عەتا نەهایی
دەمێکەیە بە تەمام لە نووسینێکی کورتدا ئاماژە بە هەڵەیەکی زمانی بکەم کە پێموایە نەک هەر خەڵکی ئێمەی تووشی تێگەشتنی هەڵە لە دوو چەمکی گرینگی سەردەمەکە کردووە، بەڵکوو عەقڵانییەتی مۆدێڕن و کردەی عەقڵانیشی خستۆتە نێو تەمومژەوە. هەڵەکە لە بەکارهێنانی وشەی «رۆشنبیری» لە بری «فەرهەنگ» سەرهەڵدەدات.
هەڵەیەک کە پێموابێ لە زمانی عەرەبییەوە هاتۆتە نێو زمانی کوردی و لە ئاخاوتنی کۆمەڵێک خەڵک و خوێندەوار تێپەڕیوە، خۆی بە هەموو دەقێکی نووسراوی کوردیدا کردووە و لە هەرێمی باشووری کوردستانیش، بە بزەیەکی گاڵتەجاڕییەوە لە سەر تابلۆی باڵاترین دامودەزگای بەرپرس لە کاروباری فەرهەنگی جێی خۆش کردوە.
دوو چەمکی گرینگی «فەرهەنگ» و «رۆشنبیری»، بە مانای هاوچەرخیان، لە زمان و گوتاری رۆژاواوە هاتوونەتە نێو زمان و گوتاری کوردییەوە. «فەرهەنگ» یان فرەهەنگ، وشەیەکی شێوەزاری کۆنی فەهلەوییە کە لە سەد ساڵی رابوردوودا لە ئێران و لە زمانی فارسیدا بە مانای کەلتووری (cultur) رۆژاوایی بە کار دێت و، لە بەر ئەوە کە لە شێوەزاری فەهلەوی (ئەو شێوەزارە کە باوە تاهیری هەمەدانی شێعری پێ گوتووە) وەرگیراوە کە شێوەزارێکی کۆنی کوردییە، لە زمانی کوردیشدا هەر بەو مانایە سوودی لێ وەردەگیرێت. «رۆشنبیری»یش وشەیەکی رۆنراوی تازەیە کە بە پێوانەی «رۆشنفکری» فارسی لە جێی ئینتلێکچوالی (intellectual) رۆژاوایی دانیشتووە. ئەم دوو چەمکە وێڕای پەیوەندییان، دوو چەمکی جیاوازن.
فەرهەنگ یان کەلتوور، کە لە زمانی لاتینیدا بە مانای کشتوکاڵ و بارهێنان بووە، دواتر وەک وشەی شارستانییەت (civilization) مانای چاکسازی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی وەرگرتووەو، لە کۆتایی سەدەی هەژدەوە بە کۆی ئەو تایبەتمەندی و دەسکەوتانەی کۆمەڵگەی مرۆیی دەگوترێت کە بە میکانیزمێکی بێجگە لە میکانیزمی بایۆلۆژیکی دەگوێزرێنەوە. کەلتوور یان فەرهەنگ کۆیەکی لێکتەندراوە کە زانست، ئایین، هونەر، یاسا، رەوشت، داب و نەریت و هەموو جۆرە بەهرە و هۆگرییەک دەگرێتەوە کە مرۆڤ لە کۆمەڵگەوە بە دەستی دەهێنێت. تێکڕای ئەو کردار و بیر و بڕوا و بەرهەمانەیە کە وەک میراتی کۆمەڵگە، شکڵ و قەوارە بە ژیانی مرۆڤ دەبەخشێت. رۆشنبیری یان ئینتلێکچوالیش وەک هەموو دەزانن بە مانای عەقڵباوەڕی و کار و کردەی عەقڵانی و بیرمەندانە، بەشێک لە فەرهەنگی مۆدێڕنی ئەم سەردەمەیە.
خۆشبەختانە لەم ساڵانەی دواییدا گەلێک وتار بە زمانی کوردی لەسەر چەمکی رۆشنبیر و رۆشنبیری نووسراوە و وەک چەمکێکی گرینگی سەردەمەکە شرۆڤە کراوە، بەڵام بەداخەوە شتێکی ئەوتۆ لە سەر چەمکی فەرهەنگ نەنووسراوە و رەهەندە جیاوازەکانی شینەکراوەتەوە. رەنگە ئەم گرینگیدانە پێویستە بە چەمکی رۆشنبیری و پشت گوێ خستنی چەمکی فەرهەنگ وای کردبێت کە ئێستا لە کوردستان وشەی رۆشنبیری لە زۆر شوێن و لە زۆر دەقی نووسراویشدا، بە هەڵە، بە مانای فەرهەنگ یان کولتوور دێت کە چەمکێکی جیاواز لە چەمکی ئینتلێکچوالە. ئەم هەڵە کە بەداخەوە پێش ناوی گرینگترین وەزارەتی بەرپرس لە کاروباری فەرهەنگیش کەوتووە، رێگەی بۆ تێگەیشتنی هەڵە لە هەر دوو چەمکەکە و سەرهەڵدانی کۆمەڵێک دەستەواژەی هەڵەیتر خۆش کردووە. ئەمڕۆ لە زۆر دەقی نووسراو و لە زۆر تەلەفزیۆنەوە چاو و گوێمان لە کۆمەڵێک دەستەواژەی وەک رۆشنبیری سیاسی، ئایینی، تەندروستی، خێزانی و... دەبێت، بەڵام کاتێک لە ماناکەیان ورد دەبینەوە تێدەگەین مەبەستی نووسەر و بێژەرەکەیان خوو و خدە و نەریت و رەفتاری سیاسی، ئایینی، تەندروستی، خێزانییە و، دەبوایە لە باتی وشەی رۆشنبیری وشەی فەرهەنگیان بۆ بەکار بهێنایە.
بە دڵنیاییەوە کەمترین خەساری تێکەڵاو کردنی ئەم دوو چەمکە و بەکارهێنانی وشەی رۆشنبیری لە بری فەرهەنگ، بێ بەها کردنی چەمکی عەقڵانییەت (بە مانا مۆدێڕن و هاوچەرخانەکەی) لە ژیانی کۆمەڵگە و زمان کوردیدایە.
12/01/2014