محەممەد حاجی، خەڵكی عفرینی رۆژئاوای كوردستان، 24 ساڵ لەمەوبەر رووی لە رووسیا كرد. حاجی بەهیوای مسۆگەركردنی پاشەڕۆژێكی باش دەیویست لە رووسیاوە بچێتە وڵاتێكی رۆژئاوای ئەوروپا، بەڵام قەدەری ئەو وەهابوو كە لە وڵاتێكی لاتەریكی ئاسیایی وەكو مەنگۆلیا بگیرسێتەوە. حاجی دەڵێت تاكە كوردە لە وڵاتێك دەژی كە لە هەندێك رۆژی وەرزی زستاندا پلەی گەرمای بۆ 45 پلەی ژێر سفر دادەبەزێت.
حاجی نیشتەجێی ئولان باتووری پایتەختی مەنگۆلیایە و لەوێوە باسی ژیان و گوزەرانی خۆی بۆ (رووداو) كرد.
ئەو لە گوندی مابەتان لە ناوچەی عفرین كە خەڵكەكەی عەلەوین لەدایكبووە. دوای تەواوكردنی خزمەتی سەربازی لە ریزەكانی سوپای سووریا، چووەتە رووسیا. لە رووسیاوە چەند جارێك هەوڵی داوە بە قاچاخ خۆی بگەیەنێتە ئەوروپای رۆژئاوا، بەڵام هەمووجارێك دەستگیر دەكرا و دیپۆرتی رووسیا دەكرایەوە. ماوەی 7 ساڵ لە مۆسكۆ مایەوە و هەر لەوێش ژنی هێنا “من لەو ساڵانەدا كاری بازرگانیم دەكرد، ئەوكات بازرگانی لە نێوان سووریا و رووسیادا گەرم بوو، من لە بەشە ناوخۆییەكی قوتابیان دەمامەوە، لەوێ كچە خوێندكارێكی مەنگۆلیم ناسی، حەزمان لە یەكدی كرد و خواستم، منداڵێكیشم لێی بوو”.
دوای ئەوەی باتما، ژنە مەنگۆلییەكەی محەممەد خوێندنەكەی تەواو دەكات لە رووسیا، بڕیار دەدات بگەڕێتەوە وڵاتی خۆی. محەممەد ئالانی كوڕیشیان لەگەڵی دەڕۆن. بەڵام كوڕەكەیان لەوێ تووشی نەخۆشییەك دەبێت و بەهۆیەوە دەمرێ. دواتر خودا دوو منداڵی دیكەی پێبەخشین بەناوەكانی ئازاد و عەلی.
سەرچاوەی ئابووریی مەنگۆلیا كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییە، محەممەدیش لەوێ كاری ئاژەڵداری دەكات “نزیكەی 10 ساڵ ریخۆڵەی مەڕم لە گوندییەكان دەكڕی و پاكم دەكردنەوە و بە بازرگانانم دەفرۆشتەوە، دواتر لەگەڵ كارگەیەك رێككەوتین و رێخۆڵەی مەڕمان دەنارد بۆ ئەڵمانیا”.
بەهۆی سەختیی كارەكە كە زیانی بە گورچیلەكانی دەگەیاند، محەممەد وازی لەو كارە هێنا. كامیۆنێكی كڕی بۆ گواستنەوەی كەلوپەل، بەڵام ئەو كارەش زۆر ئاسان نەبوو “ماوەی سێ ساڵ كارم بەو كامیۆنە كرد، هەفتانە نزیكەی 5000 كیلۆمەتر رێگەی هاتن و چوونم دەبڕی، بەڵام رێگاكە تەنیا 100 كیلۆمەتری قیرتاوكرابوو، ئەوی دیكەی هەمووی خۆڵ بوو، ئێستاش لە كۆمپانیایەكی تایبەت بە دروستكردنی رێگەوبان كار دەكەم”.
باڵندەیەكی بە 25 هەزار دۆلار فرۆشت
محەممەد لە وەرزی هاویناندا راوی باڵندە دەكات. نزیكەی 10 ساڵە باز و شەهێن دەگرێت و دەیفرۆشێتە ئەو شێخ و میرە عەرەبانەی ساڵانە لە كەنداوەوە دێنە مەنگۆلیا بۆ كڕینی ئەو جۆرە باڵندانە.
محەممەد حاجی دەڵێت “چۆلەكە وەكو تەڵە بۆ ئەو باڵندانە دادەنێین، دوای ئەوەی داوێك لە چۆلەكەكە دەبەستین، بەرەڵڵای دەكەین، كاتێك باڵندەكە چۆلەكەكە دەگرێت، بەهۆی ئەو پەتەوە دەكەوێتە داوەكە و ناتوانێت بفڕێت و بە ناچاری دەنیشێتەوە سەر زەوی، ئێمەش كە لە دووری 200 مەتر خۆمان حەشار دەدەین، كاتێك باڵندەكە دەكەوێتە داوەكە دەیگرین”.
ئەو گوتی “جارێكیان باڵندەیەكم گرت بە 25 هەزار دۆلار بە عەرەبێكی كەنداوم فرۆشت”. دەشڵێت “برادەرێكم كە بازێكی سپی گرتبوو، بە 500 هەزار دۆلار بە قەتەرییەكی فرۆشت، فڕۆكەیەكی تایبەتیان لەقەتەرەوە هێنا بۆ بردنی باڵندەكە”.
پرسیارمان كرد كە جگە لەو هیچ كوردێكی دیكە لە مەنگۆلیا هەیە؟ محەممەد دەڵێت “لە من زیاتر یەك كوردی دیكە لەم وڵاتەدا نییە، تەنیا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەیوەندیم لەگەڵ كورد ماوە”.
لە ماوەی ئەو 17 ساڵەی لە مەنگۆلیایە، محەممەد دووجار سەردانی گوندەكەی خۆی كردووەتەوە لە عفرین، برایەكی و دایكیشی جارێك سەردانیان كردووە. ئەو ئێستاش خەون بەوەوە دەبینێت بچێتە وڵاتێكی ئەوروپا، بە تایبەتی نەرویج یان فینلەندا.
هەرچەندە ژنەكەی محەممەد پرۆفیسۆری كیمیایە لە زانكۆ، بەڵام محەممەد لە كارەكەی خۆی رازییە، ئەگەرچی دەڵێت “لەم وڵاتە دڵم تەنگ بووە، بۆ دواڕۆژی منداڵەكانم ئەوروپا باشترە، جگە لەوەش كەسوكارم بەردەوام پێمدەڵێن ئەو وڵاتە جێبهێڵە، هەموو برادەرەكانم لە ئەوروپا سەریان سوڕماوە و دەڵێن چی دەكەی لەو وڵاتە، خۆیشم نازانم چۆن 17 ساڵم لێرە گوزەراندووە”.
رووداو - مەنگۆلیا
20/12/2013