پرسی زمان و گرفتی هاوچەرخ بوون
عەتا نەهایی
من پێموایە ئەمڕۆکە پرسی "زمان"، لە فەزای فکری و فەرهەنگی و رۆشنبیریی کۆمەڵگەی کوردیدا گرینگترین بابەتی بیرکردنەوە و لێدوانە. بابەتێکی هەستیاری فرە رەهەند و فرە لایەن کە بە قەدەر قورسایی خۆی و دەور و کاریگەریی لە سەر پرس و بابەتەکانی دیکەی کۆمەڵگە، بەهای پێویستی پێنەدراوە و ئاوڕی ژیرانە و خەمخۆرانەی لێ نەدراوەتەوە. زمانی کوردی، وێڕای ئەوە کە سەرەکیترین فاکتەری شناسی نەتەوەییە و دەبێ کۆمەڵگەی پارچە پارچە و پەرتەوازە و لێکترازاوی کوردی پێکەوە ببەستێتەوە، هاوکاتیش دەبێ وەک هەموو زمانێکیتر، جێگە و پێگەی ئەم کۆمەڵگەیە لە نێو جیهانی مۆدێڕنی سەردەمدا دیاری بکات.
ئێمە زۆر جار قسە لە کۆمەڵێک قەیرانی گەورە و بچووکی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، فکری و فەرهەنگی دەکەین کە کۆمەڵگەی کوردی لە سەد ساڵی رابوردوو، بە تایبەت لەم بیست سی ساڵەی دواییدا بە دەستیانەوە دەناڵێنێت. زۆرجار باسی چۆنییەتی ناسین و شیکاری و رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانانە دەکەین کە بەری بە پێشکەوتن و پەرەسەندنی هەموو بوارەکانی ژیانی تاکە کەسی و کۆمەڵایەتیمان گرتووە و ناتوانین خۆمان لە دەرهاوێشتە نیگەتیڤەکانی بدزینەوە. بەشی زۆری ئەم قەیرانانە بەرئەنجامی سروشتیی کرانەوەی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردی و رووبەڕوو بوونەوەی لەگەڵ مۆدێڕنیتە و جیهانی مۆدێڕنە.
بەرئەنجامی پشێوییەکی زهنی کە لە نەبوونی مەجالی تێگەیشتن، خوێندنەوە و شیکاری دروستی گۆڕانکارییەکان لە سەر بەستێنی مێژوو، فەرهەنگ و زمانی کۆمەڵگەوە سەرهەڵدەدات. هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگی بە رێژەیەکی کەم یان زۆر، خاو یان خێرا، لە حاڵی گۆڕاندایە و ئەم گۆڕانە بەردەوامە، بە شێوەی جۆراوجۆر کار دەکاتە سەر ژیان و هزر و هەست و مەعریفەی مرۆڤ و کۆمەڵگە.
مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت تەعبیر لەو هزر و هەست و مەعریفە نوێیەی خۆی بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو ژیانە تازەی خۆی بگێڕێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت ماک و جەوهەری ئەو گۆڕانکارییانە بناسێ و بیانخوێنێتەوە و شییان بکاتەوە، پێویستی بە زمانێکی کراوەی نوێ هەیە. بە بێ زمانێکی کراوە کە دەرەقەتی تەعبیر و گێڕانەوەی واقیعی سەردەمەکە بێت و مەجالی تێگەیشتن و خوێندنەوە و شیکاری جەوهەری گۆڕان و گۆڕانکارییەکان بە مرۆڤ ببەخشێت، نەک هەر مرۆڤ و کۆمەڵگە تووشی پشێوی و ئاڵۆزییەکی بێ چارەسەری زهنی و ئیفلیجی مەعریفی دەبێت، بەڵکوو رەوتی گۆڕان و گۆڕانکارییەکانی ژیانیش بە لاڕێدا دەڕوات.
لەم روانگەوەیە کە دەڵێم پرسی زمانی کوردی تەنیا پرسی زمان نییە، بەڵکوو پرسی چۆنییەتی رووبەڕوو بوونەوەی کۆمەڵگەی کوردی لەگەڵ مۆدێڕنیتە و پرسی چارەنووسی ئەمڕۆ و داهاتووی کوردە لە جیهانی مۆدێڕنی هاوچەرخدا. هەموو جۆرە خەمساردی و بێدەربەستییەک بەرامبەر بە پرس و کێشەکانی زمانی کوردی لە راستیدا خەمساردی و بێدەربەستییە بەرامبەر بە چارەنووسی کورد و کۆی ئەو قەیرانانە کە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فکری و فەرهەنگیمان دەخاتە سەر لێواری هەڵدێرەوە.
کورتی بکەمەوە زمانی کوردی جیهانێکە کە مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردی تیایدا دەژی، کێشە و گرفتەکانی ئەم زمانە رەنگدانەوەی کێشە و گرفتەکانی ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردییە. هیچ بیر کردنەوە و دەربڕینێک، هیچ هەست و سۆز و هەڵوێستێک، هیچ نووسین و داهێنانێکی فکری زانستی، فەرهەنگی و ئەدەبی بەم زمانە، ناتوانێ لەم کێشە و گرفت و پشێوی و ئاڵۆزییە زهنی و زمانییە پارێزراو بێت. ئەم زمانە بۆ ئەوەی بتوانێ مەجالی رووبەڕوو بوونەوەی تەندروستی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردی لەگەڵ مۆدێڕنیتە و جیهانی مۆدێرن بڕخسێنێ و، دەروازەی مۆدێڕن بوون و هاوچەرخ بوونمان لێ بکاتەوە، پێویستی بە گۆڕین و نوێ کردنەوەی بەردەوام هەیە.
٢٣/١٢/٢٠١٣