دەزگاکانی هەواڵی کوەیت و ئێران ڕایانگەیاند کوەیت فەرمانی کردووە باڵیۆزی ئێران و 14 سیاسەتمەداری تر لە وڵاتەکەیدا دەربکات بەهۆی پەیوەندییانەوە بە شانەکانی تیرۆر و سیخوڕییەوە.
دوای ئەوە کوەیت فەرمانی دەرکرد بە وەستاندنی چالاکیە ڕۆشنبیریی و سەربازییەکانی ئێران.
دەزگای هەواڵی تەڵەبەی ئێرانی ڕایگەیاند تاران وەڵامی فەرمانەکەی کوەیتی داوەتەوە و سکاڵای لەسەر کوەیت تۆمار کردووە بەوەی لە 19 کارمەندی باڵیۆزخانەی ئێران لە کوەیت تەنها چوار کەسی هێشتۆتەوە لە وڵاتەکەدا بمێننەوە.
هەندێک سەرچاوە بڵاویان کردەوە کوەیت 45 ڕۆژی داوەتە سیاسەتمەدارانی ئێرانی هەتاکوو وڵاتەکە جێ بهێڵن و چەند سەرچاوەیەکی دیکەش دەڵێن 48 ڕۆژی داونەتێ هەتاوەکوو کوەیت جێبهێڵن.
ئەمەش هەنگاوێکی نائاساییە لەلایەن کوەیتەوە کە هەمیشە دەیەوێت خۆی بەدووربگرێت لە ناکۆکیی و هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکەدا بە باشی بمێنێتەوە و شازادەکەشی ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینێت لە ناوچەکەدا.
سەرچاو/ ڕۆیتەرز