کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، کە دەمێکە کورد چاوەڕێی دەکات، رۆژی 15ی ئەیلوولی ئەم مانگە بەڕێوە ناچێت. ئەمەش دەبێتە دووەم جار کە کۆنگرەکە دوادەخرێت، بەبێ ئەوەی دیار بێت کە کەی دەبەسترێت.
تەنیا 14 رۆژ ماوە بۆ ئەو وادەیەی دانراوە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، بەڵام ئەندامانی لێژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەکە کاتێک باسی ئەو وادەیە دەکەن، دەموچاویان دڵەڕاوکێیەکی قووڵی پێوە دیارە. چونکە پێناچێت بتوانن لەو وادەیەی کە بۆی دانراوە، کۆنگرەکە بەڕێوەببەن.
پێشتر بڕیاروابوو کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە رۆژی 24/8/2013 بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەندامانی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرە، کە لە 21 کەس پێکدێن و نوێنەرایەتیی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەن، نەیانتوانی کارەکانیان تەواو بکەن و ناچار کۆنگرەیان بۆ رۆژی 15ی ئەیلوولی ئەمساڵ دواخست.
شێوازی دابەشکردنی ئەندامانی کۆنگرە بەسەر هەر چوار پارچەی کوردستاندا و مۆدێلی کۆنگرەکە، گەورەترین تەگەرەکانن لەبەردەم لێژنەی ئامادەکاردا و دەشبنە هۆکاری دواخستنیشی.
خەلیل ئیبراهیم، ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کورد نەیشاردەوە کە ناکۆکیی تووند لەسەر مەسەلەی دابەشکردنی ئەندامانی کۆنگرە هەیە. نێوبراو بە (رووداو)ی گوت: "راستە، لەسەر دابەشکردنی ئەندامان نەگەیشتینە رێککەوتن و چەندین کۆبوونەوەش لەسەر ئەو بابەتە کراوە و دواجار نەگەیشتنە ئەنجام".
خەلیل ئیبراهیم، کە بە نوێنەرایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بەشداریی لەو لێژنەیەدا کردووە، ئەوەشی ئاشکراکرد کە جگە لە مەسەلەی دابەشکردنی ئەندامانی کۆنگرە، "مۆدێلی کۆنگرە کێشەیەکی دیکەیە کە تاوەکو ئێستا لەسەری رێککنەکەوتوون"، مۆدێلی کۆنگرەش روونیکردەوە کە پێكدێت لە "چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کۆنگرە، دەزگاکانی کۆنگرە، خیتابی سیاسیی کۆنگرە، دوای کۆنگرە دەبێ چی بکرێت، پێڕەوی ناوخۆی کۆنگرە، هەیکەلی کۆنگرە"، ئەمانە هەموویان بابەتی سەرەکین، کە تاوەکو ئێستا لەسەری "رێککنەکەوتوون".
کۆنگرەی نەتەوەیی کورد یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە رۆژی 22/8/2013 لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر ئەنجامدا.
خەلیل ئیبراهیم پێوایە نابێ ژمارەی دانیشتووانی پارچەکانی کوردستان بکەنە پێوەر بۆ دابەشکردنی ئەندامانی کۆنگرە: "راستە ژمارەی دانیشتووانی پارچەیەک بۆ پارچەیەکی دیکە زیاترە، بەڵام لەبیرمان نەچێت کە پێگەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، دەبێ لەبەرچاو بگیرێت". هەروەها نابێ "ئەم لایەن و ئەو لایەن بڵێن دەبێ پشکی ئێمە ئەوەندە بێت، چونکە ئەمە هەڵبژاردن نییە، بەڵکو کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە".
لێژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بڕیاریداوە کە 600 ئەندام کۆنگرە هەبن و 300 کەسیش وەکو میوان بانگ بکرێن، ئەویش لەوانەی کە دۆستی کوردن.
ئەندامانی کۆنگرە بەسەر هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵاتدا دابەش بکرێت، بەشێوەیەک کە رێژەی 10% بۆ رێکخراوەکانی گەنجان، 10% بۆ کەسایەتییەکان، 35% بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، 45% بۆ پارتە سیاسییەکان دەستنیشانکراوە.
کەمال کەرکووکی، ئەندامی سکرتاریەتی لێژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دانی بەوەدا نا کە رای جیاواز هەیە لەسەر ئەندامانی کۆنگرە و بە (رووداو)ی گوت "لەسەر رێژەکان و دابەشکردنی ئەندامانی کۆنگرە جیاوازی هەیە لەنێوان لایەنەکاندا". کەمال کەرکووکی، کە نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستانە لە لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کورددا، پێیوایە ئەو کێشانە چارەسەر دەکرێن، بەڵام دەڵێت "هەندێک مەسائیلی دیکە هەن کە دەبێ حەل بکرێن".
کەرکووکی دڵنیا نییە لەوەی کە ئەو کاتەی لەبەردەمیاندا ماوە، بەس بێت بۆئەوەی کۆنگرەی تێدا ئەنجامبدەن: "ئەگەر هەموو شتێک بە پێرفێکتی بکەین، ئەوە پێڕاناگەین کۆنگرە لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدەین"، بۆیە "ئێستا هەندێک لایەن هەن کە داوا دەکەن کۆنگرەی نەتەوەیی دوابخرێت".
ئەندامێکی لیژنەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، دانی بەوەدا نا کە کەمتەرخەمی کراوە لە دەستنیشانکردنی وادەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد.
رەزا کەعبی، ئەندامی لێژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، ئاشکرایکرد کە لەکاتی دەستنیشانکردنی وادەی کۆنگرەدا داواکراوە کە "کۆنگرەکە لە مانگی 10 یان مانگی 11دا بکرێت، چونکە کێشەی زۆر هەیە و کاری زۆریش ماوە کە ناتوانین لەو ماوە کورتەدا یەکلایی بکەینەوە".
بەپێی زانیارییەکانی (رووداو) پارتی کرێکارانی کوردستان PKK داوا دەکات ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی کۆنگرە بەر بەر باکوور و رۆژئاوا بکەون. ئەوەی PKK داوای دەکات ئەوەیە کە لە کۆی 600 ئەندام، زیاتر لە 310 ئەندام بۆ ئەوان بێت.
لە دوایین کۆبوونەوەی لێژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورددا، کە رۆژی 30/8/2013 سازکرا لەسەر دابەشکردنی ئەندامانی کۆنگرە، PKK داوایکرد کە تەنیا بۆ باکوور 220 ئەندام دابنرێت، بۆ هەرێمی کوردستان 150 ئەندام، بۆ رۆژهەڵات 90 ئەندام و بۆ رۆژئاواش 140 ئەندام.
بەڵام ئەو پێشنیازەی PKK رەتکرایەوە، چونکە باشووری کوردستان پێشنیازیکرد کە نابێ هیچ پارچەیەک مەغدوور بکرێ و هەموو پارچەکان وەکو یەک ئەندامیان هەبێ، ئەویش 150 ئەندام بۆ هەر پارچەیەک.
رەزا کەعبی، بە نوێنەرێتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، دەڵێت: "ئێمەش لەگەڵ ئەو پێشنیازەی باشووری کوردستانین کە وەکو یەک ئەندامیان هەبێت".
ئەو ئەندامەی لێژنەی ئامادەکاریی کۆنگرە، بە ناڕاستەوخۆ باسی ئەوەیکرد کە PKK داوای رێژەی زۆر دەکات و ئەمەش ببووە هۆی یەکێک لە ئەگەرە هەرە سەرەکییەکان کە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە وادەی خۆیدا بەڕێوە نەچێت: "ئێستا تەوەجوهی جددی هەیە کە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە وادەی خۆیدا نەکرێت".
rudaw
2/09/2013