جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران نابێت کاردانەوەی توندی بەرامبەر بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان هەبێت.
ئاژانسی ئیسنا، لە سەر زاری عەلی موتەهەری، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بڵاویکردەوە، زۆر ئاشکرابوو کە کوردەکان پشتیوانی لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی خۆیان دەکەن، بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نییە کە کوردستانی عێراق بەمزووانە سەربەخۆ دەبێت و ئەگەریش بکرێت ئەوا دوو تا سێ ساڵی پێدەچێت.
بەوتەی موتەهەری، ئەمریکا بە رواڵەت دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەکات، بەڵام پشتیوانی ئەم ریفراندۆمەیەو سەبارەت بە تورکیاش ئێران ناتوانێ لە هەڵویستی ئەم وڵاتە دڵنیا بێت.
موتەهەری وتیشی، بەمهۆیەوە ئێران نابێت کاردانەوەی توندی بەرامبەر بەم ریفراندۆمە هەبێت، بەڵکو دەبێ لەگەڵ خەڵکی کوردستان قسە بکات و بۆیان روون بکاتەوە کە جیا بوونەوەیان لە عێراق بە قازانجی خۆیان نییە.
هاوكات دوێنێ نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەتاران رەتیكردەوە، بەرپرسانی ئێران داوای داخستنی نوێنەرایەتی هەرێمیان كردبێت و داواشیان لێنەكردووە بگەڕێتەوە ھەولێر.
نازم دەباغ راشيگەیاند، ئێران پێداگری لەسەر روانگەی خۆی لەمەڕ ریفراندۆمی ھەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی دەكات و ئەنجامدانی پرۆسەكەی بە باش نەزانیوە.
پێویستە بوترێت رۆژی دووشەممە 25-9-2017، هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەنجامدا.
28/9/2017