کۆماریخواز ناوەندی هەواڵ: رۆژی هەینی ٢٠ی گەلاوێژ ١٣٩٦ی هەتاوی بنکەی سەرەکیی ناوەندی " ڤەژین " لە شاری مەریوان لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە سووتێندراو ئەوەش کاردانەوەیی گەورەی میدیایی و نارەزایەتی چاکالانی فەرهەنگی و مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستانی لێ کەوتەوە
ناوەندی ڤەژین ناوەندێکی کولتووری - فێرکارییە و لەم ساڵانەی دواییدا لەزۆر بواری کولتووری دا چالاکی بەرچاوی هەبووە و رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە بردنە سەرەوەی ئاستی وشیاریی فکری و نیشتمانی لە شاری مەریوان دا
هەر لەم پەیوەندیەدا ناوەندی ڤەژین راگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە و ئەم کارە بە پیلانیکی لە پێش دارێژراو و ئامانجدارانە ناو دەبات و بە توندی ئیدانەی ئەو کردەوە شۆفینستیە دەکات.
دەقی روونکردنەوەکەی ناوەندی ڤەژین کە بە ناوەندی هەواڵی کۆمایخوازان گەیشتووە:
ڕوونکردنەوەیک بۆ ڕای گشتی لەمەڕ سووتێنرانی بنکەی سەرەکیی ناوەندی ڤەژین
بەداخەوە ڕۆژی هەینی ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە کاتێکدا کە ڕۆژی پشوو بوو و دەفتەری سەرەکیی ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین داخراو بوو، لە یەکێک لە ژوورەکانەوە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئاگر لە شوێنەکە بەردرا و لەبەر تەنینەوەی ئاگر هەندێک زیانی ماددی لە شوێنەکە کەوت. دەستەی بەڕێوەبەری ڤەژین لەگەڵ ئاگادار کردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەڵگەمەند کردنەوەی ڕووداوەکەدا، بە پشکنینی ئاسەواری ڕووداوەکە، لەبەر نەوت ڕێژکرانی شوێنی ئاگر کەوتنەوەکە (نەبوونی کێشە لە نێو سیستەمی کارەبا و...) بەو ئەنجامە گەیشت کە ئاگر کەوتنەوەکە بە ئەنقەست بووە و کاری دەستێکی ڕەشی دژی کولتوور و ژیانەوە بووە.
ناوەندی ڤەژین ئەو کارە بە هەوڵێکی ترسنۆکانە و دژە کولتوور دەزانێت و هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی دەگرێتە بەر کە بکەرانی ئەو ڕووداوە ئاشکرا بکات و بە سزای تاوانەکەیان بگەیەنێت. بەدڵنیاییەوە هەوڵی ئاوا ترسنۆکانە نەک هەنگاومان شل ناکاتەوە بەڵکوو بە زانینی ئەوەی کە هەوڵەکانمان کەسانی بیرتەسکی کتێبسووتێنی تووڕە کردووە، لە دروست بوونی ڕێگاکەمان دڵنیاتر دەبینەوە و ورەمان بەرزتر دەبێت. ناوەندی ڤەژین بەردەوام بەپشتیوانیی خەڵک و بۆ خەڵک هەنگاوی هەڵگرتووە و ئێستایش بەپشتیوانیی خەڵکەوە سوورتر لە جاران لەپێناو بووژاندنەوەی زمان و کولتووری ناوچەدا دەست پێ دەکاتەوە.
ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤـەژین
مەریوان