سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگەیاند، گشتپرسیی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی نابێتە هۆی سەرهەڵدانی جەنگ.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەنێو فڕۆکەی تایبەتیی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، بیناڵی یڵدڕم سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە لەکاتی گەڕانەوەی لە گەشتی سەنگاپوور و ڤێتنام ، وەڵامی لێدوانێکی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەی دایەوە کە گوتبووی "ریفراندۆمی باکووری عێراق دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی جەنگ" و داوای لە دەسەڵاتی تورکیا کردبوو لەشکرکێشی بکەنە سەر کوردستان، یڵدرم لە وەڵامدا گوتی "گشتپرسیی باکووری عێراق نابێتە هۆکاری سەرهەڵدانی جەنگ".
یڵدرم گووتیشی "جەنگ لەنێوان دەوڵەتەکاندا سەرهەڵدەدات، ئەمانەش (هەرێمی کوردستان) دەوڵەت نین و بەدەوڵەت نایانناسین".
بڕیارە 25-9-2017 گشتپرسی لە باشووری کوردستان بەڕێوەبچێت و دەنگ بە بەڵێ یان نەخێر بدرێت بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان.