ئەردۆغان ڕایگەیاند ئێران و تورکیا باسیان لە ئەگەرى ئەنجامدانى هێرشى هاوبەش کردووە بۆ سەر چەکدارە کوردەکانى هەردوو وڵات.
ئەردۆغان لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا باسى لەوەشکرد، کە دواى گفتوگۆکانیان لەگەڵ سەرۆک ئەرکانى هێزە چەکدارەکانى ئێران لە ئەنکەرە ئەو بابەتەیان تاوتوێ کردووە.
ئەردۆغان وتیشى، "ڕوبەڕوبوونەوەى هاوبەشى تورکیا و ئێران دژى پارتى کرێکارانى کوردستان پەکەکە و پارتى ژیانى ئازاد پژاک، ئەگەرێکى نزیکە، لەبەرئەوەى ئەو دوو گروپە بەردەوام هەڕەشەن بۆسەر بەرژەوەندییەکانى هەردوو وڵات".
ئەردۆغان ئاماژەى بەوەشدا کە خودى خۆى بە تایبەت باسى لە ئەگەرى ئەنجامدانى هێرشى هاوبەش لەگەڵ ئێراندا کردووە.
ئەو وتانەى ئەردۆغان دواى سەردانەکەى محەمەد باقرى سەرۆک ئەرکانى هێزە چەکدارەکانى ئێران دێت بۆ ئەنکەرە کە لەگەڵ سەرۆک ئەرکانى سوپاى تورکیا و ئەردۆغان و ژمارەیەک بەرپرسى دیکەى ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە و باسیان لە گرتنەبەرى ڕێوشوێنى ئەمنى کرد بۆ پاراستنى سنورەکانیان.