فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

mandella 12345

نیلسۆن ماندێللا، سه‌رۆكی كۆچكردووی ئه‌فریقیای باشوور ماوه‌ی 27 ساڵ ژیانی له‌ گرتووخانه‌ به‌سه‌ر برد و چه‌ندین چیرۆكی نهێنی تۆماركردن، به‌ڵام جگه‌ له‌ كریستۆ براند، پاسه‌وانی ئه‌و ژووره‌ی ماندێللای له‌ ساڵی 1964 تاوەكو ساڵی 1990 تێدا زیندانی كرابوو، كه‌س نایزانێت.

كریستۆ براند له‌هه‌ڤپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ تۆڕی هه‌واڵی   ABC ئه‌مریكی رایگه‌یاند:"زۆر دڵگران بووه‌ كاتێك هه‌واڵی كۆچی دوایی باوكی ئاشتی، ماندێللای بیستووه‌".

براند كه‌ به‌م دواییه‌ سه‌ردانی ماندێللای كردبوو‌ ده‌ڵێت، دوو ساڵ پێش ئێستا له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی له‌شاری كیپ تاون سه‌ردانی ماندێللایان كردووه‌ و ماوه‌ی سێ كاژێر له‌گه‌ڵی دانیشتوون و باسی رابردوویان كردووه.

پاسه‌وانی ژووره‌كه‌ی ماندێلا له‌ زیندان له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا باس له‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌و كاته‌ی ته‌مه‌نی 18 ساڵ بووه‌ له‌ زیندانی دوورگه‌ی ریبن (زیندانی پێشووی ئه‌فریقیای باشوور) كاری كردووه ‌و ماندێللاش كه‌ له‌ساڵی 1964 زیندانی كراوه‌، ته‌مه‌نی 46 ساڵ بووه‌".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ماندێللادا هه‌بووه ‌و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجار شتوومه‌كی وه‌كو باشترین كرێمی قژی بۆ بردووە و جارێكیشیان نه‌وه‌یه‌كی ماندێللای به‌نهێنی بردووه‌ته‌ لای بۆ ئه‌وه‌ی چاوی‌ پێبكه‌وێت".

لای خۆشیه‌وه‌، ماندێلا هانی براندی داوه‌ كه‌ گرنگی بدات به‌ خێزانه‌كه‌ی.

پاش تێپه‌ربوونی 27 ساڵ كاتێك ماندێللا ئازادكراو بووه‌ سه‌رۆكی ئه‌فریقیای باشوور، ئه‌ویش گرنگیه‌كی زۆر به‌ كریستۆ براند ده‌دات كاتێك كارمه‌ندێكی ئاسایی حكومه‌ت بووه‌".

براند ده‌ڵێت:" ماندێلا به‌ فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌تی هاته‌ ناو باره‌گای په‌رله‌مان و له‌كاتی چوونه‌ژووره‌وەی ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ ژووره‌وه‌ بوون و سه‌رقاڵی گفتووگۆكردن بوون له‌سه‌ر نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێكی نوێ بۆ وڵات".

گوتیشی:" كاتێك ماندێلا منی بینی به‌ڵگه‌نامه‌كان دابه‌ش ده‌كه‌م به‌سه‌ر ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ده‌نگی به‌رزو به‌به‌رچاوی هه‌موویانه‌وه‌ سوپاسی كردم".

براند ده‌شڵێت، ماندێللا هه‌مووی تووشی سه‌رسوڕمان كردن كاتێك گوتی:"ده‌زانن ئه‌وه‌ كێیه‌؟ ئه‌وه‌ پاسه‌وانی زیندانه‌كه‌م و هاوڕێم بوو، هه‌ستم به‌شانازییه‌كی زۆر كرد كاتێك ویستیان وێنه‌یه‌كی به‌كۆمه‌ڵ بگرن ماندێلا منی بانگ كردوو گوتتی ده‌بێت له‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ بیت".

كریستۆ براند جەختدەكاتەوە كە جارێكی دیکە گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ دوورگه‌ی روبین كه‌ ماندێللای تێدا زیندانی كرابوو، به‌ڵام ئه‌م جاره‌ زیندان نه‌بووه‌، به‌ڵكو  كرابوویه‌ شوێنێكی گه‌شتیاری گه‌وره‌.

له‌كۆتایی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌یدا براند باسی وەسیەتێ:ی ماندێللا دەكات و ده‌ڵێت، به‌ ماندێلام گوت كاتێك مردیت له‌ دوورگه‌ی روبین بتنێژین، ماندێلاش پێكه‌نی و گوتی بۆچی؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شوێنێكی گه‌شتیاری خۆشه‌؟  ده‌ته‌وێ دوای ناشتنیشم له‌وه‌ی پاره‌ په‌یدا بكه‌یت، ده‌مه‌وێت كاتێك مردم له‌شوێنی له‌دایكبوونم له‌ گوندی كۆنۆ بمنێژن.

ماندیللا له 18ی تەمووزی 1918 لە ئەفریقای باشوور لە دایکبووە، لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا دوای مانەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کردو رۆژی 15 مانگ له‌ شوێنی له‌دایكبوونی خۆی له‌ گوندی كۆنۆ له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له‌رێوره‌سمێكی شایسته‌دا به‌خاكسپێردرا.
rudaw
17/12/2013

jafar anan n.pyd

 

نوێنەری پەیەده(PYD) له هەولێر باس له ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان "ئەنجومەنی نیشتیمانیی کوردی سوریا" و پەیەده دەکات که به سەرپەرشتیی "مەسعود بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان و به ئامادەبوونی "عوسمان بایدەمیر" شارەداری دیاربەکر و "لەیلا زانا" سیاسەتوان و پەرلەمانتاری کورد له تورکیا بەڕێوەچوو. 

"جەعفەر حەنان" نوێنەری پارتی یەکێتیی دیموکراتیک(PYD) له هەولێر به ئاژانسی پەیامنێری راگەیاند: کۆبوونەوەکه سەعات و نیوێک بەردەوام بوو و گفتوگۆ لەسەر کێشەی نێوان هەردوولا کرا و بڕیارێکی ئەوتۆ نەدرا، تەنیا بڕیاردرا گفتوگۆکان له رۆژانی داهاتوودا بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بگەین به خاڵێکی هاوبەش بۆ گفتوگۆکانی جینێڤ دوو.

جەعفەر حەنان گوتی: سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش پشتگیریی خۆی بۆ ئەم بابەته دەربڕی. به گشتی ئەم کۆبوونەوەیه وەک دیمانەیەکی دەستپێک بوو.

نوێنەری پەیەده روونی کردەوه: دانوستاندنێکی گشتیش هەبوو بەتایبەت سەبارەت بەو کێشەیەی نێوان ئێمه و پارتی دیموکراتی کوردستان و گرژیی راگەیەندنەکان. هەردوولا گلەیی و رەخنەی خۆمان خستەڕوو و بۆ خزمەت کردنی گەلی خۆمان پێویسته گوێ له رەخنەکان بگرین و و هەردوولامان گوێمان لە رەخنەکان گرت.

حەنان ئاشکرای کرد: داواکاریی سەرۆکی هەرێمیش ئەوه بوو که ئەگەر لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بگەنه رێککەوتنێک ئەوه ئەویش پشتگیریی دەکات، ئێمەش دەبێت بزانین داخوازیی لایەنەکانی دیکەی رۆژئاوا چییه و گفتوگۆیان لەسەر دەکەین.

X.A

pna

logoi party komary kurdistan

 

به‌بۆنه‌ی ( 26 / سه‌رماوه‌ز ) ڕۆژی هه‌ڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی كۆماریی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی
ئاڕاسته‌ی گه‌لی كوردستان و بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان ده‌كات

جه‌ماوه‌ری خه‌باتگێڕ و تێكۆشه‌ری كوردستان ..
بنه‌ماله‌ و كه‌س و كاری شه‌هیدانی كوردستانی مه‌زن ...

به‌بۆنه‌ی ( 26 / سه‌رماوه‌ز - كه‌( 67 ) ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان بۆ یه‌كه‌مین جار له‌میژووی خه‌بات و تێكۆشانی گه‌له‌كه‌مان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ( كۆماری مه‌هاباد ) له‌سه‌ر ده‌ستی پێشه‌وا ( قازی محمد ) ئه‌و ئاڵا پیرۆزه‌ له‌مه‌یدانی چوار چرا و له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌ی حكومه‌تی كۆمار و گشت دام و ده‌زگاكانی حكومه‌تی كۆماری كوردستان كه‌به‌كۆماری مه‌هاباد ناوبانگی ده‌ركربوو .. هه‌ڵكرا .. ئه‌و ڕۆژه‌ بۆ كورد و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان ڕۆژێكی زۆر پیرۆز و به‌هاداره‌ .. به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه‌ بۆ دوژمنان و ده‌وڵه‌ته‌ داگیركاره‌كانی كوردستان و هیزه‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارێزه‌كان و زلهیزه‌كانی جیهان په‌لێكی ڕه‌ش و شه‌رمه‌زاریه‌ كه‌نه‌یان توانی به‌رگه‌ی داخوازی گه‌له‌كه‌مان بۆ ماوه‌ی ( 11 ) مانگ بگرن و كه‌وتنه‌ پیلان و په‌رلاماردانی كۆماری كوردستان و تاگه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی پێشه‌وا ( قازیش ) له‌سیداره‌ بده‌ن .. بۆیه‌ دوای ( 67 ) خه‌بات سال خه‌بات و قوربانیدان به‌كوێرایی چاوی دوژمنان و داگیركاران بۆ جارێكی تر ئه‌و ئاڵا پیرۆزه‌ به‌شكۆداری له‌باشووری كوردستان له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و گشت وه‌زاره‌ت و دام و ده‌زگا حكومی و كۆلیژ و قوتابخانه‌ و دایانگاكان و گشت شوێنه‌ گشتیه‌كان و باخچه‌كان و یانه‌ وه‌رزشیه‌كان ...تد ) ئه‌و ئاڵا پیرۆزه‌ی لێ هه‌ڵكراوه‌ .. بۆیه‌ له‌و ڕۆژه‌ پیرۆزه‌ سه‌ری رێز و پڕ له‌وه‌فاداری بۆ گیانی پاكی پێشه‌وا قازی و شێخ سه‌عیدی پیران و شێخ عوبێدوڵڵای نه‌هری و شیخ محمود و مه‌لا مسته‌فا بارزانی و سمكۆی شكاك و حه‌بسه‌خانی نه‌قیب و مه‌ستۆره‌خان و خانزادی سۆران و له‌یلا قاسم و شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفالكراوان و بارزانیه‌كان و ده‌رسیم و گشت شه‌هیدانی ڕێگای ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی سه‌ر ئاستی كوردستانی مه‌زن داده‌نوێنین و به‌ڵێن و سۆز نوێ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌له‌سه‌ر ڕیبازی خه‌بات و تێكۆشانیان به‌رده‌وام ده‌بین تاگه‌یشتن به‌ كوردستانێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و یه‌كگرتوو .. ئه‌مڕۆش به‌ملیۆنان كورد و كوردستانیان یادی ڕۆژی ئالای كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌و كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و ئاهه‌نگ و مه‌راسیمی به‌ربڵاوی بۆ ده‌گێرن. گه‌ر دوێنی یه‌ك ( قازی محمد یان شێخ عوبێدوڵلا یان شێخ سه‌عید یان شێخ محمود یات مه‌لا مسته‌فا بارزانی یان قاسملۆ یان شه‌ره‌فكه‌ندی .....تد ) بوو ، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌موو گه‌لی كوردستان ڕێبواران و هاوڕێبازانی ئه‌و سه‌ركرده‌ قاره‌مانانه‌ن و ئه‌و ئاڵایه‌ به‌به‌رزی و شكۆداری هه‌ڵده‌گرن و له‌سه‌ر دڵی خۆیان ده‌ده‌ن و به‌دوژمنان و داگیركاران و تیرۆرستان ڕاده‌گه‌ینین كه‌خه‌بات و تێكۆشان و شۆڕشی گه‌له‌كه‌مان له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان قۆناغێكی زۆر پێشكه‌وتوو و مه‌زنی بڕیوه‌ ، هه‌رگیز به‌ره‌و دوواوه‌قبوڵ ناكات و پرسی سیاسی گه‌له‌كه‌مان له‌ناوچه‌كه‌ و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئیراده‌ی خۆی چه‌سپاندووه‌ و هیچ هێز و لایه‌ن و ده‌وله‌تیك ناتوانێ نكۆڵی لێ بكات.
بژی كورد بژی كوردستان . بژی پێشمه‌رگه‌ بژی گه‌ریلا

* به‌رز و شكۆدار بێت یادی ( 67 ) ه‌مین ساڵه‌ی ڕۆژی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان
* نه‌مری و سه‌رفرازی بۆ گشت شه‌هیدانی ڕیگای ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
*مردن و شه‌رمه‌زاری بۆ داگیركارانی كوردستان
* سه‌ركه‌وێ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان
*سه‌ركه‌وێ ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌مان له‌ (باكوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات ) ی كوردستان


مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی كۆماریی كوردستان
25 / سه‌رماوه‌ز / 2713 ی كوردی 16 / 12 / 2013 زایینی

shuhakani eraq la surya

 

بۆ یەكەمجار و بەشێوەیەكی ئاشكرا مەرجەعێكی شیعەكانی عێراق، كە لە شاری قومی ئێران نیشتەجێیە رایدەگەیەنێت  "جیهادكردن لەپاڵ رژێمەكەی بەشار ئەسەددا دژی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا دروستە". ئایەتوڵڵا كازم حائیری لە وەڵامی پرسیاری یەكێك شوێنكەوتووانی سەبارەت بە رۆیشتن بۆ سووریا‌و شەڕكردن لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان و پشتگیریكردنی رژێمەكەی بەشار ئەسەدی سەرۆكی ئەو وڵاتە، رایگەیاند: "ئەو شەڕەی كە لە سووریا روودەدات بۆ بەرگریكردن نییە لە مەزاری سەیدە زەینەب، بەڵكو شەڕێكە كافرەكان دژی ئیسلام بەرپایان كردووە". حائری كە لە ماڵپەڕەكەی خۆی وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە، دەڵێت:"شەڕكردن لە سووریا دروستە و ئەوانەشی بۆ پشتگیریكردن لە رژێمەكەی بەشار ئەسەد دەچنە ئەو وڵاتەو دەكوژرێن بە شەهید هەژمار دەكرێن". لای خۆشیەوە، عەشتار كەعبی یەكێك لە چەكدارەكانی میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەق، كە بۆ پشتگیریكردن لە رژێمەكەی بەشار ئەسەد چووەتە ئەو وڵاتە لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەسۆشەیتدپرێس گوتی: "ئێستا نزیكەی هەزار چەكداری سەر بە میلیشیاكەیان لە سو‌وریان و زۆربەشیان خۆبەخشانە چوونەتە ئەو وڵاتە". لە وەڵامی پرسیارێكی ئاژانسەكەدا سەبارەت بەوەی ئایا لەدوای فەتواكەی كازم حائیرییەوە چەكدارانی شیعە بەزۆری روویان لەو وڵاتە كردووە، ئەو چەكدارەی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند:" بەڵێ ئەو فەتوایە كاریگەرییەكی زۆری هەبووە لەسەر رۆیشتنی بەلێشاوی چەكدارانی شیعە لە عێراقەوە بۆ سووریا".

16/12/2013

alai kurdistan

 

وابڕیارە سبەینێ لەشاری سلێمانی بە ئەنجامدانی چەندین چالاکی و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە چەند شوێنێک ڕۆژی ئاڵا بەرز ڕابگیرێت. 

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی"نەجمەدین عەلی"لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی پەیامنێر گووتی:"سبەینێ لە قوتابخانەکانی سنوری شاری سلێمانی لەگەڵ ئەوەی دەوامی فەرمیی هەیە بەڵام لەهەمان کاتتدا ڕۆژی ئاڵا بەرز ڕادەگیرێت".

گووتیشی:"هەموو قوتابخانەیەک دەتوانێت،لەناو گۆڕەپانەکەی خۆیدا مەڕاسیم و ڕێوڕەسمی جۆراو جۆر بەو بۆنەیەوە ساز بکات.

بەپێی زانیاریەکانی ئاژانسی پەیامنێر:"سبەینێ لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی مەڕاسیمێک بۆ هەمان بۆنە ساز دەکرێت".

هاوکات دوو قوتابخانەش بەفەرمی بەشداری ئەو ڕێوڕەسمە دەکەن و چالاکی جۆراوجۆر لەناو پاڕکی ئازادی شاری سلێمانی ئەنجام دەدەن.

زیرەک عەبدولڕەحمان/ج.ع

16/12/2013

rudaw1234

 

كورتەباڵاكانی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی پێكهێنانی ئەنجوومەنێكن بۆ ئەوەی بتوانن لە كاتێكی نزیكدا ئامادەكارییەكانی ئەو پرۆژەیە تەواو بكەن، كە بڕیارە لەسەر ئاستی بەشێك لە وڵاتانی ئاسیا ئەنجامی بدەن. پرۆژەكەش بە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی لە سلێمانی دەستیپێكرد. دڵشاد وەهاب، بەرێوەبەری كارگێڕیی كۆمەڵەی كورتەباڵاكانی كوردستان دەڵێ، بەرنامەمان هەیە لەسەر ئاستی زۆربەی وڵاتانی ئاسیا، ئەنجوومەنێكی هاوبەشی كورتەباڵاكان دروستبكەین "جارێ خۆمان ئەنجوومەنێك دروستدەكەین بۆ ئەوەی دەست بە سەردانی چەند وڵاتێكی ئاسیا بكەین و ئەنجوومەنە هاوبەشەكەی كورتەباڵاكانی ئاسیاش لە هەرێمی كوردستان رادەگەیەنین، بە ئامادەبوونی نوێنەری كورتەباڵاكانی ئاسیا".    كورتەباڵایان دەیانەوێ لە رێگەی ئەو ئەنجوومەنەوە بتوانن كۆششسەكانیان چڕتر بكەنەوە بۆ ناچاركردنی حكومەتەكان تاوەكو زیاتر گوێ لە داخوازی و پێداویستی ژیانی كورتەباڵایان بگرن و بەدەمیانەوە بچن. ئەمە جگە لەوەی هەوڵێكیش دەبێ بۆ گۆڕینی تێڕوانینە كۆمەڵایەتییەكان بەرامبەر توێژی كورتەباڵایان. 

15/12/2013

nauti kurdistan bo turkya

 

قۆناغی تێستی ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ تورکیا لەرێگای بۆڕییە سەربەخۆکانی کوردستانەوە دەستی پێکرد. 

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرزی ئینگلیزی، قۆناغی تێستی ناردنی نەوتی کوردستان بۆ تورکیا لەرێگای بۆڕییە نوێکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا دەستی پێکرد، بەڵام تاوه‌كو ئێستا لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌ فەرمی ئاشكرای نه‌كردووه‌ ئایا ھەناردەکردنی نه‌وتی کوردستان بۆ وڵاتی تورکیا دەست پێ دەکات یان نه‌خێر.

ھەفتەی رابردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان، گرێبەستی ھەناردەکردنی نەوتی کوردستانی لەگەڵ حکومەتی تورکیا مۆر کرد، بەڵام ئه‌م رێككه‌وتنه‌ی نێوان هه‌ولێر - ئه‌نقه‌را، به‌غدای تووڕە کرد.

ئاژانسی رۆیتەرزی له‌ سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی شاره‌زا له‌ بواری نه‌وت بڵاویكردۆته‌وه‌ "قۆناغی تێست، دەستی پێکردووە و نەوت بە بۆڕییەکەدا ره‌وانه‌ ده‌كرێت، بەڵام بڕەکە ئەوەندە نییە کە بڵێت ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان بە فەرمی دەستی پێکردووە".

 

15/12/2013


 

 

logoi goran12

 

لیژنه‌ی‌ باڵای‌ ئاماده‌كاری‌ كۆنگره‌ی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا، رۆژی‌ (26) ی ئه‌م مانگه‌ رۆژی‌ ده‌ستپێكی‌ كۆنگره‌ی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بێت.
ئارام شێخ محه‌مه‌د، رێكخه‌ری‌ ژوری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: له‌ درێژه‌ی‌ دانیشتنه‌كانی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ ئاماده‌كاری‌ كۆنگره‌ی‌ نیشتیمانی، بڕیار درا رۆژی‌ 26/12/2013 كۆنگره‌ی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئەنجامبدرێت.
دوێنێ له‌ سنوری‌ هه‌رسێ پارێزگای‌ (سلێمانی‌، هه‌ولێر، كه‌ركوك) به‌شێوه‌ی‌ راسته‌وخۆ و نهێنی‌ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئەنجامدرا.

 

(سبەی)

14/12/2013

zubeyir-adyar-firat 1

 

ئه‌ندامى کۆنسه‌ى به‌رێوه‌به‌رى کۆما جڤاکێن کوردستان KCK   زوبێر ئایدار  ده‌رباره‌ى چالاککردنه‌وه‌ى ده‌سته‌ى باڵاى کورد له‌ ڕۆژئاواى کوردستان و  یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى و دووهه‌مین کۆبوونه‌وه‌ى جنێف  رایگه‌یاند که‌ ڕێگاى دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ى لۆزان، به‌هێزکردنى یه‌کێتى و یه‌ک هه‌ڵوێستى کوردانه‌ .
زوبه‌یر ئایدار  ئه‌ندامى کۆنسه‌ى به‌رێوه‌به‌رى KCK به‌شدارى به‌رنامه‌یه‌کى ته‌له‌فزیۆنى نه‌ورۆز تیڤى بوو و ده‌باره‌ى هه‌ڵوێستى یه‌کریزى و  هاوپه‌یمانى کوردان به‌تایبه‌ت له‌رۆژئاواى کوردستان و به‌شداربوونیان له‌ دووه‌مین کۆبوونه‌وه‌ى جنێف هه‌ڵسه‌نگاندنى گرنگى کرد و رایگه‌یاند :" ده‌وڵه‌ته‌ قه‌واره‌پارێزه‌کانى هه‌رێمه‌که‌، ده‌یانه‌وێت له‌ دژى کوردان لۆزانێکى نوێ پێکبێنن، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێت  کوردان له‌ هه‌موو کاتێک زیاتر په‌ره‌ به‌ یه‌کێتى و یه‌ک هه‌ڵوێستى خۆیان بده‌ن ."
 زوبه‌یر ئایدار ستایشى هه‌وڵه‌کانى چالاککردنه‌وه‌ى  ده‌سته‌ى باڵاى کورد و به‌ تایبه‌تى کۆبوونه‌وه‌ى نێوان PKK  و PDK ى کرد و ده‌ستنیشانى کرد :" وڵاتانى هه‌رێمه‌که‌  ده‌یانه‌وێت دووهه‌مین کۆبوونه‌وه‌ى جنێف وه‌رچه‌رخێنه‌ لۆزانێکى نوێ ." ئایدار ووتی:" ڕێگاى دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ى لۆزان، به‌هێزکردنى یه‌کێتى و یه‌ک هه‌ڵوێستى کوردانه‌. له‌ هه‌مانکاتدا به‌شداریکردنى کوردان له‌ کۆبوونه‌وه‌ى دووهه‌مى جنێفدا وه‌کو لایه‌نى سێهه‌مین بۆ ئه‌وه‌ى نیشان بدرێت که‌ ئیدى کوران خاوه‌ن هێزن . "
ئه‌ندامى کۆنسه‌ى به‌رێوه‌به‌رى KCK   زوبه‌یر ئایدار هه‌روه‌ها جارێکى تریش ڕایگه‌یاند که‌ ئه‌وان وه‌کو  KCK  پشتیوانیه‌کى به‌‌هێز له‌ کۆبوونه‌وه‌ى هه‌ولێر ده‌که‌ن بۆ به‌هێزکردنه‌وه‌ى په‌یمانى هه‌ولێر و ده‌سته‌ى باڵاى کورد له‌ ڕۆژئاواى کوردستان .
ئایدار سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخى رۆژهه‌ڵاتى کوردستانیش رایگه‌یاند که‌ چاوه‌ڕێ ده‌کرێت ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ ڕۆژئاواى کوردستان ڕووده‌دات کاریگه‌ریه‌کى مه‌زن له‌ سه‌ر ڕه‌وشى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان بکات و له‌و باره‌یه‌وه‌ ووتی:" له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت پارت و ڕێکخراوه‌ سیاسیه‌کانى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستانیش به‌ هه‌مان شێواز ده‌سته‌ى باڵاى کورد که‌ له‌ هه‌موو هێزه‌کان پێکهاتبێت ، دامه‌زرێنن. ئێمه‌ش وه‌کو  KCK  پشتوانى له‌ هه‌موو هه‌وڵدانه‌کان بۆ یه‌کێتى و یه‌کریزى ده‌که‌ین ."
هه‌روه‌ها ئه‌ندامى کۆنسه‌ى به‌رێوه‌به‌رى KCK زوبه‌یر ئایدار له‌سێداره‌دانى گیراوانى سیاسى کورد و هێرش بۆ سه‌ر کاسبکاران و کۆڵبه‌رانى کورد له‌ لایه‌ن ڕژێمى کۆمارى ئیسلامى ئێرانه‌وه‌ى به‌ تووندى شه‌رمه‌زار کرد .

14/12/2013

naqshai kurdistani gaura

 

هەواڵی کەشوهەوای رووداو، کە رۆژانە لە رووداو تیڤییەوە پەخشدەکرێت، دەبێتە قسە و باسی میدیا تورکی و ئێرانیەکان و بە مەترسی دەزانن. کەشوهەوای رووداو، ماوەی 4 مانگە پێشکەش دەکرێت،تورک و ئازەرییە ناسۆنالیستەکان پێیان وایە بەشێک لەو نەخشەی لە رووداو نیشاندەدرێت، خاکی کوردستان نییە و خاوەنی ئەو خاکە تورک و ئازەرییەکانن. رۆژنامەکانی حوریەت و جومهوریەتی تورکیا، بە ئاماژە بە نەخشەی کەش و هەوای رووداو، دەڵێن "کەناڵی رووداو، باشووری رۆژهەڵاتی تورکیای بەبیانووی کەشوهەوا لەناو نەخشەیەک بەناوی کوردستاندا داناوە، تەنانەت شارەکانی ئاگری، سیواس، ئەرزەڕووم ، وان و مێرسینیشیان بە خاکی کوردستان داناوە".  ئەو رۆژنامانە ئەو کارەی رووداویان بە "فەزیحەت" نێو بردووە. ئاراز نیوز، ماڵپەڕی بەرەی بەرگری نەتەوەیی ئازەربایجانی نزیک لە ئازەرییەکانی ئێران، وێرای ئاماژە بە نەخشەی کەشوهەوای رووداو، دەڵێت "گەورەترین مەترسی چاو تێبڕینی کورد بۆ سەر خاکی ئازەربایجانە"، ئەو ماڵپەڕی ئەو بەرەیە، نەخشەی کەشوهەوای رووداوی وەک مەترسییەک بۆسەر ئازەربایجان نێو بردووە و دەڵێت "بە بیانووی راگەیاندنی کەشوهەوای کوردستان، نەخشەیەک نیشاندەدەن، کە شاری ورمێ و هەموو ئازەربایجانی رۆژئاوای تێدایە". رووداو بۆ ئەو نەخشەیەی داناوە؟ ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی میدیایی رووداو لە وەڵامی ئەو  میدیایانەدا دەڵێ: "ئەو نەخشەیە لە لایەن پسپۆڕانی مێژوو و جوگرافیای کوردستان دروستکراون، چەندین ساڵە بڵاوکراوەتەوە". بەرێوەبەری گشتی رووداو ئاماژە بەوەدەکات، هەندێک ناوەندی سیاسی، کە بە شۆڤێنی ناودەبرێن، دژی ئەو نەخشەیەن، کە  دەیان و سەدان ساڵە لە نامە و ئەتڵەسەکانی جیهان دا هاتووە. ئاکۆ محەمەد گوتیشی: "ئەوەی رووداو بڵاویدەکاتەوە، ئەو نەخشەیەیە، کە لە هۆش و دڵی هەموو کوردێکدا هەیە، بە بێ ئەوەی دەڕبڕی هیچ بڕیارێکی فەرمی بێت"

naqshai kurdistani gaura 12


rudaw

14/12/2013


xanaqinn

 

شه‌وی رابردوو له‌سه‌ر رێگای ئیمام وه‌یس له‌ نزیك شارۆچكه‌ی خانه‌قین، ژماره‌یه‌كی چه‌كداری تیرۆرست هێرشیان كرده‌ سه‌ر سێ ئۆتۆمبیلی تایبه‌ت به‌ كرێكارانی ئێرانی كه‌ له‌ بواری نه‌وت كار ده‌كه‌ن و له‌ ئاكامدا 18 كه‌س كوژران كه‌ 15یان ئێرانین و سێ كه‌سیشیان عێراقیه‌. به‌ گوته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كیش ته‌نها دوو پۆلیس پاسه‌وانیان بوون. 

سه‌چاوه‌یه‌ك له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ سنووری خانه‌قین، به‌ ئاژانسی هه‌واڵی په‌یامنێری راگه‌یاند:  شه‌وی رابردوو له‌ ناوچه‌ی "ته‌ل غه‌زال" له‌ نێوان ئیمام وه‌یس و شاری خانه‌قین، ژماره‌یه‌كی چه‌كداری تیرۆریست كه‌ به‌ پێی زانیارییه‌كان عه‌ره‌بی سوننه‌ بوون، به‌ چه‌كی بی كه‌ی سی،  ده‌ستدرێژی گولـله‌یان له‌ سێ ئۆتۆمبیلی تایبه‌ت به‌ كۆمپانیایه‌كی ئێرانی كردووه‌ كه‌ له‌ بواری نه‌وت له‌ سنووری نه‌فتخانه‌ كارده‌كه‌ن.

گوتی، له‌ ئاكامدا 18 كه‌س كوژران كه‌ 15یان ئێرانییه‌ و سێ كه‌سیشیان عێراقین، له‌ ناو عێراقییه‌كان دووانیان پۆلیسن و ته‌نها ئه‌و دوو پۆلیسه‌ پاسه‌وانی ئه‌و كرێكارانه‌ بوون.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌شیدا، ئه‌و سێ ئۆتۆمبیله‌ دووانیان له‌ جۆری ده‌بڵ ناڤاران و یه‌كێكیشیان پاسێك بووه‌، تیرۆریستان دواتر پاسه‌كه‌یان سوتاندووه‌ بۆیه‌ زۆرێك له‌ ته‌رمی كرێكاره‌ ئێرانییه‌كان له‌ ناو پاسه‌كه‌ سوتاون و هیچ ئاسه‌وارێكیان نه‌ماوه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ی رووداوه‌كه‌ روویداوه‌، سرییه‌كی سوپای عێراق هه‌یه‌ و به‌ڵام هیچ رۆڵیكیان له‌و رووداوه‌كه‌ نه‌بووه‌.

راشیگه‌یاند، پاش رووداوه‌كه‌، ئه‌مرۆ هێزێكی ئه‌منی تایبه‌ت كه‌سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی نه‌واتی عێراقن سه‌ردانی شوێنی روداوه‌كه‌یان كردووه‌ بۆ مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌ و هه‌روه‌ها دواتر سه‌ردانی خانه‌قینیان كرد و دواتریش به‌ رێکكه‌وتن بۆ باره‌گای كۆمپانیا ئێرانییه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ی نه‌فتخانه‌.

سیروان حەسەن/ش.ب

 

pna

14/12/2013

katalunya ispanya

 

هەرێمی كاتەلۆنیا رایگەیاند بۆ سەربەخۆیی هەرێمەكەیان ریفراندۆم ئەنجام دەدەن، بەڵام مەدرید رایگەیاند كە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كاتەلۆنیا نایاساییە. چەند كاژێرێك دوای ئەوەی  سەرۆكی هەرێمی كاتەلۆنیا رایگەیاند، كە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوو بارسێلۆنا ریفراندۆمی گشتی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دەدات، ئەلبێرتۆ رویز گاردۆن، وەزیری  دادی ئیسپانیا گوتی "ئەو هەنگاوەی كاتەلۆنیا نایاساییە و مەدرید هەموو  هەوڵێكی یاسایی دەدات بۆ رێگەگرتن لە ئەنجامدانی ریفراندۆم".      وێڕای ئەوەی چاودێران پێیانوایە كە هەنگاوی زۆر ماوە  بهاوێژرێت بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كاتەلۆنیا ‌و ئامادەكاریی پتری دەوێت، بەڵام ئۆرتۆ ماس،  سەرۆكی هەرێمی كاتەلۆنیا لەگەڵ پارتەكانی هەرێمەكە گەیشتنە رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 9ی تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوو.     ماریانو راخوی، سەرۆك  وەزیرانی ئیسپانیا لە پرێس كۆنفرانسێكی هاوبەشدا لەگەڵ هارمان ڤان رامپی، سەرۆكی كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند "ئەو  هەنگاوە نادەستوورییە". لە  بەرامبەردا خوان ماریا پیكی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كاتەلۆنیا رایگەیاند، كە ئەوان چاوەڕوان دەكەن دانوستاندن لەگەڵ مەدرید دەستپێبكەن. لە یەكەم كاردنەوەیشدا ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا هۆشداریاندایە كاتەلۆنیا لە ئەنجامدانی ریفراندۆم. ئەم هەنگاوەی كاتەلۆنیا لە كاتێكدایە سكۆتلاند لە مانگی رابردوو رایگەیاند لە سێپتەمبەری ساڵی داهاتوو رێفراندۆم ئەنجامدەدات.    ئیسپانیا لە 17 هەرێمی   فیدراڵی پێكهاتووە، كاتەلۆنیا بەهێزترین و  دەوڵەمەندترین هەرێمی ئەو وڵاتەیە،  دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە ئیسپانیا  سەركردەكانی هەرێمی كاتەلۆنیا  كار لەسەر جیابوونەوەی هەرێمەكە  دەكەن، ئەمەش  بەهۆی ئەوەی پتر لەپێنج لەسەر یەكی داهاتی ئیسپانیا  بۆ دەوڵەمەندی كاتەلۆنیا دەگەڕێتەوە.

14/12/2013

mafi mrof herem

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: چالاکانی سیاسی کورد ئازاد بکەن


کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە دوهەمین بەیانیەی خۆی دا نیگەرانی خۆی لە درێژە پێدان لە دەستبەسەری چالاکانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان رادەگەیێنێ.
چەند چالاکی سیاسی کورد مستەفا شێخە،عەلی ئیسماعیل نیژاد،چیا مەلاک، پێشەوا عەلیپور، رامان پیرۆتی، ئامانج سەلەواتی و محەممەد فەرهادزادە ماوەی مانگێکە لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی هەریمی باشوری کوردستان دەستبەسەر کراون و تا ئێستا هەنگاوێک لە لایەن حکوومەتەوە بۆ ئازادیان نەنراوە.
بە پێی ئەو راپۆرتانەی بڵاو کراونەتەوە هەڵسوکەوتی نایاسایی لەگەڵ ئەو گیراوانە کراوە و لە وەزعێکی نالەبار دانە ، هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو مژارە دا لێپرسینەوەی لە بنەماڵەی ئەو گیراوانە کردووە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەژین و خستونێتە ژێر فشار و وادیار دەکەوێ کە هێشتنەوەی ئەر گیراوانە لە گرتووخانەش بە پێی داخوازای ئێرانەوە بێت.
تا ئێستا چالاکی زۆر و بەردەوام لە پێناو ئازادکردنی ئەو گیراوانە ئەنجام دراوە و چالاکانی سیاسی و مەدەنی کوردستان بە کردەوەی هاوبەش و جیاواز خوازیاری ئازادکردنیان لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بونە. بەڵام هەتا ئێستاش دەزگا و لایەنە پێوەندیدارەکان هیچ کاردانەوەیێکیان نیشان نەداوە.
شایانی باسە دوای لەسێدارە دانی چەند چالاکی سیاسی کورد (شێرکۆ مەعارفی، رەزا ئیسماعیلی، حەبیبوڵڵا گوڵبەری پور،... لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، خەڵکی کورد لە کوردستان و وڵآتانی دیکەشەوە نارەزایەتیان دەربڕی و خوازیاری راوەستاندنی ماشێنی سێدارەی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون. دەکرێ بڵێین ئەو نارەزایەتیانە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپیشی گرتەوە و لە هێندێک لەو وڵاتانەش دژکردەوەهایێک هاوشێوەی هەولێر رویدا کە بە پێی ئەو پێشبینیانەی لە یاسای ئەو وڵاتانە دا بۆ ئەو نارەزایەتییانە کراوە بە رووحیەی لێبوردەیی و نەرمونیانی لەگەڵیان رەفتار کرا و هیچ کەس نەگیرا.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان لە یەکەم بەیانیەی خۆیدا خوازیاری ئازادی ئەو دەسبەسەرکراوانە ببوو و رووی داواکاریەکەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندە پێوەندیدارەکان بوو و خوازیاری ئەوە بوو کە رێز دانێن بۆ بەها و مافە مرۆڤیەکان، ئازادی رادەربرین و ئازادی رێپێوان و گردبوونەوە .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان رایدەگەیێنێ کە گرتنی ئەو چالاکە سیاسی و مەدەنیانە دژیاسایی بووە و بە مانای لەبەرچاو نەگرتنی مافی ئازادی ڕادەربڕین و یاسای کۆروکۆبوونەوەکان بووە و درێژە پێدان بە راگرتنی ئەو چالاکە سیاسی و مەدەنیانە شەرمەزار دەکات و خوازیارە هەرچی زووتر ئازاد بکرێن.

13/13/2013

zmani kurdi autrish

شارەوانی شاری ڤییەنای پایتەختی نەمسا بەرنامەیەكی تایبەتی داناوە لە رێگەی تەلەفۆنی زیرەك بۆ تێگەیشتن و خزمەتی فرە كەلتووری. 

لە نێو هەر هەشت زمانەكەی ئەو بەرنامەیەدا زمانی كوردیش هەیە. 

ئەو بەرنامە تەلەفۆنییە زیرەكە كە ناوی " Wiener Sprachen App"ە، زمانی ئەو پەنابەرانەی تێدایە كە لەو وڵاتە دەژین. لە بەشی زمانی كوردیدا، بەرنامەكە بە هەمان شێوەی زمانەكانی دیكەیە، ناوی كوردی، فەرهەنگ و ئەو دەستەواژانەی تێدایە كە رۆژانە بەكاردێن. هەموو ئەو ناو و وشە و دەستەواژانەی لە نێو بەرنامەكەدان، بەكارهێنەر دەتوانێت بە دەنگیش گوێیان لێبگرێت.

 ئەو بەرنامەیە ساڵنامەیەكی تایبەتیش لەخۆدەگرێ و هەموو جەژن و بۆنە نەتەوەییەكانی ئەو گەلانەی تێدایە كە لەو وڵاتە دەژین و دەتوانن لە رێگەی ئەو ساڵنامەیەوە جەژنە ئاینی و نەتەوەییەكان و رۆژی سەربەخۆیی وڵاتەكەیان بزانن.
لە ساڵنامەكەدا ئاماژە بە جەژنی نەتەوەیی نەورۆز كراوە و مانای جەژنەكەش لەوێ روونكراوەتەوە.

سیستمی وەرگێڕانیشی بۆ زیاد دەكرێت

ئانیكا ماتزكا- دۆژدەر، كارمەندی شارەوانی ڤییەنا، لەبارەی ئەو بەرنامەیە گوتی كە ئامانجی ئەوان لەو بەرنامەیە خزمەتكردنی ئەو هاووڵاتیانەیە كە لە ڤییەنا دەژین.

هەروەها شەنۆل ئاككلیچ، گوتەبێژی بەشی ئینتگراسیۆن لە پارتی سەوزی نەمسا، باسی ئەو بەرنامەیەی كرد و گوتی "دانیشتووانی ڤییەنا دەتوانن لە رێگەی خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی لەوانەش ئەو پرۆگرامەی بۆ زمانەكان دامانناوە، پەرە بە زمانەكەیان بدەن و بەرەو پێشی ببەن، پرۆگرامەكە بە تایبەتی بۆ ئەو گەنجانە دانراوە كە لە رێگەی تەلەفۆنی زیرەكەوە تێكەڵاوی یەك دەبن و یەكدی دەناسن، ئێمە رێز لە فرەزمانی گەنجان دەگرین و پشتگیری فرە كەلتووری دەكەین".

ئەو پڕۆگرامە كە بە زمانەكانی كوردی، ئەڵمانی، پۆڵۆنی، توركی و رۆمانی و چەند زمانێكی دیكە دانراوە، نزیكەی 5 هەزار دەنگی تۆماركراوی لە زاراوە و رستەی بەو زمانانە تێدایە. 

بەكارهێنەرانی ئەو پرۆگرامە هەر شتێكیان بوێت دەتوانن بە كورتە نامە و نامەی ئەلیكترۆنی بۆ یەكدی بنێرن. وا بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا سەرپەرشتیارانی پرۆگرامەكە بەشی وەرگێڕان و راهێنانی فێربوونی زمان بۆ پڕۆگرامەكە زیاد بكەن.

لەلایەكی دیكەوە، پرۆژەیەك بە ناوی "Muttersprachliche LesepatInne"، واتە "خوێندن بە زمانی دایك"، كە ئەویش لەلایەن شارەوانی ڤییەناوە دانراوە، بەردەوامە. 

لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا، هەر كەسێك بیەوێت دەتوانێت بە پشتیوانی شارەوانی بە زمانی جیاواز لە باخچەی ساوایان و قوتابخانەكان بخوێنێت.

كوردی دانیشتووی ڤییەنا دەتوانن لە رێگەی ئەو لینكەوە (www.sprachen.wien.at) سوود لە خزمەتگوزارییەكانی پرۆگرامی (Wiener Sprachen App) وەربگرن.
13/12/2013

hawlerr qalla

 


هەولێر، كە بە پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی هەڵبژێردراوە، چاوەڕێی یەكەم چركەساتی ساڵی نوێیە، بۆ ئەوەی بەفەرمی نازناوەكە بەدەستبهێنێت. 

هەمزە عامد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر و ئەندامی دەستەی سەرپەرشتیاری چالاكییەكانی  ساڵی 2014ی هەولێری پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی، بە (رووداو)ی راگەیاند: "نازناوی پایتەختی گەشتیاری بە بڕیاری كۆمكاری عەرەبی و لە لایەن رێكخراوی گەشتوگوزاری عەرەبی لە دوایین ساتەكانی ساڵی 2013 و یەكەم خولەكی ساڵی 2014 بەشێوەیەكی فەرمی بە هەولێر دەبەخشرێت".

هەمزە عامد ئەوەشی گوت "مەراسیمێكی فراوان بە بەشداری چەند هونەرمەندێكی تورك و عەرەب و فارس رێكخراوە و لە پاركی شانەدەر بەڕێوەدەچێت، تێیدا هێمای پایتەختی گەشتیاری لەلایەن رێكخراوی گەشتوگوزاری عەرەبی بە فەرمی بە هەولێر دەدرێت".

ئاماژەی بەوەشدا، كۆمەڵێك چالاكی هونەری، وەرزشی، كەلتوری و ئابووریی نێودەوڵەتی ئامادەكراون و بەسەر چوار وەرز دابەشكراون بەپێی‌ كات و شوێنی چالاكییەكان.

ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر بودجەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕی 20 ملیۆن دۆلار بۆ پایتەختی گەشتیاری تەرخانكراوە، جگە لە دەیان كۆمپانیای ناوخۆی هەرێمی كوردستان كە سپۆنسەری چالاكییەكان لە ئەستۆ دەگرن. 

جەختیشیكردەوە، سەرجەم ئەو ئامادەكارییانەی لە پلاندابوون جێبەجێكراون.

ناوبراو گوتیشی " دەمانەوێت هەولێر لە ئاستی لۆكاڵی دەربچێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی  بناسرێت و بوونی خۆی بسەلمێنێت".

دوای پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش، هەولێر لەنێوان تائیف لە سعودیە، شاریقە لە ئیمارات، بەیرو‌وت لە لوبنان، بە پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی بۆ ساڵی 2014 هەڵبژێردرا. سائیح خەلیجی، سەرۆكی رێكخراوی گەشتیاری عەرەبی رایگەیاند "هەڵبژاردنی هەولێر بە پایتەختی گەشتیاری عەرەبی پاش ركابەرییەكی زۆر بوو، هەولێر هەموو پێوەرەكانی بوون بە پایتەختی گەشتیاری تێدابوو" 

رووداو – هەولێر /  دەرباز ساڵح

14/12/2013

 

 

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان