حکومەتی تورکییە دەستی کردوە بە لێدانی دیوارێک لە نێوان سنوری دەسکردی باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەرزایی ۳ میتر و پانتایی ۲ میتر .
پارێزگاری ئاگر ڕۆژی ۱٨ی گەلاوێژی ۱۳۹٦ی هەتاوی لە گەڵ گەورەبەرپرسانی ئاسایشی و ئەمنییەتی ئەو وڵاتە سەردانی شوێنەکەیان کردوە و بە فەرمی پڕۆژەکەیان دەست پێکردوە و جەختی کردۆتەوە بە درێژایی سنوری نێوان ڕۆژهەڵات کوردستان و باکوری کوردستان ئەو دیوارە دادەنرێت .
دیوار لێدان لە نێوان دوو وڵاتدا لە سەردەمێکدایە کە وڵاتانی ئوروپایی و دونیای ئەمڕۆیی سنورەکانی وڵاتەکانیشیان وەلا ناوە و جیاکردنەوە مرۆڤەکان و ڕەگەز پەرەستی کەم ڕەنگ بۆتەوە .
دیوار لێدان جگە لە شەرمێک بۆ مرۆڤایەتی لە ئەمڕۆدا لێکەوتەو کاریگەری لە سەر ژینگە و بونەوەرانی ئەو دەڤەرانە هەیە .
دیارە دیوار لێدان لەنێوان ڕۆژهەڵات و باکوردا بە ڕەزامەندی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکییە بە ڕێوە دەچێت .
وڵاتی تورکییە ئەو دیوارەشی لەنێوان ڕۆژاوا و باکوری کوردستاندا لێداوە .
شایان باسە کوردستان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ۱٥۱٤ ی زایینیدا لە دوای شکستی سەفەوەیەکان بە دەستی عوسمانیەکان لە چاڵدران کرا بە دوو لەتەوە بەڵام بە سەرهەڵدانی شەڕەکانی سەفەوی و عوسمانی کە نزیک بە ۱٥۰ ساڵی ناو بە ناوی کێشا ، سەرئەنجام لە ساڵی ۱٦۳۹ی زاینی لە گرێبەستێکدا کە بە زەهاو یان قەسرشیرین ناسراوە بە فەرمی هێما و سنورەکانی عوسمانی و سەفەوی دیاری کرا . هەرچەن لە سەرهەڵدانەکەی ئێحسان نوری پاشادا ئێران بۆ یارمەتیدانی تورکەکان دەستی لە هەندێ ناوچە وەک قەرەسوو و ئاڕاڕاتی بچوک هەڵگرت .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان