زیاتر لە دەساڵە بە شیوەیەکی گوماناویی ژینگە ودارستانەکانی کوردستان دەکەوتنە بەر شاڵاوی ئاگرو دەسووتێن.
بە تایبەتی لە دەسپێکی وەرزی گەرما رۆژ نیە چەند شوێن لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ئاگریان تێبەرنەبێ و ژینگە وسروشتی کوردستان خەسار و زیانیان لێ نەکەوێ.
ئەمساڵ هاوکات لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما بەداخەوە هەرجارەو بەشێک لە جەستەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاگریان تێبەردراو، لە ئیلامەوە تا ورمێ بەشێکی بەرچاو لە دارستان و بێشەڵانەکانی زاگرۆسی کوردستان کە سامانی سروشتی وە ئەژماردێ لە ئاگردا سووتاون.
لە رۆژانی رابردوو زنجیرە کێوی شاهۆ شەو و ڕۆژێک لە ئاگردا سووتاو و، سەرەڕای ڕێگریی کردنی ناوەندەئەمنییەکان لە خەڵکانی ژینگەپارێز، بەڵام ژینگەپارێزان بە هیممەت وهەوڵی خۆیان ئاگرەکەیان دامرکاند.
هۆکاری سەرەکیی ئاگر گرتنی لەوەڕگەو دارستانەکانی شاهۆ بۆ مانۆڕی نیزامی و تۆپبارانی سپای پاسداران دەگەڕێتەوە بە بیانووی هەبوونی دژبەرانی نیزام.
هەر بۆیە بە دەسپێشخەری ژینگەپارێزانی بانەیی و ئەنجومەنی پاژین لەو پێوەندییەدا کەمپەینێک لە ژێرناوی”یەکگرتوویی بۆ پاڕاستنی دارستانەکانی زاگرۆس″ ڕێکخرا، کە لە چەند رۆژی ڕابردوو لە لایەن خەڵکەوە پێشوازیی بەربڵاوی لێکراوە.
شایانی باسە ئەمرۆ ڕێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژ بۆ جارێکی دیکە دارستانەکانی کێوی شاهۆ لە لایەن سپای پاسدارانەوە تۆپباران کران و بۆتە هۆی نیگەرانی خەڵکی ناوچەکەو ژینگەپارێزان.
سەرچاوە: کوردستان وکورد