وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گشتپرسی لە پێشبینییەكانی وڵاتەكەی دوور بووە و ئەمەریكا وای بۆ دەچێ رەنگە ئەو پرۆسەیە كۆسپ لەبەردەم شەڕی داعش دروست بكات و كێشەش بۆ كاری هاوبەشی هەردوولا لە شەڕی تیرۆر دروست بكات. لەبەرامبەردا بارزانی پێیدەڵێت، هەر داوایەك بۆ دواخستنی گشتپرسی دەبێ بەدیلی هەبێت و دەبێ ئەو بەدیلەیش بەهێزتربێت لە ئامرازی گشتپرسی.
رۆژی سێشەممە 22 - 8-2017 لە شاری هەولێر، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری کۆبووەوە، كە پێكهاتبوو لە برێت مەكگۆرگ، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش و دۆگلاس سلیمان، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك بەرپرس و راوێژكاری وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە كۆسرەت رەسول عەلی، جێگری سەرۆكی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەك بەرپرسی ئیداری و سیاسی و سەربازی ئامادەی بوون، بارزانی بە شاندی ئەمریکای راگەیاندووە، هەروەك چۆن لە سەرەتاوە لەسەر شەڕی تیرۆر سووربووین لە ئێستا و لە داهاتووشدا لە دژایەتیكردنی تیرۆر پێداگیردەبین. ئەوەیشی راگەیاندووە: "ئازادبوونی موسڵ بەمانای تەواوبوونی داعش نییە و تیرۆر هەڕەشەیەكی بەردەوامە و سنوور ناناسێ، بۆیە هەمیشە پێویستمان بە هەماهەنگی و هاوكاریی یەكدی هەیە بۆئەوەی تیرۆر تێكبشكێت و كاریگەری نەمێنێت".
لەبەرامبەردا وەزیری بەرگریی ئەمەریكا ئامانجی هاتنی بۆ كوردستان روونکردووەتەوە، سووربوونی وڵاتەكەی لەسەر رووبەبەڕووبوونەوەی تیرۆر راگەیاندووە و باسی ئەوەیشی کردووە بۆ ئەمەریكا شانازییە پشتیوانی پێشمەرگە بووە و هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولای زۆر بە گرنگ زانیوە بۆ مسۆگەركردنی سەركەوتن، ویستی وڵاتەكەیشی بۆ پابەندبوون و بەردەوامبوون لەبەرانبەر دوژمنی هاوبەش كە تیرۆرە خستووەتەڕوو.
پرسی گشتپرسی و مافی گەلی كوردستان بۆ دیاریكردنی چارەنووس تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەکە بووە، تێیدا وەزیری بەرگریی ئەمەریكا تێگەیشتنی خۆی بۆ قووڵایی ماف و داواكاریی گەلی كوردستان و مێژوو و خەبات و نەهامەتییەكانی خستووەتەڕوو، ئاماژەشی بە نیگەرانییەكان و هەڵوێستی وڵاتەكەی لەبەرامبەر ئەنجامدانی گشتپرسی داوە و رایگەیاندووە، گشتپرسی لە پێشبینییەكانی وڵاتەكەی دوور بووە و ئەمەریكا وای بۆ دەچێ رەنگە ئەو پرۆسەیە كۆسپ لەبەردەم شەڕی داعش دروست بكات و كێشەش بۆ كاری هاوبەشی هەردوولا لە شەڕی تیرۆر دروست بكات.
جەیمیس ماتیس دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدای بە بابەتێكی باش زانیوە و رایگەیاندووە، وڵاتەكەی پشتیوانی دانوستاندن و حیواری بەردەوامی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات. هەردوو لاش كۆك بوونە لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندیی دووقۆڵی.
هەر سەبارەت بە گشتپرسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە شاندی ئەمریکای راگەیاندووە: گشتپرسی بابەتێكی شەخسی نییە و مافی گەلە و لەگەڵ هیچ لە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی ناكۆك نییە و بەهیچ شێوەیەك كێشە بۆ شەڕی تیرۆر دروست ناكات.
بارزانی باسی نەهامەتییەكانی گەلی كوردستانی كردووە لە ژیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و پێشێلبوونی دەستوور و نەمانی پڕەنسیپی شەراكەت و تەوافوق و گوتووشیەتی، دەستووری عێراق ئەو مافەی بە گەلی كوردستان داوە كە لە دیباچەكەیدا بەڕوونی ئاماژەی پێکراوە پابەندبوون بە دەستوور مەرجە بۆ مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی.
بارزانی رایشیگەیاندووە: یەكگرتنی بەزۆر هیچ كات سەركەوتوو نەبووە و ئێمە یەكگرتنی ئارەزوومەندانەمان هەڵبژارد بە مەرجی شەراكەت، بەڵام چونكە شەراكەت سەری نەگرت و لەپێناو رێگەگرتن لە كێشەی قووڵتر دەمانەوەێ وەك دوو دراوسێی باش لە تەنیشت یەك بژین. ئەوەیشی خستووەتەڕوو، هەر داوایەك بۆ دواخستنی گشتپرسی دەبێ بەدیلی هەبێت و دەبێ ئەو بەدیلەیش بەهێزتر بێت لە ئامرازی گشتپرسی.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش كردووەتەوە، گەلی كوردستان شێوازی ئاشتیانە و دوور لە تووندوتیژی بۆ مسۆگەركردنی مافەكانی گرتووەتەبەر و لە دانوستاندن بەردەوام دەبێت بۆ دیاریكردنی سرووشتی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ عێراق و بۆ ئەوەی بگەنە قەناعەت كە هەردوولا وەك دراوسێ لەگەڵ یەكدا بژین.
rudaw