بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێ، ئێران هەرسێ خاڵە سنوورییە فەرمییەكەی بەڕووی هەرێمی كوردستاندا داخستوون. بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت رەنگە داخستنەکە کاتی و بۆ ماوەی 48 کاژێر بێت. وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت ئاگاداری بڕیارێکی لەمجۆرە نین. وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش دەڵێت بڕیارەکە لەسەر داواکاری ئەوان بووە.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، رۆژی یەكشەمە 15-10-2017، كۆماری ئیسلامیی ئێران هەرسێ خاڵە سنوورییە فەرمییەكەی (پەروێزخان، باشماخ و حاجی ئۆمەران)ی بەڕووی هەرێمی كوردستاندا داخستوون. گوتیشی: "ئەوەندەی بەدواداچوونمان بۆ داخستنەكە كردووە، لە تارانەوە فەرمانیان پێكراوە و ناشزانین داخستنەكە تاوەكو كەی بەردەوام دەبێت".
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارەکە تەنیا دەروازە فەرمییەکانی گرتووەتەوە و مەرزەكانی كێلێ و سەیرانبەن و تەوێڵە كە مەرزی نیمچەفەرمین لەگەڵ ئێران، دانەخراون. لەبارەی هەڵوێستی تورکیاش گوتی: "لە خاڵی سنووری دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل کە تاکە دەروازەی فەرمی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیایە، هاتووچۆ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەردەوامە و رانەگیراوە".
هاوکات نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بەرپرسانی ئێران ئاگاداریان كردوونەتەوە كە داخستنی دەروازەکان بەڕووی هەرێمی كوردستاندا بەپێی رێككەوتنێك بووە لەنێوان ئێران و توركیا و عێراق.
دەباغ گوتیشی: "لە ئێستاوە ئێران سنوورەكانی بەڕووی هەرێمی كوردستاندا داخستوون، تەنیا هاتووچۆ بۆ ئەو كەسانە هەیە كە لە هەردوو سنوورەكەدا ماون و دەیانەوێ بگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان".
لەسەر هەمان بابەت عەبدوڵڵا ئاكریی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی ئێران و هەرێمی كوردستان لە فەرمانگەی پەیوندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بەپێی بەدواداچوونەكانیان داخستنی خاڵە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان لەلایەن ئێرانەوە كاتییە و رەنگە بۆ 48 كاژێر بێت.
عەبدوڵڵا ئاكریی ئاماژەی بەوەدا کە پێشتر چەند جارێكی دیكە ئێران دەروازە سنوورییەكانی بەڕووی هەرێمی کوردستاندا داخستوون، بەڵام لەپاش ماوەیەك كردوونیەتەوە. گوتیشی "تاوەكو ئێستا نازانین هۆكاری داخستنەكەی ئەمجارە چییە، سیاسییە یاخود شتێكی دیكەیە، ئێمە بۆ كردنەوەی دەروازە سنوورییەكان لە هەوڵەكانی خۆمان بەردەوامین".
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە دەرکردنی بڕیارێکی لەمشێوەیە ئاگادارنییە، بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتەکە بێئاگایی خۆی لە داخستنی سنوورەکان دەربڕی و رایگەیاند: "ئێمە تەنیا سنووری ئاسمانی خۆمان لەگەڵ ناوچەی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای دەوڵەتی ناوەندی داخستووە، تا ئەوەندەی زانیاریم هەبێت هیچ جۆرە رووداوێکی نوێ لەم بارەوە رووینەداوە". بەڵام بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دەروازە سنوورییەکان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە داخراون.
بۆ بازرگانیكردن و هاتووچۆی خەڵك، ئێران و هەرێمی كوردستان شەش خاڵی سنووری و دەروازەی فەرمیی هاوبەشیان هەیە، لەوانە دەروازەکانی پەروێزخان و باشماخ و حاجی ئۆمەران دەروازەی سنووریی فەرمین و هەریەك لە دەروازەكانی كێلێ و سەیرانبەن و تەوێڵەش دەروازەی نیمچەفەرمین.
دواتر لە راگەیێندراوێکدا ئەحمەد مەحجووب، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لەسەر داوای حکومەتی عێراق ئێران ئەمڕۆ ھەموو دەروازە فەرمییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان داخستوون.
ئەحمەد مەحجووب ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەو ھەنگاوە لە چوارچێوەی رێنمایی حکومەتی عێراقدا بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵی تەواو بەسەر دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستاندا گیراوەتەبەر.
15/10/2017