
رووداو-رۆژنامه‌كانی ئێران
رۆژنامه‌یه‌ك سێ سیناریۆی بۆ حكومه‌ت داناوه تا ده‌رباز بێت و میدیاكانی ئێران ئابلوقه‌ی نه‌وتی وڵاته‌كه‌یان رای جیاوازیان هه‌یه. دواى رۆژێك به‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاری ئابڵوقه‌ی ئه‌وروپا به‌سه‌ر نه‌وتی ئێران، دوێنێ دووشه‌ممه هه‌ندێك له رۆژنامه‌كانی ئه‌و وڵاته ده‌ره‌نجامه‌كانیان خستووه‌ته روو، هه‌ر بۆیه به‌چه‌ندین راو پێشنیاز شێوازی مامه‌ڵه كردنیان له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه باسكردووه. هه‌ندێ رۆژنامه‌ش ئه‌و بڕیاره‌ی به‌باشی لێكداوهتهوهو پێیوایه ئه‌وه رۆژئاوایه كه زیانبه‌خش ده‌بێت نه‌وه‌ك ئێران، بۆ ئه‌وان ده‌بێته هه‌لێكی باش تاوه‌كو ته‌نها سوود له ناوخۆ بكرێت.
رۆژنامه‌ی "اعتماد" تیشكی خستۆته سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كان و پێی وایه په‌ستانی ئابووری له‌سه‌ر وڵات زیاتر ده‌بێ، جگه له‌وه‌ی كه فرۆشی نه‌وت به‌رێژه‌ی 30% كه‌م ده‌كات. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، سێ سیناریۆی كردووه به پێشنیاز بۆ حكومه‌ت تاوه‌كو ببێته هۆی رێگری كردنی ئه‌و په‌ستانه ئابووریه‌ی له‌ده‌ره‌نجامی ئابلوقهكه تووشى وڵات دێ.
له‌لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌م نووسیویه‌تى، پێویسته له‌سه‌ر وڵات ده‌ستبكات به هه‌ڵگرتنی نه‌وته‌كه‌ی له‌سه‌ر كۆگا و ده‌زگاكانی گواستنه‌وه، تاوه‌كو له‌ده‌ره‌نجامی ئه‌و كه‌می به‌رهه‌مهێنانه‌ی داهاتووا رزگاری بێت.پێویسته بازاڕێكی دیكه‌ى جیا له ئه‌وروپا و،جیا له‌و كۆمپانیایانه‌ی توشی په‌ستان ده‌بنه‌وه، بدۆزێته‌وه، تاوه‌كو نه‌وتی ئێرانی لێ بڕواته ده‌ره‌وه. ده‌بێ حكومه‌ت رێیه‌ك بدۆزێته‌وه بۆ گه‌یاندنی نه‌وته‌كه‌ی بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه ئابلوقهكه نایانگرێته‌وه، وه‌ك هیندستان، چین، سه‌نگافوره، سریلانكا، ژاپۆن، تایوان، باشووری ئه‌فریقا، توركیا، كۆریای باشوور و هه‌ندێ له وڵاته ئه‌وروپییه‌كان.
سیناریۆی سێیه‌م، پێویسته له‌سه‌ر ئێران له‌مامه‌ڵه نه‌وتییه‌كانیدا، دۆلار و یۆرۆ ده‌ربهێنێت و، به پاره‌ی ئێرانی داهاته‌كه بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ بانكی ناوه‌ندی ئێرانی ده‌ستكه‌وتێكی مه‌زنه، له‌رێیه‌وه ده‌توانێ هاوكاری هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ئابووری و نه‌وت بكات بۆ ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانه.
رۆژنامه‌ی "ابتكار" ده‌ڵێ ته‌نها به زیادكردنی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو ده‌توانێ چاره‌ی دۆخه‌كه بكات. گوتیشى، جێبه‌جێ كردنی سزاكان، یه‌كێ له گه‌وره‌ترین هه‌ڵگره‌كانی نه‌وتی جیهانی به قه‌باره‌ی یه‌ك ملیۆن به‌رمیل له كه‌نداو جێگیر كراوه، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ره‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئێران زیاتر ده‌كات.
له‌لای خۆیه‌وه لاپه‌ڕه‌ی ئابووری رۆژنامه‌ی "تهران امروز" ئه‌و ئابلوقه‌یه نه‌وه‌ك ته‌نها زیان به ئێران ده‌گه‌یه‌نێ، به‌ڵكو ئه‌وروپاش بێ به‌ش نابێ له‌و زیانانه. رۆژنامه‌كه رایده‌گه‌یه‌نێ كه ئه‌وروپا په‌له‌ی كردووه له‌و بڕیاره، چونكه نرخی زێڕی ره‌شی له جیهان گۆڕی، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه، تا ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك به‌رز و نرزمی نه‌وت له‌گۆڕان ده‌بێ و جێگیر نابێت. هه‌مان رۆژنامه، ئه‌وروپا هه‌وڵده‌دات پێویستییه‌كانی خۆی له‌رێگه‌ی وڵاتانی تره‌وه پڕ بكاته‌وه. وڵاتانی وه‌كو سعودیه و كوێت هه‌وڵی زیاتر كردنی به‌رهه‌مه‌كانیان هێنا، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه ناتوانێ بگاته رێژه‌ی پێویست.
ده‌رباره‌ی ئازادكردنی 16 وڵات له‌وه‌ی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ نه‌وتی ئێرانی بكه‌ن له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه، رۆژنامه‌كه به شكستێكی واشنتۆن له‌قه‌ڵه‌می ده‌دا، چونكه جیهان پێویستی به نه‌وتی ئێرانه و پێویسته له‌رێی ئه‌و 16 وڵاته‌وه نه‌وته‌كه‌یان پێ بگات.
به‌ڵام رۆژنامه‌ی "جمهوری اسلامی" ئه‌و جۆره ئابڵوقانه به هه‌وڵێكی نه‌زۆكی ئه‌وروپا له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رنامه ئه‌تۆمیه‌كه‌ی ئێران شكست پێ بێنن، له‌كاتێكدا پێشتر هه‌موو جۆره ئابڵوقهیهكیان تاقی كرده‌وه و هیچیان پێ نه‌كرا. رۆژنامه‌كه ده‌ڵێ دڵه‌ڕاوكێی ئه‌وروپا له‌سه‌ر به‌ئه‌نجامگه‌یشتنی ئابڵوقهكه، له دڵه‌راوكێی ئێران له ده‌رئه‌نجامه‌كانی زۆر زیاتره، چونكه ئه‌وروپا باش بۆی ده‌ركه‌وتووه، كه ئێران ده‌توانێ چاره‌سه‌ری ئه‌و قه‌یرانه بكات. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی زۆر له كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی ئێرانی هانایان بۆ دادگای دادی ئه‌وروپا بردوه بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی گازاندهكانیان له‌سه‌ر ئه‌و سزایانه، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا دڵه‌ڕاوكێی زیاتری بۆ ئه‌وروپا دروستكردووه.
به شێوه‌یه‌كی گهشنبینانه تر، رۆژنامه‌ی "وفاق" كه ئۆرگانی حكومه‌ته، ئه‌و جۆره ئابلوقانه وا ده‌كات حكومه‌ت زیاتر پشت به‌خۆی ببه‌ستێ. له‌سه‌روتاری رۆژنامه‌كه‌دا نووسیویه‌تی، ئێران ئه‌و سزایانه‌ی قۆسته‌وه بۆ زیاتر به‌ره‌و پێشبردنی نێوخۆیی و، هه‌رگیز زیان به پیشه‌سازییه نه‌وتییه‌كان، ناگه‌یه‌نێت به‌ڵام هه‌ڵوێستی ئێران له‌گه‌ڵ شه‌ش وڵاته زلهێزه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی جیا ده‌بێ له‌مه‌وپاش.
هه‌ر له درێژه‌ی سه‌روتاره‌كه ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر رۆژئاوا كه‌مێك ژیرانه‌تر مامه‌ڵه‌ی بكردایه، ده‌یتوانی سودێكی باش ببینێ له په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران، به‌تایبه‌تی ده‌رباره‌ی به‌رنامه ئهتۆمیهكهمان، ئه‌م جۆره سیاسه‌ته‌ی ئێستای ئه‌وروپا، له ناڕاستگۆییانهوهیه و، ته‌نها له هه‌ڵوێستێكی سیاسی به‌رامبه‌ر به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه ئه‌و بڕیارانه دراوه.