ئاژانسێکی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران پارەیەکی زۆری بۆ دژایەتیکردنی سەربەخۆیی کوردستان تەرخان کردووە و لە ڕێگەی سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامییەوە، پارە بە سەرۆکی گرووپی (نەخێر) دەدات.
ئەمڕۆ دووشەممە 11/9/2017، ئاژانسی (جۆرشەلیم ئۆنلاین)ی ئیسڕائیلی، وتارێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا باس لە دژایەتیکردنی ئێران بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکات و ڕوونی کردووەتەوە: ”ئێران چەند بەکرێگیراوێکی هەیە کە لە عێراقدا کار بۆ دژایەتیی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن“.
نووسەرەکە ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئێرانییەوە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ”ئێران پشتیوانی لە مالیکی دەکات، هەرچەندە بەڵگەی کۆنکریتی نییە ئەو شتانە بسەلمێنێت، بەڵام ئەگەر سەیری دۆخەکە بکەیت، وێنەکە بە ڕووی نییە. دوای ڕووخانی سەدام حوسێن، ئەو سەرکردە شیعییانە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی کراون“.
باسیشی لەوە کردووە کە نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی لە عێراق، ئەو پارە و پشتیوانییەی ئێران بەکار دەهێنێت بۆ پشتیوانیکردنی هەندێک دەزگای میدیایی و ڕۆژنامەنووس بۆ دژایەتیکردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت: ”ئەم ڕاپۆرتانە باس لەوە دەکەن کە یەکێک لەوانەی مالیکی پشتیوانی دەکات، شاسوار عەبدولواحید قادرە کە کەناڵی (NRT) و دەزگای میدیایی (نالیا)ی هەیە“.
ئاژانسەکە لەسەر زاری سەرچاوەیەکەوە ئاشکرای کردووە: ”برای شاسوار عەبدولواحید، هاوبەشی سەرەکیی مالیکییە لە بازرگانیکردندا لە بەغدا. خوشکەکەشی کە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لەسەر فراکسیۆنی گۆڕان پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ مالیکیدا هەیە. جگە لەوەی ستافێکی دەزگای میدیایی (نالیا) ڕاستەوخۆ بۆ مالیکی کار دەکات و ڕاپۆرت و کارەکانیان لە دژی سەربەخۆیی کوردستان بە مالیکی دەگەیەنێت“.
ئەوەش باس کراوە کە شاسوار عەبدولواحید، چەند ڕۆژنامەنووسێکی خۆی دەرکردووە، لەبەر ئەوەی پشتیوانیی سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە، چەند ڕۆژنامەنووسێکی دیکەش وازیان لە کەناڵەکە هێناوە، چونکە ئەوانیش پشتیوانی سەربەخۆیی کوردستان بوون.
نووسەرەکەی (جۆرشەلیم ئۆنلاین) دەڵێت: ”ئەوە بەڵگەیەکی ڕوونە کە پشتیوانیی ئێران بۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرچاوەی دژایەتیکردنیەتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان. پێش ئەوەی مالیکی بێتە سەر دەسەڵات، شاسوار عەبدولواحید بزنسمانێکی بچووک بوو. وەکوو منداڵێک لە کەبابخانەکەی باوکیدا کاری دەکرد و دووکانێکی بچووکی هەبوو کە خەڵکی تێیدا یارییان دەکرد، لە 2005 کە زانکۆی تەواو کرد، کاری لە بواری کۆمپانیایەکی ئاوەدانکردنەوەدا دەکرد بۆ ماوەی ساڵێک. پاشان وەک بەڵێندەری بیناسازی کاری دەکرد. ساڵێک دواتر کە مالیکی چووە سەر دەسەڵات، کۆمپانیای (نالیا)ی تایبەت بە بیناسازی دامەزراندن“.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە شاسوار عەبدولواحید بانگەشەی ئەوە دەکات، ئەو سامانانەی بە دەستی هێناوە، بە ماندووبوون و ڕەنجی خۆی بەدەستی هێناوە، بەڵام ”هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن، ئەو پارەیەی لە مالیکی وەری گرت، وایکرد ببێتە خاوەنی ئەو پڕۆژانە. لە ساڵی 2011ش کە چەند ساڵێک دوای ئەو بابەتە بوو، کەناڵی (NRT) دامەزراند کە ئێستا بۆ دژایەتیکردنی سەربەخۆیی کوردستان بەکاری دەهێنێت“.
لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە داوە: ”شاسوار عەبدولواحید باس لەوە دەکات خەڵکێکی زۆر بە (نەخێر) لە ڕیفراندۆمدا دەنگ دەدەن، بەڵام کاتێک کەرنەڤاڵێکی لە یاریگای سلێمانی بانگهێشت کرد، زۆربەی کورسییەکان بەتاڵ بوون، هەندێک لەو کەسانەی چووبوونە یاریگاکە، بۆ بەشداریکردن بوو لە ئاهەنگی کردنەوەی یاریگای سلێمانی، نەک بۆ گوێگرتن لە شاسوار عەبدولواحید“.