لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەێمی کوردستان، دەست پێ کردنی پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20/8/2017، ئارام نەجمەدین، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەمڕۆوە بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لەپارێزگای هەولێر دەکرێنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش 53 بنکەی تۆماری دەنگدەران داندراون.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەپێی تۆمارە سەرەتاییەکان، لە پارێزگای هەولێردا 1 ملیۆن و 147 هەزار و 123 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام ”ئەو تۆمارەی لەبەردەست بنکەکاندا هەیە، تۆمارێکی سەرەتاییە و ڕەنگە جۆرێک لە ناتەواوی هەبێ“. بۆیە داوای لە دەنگدەران کرد، سەردانی بنکەکان بکەن، تاوەکوو لە بوونی ناوەکانیان دڵنیا ببنەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئارام نەجمەدین ئەوەی ئاشکرا کرد، لەمڕۆوە لایەنە سیاسییەکان دەتوانن چاودێر بۆ پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دابنێن و لەکاتی بوونی ناڕەزایەتیدا دەتوانن تانەی لێ بدەن، هەروەها ”چاودێرانی نێودەوڵەتیش دەتوانن بۆ چاودێرییەکە بێن“.
بڕیارە لە ڕۆژی 25ی ئەیلوولی داهاتوو، ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوە بچێت و لە ڕۆژی 1/11/2017ش هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێ.