شەوی رابردوو بەهۆی جموجۆڵی چەند هێزێکی عێراقی لە نزیک سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکانی دەورووبەری کەرکووک، هێزێکی زۆری پێشمەرگە لە ئامادەباشی دابوونە و پەیامنێری روودایش دەڵێت "تاوەکو سەرلەبەیانی مەترسی لەسەر کەرکووک هەبووە".
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند "تاوەکو بەرەبەیانی زوو سەرلەبەیانی پێشمەرگە لە حاڵەتی ئامادەباشی دابوونە و مەترسی و هەڕەشەی گەورە لەسەر کەرکووک هەبووە، هێزە عێراقییەکان بەتایبەتی حەشدی شەعبی لە گوندی بەشیر و ناحیەی تازە کە دەکەوێتە باشووری کەرکووک جموجۆڵیکی زۆریان هەبووە".
پەیامنێری رووداو دەڵێت "هەرچەندە حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان هیچ پێشڕەوییەکیان نەکردووە و بەدووری چەند کیلۆمەترێک لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە دووربوون، بەڵام تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی (هەینی 13-10-2017) مەترسییەکی زۆر لەسەر ئەو ناوچانە هەبووە و دەگوترا کە ئەوان کاژێری سفریان بۆ هێرشکردن دانابوو".
بەهۆی هاتنی ئەو هێزانە بۆ ناوچەکانی باشووری کەرکووک دەیان هەزار پێشمەرگە لە سەنگەرەکان جێگیرکراون و هەزاران ئاسایش و پۆلیسیش لەنێو شاری کەرکووک لە حاڵەتی ئامادەباشی دان.
کۆسرەت رەسول، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆی سەرپەرشتی هێزەکان دەکات و دەڵێت، کورد لە هەڕەشەکانی بەغدا ناترسێت و داواش لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات بێنە سەرخەت بۆ ئەوەی شەڕ روونەدات.
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی ویستوویانە بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و فڕۆکەخانەی کەرکووک دەستبەسەردا بگرن و پێشتریش پلانیان بۆ داڕشتووە، بەڵام بەهۆی هاتنی هێزێکی زۆر بۆ ناوچەکانی کەرکووک نەیانتوانیوە هیچ پێشڕەوییەک بکەن.
سەبارەت بە دۆخی خورماتووش، هەڵکەوت عەزیز دەڵێت "لە شارۆچکەی خورماتووی سنووری پارێزگای کەرکووک هەڕەشە لەسەر ماڵە کوردەکان هەیە، تاوەکو ئێستاش 20 خێزانی دانیشتووی کوردی گەڕەکی عەسکەری ناوچەکانیان جێهێشتووە، چونکە بەگوتەی ئەوان چەند گرووپێکی حەشدی شەعبی هەڕەشەیان کردووە و داوای چۆڵکردنی ناوچەکانیان کردووە".
مەلا کەریم، بەرپرسی بازنەی حەمرینی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە خورماتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێمە نامانەوێت هیچ شەڕ و ئاڵۆزییەک لەو ناوچەیە رووبدات، بەڵام هەر جوڵانەوەیەک هەبێت ئێمە ئامادەین رووبەڕوویان ببینەوە".
هاوکات نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند، ئێمە شەڕمان ناوێت و هیج کاتیش شەڕمان نەویستووە، بەڵام گەلی ئێمە هەر کات هێرشی کراوەتەسەر بەرەنگاری دووژمن بووەتەوە.
پارێزگاری کەرکووک دوای جموجۆڵی هێزە عێراقییەکان لە نزیک گوندی بەشیر سەردانی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کرد و رایگەیاند "بەغدا بەردەوام بە نیاز بووە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعش ئەو ناوچانەی کە لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە لەو سنوورە کۆنترۆڵکراونتەوە جارێکی دیکە وەریبگرنەوە" .
سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک داوای گفتوگۆ دەکەن بۆ باشترکردنی دۆخی ناوچەکە، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەڵێت "هیچ کاتێک لەگەڵ ئەوەدانین شەڕ بکەین و هیوادارین کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، هێزی پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدایە بۆ پاراستنی کەرکووک و خەڵکی شارەکەش دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ کێشەیەک بۆ ئەوان دروست نابێت".
بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت "بەغدا شەڕمان پێبفرۆشێت ناچارین بەرگریی لە خۆمان بکەین"
سەلاح دەلۆ، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک گەرمیانی پارتی ئاماژەی بەوەدا، ئەوان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو ئامادەن و هیوادارن بەغدا بە خۆیدا بچێتەوە و نییەتیان شەڕ نەبێت.
لە شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی هەینی ( 13-10-2017) پێشمەرگە لە سەرتاسەری سنوورەکانی کوردستان بەتایبەت کەرکووک لە ئامادەباشیدا بوون و کۆسرەت رەسول، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک و فەرماندە سەربازییەکان تاوەکو بەرەبەیان راستەوخۆ سەرپەرشتی دۆخەکەیان کردووە.
13/10/2017