سەرۆکی دەزگای دادی ئێران سەبارەت بە گشتپرسیی باشووری کوردستان رایگەیاند، حکومەتی عێراق حکومەتێکی یەکپارچەیە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەبێت بزانن، کە لە دابەشکردنی عێراقدا سەرکەوتوو نابن.
سادق لاریجانی، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران، دەڵێت " کۆماری ئیسلامی لەم بارەوە سیاسەتێکی روونی هەیە و هەر لە سەرەتاوە رایگەیاندووە کە دژی هەر جۆرە دابەشکردنێکە".
سەرۆکی دەزگای دادی ئێران دەشڵێت "بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەبێ بزانن کە هەڵوێستی وڵاتانی دراوسێ زۆر جدییە و بۆ ئەم دۆخە قەت مل نادەن".
سادق لاریجانی، گشتپرسی وەک ئاگری نوێی وڵاتانی زلهێز و بەتایبەت ئیسرائیل بۆ ناوچە لە قەڵەم دەدات راشیدەگەیێنێت "ئامانج لەوەش لاوازکردنی حکومەتە ئیسلامییەکان و شەڕ و ئاژاوەی درێژماوە بۆ موسڵمانەکانە".
کۆماری ئیسلامی زۆر بە تووندی دژایەتی گشتپرسی باشووری کوردستان دەکات و یەکەم وڵاتیش بوو کە هێڵە ئاسمانییەکانی بەسەر باشووری کوردستاندا داخست و دواتریش رێی لە گواستنەوەی سووتەمەنی گرت.
ئێران لەگەڵ تورکیا و عێراقیش دەیانەوێ بە هاوئاهەنگی یەکدی گوشاری زیاتر بۆسەر باشووری کوردستان دروست بکەن، دوای ئەنجامدانی گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان.
10/10/2017