پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، کێشانەوەی هێزەکانی لە باکووری کوردستان بۆ باشوور دەوەستێنێت، چونکە بە گوتەی بەرپرسانی پارتەکە، تورکیا رێککەوتننامە ئاشتییەکەی جێبەجێنەکردووە. هەروەها بەرپەرچی هەر هێرشێک دەدەنەوە، کە بکرێتە سەریان.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما چڤاکێن کوردستان KCK لە گوتەیەکیدا، کە رۆژنامەی تودەی زەمانی تورکی بڵاوی کردووەتەوە، "بڕیاری وەستاندنی کێشانەوەی گەریلاکانی پەکەکەی لە باکووری کوردستان بۆ باشوور داوە"، هەروەک گوتوویەتی "بەتووندی وەڵامی هەر هێرشێکی هێزەکانی تورکیا دەدەینەوە".
هاوسەرۆکی KCK پێیوایە تورکیا هیچ کام لە بەندەکانی رێککەوتننامەی ئاشتی جێبەجێنەکردووە، کە لەسەری رێککەوتبوون، "ئەمەش پێچەوانەی رێککەوتنی نێوانمانە و واتای بڕوا نەبوونە بە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری کێشەی کورد" و لەبەرئەوەش پاشەکشەی هێزەکانیان دەوەستێنن. هەروەها لە کاتی هەر هێرشێکی هێزەکانی تورکیاش "بەتووندی وەڵامیان دەدەینەوە"، لە ئەگەری ئەوەی هێرشیان بکرێتە سەر، هێزەکانی دیکە، کە کێشاویانەتەوە، ئەوانیش "دووبارە دەگەڕێنینەوە بۆ ناو باکووری کوردستان".
هاوسەرۆکی کۆما چڤاکێن کوردستان گوتوویەتی "لە گەڕی دووەمی پرۆسەکەدا، سەرۆک ئاپۆ دەیەویست بە رێگای چارەسەری دیموکراسی و ئاشتییانە چارەسەری کێشەی کورد بکرێت لە باکووری کوردستان، ئەگینا گەلی کورد دژی هەر مەترسییەک پارێزگاری لەخۆی دەکات".
هەفتەی رابردوو، جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما چڤاکێن کوردستان، لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند "ئاگربەستی نێوان ئێمە و تورکیا، کارپێنەکراو دەبێت، لە حاڵەتی سەرنەگرتنی پرۆسەی ئاشتی نێوان ئێمە و تورکیا لە دوای 1ی ئەیلولەوە".
عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری بەندکراوی پەکەکە لە 26ی تەممووز هەڕەشەی لە حکومەتی تورکیا کردبوو، ئەگەر حکومەتی تورکیا تاوەکو 15ی تشرینی یەکەم پێنگاوی ئاشتی نەهاوێژێت، ئەوا کار بە ئاگربەستی نێوانیان ناکەن، هەروەک گوتبووی "پەکەکە چیدیکە چاوەڕوانی هەنگاوەکانی داهاتووی حکومەتی تورکیا ناکات" بۆ کۆتایی هێنان بەو کێشەیەی زیاتر لە سێ دەیەیە درێژەی هەیە لەنێوان پارتەکەیان و حکومەتی تورکیا.
رێبەری بەندکراوی PKK پێشتر لە 4ی نیسانی ساڵی 2013 لە نامەیەک بۆ سەرکردەکانی پارتەکەی، بە گەریلاکانی رایگەیاندبوو، باکووری کوردستان جێبهێڵن و بچنەوە بنە و بارەگاکانیان لە چیای قەندیلی باشووری کوردستان.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری پەکەکە، کە لە مانگی شوباتی ساڵی 1999 لە کینیا دەستگیرکرا و لەلایەن تورکیا بە زیندانیی هەتایی سزادراوە و ئێستا لە دوورگەی ئیمڕاڵی بەندکراوە، لە 21ی ئازاری 2013 داوای لە گەریلاکانی حزبەکەی کردبوو، ئاگربەست رابگەیەنن بەرامبەر تورکیا و لە باکووری کوردستان پاشەکشەبکەن، وەک نیشاندانی نیازپاکی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، دوای 30 ساڵ شەڕی چەکداری و کوژرانی هەزاران کەس.
8/09/2013