بە پێی هەواڵەکان، ڕێكخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک نیگەرانی خۆی لە دۆخی نالەباری زیندانی سیاسی کورد "زێنەب جەلالیان"، دەربڕی و خوازیاری چارەسەری هەر چی زووتری ناوبراو بوو.
ڕێكخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لەم راگەیەندراوەدا نووسیویەتی: زێنەب جەلالیان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دژایەتی بەرپرسانی گرتووخانە بۆ ئیزن نەدان بە چارەسەری پزیشكی ناوبراو لە دەرەوەی زیندان لە خاكەلێوەی ئەمساڵەوە هیچ جۆرە درمانێكی بەكار نەهێناوە.
لێبووردنی نێونەتەوەیی لە درێژەی راگەیەندراوەکەیدا داوای كردووە كە دەستبەجێ ئیمكانی چارەسەری پزیشكی لە دەرەوەی زیندان بۆ زێنەب جەلالیان دابین بکرێت و لە ئەگەری جێبەجێ نەكردنی ئەو داوایە، ئەم هەڵسووکەوتەی بەرپرسانی زیندان ئەشکەنجەیە لە دژی ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە.
زێنەب جەلالیان، ٣٥ ساڵ تەمەن، ٩ ساڵ لەمەوبەر و لە رێكەوتی ٢٠ی رەشەممەی ١٣٨٦ی هەتاوی لە شاری کرماشان دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گواسترایەوە.
ناوبراو سەرەتا لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیەوە سزای ئیعدامی بە سەرداسەپا و پاشان لە دادگای پێداچوونەوە سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە و ساڵی ١٣٩٣ بۆ زیندانی شاری خۆی گواسترایەوە.