
ساکار عەبدوڵڵازادە
رووداو- کۆیە
بڕیار وایە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆنگرەی 15ی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە بچێت و بۆ ئەو مەبەستە کۆنفڕانسەکانی پێش کۆنگرە بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە چووە.
پرسی یەک گرتنەوە یان لێک نزیک بوونەوەی هەردوو لایەنی دیموکرات یەکێک لەو بابەتە چارەنووسسازانەیە کە لە کۆنگرەی 15دا بڕیاری لەسەر دەدرێت و تەنانەت زۆرێک لە ئەندامانی حیزبی دیموکرات و چاودێرانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر ئەو بڕوایەن کە پێش بەستنی کۆنگرەی 15، گۆرانکارییەکی بەرچاو لە پەیوەندییەکانی هەر دوو حیزبی دیموکرات و تەنانەت یەکگرتنەوەیان دێتە ئاراوە.
ماوەیەک لەمەوبەر مستەفا هیجری، سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) رایگەیاند کە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان دوو لایەنی دیموکرات، سیاسەتی دیالۆگ دەگردرێتە بەر.
هەر لەو میانەیەدا، حەسەن شەرەفی، جیگری سکرتێری گشتی و گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، جەختی لەسەر ئامادەیی حیزبەکەی بۆ دانیشتن لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوویان بە مەبەستی چارەسەری کیشەکان کردەوە.
حدک پێشوازی لە لێدوانەکانی حدکا بۆ گرتنەبەری رێگای دیالۆگ و بەیەکەوە دانیشتن دەکات
دوێنێ شەو، ئەندامانی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) بۆ هەڵسەنگاندنی لێدوانەکانی ئەندامانی رێبەری حدکا، دانیشتنیکیان بەڕێوە برد کە تێیدا وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر پێوسیتی دیالۆگ و بەیەکەوە دانیشتن، پێشوازیان لە هەوڵەکانی لایەنی بەرامبەریان بۆ چارەسەری کێشەکان کرد.
قادر وریا، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بەو دانیشتنە بە (رووداو)ی راگەیاند "ئێمە لەسەر هەڵوێستی هەمیشەیی خۆمان کە لێک نزیک بوونەوە و بوونی پەیوەندییەکی ساڵم و دروستە بەردەوامین و هیوادارین ئەو ئیرادەیە لەناو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا دروست بێ کە بتوانن گۆڕانێک لە بۆچوون و هەڵوێستەکانی خۆیاندا سەبارەت به ئێمە پێک بێنن. ئێمە چ بمانەوێ وەک دوو هێزی دۆست و هاوکار بین یان وەکو حیزبێکی یەکگرتوو بین هەر دەبێ لەرێگای وتوووێژ و دانیشتنەوە کێشەکە چارەسەر بکەین".
لە هەمانکاتدا قادر وریا رەخنەی لە لایەنی بەرامبەری گرت "هاوڕێیانمان لە حدکا هیچ هەڵوێستێکی فەرمی خۆیان لەسەر ئەو بابەتە به ئێمە رانەگەیاندووە و قسە و باسەکان تەنها لە کۆڕ و کۆبوونەوە حیزبییەکان یان لە میدیاکانەوە باس کراوه".
کەچی حەمە نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت به رەخنەی دەفتەری سیاسی حدک به (رووداو)ی راگەیاند "لێدوانەکانی سکرتێری گشتی و گوتەبێژی حیزب تەعبیر لە ئیرادە و بۆچوونی فەرمی حیزب دەکات و هەردووک بەڕێزیان بە شێوەیەکی فەرمی روانگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان لەو بابەتەوە راگەیاندووە".
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە سیاسەتی دیالۆگ دەگرێتە بەر
حەمە نەزیف قادری راشیگەیاند "سیاسەتی ئێمە دیالۆگە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە. جیابوونەوەی ئەو هاوڕێیانه لە بەرژەوەندی بزووتەوەی کورد و حیزبی دیموکراتدا نەبوو. ئێمە لە قۆناخی جۆراوجۆردا هەوڵمانداوە رێگەیەک ببینینەوە بۆ ئەوەی کۆسپی هاوکاری و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان نەمێنێت و بەردەوام لە راگەیاندن و وتوووێژەکانمان هەوڵمانداوە کەشێکی گونجاو بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە بخولقێنین. تەنانەت ساڵی رابردوو کە هاوڕێیانی پێشوومان بەرەو گۆڕانکاری و ئاڵوگۆر دەچوون، ئێمە بۆ چارەسەری کێشەکان بە فەرمی نامەیەکمان بۆ ناردن کە بەداخەوە وەڵامێکی دوور لە چاوەروانیان بە ئێمە داوە".
لە 06/12/2006 بەشێک لە ئەندامانی رێبەری و ئەندامانی دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی (کەمینەی کۆمیتەی ناوەندی)ی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە دەرکردنی بەیاننامەیەک جیابوونەوەی خۆیان لە زۆرینەی کۆمیتە ناوەندی حیزبی دیموکرات راگەیاند و دوای ماوەیەک حیزبی دیموکراتی کوردستان هاتە ئاراوە و لەو رێکەتەوە تا ئێستا هیچ دانیشتنێکی فەرمی لەنێوان ئەندامانی هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستان رووی نەداوە.
دیموکراتەکان سوورتر لەجاران باس لە پێویستی لێک نزیک بوونەوە دەکەن
سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی 6 ساڵ بەسەر ئەو رووداوە، ئێستا هەر دوو لایەنی دیموکرات سوورتر لە جاران باس لە پێویستی لێک نزیک بوونەە و یەک گرتنەوە دەکەن، بەڵام وەک خۆیان باس دەکەن هەردوو لایەن چاوەروانی هاتنە پێشی لایەنی بەرامبەرن.
قادر وریا، ئەندامی دەفتەری سیاسی حدک لەو بارەوە دەڵێت "ئێمە هەمیشە لەگەڵ لێک نزیک بوونەوە و بوونی دیالۆگ و لەگەڵ یەک دانیشتنی بەبێ مەرج دابووین، بەڵام لایەنی بەرامبەر تەنها ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر حدک پێی خۆش بێت ئێمە ئامادەین لەگەڵیان دابنیشین. باشە ئێمە هەمیشە ئەوە سیاسەتمان بووە کە ئامادەییمان هەیە بۆ بەیەکەوە دانیشتن و دیالۆگ، هاوڕێیانمان لە حدکا ئەگەر گۆڕانێک لە هەڵوێست و روانینیان بۆ ئەو بابەتە پێک هاتووە دەبێ مکانیزمێک بۆ چۆنێتی پێکەوە دانیشتن پێشنیار بکەن".
بەڵام حەمە نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەو بارەوە گوتی "هەروەک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتی حیزب رایگەیاندووە ئێمە دەرگای دیالۆگمان بۆ هاوڕێیانمان کردووەتەوە و لە وتووێژ و بەیەکەوە دانیشتن بە ئامانجی چارەسەری کێشەکان پێشوازی دەکەین. ئەوەی ماوە بۆ هاوڕێیانی پێشوومان دەگەڕێتەوە کە تا چەند پێشوازی لە نیازپاکی ئێمە دەکەن و بەرەو چارەسەری کێشەکە هەنگاو دەنێن. لە لایەنی ئێمەوە دیالۆگ هیچ کۆسپێکی لەبەردەم نەماوە".
قادر وریا: هاوڕێیانمان لە حدکا لە هەر ئاست و کاتێک دەڵێن ئامادەی بەیەکەوە دانیشتنین
کەچی قادر وریا دەڵێت "من لە لایەن دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە رادەگەیەنم کە هاوڕێیانمان لە حدکا لە هەر ئاستێکدا دەڵێن ئێمە هەر لەو هەفتەیەدا ئامادەی بەیەکەوە دانیشتنین و ئەگەر گۆڕان لە هەڵوێستیان روویداوە با پێشوازی لە داوای بەیەکەوە دانیشتنمان بکەن".
دەسپێکی بەیەکەوە دانیشتنی دیموکراتەکان بەر لە بەستنی کۆنگرەی 15ی حدکا، بابەتێکی گرنگە کە چاودێرانی سیاسی چاوەڕوانی دەکەن و لایەنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش مزگێنی ئەوە دەدا کە ئەگەری ئەوە هەیە پێش بەستنی کۆنگرە، گۆڕانکارییەک رووبدات.
قادر وریا لەو بارەوە دەڵێ ئەگەر لەناو حدکا ئەو ئیرادەیە هەبێ کۆنگرەی 15 دەتوانێ کۆسپەکانی بەردەم رێگای بەیەکەوە دانیشتن لا ببات. دەکرێ پێش کۆنگرەش پێداچوونەوە بە بڕیاری خۆیان بدەن و رێگای دیالۆگ بگرنە بەر. "ئارەزووی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە رۆژێک لە رۆژان ئەو دوو لایەنە وەک حیزبێکی یەکگرتوو بن و ئەگەر ئەوەش نەگونجێت لانیکەم پەیوەندی دۆستانەیان هەبێت و بەیەکەوە هاوکاربن. ئێمە دەرکی ئەو ویست و چاوەڕوانییەی خەڵک دەکەین و پێشمان خۆشە ئێستا کە هاوڕێیانی پێشوومان کۆنگرەیان لەبەردەمدایە لە کۆنگرەکەیان و تەنانەت پێش کۆنگرەکەیان کۆسپەکانی بەردەم بەیەکەوە دانیشتن و لێک نزیک بوونەوە لاببەن".
حەمە نەزیف قادری: ئەرکی گەورەی کۆنگرەی 15 یەکێتی و یەکڕیزی تێکۆشەرانی دیموکراتە
به گوتەی حەمە نەزیف قادری "ئارەزووی ئێمە ئەوەیە هاوڕێیانمان بەپیر بانگەوازەکەی سکرتێری گشتی حیزبەوە بێن، ئەگەر ئەوان بتوانن هەلومەرجەکە بقۆزنەوە بەدڵنیاییەوە ئەرکی گەورەی کۆنگرەکەی ئێمە یەکێتی و یەکڕیزی تێکۆشەرانی دیموکرات دەبێ و ئەوە ئارەزووی خەڵکی کوردستان و تاک تاکی ئەندامانی حیزبی دیموکراتە. ئێمە پەیامی خۆمان ناردووە و ئەوە ئەوانن کە پێویستە به کردار بێنە مەیدان و کاری بۆبکەن و ئەو شتە دەتوانێ پێش بەستنی کۆنگرەش رووبدات. ئێمەش پێشوازی لە هەر هەوڵێکیان دەکەین کە لە چوارچێوەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانمان بێت".
دوو لایەنی دیموکرات لە کۆنگرەی نەتەوەیی ژنانی کورد لە هەولێر یەک هەڵوێست بووین و لە بەیاننامەیەکی هاوبەشەوە بڕیاری بایکۆتی کۆنگرەکەیان دا. هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا لاوانی 7 حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان و لەنێویشیاندا لاوانی هەردوو حیزبی دیموکرات، فیدراسیۆنی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان پێک هێنا.
ئەو هەنگاوانە هێمای ویستی راستەقینەی سەرکردایەتی هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ لێک نزیک بوونەوە یان تەنانەت یەکگرتنەوەیان دەردەخات کە لە روانگەی زۆربەی حیزبە سیاسیەکانی رۆژهەڵات، کێشەی دیموکراتەکان هۆکاری سەرەکی پێک نەهاتنی هاوپەیمانی یان بەرەی کوردستانی لە رۆژهەڵاتی کوردستانه.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی 1946 لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرا و پێشەوا قازی محەممەد وەک یەکەمین سکرتێری ئەو حیزبە هەڵبژێردرا کە بە لەسێدارەدانی کۆتایی بە دەورانی کورتی سەرکردایەتی هات و قۆناخی پڕ لە هەوراز و نشێوی ئەو حیزبە دەستی پێکرد.