فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

-----qq---q-q- و ئەمەش دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەمان لە ململانێ و دواجار شەڕ." گرۆسی هەروەها لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" دیدارەکەی پێنجشەممەی لەگەڵ عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی...
2024-11-15-02-18-29 داوای لە حکوومەتی ئێران کردووە کە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕابگرێت و ئەم سزایە بە تەواوی هەڵبوەشێنێتەوە.هەروەها، کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران لە بەیاننامەیەکدا...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان


هۆشیار زێباری، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم دەڵێ، سوورن لەسەر جێبەجێکردنی گشتپرسی لەکاتی دیاریکراودا و هیچ دواخستنێک نییە. دەشڵێت جیا لە
ئێران هیچ وڵاتێک راستەوخۆ دژی مەبدەئی گشتپرسی نییە. لەبارەی لێدوانێکی مالیکییش کە دەڵێ کورد مافی جیابوونەوەی نییە، زێباری دەڵێت: "مالیکی لە جیهانێکی دیکە دەژیت کە هیچ پەیوەندی بە واقیعەوە نییە، پێویستە بە باشی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان بخوێنێتەوە و بە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکاندا بچێتەوە".
هۆشیار زێباری، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 8:00 ی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوویان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رایگەیاند: "لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بڕیاری پێکهێنانی چەند کۆمیتەیەک درا. یەکێک لەو کۆمیتانە بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و دراوسێ. بەدڵنیاییەوە کۆمیتەکە سەردانی هەر 5 وڵاتە بنەڕەتییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەگرتووەکان، وڵاتانی عەرەبی و تورکیا و ئێران، لە هەمووشیان گەورەتر بەغدا دەک ات. بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە شاندێکی هاوبەش سەردانی بەغدا بکات".
وەک هۆشیار زێباری باسیکرد، ئامانجی سەردانی ئەو کۆمیتەیە بۆ ئەو وڵاتانە خستنەڕووی پەیامی کوردستانە بۆ پرسی گشتپرسی و هۆکاری ئەنجامدانی گشتپرسی و خستنەڕووی ئامادەکارییە تەکنیکییەکانە لەوبارەیەوە. ئەمەش بەشێک دەبێت لەو پلانەی بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە قۆناخی داهاتوودا داڕێژراوە، چونکە کات چارەنووسی زۆر شت دیاری دەکات. بەپێی ئەو بەرنامە زەمەنییەشی دانراوە پێویستە لەماوەی داهاتوودا ئەو کۆمیتانە دەستبەکار ببن.
سەبارەت بە راستی هەڵوێستی دەوڵەتان لەسەر گشتپرسی، ئەندامەکەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم گوتی: "جیا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ وڵاتێکمان نەبینیوە راستەوخۆ دژی مەبدەئی ریفراندۆم بێت. ریفراندۆم مەبدەئێکی دیموکراسییە و بنەمای دەوڵەتانی دیموکراسییە. بەپێی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانیش مافی چارەی خۆنووسین، مافێکی جێگیر و سروشتییە بۆ هەموو گەلانی دونیا. راستە تاوەکو ئێستا کاردانەوە لەسەر کاتەکە و شێوە و میکانیزمەکان هەبووە، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر جێبەجێکردنی گشتپرسی لە رۆژی خۆیدا. هیچ دواخستنێک بۆ ئەو کاتەی دیارکراوە نییە. هەموو ئامادەکارییە پێویستەکانیش بەر لە ئەنجامدانی گشتپرسی ئامادەدەبن".
لەبارەی پشتگیریکردن لە گشتپرسی و دواتریش داننان بە سەربەخۆیی هۆشیار زێباری گوتی: "ئێمە دەبێت بۆ ئەو مەبەستە خەبات بکەین و ئەوە ئەرکی ئێمەیە. هیچ وڵاتێک نایێت پێشوەختە پشتگیریمان بکات. ئێمە دەبێت پێشانیان بدەین ئەم پرسە پرسێکی جددیە. هەموو جیهان چاوەڕێی ئەنجامی گشتپرسییەکە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن تا چ ئاستێک کورد یەکگرتووە؟ ئەنجامەکە گوزارشت لە ئیرادەی گەلی کوردستان دەکات و هەموو پێکهاتەکان تێیدا بەشدارن؟ تا چەند فرە ئایینی و نەتەوەیی لەو پرسەدا هەیە؟".
سەبارەت بەو هەوڵانەی لەسەر ئاستی نێوخۆدا کراون بۆ ئەوەی دابەشبوونی نێوخۆیی لەسەر گشتپرسی کۆتایی پێبێت، هۆشیار زێباری گوتی: "یەکێک لە بنەما بنەڕەتییەکان دەبێت زۆربەی زۆری گەل و پارتە سیاسییەکانی کوردستان هاودەنگبن لەو پرسە و نزیکی یەک بن. مەرج نییە یەکێتییەکی سەت دەر سەت هەبێت. بە دڵنیاییەوە خەڵکانێک دەبن کە رای جیاوازیان هەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێت زۆربەی زۆری پشتگیری لەو پرسە بکات.، تاوەکو ئێستاش باش چووینەتە پێشەوە و زۆربەی زۆری لانە سیاسییەکانی کوردستان لەسەر گرنگی ئەنجامدانی گشتپرسی هاودەنگن. سبەی کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ برادەرانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەبێت. پەیوەندیشمان بە بزووتنەوەی گۆڕان کردووە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی راستەوخۆ".
 
لەبارەی جددییەتی پارتی لە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان، ئەندامەکەی مەكتەبی سیاسی پارتی گوتی: "پارتی زۆر جددییە و بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی راگەیاندووە نەک بە شاراوەیی. ئەو پەیوەندیانەشی کراون ئەوانیش بە ئاشکرابوونە. بە دڵنیاییەوە ئێمە جددین بۆ ئەوەی لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەوڵبدەین دۆخی سیاسی و ئابووریی کوردستان چارەسەر بکەین. ئەرکی گشتپرسیش لەپێشمانە کە بەڕاستی ئەرکێکی نیشتمانی و مێژووییە و دەبێت هاووڵاتیان و لایەنە سیاسییەکان بە ئەرکی خۆیان بزانن. چونکە ئەمە موڵکی حیزبێک و سەرکردەیەک نییە، بەڵکو موڵکی هەموو گەلی کوردستانە".
سەبارەت بەوەی بەشی ئەوەندە عەقڵی کراوە لە بەغدا هەن جیابوونەوەی کورد بە ئارامی قبوڵ بکەن؟ هۆشیار زێباری گوتی: "بەدڵنیاییەوە دەبێت هەوڵبدەین. ئەمە جیا لەوەی ئەنجامی ریفراندۆم چی دەبێت و خەڵک کوردستان چۆن دەنگ لەسەر ئەو پرسە دەدات، دەبێت ئێمە پەیوەندییەکی باشمان لەڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەوە لەگەڵ بەغدا  هەبێت. تا چ ئاستێک تەفاهومی ئەو بابەتە دەکەن؟ دەبێت ئێمە بۆیان روونبکەینەوە و ئەو دایەلۆگە نەبڕین. زۆر کێشەی هاوبەشمان پێکەوە هەن. ئێمە رەزامەندی لە کەس وەرناگرین بۆ ئەوەی ئەنجامی دەدەین، بەڵام دەبێت هەموو لایەنە بنەڕەتییەکان ئاگادار بکەینەوە. تاوەکو چ ئاستێک بەغدا تەفاهومی ئەو پرسە دەکات، وەڵامێکی دیاریکراوامان نییە، بەڵام هەوڵدەدەین تێیانبگەیێنین".
سەبارەت بە ئیرادەی حکومەتی عێراق، ئایا ئەو ئیرادەیە لەدەستی خۆیدایە؟ یان بەغدا دەتوانێ لەجیاتی هەڕەشە و شەڕی حەشدی شەعبی تەفاهومی دراوسێیەتی باش بکات؟ لە وەڵامدا زێباری گوتی: "حکومەتی بەغدا بەرژەوەندی خۆی هەیە. راستە زۆر گاریگەری دەرەکی بەسەرەوەیە، بەڵام بەرژەوەندی حکومەتی بەغدا لەوەدایە پرسەکە بە ئاشتییانە و تەفاهوم چارەسەر بکەین. بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانیش لەوەدایە. بە تووندوتیژی و هەڕەشە نابێت".
لە کۆتایی قسەکانیدا زێباری جەختیکردەوە: "ئەولەویەتی ئێستای ئێمە گشتپرسییە. هەوڵدەدەین بڕوا بە وڵاتان و بەغدا بهێنین ئەم پرسە مافێکی جێگیر و سروشتییە بەنیسبەت میللەتی ئێمە. ئەو مافەش بەکاردەهێنین. ئەنجامەکەش بە بڕاوی من کاریگەری بەسەر زۆر شتدا دەبێت".
لەبارەی لێدوانێکی نووری مالیکی کە دەڵێت کورد با گشتپرسی بکەن، بەڵام مافی جیابوونەوەیان نییە، هۆشیار زێباری گوتی: "ئەمە رای نووری مالیکییە. ئەو لە جیهانێکی دیکە دەژیت کە هیچ پەیوەندی بە واقیعەوە نییە، لە جیهانێکی گریمانەییدا دەژیت. ئەمە مافێکی سروشتی گەلی کوردستان و هەموو گەلانی دونیایە. با مالیکی بە باشی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان بخوێنێتەوە، یان بەو رێککەوتنە نێودەوڵەتیەکاندا بچێتەوە کە ئەوە مافی میللەتی ئێمەیە یان نا".

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان