نزیکەی 400 چاودێری نێودەوڵەتی و هەزاران چاودێری ناوخۆیی چاودێری پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەشێک لەوانەکەسایەتی ناسراوی جیهانی و هەندێکی دیکەشیان دۆستانی گەلی کوردن.
لەم بارەیەوە بێرنارد لیڤی، فەیلەسوف و نووسەری دیاری فەرەنسی تایبەت بە کوردستان24 گوتی: "ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان سەرەتایەکە بۆ لە دایکبوونی دەوڵەتێکی دیموکراتی لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشە و ستەمکاری". ھەروەھا فرێدریک تیسۆی، سەرکونسوڵی پێشووی فەرەنساش پێیوایە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی دروستیداوە کاتێك جەختی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم کردووەتەوە".
ھەر لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان فرانسیس مولاپوسا، سەرۆکی یەکێتی پارتە دیموکراتەکانی ئاسیا دەڵێت: "دەمەوێ پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان بکەم بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، هیوادارم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێز لە ئیرادەی گەلی کورد بگرێت، ئەم ریفراندۆمە بۆ گفتوگۆکانی داهاتوو زۆر گرینگە، چونکە میکانیزمێکی دیموکراسیانەیە بۆ دەربڕینی ئیرادەی گەلی کوردستان".