فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

-----qq---q-q- و ئەمەش دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەمان لە ململانێ و دواجار شەڕ." گرۆسی هەروەها لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" دیدارەکەی پێنجشەممەی لەگەڵ عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی...
2024-11-15-02-18-29 داوای لە حکوومەتی ئێران کردووە کە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕابگرێت و ئەم سزایە بە تەواوی هەڵبوەشێنێتەوە.هەروەها، کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران لە بەیاننامەیەکدا...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەپێناو راگرتنی شەڕ بانگەوازێک بۆ لایەنە عێراقییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات و داوا دەکات، رۆڵی بەپەلەی خۆیان بگێڕن و تەدەخول بكەن بۆ بەدوورگرتنی ناوچەكە لە شەڕێكی تازە.

رۆژی هەینی 13-10-2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەپێناو راگرتنی شەڕ و لەبارەی جموجۆڵەکانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان بانگەوازێکی ئاراستەی لایەنە عێراقییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت "داوا لە به‌ڕێز ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی، هەموو لایەنە عێراقییەكان و هەموو رێكخراوە مەدەنی و ئاشتیخوازەكان، نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەمه‌ریكا، یه‌كێتیى ئه‌وروپا، دەوڵەتانی ئەندام لە هاوپەیمانیەتیی دژی داعش، دەوڵەتانی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ دەكەین كە رۆڵی بەپەلەی خۆیان بگێڕن و تەدەخول بكەن بۆ دوورگرتنی ناوچەكە لە شەڕێكی تازە و داوا دەكەین هێزە عێراقییەكان و هیچ هێزێكی دەرەكی هەوڵی دروستكردنی ئەو شەڕە نەدەن، چونكە لێكەوتەی راستەوخۆی زۆر خراپی دەبێت بۆ سەر بارودۆخی ناوخۆی عێراق و هەموو ناوچەكە و زەمینەی بەهێزبوونەوەی داعش و رێكخراوە تیرۆریستییەكانی دیكە لە ناوچەكەدا خۆشدەكاتەوە".

سەبارەت بە گفتوگۆ و چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت "ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ و دژی ئەوەین پەنا ببرێتە بەر چەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، دەبێ هەموو كێشەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە و بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن، نه‌ك داواكاریى ئێمه‌ بۆ گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن، به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و كۆكردنه‌وه‌ى هێز و سوپا و هه‌نگاونانى عه‌مه‌لى بۆ شه‌ڕ، وه‌ڵام بدرێته‌وه"‌.

دەقی بانگەوازەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

دوای ئەوەی بەڕێز حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، رۆژی 10-10-2017 لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا هەڕەشەی دەستپێكردنی هێرشێكی سەربازیی سوپا و حەشدی شەعبی دژی پێشمەرگە و كوردستان راگەیاند، چەند رۆژێكە بە مەبەستی هێرشكردنە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، بەردەوام هێزی زیاتری حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە دەوربەری شاری موسڵەوە تا دەوروبەری كەركووك و خانەقین كۆدەكرێنەوه‌.

ئێمە وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوا لە به‌ڕێز ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی، هەموو لایەنە عێراقییەكان و هەموو رێكخراوە مەدەنی و ئاشتیخوازەكان، نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەمه‌ریكا، یه‌كێتیى ئه‌وروپا، دەوڵەتانی ئەندام لە هاوپەیمانیەتیی دژی داعش، دەوڵەتانی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ دەكەین كە رۆڵی بەپەلەی خۆیان بگێڕن و تەدەخول بكەن بۆ دوورگرتنی ناوچەكە لە شەڕێكی تازە و داوا دەكەین هێزە عێراقییەكان و هیچ هێزێكی دەرەكی هەوڵی دروستكردنی ئەو شەڕە نەدەن، چونكە لێكەوتەی راستەوخۆی زۆر خراپی دەبێت بۆ سەر بارودۆخی ناوخۆی عێراق و هەموو ناوچەكە و زەمینەی بەهێزبوونەوەی داعش و رێكخراوە تیرۆریستییەكانی دیكە لە ناوچەكەدا خۆشدەكاتەوە.

ئێمە وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو چارەسەركردنێكی راستەقینەی هەموو كێشەكان، ئامادەییی خۆمان بۆ گفتوگۆیه‌كى بنیاتنەرانە نیشان دەدەین و بەرپرسیارێتیی هەر شەڕێك و لێكەوتە خراپەكانیشی دەخەینە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بەڕێز حەیدەر عەبادی.

داوا لە هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستان لە كورد، عەرەب، توركمان و كریستیانەكان دەكەین بە ورەیەكی بەرزەوە ئامادە بن بۆ وەڵامدانەوەی هەر شەڕخوازییەك و بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی لە پێشمەرگە بكەن بۆ پاراستنی هەموو شارەكانی كوردستان، بۆ ئەوەی شارەكانمان هاوشێوەی موسڵ و ئەنبار و شارەكانی دیكەی عێراق تووشی كۆمەڵكوژی و وێرانبوون نەبن، هەروەها داوا لە هەموو حیزب و لایەنەكانی كوردستان دەكەین یەكهەڵوێست بن بۆ پاراستنی ئاشتی و بەرگریكردن لە كوردستان.

شارەكانی هەرێمی كوردستان پەناگەیەك بوونە بۆ لەخۆگرتنی سەدان هەزار پەنابەر و ئاوارەی شەڕی داعش و شەڕی تایفی لە عێراقدا، زۆر سەیرە حكومەتی عێراق دەیەوێت بە هێرشی سەربازی، ئارامیی ئەو ناوچانەش تێكبدات.

ساڵی 2014، دوای ئەوەی سوپای عێراق لە كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری رایكرد و چەكێكی زۆری بۆ داعش جێهێشت، هێزی پێشمەرگە فریای خەڵكی ئەو ناوچانە كەوت و ئه‌وانى لە دەست داعش پاراست، لەو كاتەوە ئەو ناوچانە لە دۆخێكی ئارامی ئەوتۆدا دەژین كە هیچ كاتێك سەقامگیرییەكی بەو شێوەیان بەخۆیانەوە نه‌بینیوه‌، ئه‌مه‌ش بەهۆی فیداكاریی پێشمەرگە و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكان و هاوكاریی خەڵك لەگەڵیان.

چەندین جاریش رامانگەیاندووە نابێ هیچ چارەسەرێك دوور لە ویستی دانیشتووان بەسەر ئەو ناوچانەدا بسەپێندرێت و دەبێ ئیدارەیەكی خاوەن تایبەتمەندی كە ویستی هەموو پێكهاتەكانی رەچاو بكات بۆ ئەو ناوچانە هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی هەموو هاوكاریكردنێكە.

ئێستاش دووبارەی دەكەینەوە كە ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ و دژی ئەوەین پەنا ببرێتە بەر چەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، دەبێ هەموو كێشەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە و بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن، نه‌ك داواكاریى ئێمه‌ بۆ گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن، به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و كۆكردنه‌وه‌ى هێز و سوپا و هه‌نگاونانى عه‌مه‌لى بۆ شه‌ڕ، وه‌ڵام بدرێته‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان
13/10/2017

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان