دواخستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لەبەر 3 هۆکار دواکەوت. دوو لەو هۆکارانەش پەیوەندیی بە ناکۆکیی نێوان لایەنەکانەوە هەبووە. ئەندامێکی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەکەش دەڵێت: "پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، هۆکاری سەرەکی بووە کە تاوەکو ئێستا لەسەر چەندین بابەت نەگەیشتووینەتە ئەنجام". دوایین هۆکاریش کە بووە هۆی دواخرانی کۆنگرەکە، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بوو.
رۆژی 3/9/2013، لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، کە لە 21 ئەندام پێکهاتووە، کۆبوونەوە. چاوەڕوانکراو بوو کە لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری دواخستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بدەن، ئەوان پێشتریش کۆنگرەکەیان دواخستبوو بۆ رۆژی 15/9/2013، بەڵام ئەمجارە رێککەوتن لەسەرئەوەی کە دوابخرێت بۆ رۆژی 25/11/2013.
ئەندامانی کۆنگرە باسی هۆکارەکان و تەگەرەکانی بەردەم دواخستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەکەن، کە رەنگە لەو ماوەیەی بۆشی درێژکراوەتەوە هەر نەکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لێرە و لەوێ گوترا مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە کۆنگرەکە لەژێر چاودێریی ئەودا دەبەسترێت، داوای دواخستنی کۆنگرەکەی کردبێت. بەڵام فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رەتیکردەوە بارزانی داوای دواخستنی کۆنگرەکەی کردبێ و بە (رووداو)ی گوت "سەرۆک بارزانی نە لە دوور و نە لە نزیک پێشنیازی وای نەکردووە". تەنانەت "تاوەکو ئێستاش ئەو بابەتەی بەتەواوەتی بۆ لێژنەکە بەجێهێشتووە و دەستتێوەردانی نەکردووە لە کارەکانی لێژنەکەدا". بەپێی زانیارییەکانی (رووداو)یش، کەمال کەرکووکی، ئەندامی سکرتاریەتی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، بە راپۆرتێک وردەکارییەکانی هۆی دواخستنی کۆنگرەکەی بۆ بارزانی روون کردووەتەوە.
بەڵام ئەندامێکی لێژنەی ئامادەکار هۆکاری راستەقینەی دواخستنی کۆنگرەکە ئاشکرادەکات. رەزا کەعبی سەرەڕای ئەوەی کە رەتیکردەوە بارزانی داوای پاشخستنی کۆنگرەکەی کردبێت، بە (رووداو)ی گوت "تاوەکو ئێستا 3 بابەتی سەرەکی ماون کە دەبێ لەسەری رێکبکەون، ئەویش مەسەلەی دابەشکردنی ئەندامانی کۆنگرەیە بەسەر هەر چوار پارچەی کوردستاندا، دووەم: سەرۆکایەتیی کۆنگرە، سێیەمیش: کۆنگرە دوای خۆی چی بەجێدەهێڵێت و چۆن دەبێت".
بەرپرسیکی ئاگادار لە کۆماری ئیسلامی ئێران، کە پێی باش نەبوو ناوی بڵاوبکرێتەوە، لەوبارەوە بە (رووداو)ی گوت "ئیستا لەنێو ئێراندا دوو بۆچوون هەن، بۆچوونێک لەگەڵ ئەوەدایە کە بەشداری لەو کۆنگرەیەدا بکەن و بۆچوونێکی دیکە تووندڕەون و دژی ئەو بەشدارییەن. تاوەکو ئێستاش یەکلایی نەبووەتەوە کە ئاخۆ ئێران بەشداری لەو کۆنگرەیەدا دەکات یان نا".
ئەو بەرپرسە روونیشیکردەوە کە "تەرەفی یەکەمی حکومەتی ئێران کە لەگەڵ بەشداری ئێراندایە لەو کۆنگرەیەدا، دەڵێن کۆنگرەکە هەر دەبەسترێ و دەبێتە ئەمری واقیع، بۆیە بەشداربن باشترە لەوەی رەتی بکەنەوە".
هەرچەندە دەگوترێت ئێران و تورکیاش رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە دواخستنی کۆنگرەدا و کار لەسەر ئەوە دەکەن کە هەر نەکرێ، بەڵام کەعبی، کە بە نوێنەرایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەندامە لە لێژنەی ئامادەکاریدا دەڵێت "ئەوەش راست نییە کە بگوترێت دەوڵەتان هیچ کاریگەرییان نەبووە لەسەر دواخستنی کۆنگرە".
هەروەها خەلیل ئیبراهیم، ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەی کورد، بە (رووداو)ی گوت "کاتێک باسی دواخستنی کۆنگرەکە کرا، کاک سەعدی پیرە گوتی با کەس وای لێکنەداتەوە کە ئەو کۆنگرەیە لەسەر داوای دەوڵەت و کەسێک دوادەخرێت، ئەوە تەنیا مەسەلەی هەڵبژاردەنەکانی پەرلەمانی کوردستانە کە وادەکات ئەو داوایە پێشکەش بکەن، نەک زیاتر".
پێشئەوەی بڕیار لەسەر دواخستنی کۆنگرە بدرێت، لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرە لەسەر چەند بابەتێکی گرنگ نەگەیشتبوونە ئەنجام، کە ئەو ماوەی لەپێشیان مابوو بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە کەم بوو و نەیانتوانی لەو ماوەیەدا کێشەکان چارەسەر بکەن.
ئەندامێکی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرە لەوبارەوە بە (رووداو)ی گوت "ئەجێندای کۆنگرە لەنێو لێژنەی ئامادەکاریدا بە ئاسایی تێپەڕی، بەڵام کاتێک باسەکە گەیشتە سەر دابەشکردنی ئەندامانی کۆنگرە و چۆنیەتی داڕشتنی مۆدێلی کۆنگرە، مەسەلەکە لەنێو ئەندامانی لێژنەکەدا تەقییەوە و نەگەیشتنە ئەنجام". ئەو ئەندامە گوتی "نەک نەگەیشتنە ئەنجام، بگرە ناکۆکیش دروست بووە و ئەگەر بەو شێوەیە بڕوات رەنگە ناکۆکییەکان قووڵتر ببنەوە". رەزا کەعبیش باسی ئەو کێشانەی کرد کە بوونەتە هۆی دواخستنی کۆنگرەکە و گوتی "تەنیا 2 هۆکار هەبوون بۆ دواخستنی کۆنگرە، یەکەم:ئامادەکاریی باش بکرێ بۆ بەستنی کۆنگرە، دووەم: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانمان لەپێش بوو".
تاوەکو ئێستا گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم لایەنەکاندا چۆنیەتی دابەشکردنی ئەندامانی کۆنگرەیە بەسەر پارچەکانی کوردستاندا، کە ژمارەیان 600 ئەندامە.
هەروەها مۆدێلی کۆنگرە، کە ئەویش کۆنگرەکە چۆن بێ و دەزگاکە چی بێت و بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرە چی بن و دوای تەواوبوونی کۆنگرەکەش بڕیارەکان چۆن جێبەجێ بکرێن، ئاستەنگێکی دیکەیە.
بەپێی زانیارییەکانی (رووداو)، لە کۆبوونەوەی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەدا 2 پێشنیازیان خستووەتەڕوو بۆ دواخستنی کۆنگرە. پێشنیازێک هەبوو کە لە 17/10/2013 بکرێت و پێشنیازێکیش هەبوو بۆ 25/11/2013.
دواتر پێشنیازەکان خرانە دەنگدانەوە و دووەمیان قبووڵکرا، چونکە گوترا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش لەپێشە، با بکەوێتە دوای ئەو هەڵبژاردنانەش. خەلیل ئیبراهیم، کە نوێنەری (کۆمەڵ و یەکگرتوو)یە لە لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەدا، لەسەر هەڵوێستی PKK گوتی "لایەنەکانی دیکە و بەتایبەت برادەرانی PKK پێشنیازی دواخستنی کۆنگرە و هۆکارەکانیان قبوڵکرد".
11/09/2013