سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەرگری لە دیدارەکەی دیاربەکر و بەرکارھێنانی وشەی "کوردستان" کرد و گوتی لە سەردەمی عوسمانیەکاندا ناوی باشوور و باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵ کوردستان بووە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، رەجەب تەییب ئەردۆغان، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە ئاراستەی کرابوون و رایگەیاند: کاتێک کە لە دیاربەکر ساتێکی مێژوویی بۆ تورکیا و ناوچەکە بەسەر دەبرا، لە سەرانسەری تورکیا فرمێسکی شادی دەڕژا، بەڵام چەند کەس و لایەنێک نایانەوێ لەو شادی و خۆشییەدا ھاوبەشیی خەڵک بکەن، بۆیە چوار رۆژە لە مەھەپەوە بگرە تا ئەو کەسانەی نایانەوێ ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر تورکیادا بکێشێ دەستیان بە رەخنەگرتنی بێھوودە کردووە.
لە دیاربەکر ساتی مێژووییمان بەسەر برد
ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی سەردانی شەممەی رابردووی بۆ دیاربەکر کرد و گوتی "لە دیاربەکر ساتێکی مێژوویمان بەسەر برد. سەردانی سەرۆک شارەوانی دیاربەکر و پارێزگارمان کرد، چەندین پرۆژەمان بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ کردەوە و بە بڕی ٧٤٠ تیریلیۆن لیرە ١٧ پرۆژەی گرنگمان لەو شارە جێبەجێ کرد. لە کاتی کردنەوەی ئەو پرۆژانەدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێز مەسعوود بارزانی، شڤان پەروەر کە ٣٨ ساڵە لە وڵات دوورە و ئیبراھیم تاتڵیسەسیش ئامادە بوون."
سیاسەتی نکۆڵیکردن
ئەردۆغان بەو جۆرە درێژەی بە قسەکانی دا: "ئێمە وەک دەسەڵاتی ئاک پارتی تا ئێستە چیمان کردووە. لەمەودوا چی دەکەین و چۆن سەیری داھاتووی تورکیا دەکەین ھەر ھەموویان روون و ئاشکران، لە دیاربەکر پەیامی زۆر روون و ئاشکرام پێشکەش کرد و گوتم ئێمە نە لە بەر ھیچ کەس و لایەنێک بەڵام بەھۆی بەرنامە و ستراتیژیەتی خۆمان کۆتاییمان بە سیاسەتی نکۆڵیکردن و ئینکارکردن ھێنا، ساڵی ٢٠٠٥ ئەو قسەم لە دیاربەکر کردبوو و ئەمجارەیش دووبارەم کردەوە."
ئەو فرمێسکانە زۆر سوودمەندن
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵی ٢٠٠٩ دەستیان بە پرۆژەی یەکێتی نەتەوەیی و برایەتی و نەگریانی دایکان کردووە، ماوەی یەک ساڵە کە ھیچ دایکێک لە تورکیا نەگریاوە و خەیاڵەکەی ساڵی ٢٠٠٩مان ھاتە دێ و رژاندنی خوێن و فرمێسک راگیراوە، ویستمان چی دیکە ھیچ دایک و باوکێکی تورکیا نەگرین بەڵام رۆژی شەممە لە دیاربەکر فرمێسک رژا، سوپاس بۆ خوا ئەو فرمێسکانە فرمێسکی شادی و خۆشی بوون.
تەنیا دیاربەکر لە خۆشییا نەگریا
ئەردۆغان گوتی "لە ناوچەی بیسمیل گەنجێک ھاتە لام و لەگەڵ فرمێسکەکانی بە دەنگی ناخی دڵی گوتی سەرۆکوەزیرم ئاشتیمان دەوێ نامانەوێ بمرین. کاتێک لە دیاربەکر لە ماڵ، دووکان، کۆڵان، ژن و پیاو و گەنج و منداڵ بۆ ھەمیشەیی بوونی ئاشتی فرمێسکیان دەڕژاند دایک و باوکە بە تەمەنەکانیش دەستیان بە دوعا کرد، ئەو رۆژە تەنیا دیاربەکر لە خۆشییا نەگریا بەڵکو سەرانسەری تورکیا لە خۆشی و شادیدا گریا، نەتەنیا کورد و تورک بەڵکو ھەمووی پێکھاتەکانی تورکیا ھەمووی ئەوانەی کە بە حەسرەتی ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی بوون گریان. چەند رۆژێک بە سەر ئەو رۆژە مێژووییەدا تێپەڕ دەبێ، بەڵام لە مەھەپەوە بگرە تا ئەوانەی کە نایانەوێ ئەمن و ئارامی باڵ بەسەر تورکیادا بکێشێ، بینیمان کە چاویان بەرایی نادا کەشوھەوای برایەتی و پێکەوە ژیان و ئاشتی ببینن.
با سەیری گوتارەکانی مستەفا کەمال ئاتاتورک بکەن
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامی بەرپرسانی جەھەپە و مەھەپەدا لەبارەی بەکارھێنانی وشەی (کوردستان) گوتی "با بچن سەیری گوتارەکانی مستەفا کەمال ئاتاتورک و تۆمارەکانی یەکەم پەرلەمانی تورکیا بکەن و لەوێ راستییەکان ببینن، وشەی کورد لەو تۆمار و گوتارانەدا دەبینن، گورجو، لاز، عەرەب و بۆشناکیش بەکار ھێنراون، وشەی کوردستانیش بەکار ھێنراوە. ئەوانەی کە مێژووی خۆیان نازانن و ئەوانەی کە مێژووی خۆیان ناخوێننەوە نازانن بێجگە لە نەزانی ھیچ شتێکی دیکە بڵێن. ئەگەر سەیری مێژووی عوسمانییەکانی بکەن دەبینن کە ناوی باشوور و باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵ کوردستان بووە. رۆژھەڵاتی قەرەدەنیز لازستان بووە، ئەوە مێژوو و میراتی مێژووی ئێمەیە."
ئەردۆغان گوتیشی: بەزمان و گۆرانی و تورکو ترساندیانین، کاسێت و بەرھەمەکان و فیکرەکانیان شاردەوە، لە نوسینەکان ترساندیانین، ھونەرمەندان و گۆرانیبێژەکانیان دەربەدەر کرد، بەجلوبەرگ ترساندیانین، زوڵم و ستەمیان کرد، لە ناسنامە ترسان و ھەوڵی تواندنەوەیان دا، نابێ، دەوڵەتی گەورە لەم جۆرە ترسانەی نییە، ھیچ دەوڵەتێکی گەورە و نەتەوەیەکی گەورە بەم ترسانەوە ناتوانێت ببێت بە خاوەنی ئامانجە گەورەکان، "لێرەوە پرسیار لە نەتەوە خۆشەویستەکەم دەکەم، تاوەکو ئەمرۆ کام یاسا قەدەغەکراوی تورکیا وڵاتی فراوان یان گەورە کردووە، کام یاسای قەدەغەکراو ئاشتی بەرقەرار کردووە، تا ئەمڕۆ کام یاسای نکۆڵی و فشار و ستەم و زۆرداری سودی بۆ تورکیا ھەبووە؟ بەدڵنیاییەوە ھیچیان ." بەپێچەوانەوە سەرجەم ئەوانە تورکیایان بێھێز کردووە، بەرەو دواوەیان بردووە، بوونەتە ھۆی گەورەکردنی سەرجەم کێشەکان و تێکەڵکردنی مەسەلەکان، تورکیایان داخستووە.
پێویستە لەیەکتر تێبگەین
ئەردۆغان باسی لەدیداری لەگەڵ شڤان پەروەر کرد کە لە ھۆڵی پێشوازیی پارێزگا یەکتریان بینی.
ئەردۆغان گوتی: کاتێک ھاتە ژوورەوە وەک شڤان نا وەک کورد نا وەک مرۆڤێک وەک ھونەرمەندێکی ٣٨ ساڵ لە دوورەوڵات بینیم، ئەو ڕۆژە ھاتەوە وڵاتەکەی، وەک میوانێک تەماشی ئێمەی دەکرد، چۆن دەبێت وەک میوان لە وڵاتەکەی خۆی بێت؟ ئایا کێ وای لێکردووە؟ وابزانم کەسانێک دەبێت بەدەلی ئەوە بدەن، ھەمان شتیان بەسەر ئەحمەد کایا ھێنا، لە رێوڕەسمی خەڵاتکردنی وەک دەزانن ھێرشیان کردە سەر کایا، کێ ھێرشی کردەسەر؟ ئەھا ئەوانەی کە لە پارکی گەزی ھێرشیان کردە سەر ئێمە، ھەر ئەوانە بوون ھێرشیان کردە سەر ئەحمەد کایا، ھەمان ئەو کەسانەن، ھەندێ لەوانە دەڵێن ئێمە لە توالێت بوین یاخود لە دەرەوە بوین لەکاتی ھێرشەکە بۆ سەر کایا "ئێوە ھەمووتان لەوێ بوون، وێنەی گرتە ڤیدیۆیەکانتان ناسرێتەوە و سەرجەمتان لەوێ بوون ھەموومان سەیر کردووە، نەتەوەکەشمان ئەوانەی بینیوە، راست بن درۆ مەکەن، چونکە مۆمی درۆ تاوەکو کۆتایی دەکوژێتەوە، مۆمی ئێوەش کوژایەوە، درۆی ھەمووتان دەرکەوت، بەڵام ناتوانن گەلەکەمان بخڵەفێنن.
ئەنادۆڵ - پەیامنێر
20/11/2013