسته‌ كه‌ حكوومه‌تى عێراقى داواى گه‌مارۆ خستنه‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان ده‌كات له‌لایه‌ن توركیا و ئێرانه‌وه‌، بێگومان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا ئێران و توركیا داواى شتێك له‌ عێراق ده‌كه‌ن، چۆن كاتى خۆى عێراق ئه‌و هه‌موو خاكه‌ به‌رفره‌وانه‌ى خۆى له‌ شه‌تل عه‌ره‌ب به‌ ئێران دا ته‌نیا بۆ كۆتاهێنان به‌ شۆڕشى كورد، ئێسته‌ هه‌مان عه‌قڵ و كردار و بیرۆكه‌یه‌. به‌راوردى ئه‌وه‌ بكه‌ كه‌ ئه‌وكات عێراق خاكى خۆى به‌ ئێران دا، بۆ ئه‌وه‌ى شاى ئێران پشتگیرى له‌ كورد نه‌كات، ئه‌نجامه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و ئه‌نفال و كیمیاباران و كۆمه‌ڵكوژییه‌یان دژ به‌ گه‌لى كوردستان ئه‌نجام درا، ئه‌و عه‌قڵه‌ ئاماده‌ نه‌بوو داخوازییه‌كانى گه‌لى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى عێراق جێبه‌جێ بكات، له‌كاتێكدا هه‌ر له‌ناو عێراقدا ده‌بێت، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوو بۆ سه‌ركوتكردنى كورد خاكى خۆى له‌ده‌ست بدات و به‌ وڵاتى ترى ببه‌خشێت، كه‌واته‌ ئه‌و عه‌قڵه‌ قبووڵیه‌تى خاكى عێراق به‌ وڵاتى تر بدات، به‌ڵام قبووڵى نییه‌ كورد له‌سه‌ر خاكى خۆى له‌ ناو عێراقدا حوكمى خۆى بكات. هه‌موو ئه‌وه‌ وا ده‌كات خه‌ڵكى كوردستان به‌ته‌واوه‌تى نائومێد بێت له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ عێراق و گه‌یشتووه‌ته‌ راده‌یه‌ك كه‌ كوردستان ته‌نیا ئه‌و رێیه‌ى له‌به‌رده‌م ماوه‌ كه‌ دانوستان بكات له‌سه‌ر كاتێكى دیاریكراو بۆ راگه‌یاندنى ده‌وڵه‌ت و ناوچه‌ سنوورییه‌كانى كوردستان له‌گه‌ڵ عێراق یه‌كلا بكاته‌وه‌. ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ عێراق قسه‌ له‌سه‌ر فیدراڵیی و مافه‌كانى هه‌رێم بكرێت، ده‌شتوانرێت رێى تر تاقیبكرێته‌وه‌، له‌ شێوه‌ى كۆنفیدراڵى، پاش ئه‌وه‌ى كوردستان سه‌ربه‌خۆیى راده‌گه‌یه‌نێت، به‌پێى رێككه‌وتنێكى نێوده‌وڵه‌تى و له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى عێراق ده‌چێته‌ ناو كۆنفیدراڵییه‌وه‌.

ده‌مه‌وێت زۆر به‌ كورتى قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین، ئایا ده‌توانرێت ئه‌نجامى ریفراندۆم هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌؟
نه‌خێر، هیچ ده‌سه‌ڵاتێك ناتوانێت ئه‌نجامى ریفراندۆم هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ كارێكه‌ له‌ توانادا نییه‌، له‌رووى یاسایییه‌وه‌ هیچ ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌یه‌ك ناتوانێت ددان به‌ ده‌نگى خه‌ڵكدا نه‌نێت، له‌ هه‌موو ده‌ستوورێكدا و له‌ ده‌ستوورى عێراقیشدا دووپات له‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ (گه‌ل سه‌رچاوه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌)، واته‌ گه‌ل سه‌رچاوه‌ى په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كانى تره‌، خۆى دروستى ده‌كات و خۆیشى ده‌توانێت هه‌موویان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاته‌كان ناتوانن ده‌نگى گه‌ل هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌. بانگه‌شه‌ى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجامى ریفراندۆم، ناده‌ستوورى و نایاسایییه‌. ئێسته‌ گه‌لى كوردستان بڕیارێكى داوه‌ كه‌ ده‌یه‌وێ ده‌سه‌ڵاته‌كانى به‌و شێوه‌یه‌ بێت و له‌ عێراق جیا ببێته‌وه‌.ته‌نیا رێگه‌چاره‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى ئارام و ئاسایى دانوستان بكرێت و له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانى دواتر بۆ سه‌ربه‌خۆیى رێككه‌وتن بكرێت.

15/10/2017

 

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان