هاوکات لەگەڵ باشووری کوردستان، شەپۆلێکی بەرفراوانی خۆڵبارین سەرجەم ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە .بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی پاریزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، رێژەی خۆڵبارینی لە ئاستێکی مەترسیدارە. ئەمڕۆ دووشەممه، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژینگەپارێزی پارێزگای سنه (کوردستان) رایگەیاند "بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بەدەست گەیشتوو لە وێستگەکانی ژینگە پاریزی، رێژەی تۆز و خۆڵ لە هەوای زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای سنه زیاتر لە ستانداردی نێودەوڵەتی ژینگەیە و لە ئاستێکی مەترسیدا دایە". ئەو بەڕێوەبەرایەتیە داوای لە خەڵک کردووە خۆیان لە هاتنە دەر و هەڵمژینی ئەو هەوایە بپارێزن.
بەڕێوەبەرایەتی ژینگەپارێزی مەهاباد لە پارێزگای ورمێ (ئازەربایجانی رۆژئاوایی) هەوای مەهابادی مەترسیدار راگەیاندووە و بەهۆی خۆڵبارینەوە سەرجەم قوتابخانەکانی سەرەتایی ئەو شارە داخراون. بەڕێوەبەرایەتی ژینگەپارێزی پارێزگای کرماشانیش داوای لە دانیشتووانی ئەو پارێزگایە، بەتایبەت بە ساڵاچووان و منداڵان کردووە خۆیان لە هاتنەدەر بپارێزن. بەهۆی زۆربوونی تۆز و خۆڵ لە ئاسمانی کرماشان، ئاستی دیتن بۆ کەمتر لە 200 مەتر دابەزیوە، کەچی ئاستی دیتنی مرۆڤ لە کاتی ئاسایی 10 هەزار مەترە.
هەر بەهۆی دیاردەی خۆڵبارین و هاتنەخواری ئاستی دیتن، فڕۆکەخانەی ئیلام سەرجەم گەشتەکانی خۆی راوەستاندووە. ئەمساڵ بەهۆی زۆری و بەردەوامی دیاردەی خۆڵبارین، دانیشتووانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەیانتوانیوە وەک پێویست کەلک لە بەهاری سەرسەوزی ئەو پارچەیەی کوردستان وەربگرن. ئەوە جگە لەوەی دەیان هاوڵاتی بەهۆی خۆڵبارین تووشی نەخۆشی و هەناسەتووندی بوونە. شەوی رابردوو، شەپۆلێکی خۆڵبارین زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە. بەپێی ئەو ئامارانەی دەست (رووداو) گەیشتووە، تا ئێستا تەنها لە پارێزگای سلێمانی 85 کەس بەهۆی خۆڵبارین رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.