سێیەمین كۆنفرانسی نەوت و غاز لە هەولێر، وایكرد میدیا جیهانییەكان گرنگییەكی زیاتر بە پرسی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بدەن، كە بڕیارە لەرێگەی بۆرییەوە هەناردەی توركیا بكرێت میدیا جیهانییەكان پێیانوایە ئامادەبوونی وەزیری وزەی توركیا لەو كۆنفرانسەدا و باسكردن لە رێككەوتنی هەناردەكردنی نەوت بۆ توركیا، پەیامێك بوون بۆ حكومەتی ناوەندی عێراق، دەشڵێن: ترسی حكومەتی عێراق لە سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە، ترسە لە ئەگەری سەربەخۆبوونی كوردستان. ئاژانسی هەواڵی گلۆباڵ پۆست، لەم بارەیەوە لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردووەتەوە، كە توركیا هەوڵدەدات كۆبوونەوەیەك لەنێوان بەغدا و هەولێر رێكبخات بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر هەناردەكردنی نەوت بۆ توركیا لەڕێگەی بۆری نەتەوە بەدەست بهێنێت. تانەر یەڵدز لە كردنەوەی رۆژی یەكەمی كۆنفرانسی نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كە وڵاتەكەی لە هەوڵی ئەوەدایە نێچیرڤان بارزانی و نوری مالیكی كۆبكاتەوە. گلۆباڵ نووسیویەتی: "كۆنفرانسی نەوت و غاز لە هەولێر توانی لە هەموو لایەكی جیهانەوە خەڵك لەخۆی كۆبكاتەوە، هاتنی تانەر یەڵدز بۆ ئەو كۆنفرانسە لە بەرژەوەندی پرسی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بوو، كە هەر لەوێ رایگەیاند وڵاتەكەی هەموو هەوڵیكی خۆی دەدات بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەكە". هەروەها ماڵپەڕی ئومان تریبیون لە دوای باسكردنی كۆنفرانسەكە ئاماژە بەوە دەكات، دەسەڵاتدارێتی كوردی لە هەوڵی دۆزینەوەی رێگایەكدا بوون بۆ فرۆشتنی نەوت، بۆ ئەوان توركیا ئەو رێگایەیە، لە كۆنفرانسەكەشدا توانییان ئەمە بە راشكاوی نیشان بدەن، بۆیە هەرچەندە بەغدا بە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بۆ توركیا رازی نییە، بەڵام وەزیری وزەی توركیا لە وتارێكیدا دووپاتیكردەوە كە توركیا بڕیاری داوە لەگەڵ كوردستان گرێبەستی هەناردەكردنی نەوت واژۆ بكات و بۆ ئەم مەبەستەش لە هەوڵی كۆبوونەوەیەكی سێ لایەنەدایە، واتە بەغدا و هەولێر و ئەنقەرە. ئومان تریبیون باس لەوەش دەكات پرسی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان ترسی ئەوەی لای بەغدا درووستكردووە، كوردەكان لەم رێگەیەوە بەرەو راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان بڕۆن، چونكە حكومەتی عێراق لەدوای رووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003، بەردەوام ترسی ئەوەی هەبووە گەشەكردنی ئابووریی كوردستان بە ئاراستەی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بڕوات. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بەهەمان شێوە باس لە سووربوونی توركیا دەكات لەسەر دەستپێكردنی هەناردەكردنی نەوتی كوردستانو دەڵێ كۆنفرانسی نەوت و غاز لە هەولێر، توانی ئەم پرسە بۆ خەڵكی زیاتر روون بكاتەوە، ئاشكراشە كە توركیا هەرچۆنێك بێ دەیەوێت لەرێگەی بۆرییە نەوتییەكانەوە هەناردە بكرێت، بۆ ئەمەش لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا رێككەوتوون، ئەوەی ماوەتەوە رازیبوونی بەغدایە. بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆیتەرز، توركیا و هەرێمی كوردستان هەفتەی رابردوو لەسەر پاكێجێكی وزە بە بەهای ملیارەها دۆلار رێككەوتوون و واژۆیان لەسەر كردووە، ئەمەش ترسێكی زۆری لای بەغدا درووستكردووە، چونكە گرێبەستێك بەو قەبارەیە دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی كوردستان فراوان دەكات. بەهەمان شێوەی ئومان تریبیون، رۆیتەرز لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە، كە لەدوای رووخانی سەدام حوسێن، هەرێمی كوردستان بەردەوام لە گەشەكردندایە و دەسەڵاتی سیاسی ئەو هەرێمە تادێت فراوانتر دەبێت، بۆیە رازینەبوونی بەغدا بە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان پەیوەندی بە ئەگەری سەربەخۆبوونی كوردستانەوە هەیە. ئاژانسی هەواڵی وۆڵد بلوتین سەبارەت بە كۆنفرانسی نەوت و گازی هەولێر دەنووسێت: لە كۆنفرانسەكەدا دەسەڵاتی كوردی ئاشكرای كرد گرێبەستی وزە لەگەڵ توركیا ئەنجامدەدرێت بەبێ ئەوەی پێویست بەهیچ ترسێك بكات. باس لەوە دەكات كۆنفرانسێكی گەورەی لەم شێوەیە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی 300 كۆمپانیای جیهانی و وەزیری وزەی توركیا پشتیوانییەكی گەورەیە بۆ كورد. وۆڵد بلوتین ئاماژەی بە وتەیەكی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، كە جەختی لەوە كردەوە "هەرێمی كوردستان بەگوێرەی دەستووری عێراقی و بە گوێرەی مادەی 112 نەوت هەناردە دەكات، بەڵام حكومەتی عێراقی سیاسەتێكی مەركەزی هەیە و دەیەوێت كار بەم مادەیە نەكات".
3/12/2013