شەریف باجوەر چالاکی ناسراوی مەدەنی و ژینگەپارێزی شاری مەریوان کاتژمێر ٩ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٠ی خەرمانان، لە ناڕەزایەتی بە توندوتیژییەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکە و بە تایبەت توندوتیژی دژی کۆڵبەرانی سەر سنوور دەستی دایە مانگرتن لە خواردن و بە دوچەرخە لە شاری مەریوانەوە بەرەو تاران رێ کەوت.
ناوبراو ئەم چالاکییەی لە ژێر دروشمی "تەنیا رێگای سەرکەوتنی مرۆڤایەتی نەبوونی توندوتیژییە" دەست پێ کردووە.
مەبەستی باجوەر لەو چالاکییە ئەوەیە "چالاکانی مەدەنی لە کەشێکی دوور لە توندوتیژی کۆبکاتەوە" و ئامانجی سەرەکی چالاکییەکەی بەم شێوەیە رادەگەیەنێ:
١- پشتیوانی لە کۆڵبەرانی کوردستان و ناڕەزایەتی بە کوشتنیان و پێشگرتن بە دووپات بوونەوەی رووداوەکانی ئەم دواییانەی سەر سنوور.
٢- پشتیوانی لە چالاکی مەدەنی "رەزا شەهابی" و هەوڵ بۆ بیستنی دەنگی ناوبراو و هەروەها رێز لە کەسایەتی "ئاتنا دائمی" و ستایشی خەباتی ناوبراو دژی کوشتنی مرۆڤەکان.
٣- پشتیوانی لە قوربانیانی توندوتیژی میانمار و مەحکوم کردنی ئەو جێنۆسایدە مرۆڤایەتییە.
٤- بانگهێشت کردنی کۆمەڵگا بۆ چالاکی مەدەنی و دیاریکردنی رۆژی پێنجشەممە وەک رۆژی هاوبەش و ناونانی وەک رۆژی مێهرەبانی؛ بە مەبەستی هەوڵ بۆ کۆمەڵگایەکی تەندروست.
شەریف باجوەر لە کۆتاییدا جارێکیتر داوا لە سەرجەم چالاکانی مەدەنی دەکات کە بۆ کۆمەڵگایەکی بە دوور لە توندوتیژی هەوڵ بدەن و خوازیاری یەکگرتوویی و هاودڵی لە پێناو پێشکەوتنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و جێخستنی ئاشتی و مێهرەبانی بوو.
12/9/2017