ریژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری بەرێوەچوونی رێفراندۆم و سەربەخۆیی باشووری کوردستان سنوورەکانی روو بە دەوڵەتی کوردستان دادەخات
ریژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە خۆی دەستی باڵای لە سەرکوت و کۆمەڵکوژی و ئاسمیلاسیۆنی گەلانی ناو چوار چێوەی جوگرافیان ئێران دا هەیە و لە هیچ جۆرە کردەوەیەکی دژە مرۆیی لە تیرۆر و ئەشکەنجە و سێدارە و گرتن و سوتان و کاوڵکاری و بێکاری بەرامبەر بە خەلكی ئێران دەستی نەپاراستووە ، ئێستا هەرەشە لە هەرێمی کوردستان دەکات و بە وتەی ماڵپەرەکانی رێژیم عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاشایشی رێژیم وتوویەتی لە ئەگەری بەرێوەچوونی رێفراندۆم و سەربەخۆیی رەوای گەلی کورد لە باشووری کوردستان ئەوە دەروازە سنوورەکان دادەخرێن و هەموو پەیوەندیەکانیش دەپچرێندرێن.
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا حکومەتی یەکپارچە و فیدراڵی عێراق بە فەرمی دەناسێت و لە ئەگەری جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق ، هەرچی رێککەوتنە لە نێوانمان هەڵدەوەشێنەوە.
پاسدار عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی رێژیمی ئێران رایگەیاند، ئەگەر هەرێمی کوردستان لە عێراق جیابێتەوە، پێداچوونەوە بە سەرجەم رێککەوتننامەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن، چونکە ئێمە رێککەوتنمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە لەچوارچێوەی وڵاتی عێراق. بەگوتەی شەمخانی، یەکێک لەو رێککەوتنانە لەبواری دەروازە سنوورییەکانە و ئەگەر هەرێمی کوردستان لە عێراق جیابێتەوە، بەواتای داخستنی سەرجەم دەروازە و رێڕەوە سنوورییەکانە.
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ریژیمی ئێران داوا لە بەرپرسانی باشووری کوردستان دەکات، پێداچوونەوە بە بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسیدا بکەن و دەڵێت ، دژایەتی دراوسێکانی عێراق لەگەڵ بەڕێوەچوونی گشتپرسی، دۆخێکی ئاڵۆز و دژوار بۆ کوردستان دێنیتە ئاراوە دوای گشتپرسی.
شەمخانی هەروەها دەڵێت ئەگەر گشتپرسی بکرێت وڵاتەکەی هەنگاوی جیاواز لە ساڵانی رابردوو بۆ کردنە ئامانج و رووبەڕووبوونەوەی هێزە شۆرشگێر و بەرهەڵستکارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە دژبەری ئێرانن لە خاکی هەرێمی کوردستان دەگرێتەبەر.
پیویستە بوترێ کە رێژیمی کۆماری ئێران لە هۆکارە ئەسڵیەکانی تێکچوون رەوش سیاسی و سەقامگیری لە ناوچەکەو بە تایبەتی لە عیراق دایە و بە دروست کردنی چەندین گرووپی جەکدار و میلیشیای تیرۆریست کاری تێکدانی هێمنی و ئاسایشی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
هاوکات لە گەڵ ئەوەشدا کۆماری ئیسلامی باوەری بە هیچ جۆرە مافێکی سیاسی و ئازادی و بەشداری گەلانی کورد و تورک و ئازەری و عەرەب و هتد.. لە ناو چوارچێوەی ئێران دا نیە .
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە رۆژی 25ی ئەیلول بەڕێوەدەچێت و دواناخرێت.
17/9/2017